سامان عه‌ول : موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌موان .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

به‌داخه‌وه‌ ، ده‌سپێشخه‌ری ( موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌موان ) له‌ڕێفراندۆمه‌كه‌ی رۆژی 05.06.2016 ، به‌زۆرینه‌ی له‌ 76.9% ڕه‌تكرایه‌وه‌‫ .‬

له‌ده‌ستوری سویسرادا ، یاسایه‌ك هه‌یه ‌به‌ناوی ( ده‌سپێشخه‌ری جه‌ماوه‌ری ) . له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ كه ‌هه‌موو تاكێكی سویسری یان حیزبێك یان كۆمه‌ڵه‌یه‌ك یان گروپێك ده‌توانێ ده‌سپێشخه‌رییه‌ك پێشكه‌ش بكات ، و له‌ماوی شه‌ش مانگدا بتوانێ سه‌دهه‌زار واژۆ له‌سه‌رانسه‌ری سویسرادا بۆ كۆ بكاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه ‌ده‌چێته ‌به‌رنامه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ و له‌كۆتایدا ڕێفراندۆمی له‌سه‌ر ده‌كرێ و ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا ، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ یاسا و ده‌چێته‌ ده‌ستوری وڵاته‌وه ‌‫.‬
له‌ساڵی 2006 شه‌وه‌ ، كۆمه‌ڵه‌ێ كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كیان ڕاگه‌یان به‌ناوی ( نه‌وه‌ی موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی )‌ كه‌ له‌چل ئه‌ندام پێكهاتبوون وزیاد له‌ دووسه‌د كه‌سیش یارمه‌تیده‌ری كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوون ‫.‬
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه ‌له‌به‌رواری 12.04.2013دا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌سپێشخه‌رێكه‌ی خۆیان ڕاگه‌یان كه‌ پێكهاتبوو له‌ ( هه‌موو تاكێك كه‌ له‌سه‌ر خاكی سویسرا به‌شێوه‌یه‌كی یاسای بژێ ، مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه‌ موچه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بێ قه‌یدوشه‌رتی بدرێتێ ) و مه‌جبور نه‌بێ ئه‌و كارانه ‌بكا كه ‌له‌گه‌ڵ هه‌ست و خواستی خۆیدا ناگونجێ ، یاخوت له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی بچه‌وسێته‌وه‌یان خاوه‌ن كار به‌نرخێكی كه‌م كارێكی زۆری پێبكا و ئه‌م كه‌سه ‌له‌ترسی بێ موچه‌یی ، نه‌توانێ واز له‌كاره‌كه‌ی بهێنێ ‫.‬ له‌هه‌مان كاتدا كۆتای به‌سیسته‌می سۆسیال بهێنرێ ، كه‌جۆرێكه‌ له‌جه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ وئیهانه‌كردن به‌كه‌رامه‌تی تاك له‌ڕێگای دانانی كۆمه‌ڵێ قه‌یدوشه‌رت بۆ وه‌رگردنی بڕه ‌پاره‌یه‌كی كه‌م و ته‌ماشاكردنی تاك وه‌ك سواڵكه‌رێ كه‌حكومه‌ت خێری پێده‌كا و ته‌ماشا كردنی خه‌ڵكیش بۆ ئه‌م كه‌سه ‌وه‌ك ته‌مه‌ڵێك كه‌ڕه‌نجی شانی ئه‌مان ده‌خوا ، له‌ڕێگای پێدانی باج به‌حكومه‌ت و دابه‌شكردنی ئه‌م باجه ‌به‌سه‌ر سوسیال وه‌رگه‌ره‌كان ‫.‬
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م سیسته‌می سۆسیال و دوور له‌سواڵكردن ، له‌ موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بێ قه‌یدوشه‌رت بۆ هه‌مووان تاك ده‌بێته‌ بیناخه‌ی سیسته‌مێك كه‌ هاوڵاتی تێیدا له‌هه‌موو شتێ به‌به‌هاتر ته‌ماشا بكرێ ووه‌رگردنی ئه‌م موچه‌یه ‌وه‌ك مافێكی سه‌ره‌تای ته‌ماشا بكرێ و هیچ پاساوێك نه‌بێ بۆ بڕینی نانی هاوڵاتییه‌ك و كه‌رامه‌تی بشكێنێ و وه‌رگرتنی موچه‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی مرۆڤبێ‫ .‬
بیرۆكه‌ی موچه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌موان ، بیرۆكه‌یه‌كی كۆنه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌بۆ فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی تۆماس مۆروس 1478-1535، كه ‌له‌كتێبی یوتۆپیادا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كا‫ .‬
له سه‌ده‌ی بیستدا فه‌یله‌سوفی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌مساوی ئاندرێ گۆرز 1923-2007 یه‌كێك بوو له‌لایه‌نگرانی موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بێ قه‌یدوشه‌رت بۆ هه‌موان ‫.‬
ئه‌مڕۆش ئه‌م بیرۆكه‌یه ‌ته‌نها وه‌ك بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی تۆباوی ته‌ماشا ده‌كرێ ، تۆباوی به‌و مانایه‌ی كه‌ناتوانین ئه‌م بیرۆكه‌یه ‌پراكتیك بكه‌ینه‌وه‌‫ به‌ڵكو ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ خه‌یاڵ .‬
له‌چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك به‌رازیل ، كوبا ، مه‌نگۆلیا و ئه‌ڵمنیادا هه‌وڵی ئه‌وه ‌دراوه ‌كه ‌موچه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بكرێته ‌یاسا و ئێستاش له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌م هه‌وڵه ‌به‌رده‌وامه ‌، به‌ڵام له‌سویسرا به‌بۆنه‌ی یاسای ( ده‌سپێشخه‌ری جه‌ماوه‌ری ) یه‌وه ‌ئه‌وه ‌زۆر له‌بار‌بوو ‌ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بكرێته‌ یاسا ، هه‌رچه‌نده ‌له‌لایه‌ن سیسته‌می بازاڕی ئازاد و سه‌رمایه‌داران و پارته ‌ڕاسرت و ناوه‌ڕاسته‌كانه‌وه ‌دژایه‌تی ده‌كرێ ، به‌ڵام له‌سویسرادا هه‌موو كێشه‌یه‌ك له‌كۆتایدا به‌ڕێفراندۆم یه‌كلای ده‌كرێته‌وه‌ ، بۆیه ‌ئه‌م ڕێفراندۆمه‌ی ئه‌م جاره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌بوو و بوو به ‌میزانێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌واقیع كردنی خه‌ونێك كه‌له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه ‌ته‌نها وه‌ك بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی ناواقیعی ته‌ماشا ده‌كرێ ‫.‬
له‌دوای شه‌ش مانگ توانرا 126 هه‌زار واژۆ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سویسرادا كۆبكه‌نه‌وه‌ و له‌رۆژی 04.10.2013 دا واژۆكانیان پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان كرد ‫.‬
له‌هه‌مان ڕۆژدا چالاكییه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشیانیش پێشكه‌ش كرد ، كه ‌بوو به‌جێی بایه‌خێكی زۆری هه‌موو میدیاكانی جیهان ‫.‬ له‌م چالاكییه‌دا ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگریان هێنا كه‌بارێكی (15 ته‌ن) ی هه‌ڵگردبو پێكهاتبو له‌هه‌شت ملیۆن پێنج ڕاپنی ( واته‌پێنج سه‌نتی فرانكی سویسری )، كه‌ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌شت ملیۆن هاوڵاتی سویسرا ، ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌یان هه‌ڵڕژانه‌ ناو گۆڕه‌پانی په‌رله‌مان و بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك خه‌ڵكی یاری تێدا ده‌كرد .. له‌ڕێگای ئه‌م چالاكییه‌وه‌ ویستیان ئه‌وه‌به‌په‌رله‌مان بڵێن كه‌هه‌رگیز پاره ‌له‌مرۆڤ به‌نرختر نییه ‌‫.‬

هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه به‌پشگیری هیچ حیزبێك پێشكه‌ش نه‌كراو ‌و له‌هه‌مان كاتدا له‌سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاددا وه‌ك بیرۆكه‌یه‌ك ته‌ماشا ده‌كرێ ، كه‌هه‌رگیز ناتوانین جێبه‌جێی كه‌ن ، بۆیه له‌لایه‌ن حیزبه‌ ڕاست و ناوه‌ڕاسته‌كانه‌وه‌ به‌كۆی ده‌نگ ڕه‌تكرایه‌وه ‌و ته‌نها چه‌ند ئه‌ندامه‌كی حیزبی سۆسیالدیموكرات نه‌بێ ، كه‌ په‌سه‌ندیان كرد ، بۆیه ‌له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا له‌كۆی 200 ئه‌مدامی ئه‌نجومه‌ن ، به‌زۆرینه‌ی157 ئه‌ندام دژی پرۆژه‌كه‌ن و19 ئه‌ندامی پارتی سۆسیال دیموكرات له‌گه‌ڵی بوون و14 ئه‌ندام ده‌نگیان نه‌دا ‫.‬ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی پیران ( ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ری كانتۆنه‌كان ) كه‌ژماره‌یان 46 ئه‌ندامه‌ ، ته‌نها یه‌ك ئه‌ندامی سوسیالدیموكرات خاتو ئانیتا ڤیتس پرۆژه‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد‫ .‬
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ ، كه‌له‌م جۆره ‌یاسایانه ‌( یاسای موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌موان ) ، هه‌رگیز له‌هیچ په‌رله‌مانێكی ئه‌م دونیایه‌دا ، په‌سه‌ند ناكرێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ‌له‌ده‌ستوری سویسرا ئه‌وه‌یه ‌كه‌هه‌موو یاسایه‌ك ته‌نها به‌كۆكردنه‌وه‌ی په‌نجا هه‌زار واژۆ له‌ماوه‌ی سێ مانگدا ، ده‌چێته‌ ڕێفراندۆمه‌وه ‌و بڕیاری كۆتای، گه‌ل ده‌یدا‫ .‬
ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سپێشخه‌رێكه ‌له‌لایه‌ن ‌گه‌له‌وه‌ له‌ ڕێفراندۆمه‌كه‌ی 05.06.2016دا به‌زۆرینه‌ی له‌ 76,9% ده‌نگده‌ران ، ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه‌یان‌ به‌ ( نه‌خێر) وه‌ڵام دایه‌وه ‌. ئه‌م نه‌خێره ‌دوو جۆر خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ ‫.‬
له‌لایه‌ك ده‌وترێ كه ‌سویسرێكان ئه‌و موچه‌یه‌یان ناوێ كه ‌ده‌بێته‌ هۆی به‌ته‌مه‌ڵكردنی كۆمه‌ڵگا و وازهێنانی خه‌ڵكانێ له ‌كاره‌كانیان و له‌ ‌كۆتایدا قه‌یرانی دابینكردنی موچه‌یه‌كی زه‌به‌لاح ( دابینكردنی 208 ملیار فرانك ) بۆ بێكاران ‫.‬
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشاكه‌ین ئه‌م بۆچونه‌ دووره ‌له ‌ڕاستییه‌وه‌ ، چونكه ‌له‌پێش ڕێفراندۆمه‌كه ‌هه‌ڵسه‌نگاندێك كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایه ‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا چه‌ند واز له‌كاره‌كانیان ده‌هێنن له‌دوای به‌یاسا كردنی ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه‌ ، ئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه ‌له‌ 2% ی خه‌ڵكی سویسرا ئاماده‌بوون واز له‌كاره‌كانیان بێنن . واته‌ به‌هه‌بوونی موچه‌كه‌ش خه‌ڵكی به‌رده‌وام ده‌بوون له‌كاره‌كانیان ، جگه ‌له‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ده‌بێ بچێته‌ قاسه‌ی موچه‌دانانه‌وه ‌له‌ 80% دابین كراوه ‌له‌ڕێگای نه‌مانی قاسه‌ی سوسیال و قاسه‌كانی تری یارمه‌تیدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نها له‌ 20% ئه‌م قاسه‌یه ‌ده‌بێ دابین بكرێ له‌ڕێگای زیادكردنی باج له‌سه‌ر كۆمپانیاكان و خه‌ڵكی‫ .‬
به‌ڵام سه‌رمایه‌داران و پارتی گه‌لی سویسری ، ئه‌و ترسه‌یان بڵاو كرده‌وه ‌كه‌به‌هه‌بوونی ئه‌م یاسایه ‌ئه‌وه ‌ڕێژه‌ی بێگانه‌كان زیاتر ده‌بن و وه‌ك هه‌میشه‌ كاری خۆیان ، هاتنی په‌نابه‌ران به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كرده ‌به‌ڵگه ‌بۆ ترساندنی خه‌ڵك و له‌هه‌مان كاتدا پێدانی ئه‌و وه‌همه‌ی كه ‌ئێمه‌نامانه‌وێ كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌مه‌ڵ دروست بكه‌ین ‫.‬ ‌له‌پێش شه‌ش مانگ ڕێژه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه ‌له ‌49% بوو ، به‌ڵام له‌كاتی ده‌نگدانه‌كه‌دا بوو به‌ ‌له‌23,1%‫.‬ له‌هه‌مان كاتدا ‌ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌ 46.4% تێنه‌په‌ڕی واته‌زیاتر له‌نیوه‌ی خه‌ڵكی سویسرا ده‌نگیان نه‌داوه‌ و نازانرێ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ به‌ ‌چ لایه‌ك ڕێژه‌كه‌ی ده‌گۆڕی ‫.‬
له‌لایه‌كتریش ده‌بینین هێشتا ئه‌نانییه‌ت زاڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌ كوالیتی ژیان تێیدا به‌رزه‌ و هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ئه‌و ئاسته‌ی كه‌له‌وه ‌تێبگه‌ین كه‌هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌بێ كه‌رامه‌تی پارێزراوبێ و ده‌وڵت ده‌بێ ژیانێكی ئاسوده‌ی بێ قه‌یدوشه‌رتی بۆ دابین كا و هه‌موو كۆمه‌ڵگا ‌به‌رپرسیارن له‌ژیانی هه‌موو تاكێك و یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی نمونه‌یی ، له‌م یاسایه‌وه ‌ده‌ست پێده‌كا . بۆیه ‌ئه‌م ( نه‌خێره ‌) ی ئه‌م جاره ‌شكستی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تییه ‌و دووباره‌ به‌تۆباوی كردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه ‌به‌ها ئینسانێكان‌ ده‌خاته‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو به‌هاكانی تری وه‌ك پاره‌ و قوتی ژیان‫ ..‬
سویسرا ده‌یتوانی ببێته ‌نمونه‌یه‌ك بۆ یاسای موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بێ قه‌یدوشه‌رت بۆ هه‌موان و له‌پاش ئه‌م ، رێخراوه ‌مه‌ده‌نی و گروپه ‌سۆسیاله‌كانی وڵاتانی تر ده‌كه‌وتنه‌ خۆیان بۆ به‌پراكتیك كردنی ئه‌م یاسایه ‌له‌ ڵاتانی خۆیان و شكاندنی ئه‌و وه‌همه‌ی كه‌ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ به‌خه‌یاڵ وتۆباوی هه‌ژمارده‌كا ‫.‬
ئه‌م ڕێفراندۆمه ‌ده‌چێته‌ مێژوی ڕه‌شی مرۆڤایه‌تێوه‌ و كه‌س نازانێ كه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ‌دووباره ‌ئه‌ڕه‌خسێ بۆ هه‌نگاونان بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگای نمونه‌ی ‫.

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت