فوئاد قەرەداغی : ئەو مێشکانەی ژەنگی ئایدیۆلۆژیی داعشیان گرتووە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە شەقامێکی سەرەکیی شاری سلێمانیدا ، چەند رۆبۆتێکی داعشی ، هێرشیانکردە سەر ژنێکی عەرەبزمان ، بە هوهاکێشان سووکایەتییان پێکرد ( گوایا ) بەڕووتی سوڕاوەتەوەو پێچەوانەی ئادابی گشتی رەفتاریکردووە .

هەمو ئەوانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون و گرتە ڤیدیۆییەکەش ئەو راستییە بەیاندەکەن کە پاساوی سووکایەتییەکە درۆیەکی پەتی بووەو ، ئەو ژنە جل و بەرگێکی ئاسایی پۆشیوە ، تەنها ئەوەبووە عەزیزییەکەی نیوقۆڵبووە .
ئەم رووداوەو ئەو پاساوەی رەوتی متبووی داعش دەیهێننەوە ، چەند ئاماژەیەکی روونمان دەداتێ و ، لە مرۆڤە هوشیارەکان شاراوە نین ، لەوانە :
1 – سەرلەبەری رووداوەکە بە پلان و نەخشە بووەو کارێکی وەها لەنێو سلێمانیدا بە شێوەیەکی خۆڕسک روونادات ، بێ هیچ گومانێک لایەنێکی ئایدیا داعشی لە پشتییەوە بووە .
2 – پاساوەکە ئێجگار منداڵانەیە ، رووتبوونەوە بەهیچ جۆرێک رووینەداوە ، ئەو جۆرە بەرگە باوەو ، بۆ هەرشوێنێکی سلێمانی بچیت دەیبینیت ، بۆیە مەبەستەکە تەنها نانەوەی پشێوی و ” هێز ” نمایشکردنی ئەو رەوتە داعشییە بووە .
3 – پەلاماری ژنێکی عەرەب ، ئەگەر سەرچاوەکەی ئایدیای راسیستی نەبێت ، ئەوا بەدڵناییەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی ئەو راسیستە کوردانە و ، بەدەستهێنانی سۆزی نەتەوەپەرستیی بووە ، تا بە خەیاڵی خۆیان شەرعییەت بە کردەوەکەیان بدەن .
A – پاساوێکیدیکەیان ئەوەیە کە ( گوایا ) ئەو ژنە لەشفرۆش بووە . ئەم بەهانەیە چەند پرسیارێک دەبزوێنێت :
B – چۆنیانزانی لەشفرۆشە ؟ ئەو چرکەساتە زانییان ، یان لەوەپێش زانیارییان لەو بارەیەوە هەبووە ؟
C – لە ئیسلامدا تۆمەتی لەشفرۆشی مەرجی قورسی بۆ دانراوە ، دەبێت چوار شاهید ، ژن و پیاو لە کاتی کردارە سێکسییەکەدا بەڕووتوقووتی ببینن ، ئایا ئەوان بەو جۆرە دیویانە ؟ ئەگەر دیویانە ، ئەوان لەو شوێنی لەشفرۆشییە چییانکردووە ؟
D – گریمان ئەو ژنە لەشفرۆش بووە ، ئەوان بەچ یاساو رێسایەک ، دەست لەکاروباری شەخسییەوە وەردەدەن ؟ ئەوان چ یاسایەک مافی سووکایەتیپێکردنیان دەداتێ ؟ ئەگەر تۆمەتەکەش بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی بێت ، ئەوە کاری ئەوانە لێیبپرسنەوەو بڕیاری سزابدەن ، یان ئەوە ئیشی دادگاو بڕگەکانی یاسایە ئەو کەیسە یەکلاییبکاتەوە ؟
E – لە ساڵانی رابردوودا چەند جار لە دەزگاکانی راگەیاندندا دەستگیرکردنی باندەکانی لەشفرۆشی لێرەو لەوێ بڵاودەکرایەوە ، دوای ئەوە دەنگوباسیان نەدەماو ، کەس نەیدەزانی چ سزایەک دراون ، یان هەواڵی ئەوە بڵاودەکرایەوە ، لە شارەکانی کوردستاندا دەیان ماڵ هەیە لەشفرۆشییان تێدا دەکرێت . ئەی ئەم داعشانەی خۆیان وەک مشوورخۆری ئەخلاق دەردەخەن ، بۆ رۆژێک لە رۆژان سەبارەت بەو دیاردانە فززەیان لێوەنەهات و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو ؟
F – کوردستان بەدەست کۆمەڵیک گیروگرفتەوە دەناڵێنێت ، بێمووچەیی ، تەنگژەی کارەبا ، تەنگژەی بێئاویی ، گرانیی بازاڕ ، سەرهەڵگرتنی گەنجەکان بەرەو هەندەران ، مەترسی تێرۆریستانی داعش لەسەر ژیان و گوزەران و ئاسایشی خەڵکی کوردستان ، نەبوونی ژێرخانی ئابووری ، تەراتێنکردنی کۆمپانیاو رێکخراوە بیانییەکان لەمسەر بۆ ئەوسەری کوردستان بەبێ چاودێری و سانسۆر و . . . هتد ، بۆ ئەم ” مشوورخۆرانەی ئەخلاق ” لە ئاستیاندا بێدەنگن و نقەیان لێوە نایەت ؟
4 – دروستکردنی ئەم رووداوەو ، هاوکات دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز ، پەرچەکردار بوو بەرامبەر گەشەکردن و فراوانبوونەوەی داواکاریی بۆ دەستورێکی سێکولار لە کوردستاندا ، بە نیازی پەکخستنی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو کە زێتر لە مانگێکە بەشیکی بەرچاوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتۆتەوە .
ئەم دەستپێکی تێرۆرە کۆمەڵایەتییە ، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی تێرۆر ئەنجامدراوە ، تا سنوور بۆ بزووتنەوەی چەپ و رادیکاڵی کوردستان دابنێن و ، رێ لە گەشەکردن و هەڵسانەوەی بگرن . هەڕەشەکردن بەوەی تێزاب بەچالاکوانانی ژناندا دەکەن ، بۆ خستنەوەی فەزای تێرۆرو تۆقاندن و کپکردنی دەنگە دلێرەکانی رەخنەو ئیعتیرازە بە سیستمی کۆمەڵایەتی و فەرمانڕەوایی داهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا .
ئەمە یەکەمجار نیەو دواجاریش نابێت رەوتە چەپ و رادیکاڵەکانی کوردەواری بەر هێرشی رەوتە کۆنەپەرستەکان دەکەون ، تۆمەتی ناڕەوایان بۆ دروستدەکەن ، هەڵوێستەکانیان بە چەواشەیی بەخەڵک دەگەیەنن ، درۆ بەدەمیانەوە هەڵدەبەستن ، تۆمەتی نائەخلاقیی دەبەشنەوەو بەچالاکوانە بوێرەکانیدا دەسوون ، بەڵام بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و دوائاکام سەرکەوتن بۆ پرسە رەواکانی خەڵک دەبێت .