عه‌تا قه‌ره‌داخی : نوخبه‌ى سیاسی كوردى متمانه دۆرِاو .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ راستیدا ره‌وتی مێژوو له‌ باره‌ سرووشتیه‌كه‌یدا به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و نه‌وه‌ى كه‌ ئێستا باڵاده‌سته‌ له‌ روانگه‌ى نه‌وه‌ی دوای خۆیه‌وه‌ كۆنه‌و ناتوانێت ویست و داواكارییه‌كانی نه‌وه‌ى نوێ جێبه‌جێ بكات ، چونكه‌ هه‌ر نه‌وه‌و چین و توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كوڕی سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆیه‌تی و ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌كانی تر بكات ، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی‌و هه‌ڵگری عه‌قڵ‌و تێگه‌یشتن و روانینێكه‌، جیاواز له‌ روانین و عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى دوای یان پێش خۆی . هه‌ر چۆن له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ر چینه‌و شۆڕشگێڕی قۆناغێكه‌و له‌ قۆناغی دواتردا شه‌رعیه‌تی خۆی بۆ رابه‌رایه‌تیكردن له‌ده‌ست ده‌دات ، به‌ گوێره‌ى نه‌وه‌كانیش هه‌مان بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ راسته‌ . بێگومان پێچه‌وانه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ش دیدێكی كۆنسێرڤه‌تیڤه‌ یان تێڕوانینێكی كۆنه‌پارێزانه‌یه‌و به‌ گشتی ئه‌وانه‌ به‌رگری لێده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى باری باوو جێگیردان و هه‌میشه‌ به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری گۆڕانكاری ده‌كه‌ن و له‌ هه‌ر جۆره‌ گۆڕانێكیش ده‌ترسن. . دیاره‌ به‌ گشتی له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه‌ ئه‌م دیدو بۆچوونه‌ دیدوبۆچوونی باوو جێگیر بێت هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى دواتر دێت به‌ تووندی ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌و هه‌وڵده‌درێت پاسیڤ بكرێت ، كه‌ له‌راستیدا پاسیڤكردن و به‌لاوه‌نانی دیدو بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كانی نه‌وه‌ى نوێ یه‌كێكه‌ له‌به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م هه‌ر گه‌شه‌كردنێك ، چ له‌ ئاستی زانستیدا بێت ، یان له‌ ئاستی فیكری‌و ئه‌ده‌بی یان له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و عه‌قڵی‌و كه‌لتووریدا .
ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ هه‌رچۆن بۆ باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تاكه‌كه‌سی‌و فیكری‌و عه‌قڵی راستن ، بێگومان بۆ باری سیاسی‌و حیزبایه‌تی‌و به‌ڕێوه‌بردنیش راستن . واته‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ دیاره‌كانی نێو دامه‌زراوه‌ حیزبی‌و سیاسی‌و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كانی جیهان كێشه‌ى نێوان نه‌وه‌كانه‌ ، نه‌وه‌ى كۆنی ده‌سه‌ڵاتكردو به‌سه‌ر كۆی پنت‌و جومگه‌كانی ژیانی ئابووری‌و حیزبی‌و سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتیداو نه‌وه‌ى نوێی رێگا لێگیراو بۆ ئه‌وه‌ى بێته‌ پێشه‌نگ‌و رۆڵی خۆی ببینێت له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و دامه‌زراوه‌ رێبه‌رێتی‌و عه‌قڵی‌و فه‌رهه‌نگییه‌دا كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت‌و هه‌وڵده‌دات به‌جۆرێك بینایان بكات ده‌ربڕو به‌رجه‌سته‌كه‌ری خواست‌و ویسته‌كانی ئه‌و بن .
له‌راستیدا كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌ندرووست ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ كه‌ تیایدا هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك چ وه‌كو تاكه‌كه‌س‌و چ وه‌كو ده‌سته‌و گروپ و چ وه‌كو پێكهاته‌ى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانێت به‌ گوێره‌ى ئه‌و لوتكه‌ كوێیه‌و تاكه‌ى ده‌توانێت به‌ وزه‌و توانای جه‌سته‌یی‌و عه‌قڵی‌و فیكرییه‌وه‌ كاربكات . هه‌روه‌ك له‌و جۆره‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌وه‌ى هه‌ستی كرد گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ى تواناكانی‌و چیتر ناتوانێت هه‌ڵكشێت ئیتر ده‌ستبه‌رداری پۆست‌و پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و رێبه‌رێتی‌و فیكری‌و عه‌قڵی خۆی ده‌بێت‌و جێگا بۆ دوای خۆی چۆڵ ده‌كات ، كه‌ ئه‌م باره‌ بۆ تاكه‌كه‌س‌و بۆ ده‌سته‌و گروپ‌و حیزب‌و پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش راسته‌ . كه‌ بێگومان به‌بێ بوونی ئه‌م جۆره‌ تێڕوانینه‌و جێبه‌جێكردنی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع ناتوانرێت باس له‌ بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندرووست و سه‌قامگیرو دیموكراسی‌و ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵات بكرێت . ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌مڕۆى كوردستاندا هۆكارى كۆى ناكۆكی و كێشه‌و قه‌یرانه‌كانه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ تاوه‌كو راپه‌ڕین ده‌ركه‌وتووه‌و هه‌ڵگرى پاشخانێكی كه‌لتوورى و عه‌قڵی حیزبی نه‌خۆشه‌و ئێستاش ئه‌و هه‌موو بڕیارێكی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتی له‌ كوردستاندا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ ویسته‌ نادرووست و نه‌خۆشه‌كانی خۆى هه‌وڵیداوه‌ جه‌ماوه‌ر بكاته‌ به‌شدارو هاوكارى خۆیی و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتووه‌ بووه‌و رووبه‌رێكی فراوانی له‌ جه‌ماوه‌ر گه‌وجاندووه‌و ئێستا شه‌ڕه‌كانی خۆیان به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن، ئالوده‌كردنی جه‌ماوه‌ریش به‌ كێشه‌كانی خۆیانه‌وه‌ زیاتر درێژبوونی ته‌مه‌نی ئه‌و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ى مسۆگه‌ر كردووه ‌.
به‌ڵێ ئه‌و نوخبه‌یه‌ى كه‌ به‌جۆرێك جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و حكومی داگیركردووه‌ كه‌ بوار نه‌دات به‌ نه‌وه‌ى دواى خۆى لێی نزیك بێته‌وه ‌. خۆئه‌گه‌ر وه‌كو تاكه‌كه‌سیش كه‌سانێك لة نةوةى نويَ گه‌یشتبنه‌ هه‌ندێ جومگه‌ى ده‌سه‌ڵات ئه‌وا ئه‌و تاكه‌كه‌سانه‌ گه‌یشتوون كه‌ په‌راوێزو پاشكۆى ئه‌و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ن كه‌ پیرۆزى ده‌ده‌ن به‌ به‌شێك له‌ تاكه‌كه‌سه‌ نه‌خۆش و تووندو تیژه‌كانی ناو كۆى نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سياسیه‌كه‌ . به‌ڵێ تا ئه‌و نوخبه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌رى گۆڕانكارى نیه‌ . به‌ڵكو ته‌نیا كاتێك سه‌ره‌تاى گۆڕانكارى ده‌ست پێده‌كات كه‌ جه‌ماوه‌ر بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى به‌و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ بڵێت بووه‌سته‌ ، تۆ ته‌واو بوویت ، كاتت به‌سه‌رچوو . به‌كردوه‌ش جه‌ماوه‌ر یان نوخبه‌ى نوێ ئه‌و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ فڕێبداته‌ ده‌ره‌وه‌ى بڕیارو ده‌سه‌ڵات . راستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی ره‌وتی مێژوو ده‌بێت كۆن جێگا بۆ نه‌وه‌ى دوای خۆی چۆڵ بكات . هه‌روه‌ك ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ش بدركێنین كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌ندرووست ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌ر نه‌وه‌یه‌كی نوێدا خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش نوێكردنه‌وه‌یه‌كه‌ هه‌موو ئاسته‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی‌و كۆی دامه‌زراوه‌كانی بكه‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و شێوازه‌ سرووشتیه‌ى گۆڕانكاری نابینرێت ، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ململانێ و ناكۆكی نێوان نه‌وه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، هه‌میشه‌ نه‌وه‌ى كۆن نه‌وه‌یه‌كی خۆپارێزی ده‌سه‌ڵات پارێزه‌ ، ئه‌ویش نه‌ك له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل ، یان گشتدا ، به‌ڵكو له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كاندا كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و عه‌قڵه‌ كۆنسێرڤێتیڤه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ى پێشوو هه‌ڵگرێتی‌و نایه‌وێت له‌ ده‌ستی بچێت .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت