رونكردنەوەیەك لە نوسەرو رۆژنامەنوس (شێرزاد شێخانی) یەوە

بۆ ڕای گشتی و سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان
بەداخو پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانم پێگەیشت، كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن لەغیابی سكرتێری ئەنجومەن بۆ جاری دووەم ئاگادارم ئەكەنەوە لەوەی كەوا من راوێژكاری ئەنجومەنی ناوەندی نیم، جارێكیان بەناردنی نوێنەرێكی تایبەتی خۆیان بۆ لام، ئێستاش بە راگەیاندنی بەیاننامەیەك بۆ دەزگاكانی راگەیاندن.
پێشەكی ئەمەوێ ئەمە رونبكەمەوە بۆ ئەو هەڤاڵانەی ئەنجومەن كە هەندێكیان بەكوتلەو كوتلەبازی وهەندێكی تریشیان بە واسیتەو واستەكاری لەم ئەنجومەنە دامەزراون و لەخۆیان زیاتر كەس بە شایستەی پۆستی حزبی نازانن، ئەبو ئەوان وەكو ئەندامانی پەرلەمانی حزب رێز لەخەباتی خەڵكی تێكۆشەری ناو یەكێتی و شۆرشی نوێی گەلەكەمان بگرن، چونكە ئێستا ئەوان بەری ئەو خەباتەی شەهیدانی یەكێتی و پێشمەرگە دێرینەكانی ئەخۆن، كە منیش یەكێكم لەو پێشمەرگە دێرینانەی لەساڵانی ناوەڕاستی هەشتاكانەوە بەشداری شۆڕشی نوێی گەلەكەمانم كردوەو ئێستاش خانەنشینی پێشمەرگەم لەسەر لیستی یەكێتی، لەناوەڕاستی حەفتاكانیش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوم.. دوای ئەوەش ئەمەوێ بەم تڕزل و ماستاوچی و نەفەستەنگانەی ئەنجومەنی ناوەندی بڵێم: كە زۆربەیان لەدوای راپەرینەوە پەیوەندییان بەیەكێتیەوە كردوەو نانی ئیسراحەتیان نۆشیوە، كە پۆستەكەی راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی كە تاكە پۆستە لەناو یەكێتیدا بەمن رەوا بینراوە پۆستێكی ئەوەندە گەورەو چەور نیە تا شەڕی دەستەو یەخەی لەسەر بكەن، شەڕی راستەقینەی ئەوان با بۆ پۆستەكەی مەسعود بارزانی بێت، كە بەزۆر و بەناهەق داگییری كردوە، شەڕ لەپێناو نانی میللەتو قووتی مناڵانی كورد بێت كە من لەدیدارە تەلەفزیۆنەكانمدا وەكو ئەركێكی یەكیەتیانەم داكۆكی لێئەكەم، نەوەك شەڕ لەسەر پۆستێكی راوێژكاری من كە لەسەر داوای خۆشم بوە بەبێ موچە بێت لەبەر ئەوەی من موچەی خانەنشینی پێشمەرگەم هەیە نەمویستوە لەسەر قووتی خەڵك دوو موچە وەربگرم، بەبێ هیچ جۆرە ئیمتیازێك ئەم پۆستەم وەرگرتوە بەپێی فەرمانی بەرێز سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ژمارە 139 لەرۆژی 1/6/2016 كەوێنەیەكی لەگەڵ ئەم راگەیاندنە بڵاوی ئەكەمەوە بۆ دەمكوتكردنی ئەم بێ خەبەرو پۆست پەرستانەی ئەنجومەنی ناوەندی..
لەكۆتاییدا بەو ماستاوچی و مشەخۆرانەی ناو ئەنجومەنی ناوەندی ئەڵێم: كە من هیچكات بەدوای پۆست و پلەو پایەدا نەگەڕاوم, چونكە ناوو كاری رۆژنامەنوسییەكەم لەلا زۆر پیرۆزتر بوە لەوەی شەڕی پۆست بكەم ئەگەر چی بەقەدر تووكی سەری ئەوانەی ئەمرۆ نیگەرانن بەپۆستەكەم خەباتی پێشمەرگایەتی و ئیعلامیم لەناو شۆڕش و دەزگاكانی یەكێتیدا هەیە، بۆیە بەر لەوەی بەماوستاوكردن و واسیتەو واسیتەكاری شتێكی وا بكەن لەسەر ئەم پۆستە راوێژكارییە لام ببەن، من لێرەوە بەم راگەیاندنەوە دەست لەكار كێشانەوەم لەم پۆستەش رائەگەیەنم با ئەوانە دڵیان ئیسراحەت بكات و, بەڵكو ئەمە خوایە كەسێك لەخزمو كەسان و كوتلەكانی خۆیان لەمن بەڕەواتر ببینن بۆ ئەم پۆستە راوێژكارییە .. باقی وەلسەلام..
نوسەرو رۆژنامەنوس
شێرزاد شێخانی
6/10/2016

EPSON MFP image
EPSON MFP image