عومەر ئیزدخواە: مەترسی ڕادیکاڵیزمی دینی و هۆشیاری کۆمەڵگای کوردستان.

ئێستا زۆربەی دونیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست چیرۆکی حکومڕانی چەند ساڵی رابردووی داعش، مەترسیەکانی پەلاماردانی دەوروبەر لە وێنەی کەمتیارێکی دڕندە و سوتاندنی کێڵگەی مرۆڤایەتی ، نیشاندانی روویەکی رەش لە رەشەکوژی، دەزانن، وە کەم کەسیش هەیە نەیزانیبێ لەناو خەلافەتەکەیان چ دەگوزەرێ و مامەڵەیان لەگەڵ تەنانەت پەیرەوانیشیان چلۆن چلۆنیە.. کەواتە کەم کەس هەیە ئەو راستیانەی نەزانیبێ، بە خۆبواردن لە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گروپە کە یەکەمین هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هزرێکی دینی رادیکاڵ، ئەو هزرە مێژوویەکی درێژی هەیە و هەڕەشەیەکی بەردەوامی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە و کوردستانیش وەک ناوچەیەکی چەق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوبەشە لەو مەترسیە، دەتوانین بە بۆمبێکی گەورە بیشوبهێنین کە لەناکاو و لە دەرفەتێکدا دەتەقێتەوە و وێرانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن.
کوردستان دەکەوێتە ناوجەرگەی مەترسیدارترین ناوچەی جیهان لە کۆبونەوەی هزرە ڕدیکاڵەکان ئەویش رۆژهەڵاتی ناوەراستە و جەنگی مەزهەبی و دینی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیە بەردەوام و پێ بەپێ مەینەتی و دەربەدەری و ماڵوێرانی و نەهامەتی و قەتلوعام و دۆزەخی دونیایی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئەم ناوچەیەی هێناوەتە ئاراوە، لە بەرامبەریشدا بوونیەتی فیکری تاکی ئەم ناوچەیە بە کوردستانیشەوە تاکو ئێستا چەواشە دەکرێ و شوناسی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بوونی بە ئامانج دەگیرێ و دەرەنجام ئەو بوونیەتە بە سانایی دێتە ژێر باری ئەو چەواشەیە و لە واقعی ئێستای کوردستانیشدا مەترسیەکی گەورە و پەرەسەندووی رێژە بەرز لەلایەن گروپە رادیکاڵیزمە دینیەکانەوە بەدی دەکرێ، جێی بایەخە خاوەنی سەنگی بەرچاوی جەماوەرین، کە هۆکارە سەرەکیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامادەگیە نەرێنیەی کە بە گشتی لە بوونیەتی فیکری تاکی کۆمەڵگاکەماندا هەیە .
داعش، بەربەریەتەکەی رەقە و نەینەوا و کۆماری ئیسلامی ئێران و میرنیشینی ئیسلامی طاڵیبان و رێکخراوی ئەلقاعیدە و حیزبوڵا و ئەنسارولئیسلام کوردستان و بۆکۆحەرام و هاوشێوەکانیان .. ئەزمونێکن لەم ناوچەیە بەردەوام و رۆژ بۆ رۆژ بەناوی جیا جیاوە سەرهەڵدەدەنەوە و جیهادی گەورەی ئەو گروپانەش بریتییە لە قرتاندنی دەست و پەل ، پەلوپۆکردن و سەڕبڕین و لەسێدارەدانی مرۆڤەکان و جێبەجێکردنی حوکمی تیۆکراتی و گەڕندنەوەی چەرخی مێژوو بۆ قۆناغی زۆر کۆن و دەرەنجام خولقاندنی هەمان ئەو دۆزەخەی کە بە حیساب ئامادەکراوە مرۆڤەکان لەو دونیا بیبینن هەروەها هەمان ئەو بەهەشتەی ئەولا بەهەمان تەصویرێک کە پێناسەی کراوە بۆ خەلیفە و میر و بەرپرسەکان ، ناوچەی ئێمە ناوجەرگەی ئەو فیکرانەیە و کوردستانیش پشکی گەورەی لە کۆبونەوەی توندڕەوە ئاینییەکان بەردەکەوێ کە رۆژانە و بە هێمنی ئامادەکاری دوورمەودا و ستراتیژیانەی بۆ دەکرێ .
رواڵەتی ئەو گروپانە بە جۆرێکە کە سەرەتا لە شێوەی میانڕەو و پەپولە ئاسا خۆیان نیشان دەدەن و رەفتارەکانیان دەبێتە مایەی سەرنجی جەماوەر و دەوروبەریان ، تەنانەت بەشێکی ئەو خەڵکەی کە موعجیبی رەفتار و کاری سەرکردە و کەسە دیارەکانی ئەو گروپانە دەبن خەڵکانێکن بە واتای تەواو کەسانی باش و میانڕە و تەبان لەگەڵ دەوروبەریان و تاوەکو قبوڵی ئازادی و فرەڕەنگی و پێکەوە ژیانێکی راددە زۆریش دەکەن … بەڵام بێ ئاگا لەو مەترسیە گەورەیەی کە لە پشتی ئەو هزر و گروپانەوەیە ، کە دەرەنجام ئاراستەیان هێنانەوەی ئەو ئەزمونانەیە کە باسمان کردن .
هەر سەبارەت بە رواڵەتی ئەو گروپانە پێویستە ئاماژە بدەین بە گوتار و هەڵسوکەوتی رابەر و سەرکردەکانیان ، کە بەشی زۆریان سەرەتا و لە قۆناغی بێ هێزیدا و لە قۆناغێکدا کە هێشتا بەرجەستەی حوکمی سیاسیان نییە ، ئەوا گرنگترین تاکتیکیان خۆی دەبینێتەوە لە سواربوونی شەپۆلی نارەزایەتییە جەماوەریەکان لەو نارەزایەتیانەی کە بەشێکیان پەیوەندیان هەیە بە ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان و بوونی گەندەڵی و بەریەککەوتنی دەسەڵات لەگەڵ گەل و توڕەبوونی کۆمەڵگا لە پارتە حوکمڕانەکان ، یاخود بوونی هەر جۆرە لە ململانێیەکی ناوخۆیی ، گوتاری ئەو گروپانە و رابەرەکانیان کە بەشێکی زۆریان لە تاراوگەوە سەرکردایەتی رەوتەکانیان دەکەن و بە هەزاران لاو بۆلای خۆیان رادەکێشن ، ئەوا بریتیە لە خستنەڕووی کەم و کوڕی و رەخنەبارانکردنی پارتی سیاسی حوکمران کە لە راستیشدا کەم و کوڕیان هەیە ، بەڵام ئەوەی مەترسی گەورەیە برییتیە لە بوونی تاکتیکێکی ئەوتۆی سەرنج راکێش لەلایەن ئەو گروپانەوە کە بە گوتارێکی بریسقەدار و پەلکێشانە رۆژبۆرۆژ لەگەڵ بۆشایی و ناسەقامگیری سیاسی ڕێ دەکەن و پێ بەپێ لایەنگری زیاتر بەهۆی کێشە سیاسیەکان و سەرقاڵبوونی پارتە سیاسیەکان بە کێشە و ململانێکانی نێوانیان بەدەست دێننن و تا کاتێک کە بارودۆخی ناوخۆیی بەرەو تەقینەوە و پێکدادان دەڕوات لەو کاتەدا بە هێزێکی گەورە و بەگوڕەوە روخساری جەهەندەمییان نیشان دەدەن .
کۆی ناوەرۆکی بابەتەکەشمان لێرەدا ئاماژەدانە بەو مەترسیانەی کە هەڕەشەی گەورە لەسەر قۆناغی ئێستا و داهاتووی کوردستان پێک دەهێنن ، بە خوێندنەوە و چاوخشاندن بە گروپە جۆربەجۆرەکانی کوردستان و لەوانەش رادیکاڵیزمە فەندەمینتاڵەکان ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەشێکیان بە ئاشکرا هەوڵ بۆ گێڕاندنەوەی خەلافەت و حوکمی بەربەریەت دەدەن و بەشی زۆریش کە بەبێ ئاگایی لێیان گیر دەبن و دوایان دەکەون و نا هۆشیارانە شوناسی سەرەکی خۆیان لەدەست دەدەن و بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەبن بە عاملی ئەو گروپ و هزرە فەندەمێنتاڵانە ، لەلایەک ئەو گروپانە دەست دەکەن بە سڕاندنەوەی تایبتمەندی و بەها نەتەوەییەکان و خزمەتکردنی شۆڤێنیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی و.. ، لەلایەکی تریشەوە هێنانە ئارای سیمیایەکی نا مرۆڤانەی وەحشی گەرانەی کە وەک باسمان کرد ، ئەم گروپانە تاکو ئێستا رۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە شێواندنی بزاوتە رەوا و مافخوازەییەکانی کوردستان و بەردەوام چاوەڕێی هەلی ئەوتۆیان کردووە ، کەواتە دەکرێ بڵێین تا ڕاددەی زۆر لە هێنانەدی ئامانجەکانیان و لەگەشەکردنیان سەرکەوتوو بوونە ، هۆشیاری تاک و هێزە سیاسیەکانیش لەو بارەیەوە رۆڵێکی ئەرێنی پێویستی نییە بەڵکو شکستخواردووە لەبەردەم ئەو هەڕەشە گەرەیەدا ، ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ یەکەم : بوونی کلتورێکی مەیلخواز بۆ گەشەی ئەو گروپانە و کەمی هۆشیاری تاکەکان بۆ مێژوو و هەڵسەنگاندی دیرۆکی خوێناوی خۆیان لە سایەی ئەو هەڕەشانەدا . دووەم : نەبوونی ستراتیژێکی روون و ئەوتۆی پارتە سیاسییە سەرەکیەکان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی بوونی ناکۆکی و ململانێ ریژە بەرزی نێوانیان کە وا دەکات ئەو گروپانە بەهێز بن و تاکتیک و پیلانی رۆژ بخەنەڕوو .
هۆشیاری تاکی کوردی لەم بارەوە لاوازە و مەیلخواز و ئاسانکارە بۆ بەهێزبوونەوەی ئەو گروپانە کە پێویستە ئاماژە بە هۆیەکانی راگەیاندن و بەتایبەت سۆشیاڵمیدیاکان بدەین کە سودی گەورەیان لیبینراوە بۆ راکێشان و دروستکردنەوەی پێگەیان ، لە ئێستادا بەشێک لە کەسایەتیە دیارەکانی ئەم پەیرەگەیە لە تاراوگەوە رۆژانە توانیویانە پەیامی ئاراستەکەر و پەلکیشانەی مەیلخواز لەنێوا جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بڵاوبکەنەوە ، لە بەرامبەریشدا وڵامدانەوەیەکی ئەرێیی بە تایبەت لەنێوا چینی لاواندا بۆ پەیامەکانیان بەدی دەکرێ و دلخوازی خۆیان بۆیان دەردەبڕن ، بێ ئاگا لە رووی راستی ئەم پەیرەوگانە.
ئەو ململانێیەی کە ئێستا لەنێوان پارتە کوردیە کاندا هەیە ئاسانکاری ئەوتۆ دەکات بۆ بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی ئەو گروپ و سەرپێکەوتنی ئەو هزرانەیە ، بەڵام ئایا هەر لە قۆناغی بەهێزبوون و ئامادەکاریدا دەبن ؟؟ ، بێگومان نا ، بەڵکو شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەکان و دروستبوونی هەر جۆرە بۆشایی و گرژیەکی سیاسی ئەوتۆ ئەوا قۆناغ و رۆژی دامەزراندنی خەلافەتەکانیانە .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies