ئاکۆ برایم: شاجوانى کوردستان، سکى مناڵى پێشمەرگە تێر دەکات؟

لەگەڵ ئەوەدام کەژیان نەوستێت، لەگەڵ ئەوەدام پێى بەپێى وڵاتان بڕۆین بەڕێوە، ئێمەش مافى خۆمانە لە خۆشییەکانى ژیان بێ بەش نەبین, ئێمەش حەز دەکەین کە ولاتەکەمان بگاتە ئاستى وڵاتانى جیهان، شاجوانمان هەبێت، خاوەنى نازناو و براوەى ئۆلۆمبیادو خەڵاتى جۆراو جۆر بین، کەسى جیاوازو سەرکەوتومان هەبێت. بەڵام وەک کورد دەڵێت: کنگر و ماست بەوەعدەى خۆى.

گەر تەماشاکەن و بڕوانن، میللەتەکەمان رووبەرووى دەریایەک قەیران و شەڕو نەهامەتى بۆتەوە. تادێت حاڵ و ژیان و گوزەرانى خەڵکى خراپ و خراپتر ئەبێت, لەولاشەوە بەرپرسان و بەناو خەمخۆرانى میللەت گوێى خۆیان لێ کەڕکردووە، هیچ گریەو ناڵەوحەسرەتێکى ئەم میللەتە نەگبەتە نابیستن. ئەوەتا وەرن دەیان نموونەى ناخۆش و جەرگبڕتان بۆدێنمەوە، کە ئەگەر بەرپرس یان کەسێکى بەویژدان گوێ بیستى بێت، لەداخا کۆتایى بەژیانى خۆى ئەهێنێت. تۆنازانم چى، مایەى شەرمەزاریى و روو رەشى نىیە بۆ هەموومان، زمان دریژى ئەکەین و ئەڵێن (هەموومان پێشمەرگەین), پێشمەرگە لەبەرەکانى شەڕ سەنگەر لەداعش دەگرێت، کەچى خێزانەکەى بۆخاترى کرێى خانوو، بۆ شیرو دایبى منداڵەکەى ناچارە کارى خراپ بکات. یان ئەوەتا خۆ دوێنى بیستتان پێشمەرگەیەکى دێرین لەبەر نەبوونى و هەژارى و قەرزارى خۆى کوشت. بەدەر لەوەش ئەتوانن سەردانێکى دادگا بکەن و بزانن رێژەى لێکجیابوونەوە (تەڵاق) بەجى گەیشتوe؟!، یان بە ئەرکى مەزانن سەردانێکى خانەى بەساڵاچووان بکەن، بزانن لەدواى ئەم قەیرانەنەوە بێ ویژدان ناکەس بەچەکان، چەندە پیرەمێرد و پیرەژنى دایک و باوکیان فڕێداوەتە ئەو خانەیەوە. یان رێژەى مناڵى فڕێدراو و بێ سەرپەرشت گەیشتۆتە چەند؟. ئەمانەو سەدان نەهامەتى و قوڕبەسەرى دیکە. کە رۆژانە دەیبینین. سەرلەبەریان بەهۆى نەبوونى گیرفان بەتاڵییەوە سەرهەڵدەدەن.
من وەک خۆم دڵخۆشى خۆم بەوە ئەدایەوە ئەموت: راستە حکومەتەکەمان گەندەڵ و دز و بێ خەمە. bەڵام شوکر لەسایەى خواوە کەسانى رۆشنبیر و بیرمەند و سیاسى و هۆشیارمان هەیە، ئەتوانن بەحیکمەت و لێهاتوویى و ئەزموونى خۆیان چارەسەرى ئەم گرفتە و دەیان گرفتى دیکە بکەن، میللەت لەرەزالەتى و نەبوونى قوتار ئەکەن.
کەچى بەداخەوە لەبرى رێگە چارە و رزگاربوون بیرکردنەوە. دێن بەشتى لابەلا و بێ بایەخەوە میللەت مەست و سەرخۆش ئەکەن. دێن فیستیفاڵى فیلم و بەزمى شاجوان و دیپەیتى دابڕان ساز ئەکەن. کەپرسیاریش ئەکەیت, ئەڵێت: باشە ئەمە ماناى چى و چى دەگەیەنێت؟، پێشمەرگە و فەرمانبەران بۆ موچەیەک ئەچن بەئاسمانا، کەچى بۆ ئەو کارە بێ بایەخ و لابەلایانە بە سەدان دەفتەر دۆلار خەرج دەکەن، کە هیچ جێگە ناگرێت و، بۆ رۆژگارى ئەمڕۆمان ئەوپەڕى بێ بایەخیە. کەپرسیاریش ئەکەیت و ئەڵێیت: ئەى ئەم پارە و داهاتە لەکوێ وە هات ؟ کێ دابینى کرد؟ لەوەڵامدا ئەڵێن: سەرلەبەرى تێچووى ئەو کارانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە خەرج دەکرێن و ئەوان سپۆنسەریانن. ئەى مەگەر نازانن ئەو فیستیفاڵ و یاد و شتانە، ئەو داهات و قازانج و دەستەکەوتانەى کە ئەمڕۆ بەبێ ترس ئەو کۆمپانیایانە دەستیان دەکەوێت بەئارامى و بێ ترس پارەوپول کەڵەکە دەکەن، بەهۆى گیانفیدایى و قوربانى و شەونخونى پێشمەرگەوەیە، گەر ئەوا نەبن، ئەوا بەدڵنیایەوە ناتوانن بۆساتێکیش بژین و حاڵیان لەحاڵى کۆمپانیاکانى موسڵ و ئەنبار و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش باشتر نابێت.
چیدەبوو گەر جار جارەش ئەو کۆمپانیایانەى کە بەهۆى خوێن و رەنجى پێشمەرگەوە سامان پارە و موڵکیان ئەژمار ناکرێت، سپۆنسەرى چەند ماڵێکى پێشمەرگە بن، هاوکارى و دەستگیرۆیى مناڵى شەهید بکەن. یان کەى ئێستا وەختى هەڵبژاردنى شاجوانى کوردستانە؟ خۆزگە بەخۆزگایى خوا شاجوانیش بەماناى وشە شاجوانە بووایە، کەلەعیبرەت نەبێت لەهیچى تر ناچێت. باشە بەویژدانەوە وەلام بدەنەوە ئەو کچە شاجوانى کوردستانە یان کچە گەریلاکانى پارێزەرى کۆبانى و شەنگال؟ باشە وا بوو بەشاجوان ، چیمان بۆدەکات؟ چى بۆ کورد و دۆزەکەى دەکات، تاچەند فەرهەنگ و کەلتور و ناسنامەى کورد بەدونیا دەناسێنێت؟ لەکاتێکدا بۆخۆى نازانێت دوو دەستەواژەى جوان دەربڕێت.؟ یان سوود و قازانجى فیستیفاڵى سینەما چى یە؟، کە ئێمە یەک دانە هۆڵى سینەمامان نىیە، یەک دەرهێنەرو سینەماکار و ئەکتەرى ناسراومان نىیە. کە دڵنیام هێندە لەدواوەین هێندە نەشارەزا و ساویلکەین لەو بوارەدا بەسەدان ساڵى تریش ناتوانین یەک فیلم بە تەواوى کەرەستە و سیناریۆ و دەهێنەر و ئەکتەرى خۆمان بەرهەم بێنین، ئیدى ئەمە چەندى بەچەند؟ بۆدەبێت شتەکانمان تەنها رووکەش و خۆدەرخستن بێت، بۆدەبێت هەمیشە و بەردەوام بەدواى شتى بێ نرخ و کەم سوود بێ کەڵکدا بگەڕێین، کەدڵنیام هۆکارى سەرجەم قەیران و نەهامەتییەکان، هۆکارى ئەوەى کە بارو رەوشى ژیانمان لەخراپەو بۆخراپتر ئەچێت، بەهۆى ئەوەوەیە کە شتە گرنگ و چارەنووس سازەکان وەلادەنێن یان خۆمانى لێ گێل دەکەین، بەدەنگیەوە نایەین، لەبرى ئەوە بەشتى سادە و بێ کەڵک و نا پێویست خۆمان دەخافڵێنین، کە حکومەت و دەسەڵاتیش ئەوەیان پێخۆشە، ئەخوازن لەورێگەیەوە میللەت و خەڵک بێهۆش و مەست بکەن و، بیر لەشتى دیکە نەکەنەوە. بێ چارەو دەستەوەستان دابمێنن.