دکتۆر سیروان عوسمان: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “وەهم و شوناس” و هەڵسەنگاندنی بە کتێبی “بوون و زانین. بەشی یەکەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم بابەتە بریتییە لە خوێندنەوەی کتێبی “وەهم و شوناس”ی نوسەر و ڕۆماننوسی کورد “یوسف عزەدین” و هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی بە کتێبی “بوون و زانین” ى سیروان عوسمان حەسەن.

دیالۆگی یەکەم: لە سازدانی مەریوان هەڵەبجەیی:

ڕاستی من زۆر بەقوڵی زانیاریم لەسەر بڕوا و هزر و نەریتی هندستان و تورکیا نەبوو! زۆر شتی تازەی تێدابوو بۆ من… ئەوەشی لە گفتوگۆکەدا کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام سەرچاوەی بە نەریتبوونی لافیتەی ڕەش بوو لای کورد!!! چونکە یەکەمجارم بوو کە بیخوێنمەوە و بیزانم.

دیالۆگی دووەم: لە سازدانی ئامانج کەریم:

ئەو وتەیەی ئەبیگۆر کە ئەڵێت: مەرگ پێوەندی بە ئێمەوە نییە، کە ئێمە لێرەین مەرگ لێرە نییە کە مەرگیش لێرەیە ئێمە لێرە نین, سەرنجی ڕاکێشام! ئەمەوێت ئەو شێوە بیرکردنەوەیەی خۆم بڵێم کە دوای ڕوداوی هاتووچۆکەم بۆم دروست بووە؛ کە زیندوو بوومەتەوە هەوڵ ئەیەم کە چرکە بە چرکەی ژیانم بەکار بهێنم و چرکەیەکم بەسەردا تێپەڕ نەبووبێ کە کارێکم تێدا نەکردبێت! من ئەڵێم ئەوەی کە دڵنیام لێی ئەوەیە کە ئێستا ئەژیم و دڵنیاشم کە ڕۆژێک ئەمرم بەڵام نازانم مردن چییە چونکە تەواو دیار نییە لێم؟!! (هەرچەنە من زیاتر لە دوو مانگ بێهۆشبووم و وەک یەکێک لە پزیشکەکان بۆی باسکردم؛ بە مەساجی دڵ گەڕاومەتەوە بۆ نێو ژیان) دڵنیا نیم لە مێژوو و داهاتوو (دوای مەرگ) و ڕوداوەکانیان بەڵام ئێستا ئەژیم، کەواتە با ئێستام (بەو بەرنامانەی کە بۆ داهاتوومی دائەڕێژم تا مردنم) مانادار بکەم بۆ خۆم و هەموو مرۆڤەکان و گیانداران و ئەو ژینگەیەشی کە تیایدا ئەژین.
لە کۆتایی وەڵامدانەوەی نوسەر بۆ پرسیاری یەکەمی گفتوگۆکەیان ئەمەم خوێندەوە: “گیانلەبەرەکان هەر بە غەریزە لە مەرگ هەڵدێن و هەوڵی مانەوە لە ژیاندا دەدەن، بەڵام پاش مردنیان بێجگە لە مرۆڤ کەسی تر نییە توانای گێڕانەوەی حیکایەتی ژیان و مردنی ئەوانی هەبێت.” ئەم وتەیە تۆزێک هەڵوەستەی پێویستە چونکە بڕیاردان لەسەر نەبوونی شتێک بە ژیری زۆر قورسترە لەوەی کە هەبوونی شتێک بسەلمێنیت… بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنین کە نەخۆشێک جۆرێک بەکتریا بووەتە هۆکاری نەخۆشییەکەی لە خوێنیدا ئەوا تەنها بینینی ئەو جۆرە بەکتریایە لەو دڵۆپە خوێنەی کە لە نەخۆشەکە وەرمان گرتووە لەژێر مایکرۆسکۆپدا هەبوونەکەی ئەسەلمێنێت بەڵام بۆ ئەوەی کە بڵێین کە نەخۆشییەکەی بەهۆی ئەو بەکتریایە نییە کە لە ناو نمونەی خوێنی نەخۆشەکەدایە لەسەر سلایدی تاقیگەکە، ئەوا پێویستە هەموو بەشەکانی سەر سلایدەکە بگەڕێین پاشان ئەتوانین تەنها بڕیاری نەبونی بەکتریاکە لەسەر سلایدەکە بدەین بەڵام بڕیاردانی ئەوەی کە ئەو جۆرە بەکتریایە لە خوێنی نەخۆشەکە نییە ئەوا پێویستە هەموو خوێنی نەخۆشەکە لەژێر مایکرۆسکۆپەکەدا سەیر بکەین کە ئەمەش قورس ئەبێت… ئەمە ئەگەر جۆری میکرۆبەکە ڤایرۆس بوو و لە ژێر مایکرۆسکۆپی ئەلەکترۆنی بینرا نەک مایکرۆسکۆپی ئاسایی ئەوا قورستریش ئەبێت و هەروەها… (من ئەمەم لە کتێبەکەم باسکردووە) بڕیاردان لەسەر شتە نادیارەکان بڕیاری تەواو ڕاست نابێت و تەنها بە ئەندێشەی داهێنانکاریش ئەتوانین بیردۆزێک یان زیاتری بۆ داڕێژین و ئەمانیش ئەگەری ڕاستبوون یان هەڵەبوونیان هەیە بەڵام ئەگەر هەمان وتە بەم جۆرە دەرببڕایە:
“گیانلەبەرەکان هەر بە غەریزە لە مەرگ هەڵدێن و هەوڵی مانەوە لە ژیاندا دەدەن، بەڵام پاش مردنیان بێجگە لە مرۆڤ (ئەوەندەی ئێمە بیزانین) کەسی تر نییە توانای گێڕانەوەی حیکایەتی ژیان و مردنی ئەوانی هەبێت.” ئەوا ئەو کێشەیە دروست نەئەبوو…

دیالۆگی سێیەم: لە سازدانی ئیدریس عەلی:

لەم دیالۆگەدا ئەوەی کە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام شێوەی ژیانی نوسەر و چۆنێتی ئاشنایەتییان بووە بە خوێندنەوە و فێربونی زمان! هەبوونی پەرتووک لە ماڵ و ئاشنایەتیکردنی مناڵ پێیان ئەو شێوە پەروەردەیەیە کە تاکی کوردی باشوری لێ دورخراوەتەوە بە مەبەست و هەروەها بەهۆی کەمتر ئاشنابوونی گەورەکان بە دونیای خوێندنەوە و کتێب و ڕۆشنبیری گەلانی تر لە ڕێگەی زمانی خۆیان… نەبوونی ئەم پەروەردەیەش مەگەر بە بەدەگمەن کە تاکەکان فێری خوێندنەوە و گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیارەکان بکات ئەگین زۆر دورمان ئەخاتەوە لە کایە ڕۆشنبیری و هزرییەکان.
لە پەرتوکەکەم (بەتایبەت لە بەشی دووەم) ئاماژەم بە خەون و ئەندێشە کردووە کە چۆنن و هەروەک چۆن ئاماژەشم بە ژیری (عەقڵ) کردووە؛ هەموو مرۆڤێک خاوەن پێکهاتە سادەکانی ژیرین بەڵام چۆنێتی بەکارهێنان و بەدەستهێنانی زانیارییەکان و خەزنکردنیان لە یادگە (ئەزمونەکانی ژیانیش لە یادگە خەزن ئەبن…) شێوازی بڕوا و بیردۆزەکانی ژیانیان ئەگۆڕێت. خەون بریتییە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و چۆنێتی کاردانەوە دەرونییەکان بۆیان و هەندێک کات لێکدانی ئەم پارچانە و داهێنانی شتێکی نوێ کە پێشتر نەبووە و تەنها بەشەکانی هەبوون. واتە خەون ئەندێشەیەکە بە هەردوو بەشەکەیەوە لە کاتی نائاگاییدا، بەمەش ئەندێشە لە کاتی بەئاگاییشدا ڕوئەدات و تەنها لە کاتی خەوندا نییە وەک ئەوەی کە بورخیس ئەیڵێت.

دیالۆگی چوارەم: لە سازدانی سۆران عەزیز:

لە بەشی دووەمی کتێبەکەم لە بنچینەیەکی ڕێگەکانی زانیندا باسی هەواڵ و ڕوداو (مێژوو)م کردووە و ئەوەم شیکردۆتەوە کە تا چ ئاستێکی ژیربێژی و زانستییانە ئێمە ئەتوانین دڵنیابین یان بەگومان بین و یاسای ئەگەرەکان(کە لە بەشی یەکەم باسی ئەمیشم کردووە)ی بۆ بەکاربهێنین و بیردۆزەکانیان بۆ دابڕێژین؟! وە لەبەشی سێیەمیشدا باسی ئەوەم کردووە کە مانابەخشین بە شتەکان بریتین لە وادانراوەکان و ئەگۆڕێن و جیاوازن لە ڕاستییەکان…

دیالۆگی پێنجەم: لە سازدانی رابەر فاریق:

بابەتگەلێی زۆر پڕ بایەخن و تەنها سەرنجێکیش کە هەمە لەسەر فیکری ئیسلامییەکانە بەتایبەتیش سەلەفییەتی وەک ئەوەی کە “ئۆرانزیپ” بە “دارا”ی برای کردووە، ئەم جۆرە بڕوایە ئەو مەترسییە گەورەیەیە کە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی لە باشور هەیە و دەسەڵات لە پێناو مانەوەی خۆی برەوی پێئەدات و بۆچون و بڕوا کاڵبووەکانی زۆرێک لە تاکی کوردی پێ زیندوو ئەکاتەوە و ئازادی و مرۆڤبوونمانی خستۆتە ژێر مەترسی…

دیالۆگی شەشەم: لە سازدانی دانا فایەق:

وتووێژێکی پڕ بایەخە و ئەتوانم بڵێم کە بیری سۆفیزم زاڵە بەسەر گفتوگۆکەدا… هەر لە گفتوگۆکەدا نوسەر باسی تەئویلی دەقەکانی ناو ئیسلامی کردووە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بەبۆچونی من لە دوو ڕووەوە؛ ۱ـ گەورەترین هەڕەشەت لەسەر ئەبێ گەر خەریکی تەئویلکردنی دەقەکان بیت لەلایەن ڕەوتی سەلەفییەت و کە بەداخیشەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئێستادا ئەمانە برەویان هەیە و لەلایەن دەسەڵاتیشەوە برەوی پێئەدرێت تا خەڵک کۆنتڕۆڵ بکرێت. ۲ـ شاردنەوەی ڕاستی ڕوداوەکان لە ناو ئایەتەکانی قورئاندا (وەک ئەوەی هاوڕێیانی ئەشکەوت کە نە ساڵ و نە ژمارەیان بەتەواوی دیاریکراوە…) ئەو گومانە دروست ئەکات کە خودی قورئان لەلایەن خواوە نەوترابێت بەڵکو داڕێژراوی هزری پێغەمبەر بوبێت…
‎ ئەم وتەیەی نوسەر: “حەزی کۆیلەبوون بۆ ئەوانی تر لای کورد لە لوتکەدایە”، بە بۆچونی منیش گەورەترین کێشەیە لەبەردەم متمانە بەخۆبوون و بوونەوە بە خود بۆ تاکی کورد و پێموابێ کە هەر ئەمەشە کە تا ئێستا ئێمەی وا ژێردەستە کردووە…
‎ هەروەک لە خاڵەکانی تر ئاماژەم پێداوە، من لە کتێبەکەم باسی “یادگە (بە ئەزمونیشەوە) و ئەندێشە بە هەردوو بەشەکەیەوە؛ ئەندێشەی بیرکەوتنەوە و ئەندێشەی داهێنانکار، و بیردۆز بە هەردوو بەشەکەیەوە؛ بیردۆزی زانستی و خورافە، و بڕوا و …”م کردووە کە تێگەشتنمان لە سۆفیزم و حەز و هەستە دەرونییەکان زیاتر ئەکات… هەر لێرەوەش ئەتوانم ئەوە بڵێم کە داهێنان لە زۆر شت ئەکرێت کە هەستەوەرەکانمان هەستی پێئەکەن و بەمەش ئەتوانین داهێنان لە وشەی تازەدا بکەین لە زماندا…
‎ هەروەها یەکێک لە کێشەکانی تری ئێمە بریتییە لەو “دزیی ئەدەبی”یەی کە نوسەر باسیکردووە چونکە ئەوەش پێویستە بە یاسا ڕێکبخرێت و لە لێکۆڵینەوەی زانستیشدا پێی ئەوترێت plagiarism (بەکارهێنانی کاری کەسێکی تر بەناوی خۆتەوە بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوە و خاوەنەکەی…) و شێوازی خۆی هەیە تا نەکەوینە نێو ئەو کێشەیەوە تەنانەت گەر بە نەزانی یان بێئاگایش بێت.

دیالۆگی 7: لە سازدانی حەمە کاکەڕەش:

ئەندێشە ئەو بەشە گرنگەی بوونی مێشکی مرۆڤە کە مرۆڤ بەگشتی و کورد بەتایبەتی زۆر پێویستی پێیەتی کە لێی بەئاگابێت و پێی ئاشنا بێت چونکە هەر تێگەشتن لە خودی ئەندێشە یارمەتیدەرێکی زۆر باش ئەبێت لە تێگەیشتنمان لە بیردۆزەکان (بە بیردۆزی زانستی و خورافە و ئەفسانەشەوە) و داهێنانەکان لە هەموو بوارەکانی ژیان وەک: پرۆژەیەکی هزری، داهێنانێکی زانستی، داهێنانێکی ئەدەبی و … هتد. شیعریش بەشێکی گرنگی ئەم داهێنانە ئەبێت لە دوتوێی وشەکاندا، کە ڕەنگە برەو بە پرۆژەیەکی هزری و هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتی و … بدات. ژیرانەبوون یان ناژیرانەبوونی شیعریش لەو پرۆژە داهێنانانەوە سەرچاوە ئەگرن و من لە بەشی یەکەمی کتێبەکەم باسی ئەم یاسا ژیرییانەم کردووە و ئەو هەڵە بەکارهێنانەشیانم باسکردووە کە لەلایەن کەسە ئایدۆلۆژییەکانەوە لەپێناو برەودان بە پرۆژە هزرییەکەی خۆیان (بڕوایەکەیان) کە دایانهێناوە، بەکاریئەهێنن و لە بەشی دووەمیش باسی ئەندێشە.
لە لاپەڕە ۱۹٠ نوسەر ئەم دەربڕینەی هەبووە: “…ئەوەی کە ئێمە کردومانەتە کۆڵەکەی تێڕوانینەکانمان، لەڕاستیدا لە تێکستە ئەسڵییەکەدا نەبووە و بەهەڵە لە یەکێک لە چاپەکانیدا گۆڕاوە… یان ڕەنگە بەمەبەستێکیش وای لێکرابێت”، زۆر جار بەهۆی بەپیرۆزکردنی دەقێکەوە کە لەڕاستیشدا ڕوداوێکی مێژوویی بووە (یان ڕەنگە هەر ڕوشی نەدابێ) بەدڵنیایی هەواڵەکە بەڕاست ئەزانین و هیچیش گومانمان لێی نابێ!! من هەر لە بەشی دووەمی کتێبەکەم باسی یەکێکی تر لە بنچینەکانی زانینم کردووە کە ئەویش زانین لەڕێگەی هەواڵی ڕوداوەکانەوە و تا چەنیش ئەگەری ڕاستی یان هەڵەبوونی هەیە و … (لە بەشی یەکەمیش باسی ئەگەرەکانم کردووە…)
ئێمە گیرمان خواردووە بەدەست ئەو هێزە نەریتییەی کە پیرۆز کراوە و ئەو وتەیەی نوسەرم زۆر پێجوانە کە ئەڵێت: “…هەردەم ئەوەی کە دەتوانێت گۆڕانکاری بهێنێتە بوون، پرسیارکردن و گەڕانی بەردەوام و نەوەستان بێت…”! من پێموایە کە ئێمە لە باشور زیاتر لەوەی کە پێویستمان بە گۆڕانێکی سیاسی باش بێت، زۆر زیاتر پێویستمان بە شۆڕشێکی هزری هەیە تا تابۆی ئەو بەپیرۆزکردنەی نەریتەکان بشکێنین و دوبارە وەک مرۆڤ ببینەوە.

دیالۆگی 8: لە سازدانی سدیق عەلی:

نوسەر بابەتی زۆر گرنگی ورووژاندووە دەستەکانی خۆشبێ! وەک لە خاڵەکانی پێشتر ئاماژەم پێکرد، بۆ هەواڵ و ڕوداوەکان، بە ئەگەرەکان ڕاستبوون و هەڵەبونیان هەڵئەسەنگێندرێ و کاتێکیش کە بەڵگەیەکی شوێنەواری لەسەریان ئەبێت ئەوا ئەگەری ڕاستبوون یان هەڵەبوونەکەی زیاتر یان کەمتر ئەکات، ئەمەم لە بنچینەکانی زانین لە بەشی دووەمی کتێبەکەم باسکردووە… گێڕانەوەی ئەفسانە و چیرۆکەکان (وەک زانستی دەرونزانی باسی ئەکات…) کاریگەرییەکی زۆر بەهێزیان هەیە لەسەر گەشەی مێشک و مەودای ئەندێشە فراوانتر ئەکەن…
نوسەر لە درێژەی وتەکانی باسی ڕەخنە ئەکات، ڕاستی ئەکرێت بڵێین کە ڕەخنەی جدی لە بەرهەمی جدی پەیدائەبێت و کەسانێکیش کە بیرکردنەوەیان پرسیار و پرۆژەی هزری تیانەبێت ئەستەمە کە چاوەڕوانی ڕەخنەی جدیشیان لێبکەین… نوسینی بەپێز کاتێک گەشە ئەکات کە ڕەخنەی لەسەر هەبێت نەک پیاهەڵدان چونکە دڵخۆشبوون بە نوسینێک ئەگەری وەستان دروست ئەکات و ئیتر نوسینیش ناتوانێت بەردەوام بێت.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا باسی سنوردارکردن یان نەکردنی ئازادی نوسینیان کردووە، لێرەدا ڕاستەوخۆ ترسێک هەیە لە پێناسەکردنی و ناشیەوێت سنوردار بکرێت، من لە بەشی سێیەمی کتێبەکەم کە باسی بەرنامەی ژیان (چاکە و خراپە) ئەکەم، باسی ئازادیشم کردووە و ڕەخنەم لەو جۆرە پێناسەیە گرتووە کە تا ئێستا بیستومانە کە ئەڵێت ئازادی بریتییە لەوەی کە هەموو ئەو شتانە بکەیت کە ئەتەوێت تا ئەگەیتە سنوری ئازادی بەرانبەر! بەڵام من لێرەیا ئەپرسم ئەو سنورە چییە و چۆن دیاری ئەکرێت؟ چونکە ئازادی لای کەسێکی مسوڵمان جیاوازە لە جولەکەیەک یان مەسیحی و بوزی و بێدین و … هتد، و هەروەها لای ئەمانیش هەروەهایە. لەبەر ئەم خاڵە، ئازادییەکی جوانتر ئەبینم لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی” کە بەرهەمێکی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە و لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لة كتێبةكةمدا دامناوە.
لەکۆتاییدا ئەمەوێ ئاماژە بەو وتەیە بکەم کە ئەڵێن: “تێکست بەبێ بوونی خوێنەر، ئاستەمە بتوانرێت باس لەبوونی بکرێت”، ڕاستی لە باشور زۆر گرنگی بە خوێندنەوە نادرێت و ڕاگەیاندنەکانمان هێندەی تر خەڵکیان ئاڵاندووە بە نەخوێندنەوەوە بەداخەوە…

دیالۆگی 9: لە سازدانی ستیڤان شەمزینی:

زۆر هاوڕام لە ڕەخنەگرتن لەو هەموو بەناو ڕۆشنبیرانەی کە لە باشور هەن و ڕاستی ژمارەیەکی هێندە زۆرە کە ناتوانم هیچ بڕوا بەخۆم بکەم کە ئەو هەموو ڕۆشنبیرەمان هەبێت و ئێمەش هێشتا نەریت و بنەماڵەیی بەڕێوەمان ببات!!! پێموایە کە زۆربەی ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە تەنها بۆ ئەوە دروستکراون کە خەڵکی لەلایەن بەناو سیاسییەکانمانەوە پێ کۆنتڕۆڵ بکرێن و برەو بە سیستەمی دیکتاتۆری بنەماڵەیی و نەریتی خێڵەکی بیەن… وشەی ڕۆشنبیریش هەر لەبەر ئەوە هێندە پیرۆز کراوە کە کەس نەتوانێت لە ئاستیان قسە بکات.
ئەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ناونان لە شت و کەسەکان جیاوازە لە خودی ڕاستییەکان، ڕاستییەکان (فاکت) ئەوانەن کە خۆیان هەن یان نین بەبێ بڕیاردانی مرۆڤ و هیچیش پەیوەندی بە زانین و نەزانینی مرۆڤەوە نییە وەک بوونی پەرداخێک ئاو لەسەر مێزێک، بەڵام ناونان لە شتەکان و ماناپێبەخشینیان بریتییە لە وادانراوەکان و ڕێژەیین و بە بڕیاری مرۆڤ ئەگۆڕێت وەک ئەوەی پێشتر چوارچەرخە(سەیارە)یەکم پێبووە کە من خاوەنی بووم و کە فرۆشتوومە ئێستا یەکێکی تر خاوەنێتی و بەمەش خاوەندارێتی شتەکان پەیوەست بوو بە بڕیاری منەوە و بریتییە لە وادانراوەکان نەک خودی چوارچەرخەکە کە لە ڕاستییەکانە (ئەم بابەتەم لە بەشی سێیەمی کتێبەکەم باسکردووە…) بەمەش پێناسەکردنی وشەی ڕۆشنبیریش بریتییە لە بڕیاردانی مرۆڤ و ڕێژەییە و نابێت پیرۆز بکرێت و بۆ کەس نەبێت بڕیاربدات کە پرسیاری لێ بکات…

دیالۆگی 10: لە سازدانی شەنکار عەبدوڵا:

وەک لە خاڵی پێشوتر باسم کرد، وشەی “گەنج”یش وەک وشەکانی تر بریتییە لە وادانراوەکان و پەیوەندی بەو نرخ و مانایەوە هەیە کە مرۆڤ پێی ئەبەخشێت و بەگوێرەی کەس و کات و شوێن ئەگۆڕێت و جیاوازە لە خودی ئەو تەمەنە جەستەییەی کە مرۆڤ پێیدا تێئەپەڕێت چونکە ئەمەیان بریتییە لە ڕاستییەکان و مرۆڤ بیزانێت یان نا، خۆی بەو جۆرەیە…
بەگشتی مرۆڤ لە تەمەنی گەنجیدا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خاوەنی دونیایەک تێکشکانی جەستەیی و دەرونیی و کۆمەڵایەتی و … هتدە و لە سەروو هەموویەوە خاوەنی ئازادی خودی خۆی نییە و نەریت و سیاسەت تەواو دیلیان کردووین… و یەکێک لە بێزراوترین ئەو کێشانەش بریتییە لەو فرۆشتنەوەیەی ڕابردوو کە سیاسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێستا و داهاتووی گەنجان ئەنجامی ئەدەن و بە بێ ئەوەی خودی خۆشیان هیچکات وەک ئەزمونێک سەیری بکەن وەک نوسەر ئاماژەی پێکردووە.
نوسەر ئەوەی زۆر بەجوانی دەربڕیوە کە ئەڵێیت هۆکاری ڕەوکردنی گەنجان بۆ هەندەران بریتییە لە نەبوونی ژیانێکی ئارام و ڕاکردنە لەدەست واقیعێکی تاڵ. هەر لە درێژەی گفتوگۆکەدا باسی نەبوونی سەرژمێرییان کرد، ڕاستی ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورە و هەنوکەیی سەرجەم کایەکانی ژیانمانە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی پێشنەکەوتنمان، نەک تەنها سەرژمێری، بەڵکو نەبوونی ئامار و لێکۆڵینەوەی زانستی دەستەپاچەی کردووین چونکە بە بوونی ئامار و لێکۆڵینەوەی زانستی ئەتوانین بەرنامە بۆ داهاتوومان دابڕێژین…

دیالۆگی 11: لە سازدانی کارزان ڕەحمان:

هاوڕام لەگەڵ نوسەر، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام هەبوونی وەها نوسەرانێکن کە خەڵک بەکرێ بگرن تا بەناوی ڕەخنەگرەوە بەو ڕێگا و پلانانە لە کەسێتی نوسەرانی بەتوانا و گەڕۆک بیەن! زۆر بەداخم کە ئێمە کێشەی متمانە بەخۆکردن و شوناسمان هەیە و لە نەبوونی ئەوەشدا تەنها ڕوخاندنی کەسێتی بەرانبەر بەرەنجامی ئەبێت… ئەتوانم بڵێم کایەی سیاسی ئێمەش لە دوای ڕاپەڕینەوە لەسەر ئەمە زۆر بە جدی کاریان کردووە تا کەس متمانەی بە خۆی نەمێنێت کە بتوانێت بە پشتبەستن بە خودی خۆی، بژیی…
بۆ خۆشم لە درێژەی خوێندنەوەی گفتوگۆکەدا دوو نیوە دێڕ سەرنجی ڕاکێشام بۆ ئەوەی کە ئەو بیردۆزە دروستکەم کە ئەگەری زۆرە کە گفتوگۆکە ڕاستەوخۆ و هەردوو لە یەک شوێن نەبوبن و ڕەنگە لە دوو شوێنی دوور بوبن و ڕاستەوخۆش نوسەر پێش وەڵامدانەوە هەموو پرسیارەکانی بینیبێت و ڕامابیت لێیان کە ئەوانیش: ۱ـ”…دیارە بە تاوتوێکردنی هەر پێنج پرسیارەکەشتانەوە…”، کە پرسیارەکانیشم ژمارد هەروا بوو! ۲ـ”…کە پێش ئەوەی بکەومە تایپکردنی ئەم وشانە…”
وەک تێبینییەکیش لاپەڕەی ژمارە “۲۳۳” دوبارەیە و زۆر کاتیش نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان “؟!!…” دانراوە لەو شوێنانەی کە پێکهاتەی ڕستەکە ئەو مانایە نایات بەدەستەوە (ئەمەی دووەمم لە زۆر شوێنی گفتوگۆکانی تریشدا بینیووە…)
ئەم وتەیەی نوسەر زۆر سەرنجی ڕاکێشام!: “بەڕای من کاری خوێندنەوەی ڕەخنەییانە هەڵوەشاندنەوەی تێکست و کەشفکردنی گەمەکانییەتی” .

دیالۆگی 12: لە سازدانی ئیدریس عەلی:

زۆر هاوڕام و شتێکی وام نییە کە باسی بکەم!

دیالۆگی 13: لە سازدانی توانا ئەمین:

ڕاستی من لە دەرەوەی کوردستان نەژیاوم و ئەزموونی ئەوێم نییە بەڵام یەک چیرۆک لە گفتوگۆکەدا کە باسی ئەو کرێکارە تورکەی لە ئەڵمانیا ژیاوە ئەکات شتێکی بیرخستمەوە! لە عەرەبە کۆچکردووەکان بۆ کوردستانم بیستووە کە وتوویانە کوردستان زۆر خۆشە بەڵام ئەم هەموو کوردە ناخۆشیان کردووە!!! ڕاستی ئەبێ ئەمە زۆر شتمان لا بوروژێنێت… بۆ بێ پلان ئەو هەموو ئاوارەیە تێکەڵ بە خەڵکی کوردستان کراوە؟!

دیالۆگی 14: لە سازدانی رابەر فاریق:

پرسیارێک و سەرنجێکم هەبوو لەگەڵ ئەزمونێکی خۆم؛ پرسیارەکەم دەربارەی حەرامکردنی خۆکوژییە لە دینەکاندا، ئەپرسم گەر کەسێک بێزار و بێهیوا بووبێت لە هەموو شتێک، ئیتر حەرامکردنی خۆکوژی چ بایەخێکی هەیە لای ئەو؟!! سەرنجەکەشم دەربارەی بەکارهێنانی وشەی “شێت”ە، ڕاستی وشەی شێت زۆر ناشیرین کراوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و بەجۆرێک کە نەک هەر خودی نەخۆشەکە خۆی، بەڵکو تەواوی کەسوکاریشی بە بێنرخ و سوک سەیر ئەکرێن!!! ئەوانەی کە پێیان ئەوترێت شێت هەموویان نەخۆشی دەرونییان هەیە و هەموو مرۆڤێکیش ئەگەری ئەوەی هەیە کە توشی نەخۆشی دەرونی ببێت هەر وەک نەخۆشییە جەستەیەکان و پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکانیش بونی هەیە کەواتە پێویستە نرخ بگێڕینەوە بۆ ئەو نەخۆشانە و وەک مرۆڤێک سەیر بکرێن کە پێویستیان بە یارمەتی دەرونی هەیە نەک بەشێوەیەکی بێنرخانە پێیانبوترێت شێت…
من، وەک بۆیان باسکردم، مردووم و بە مەساجی دڵ و هەناسەدانی دەستکرد دڵم کەوتۆتەوە کار… بەڵام ئەمەوێت بڵێم نابێت ئیتر لەو خورافانە بترسین کە بۆ ئازاری کاتی مەرگ دروست کراوە چونکە هیچ یەکێکیان ڕاست نەبوون! وە دوای هاتنەوە ژیانیشم چەندین جار بیرم لە خۆکوشتن کردۆتەوە بەڵام دوایی گەشتمە ئەوەی کە: “ڕاستە کە ژیان هیچ مانایەکی نییە بەڵام مەرگیش بۆخۆی هەروەک ژیان بێمانایە! مەرگ هەندێک شتی نەزانراوە بەڵام ژیان دیارە و مرۆڤیش ئەتوانێت نرخ ببەخشێت بە شتەکان کەواتە با ژیان مانادار بکەین و تەنانەت مەرگیشمان مانادار بکەین لەپێناو مانابەخشین بە ژیان…

بەشی دووەم

وتاری 1 بە ناونیشانی: دانەری تێکست یان خودی تێکست

لە کتێبەکەم (کە لە ناوەندی غەزەلنووس بڵاوکراوەتەوە) باسی داهێنانم کردووە؛ داهێنان لە هەموو بوارەکاندا بە ئەندێشەی داهێنانکار ئەکرێت کە بریتییە لە دروستکردنی شتێکی تازە کە لە ڕابردوو نەبووە بەڵام هەموو پارچەکانی پێکهاتەی داهێنانەکە هەبوون… داهێنانی ڕۆمانێک یان نوسینێکیش بریتییە لە کۆکردنەوەی ئەو شتانە و ڕوداوانەی کە بە هەستەوەرەکانی هەستی پێ کردوون و بە ژیریشی بڕوایەکی بۆ دروست بووە کە ئەیەوێت لە داهێنانەکەدا بیگەیەنێت بە خوێنەرانی بۆیە نوسینێک دائەهێنێت لەو بەشانەی کە هەستی پێکردوون لە ڕوداوەکان و بڕوایەکەی خۆی ئەخاتە نێوی بەڵام ئەم جۆرە لە نوسین لە ڕابردوو نەبووە، ڕوداوەکانی داهاتوش ڕەنگە بڕوایەکەی ئێستای بگۆڕێت و داهێنانێک بکات کە زۆر جیاواز بێت لە نوسینەکەی یەکەمجاری و … هەروەها. کەواتە نوسین پەیوەندی هەیە بە نوسەرەکەیەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هیچ نوسەرێک (و هیچ کەسێک) پیرۆز بکرێت و خوێندنەوەمان بۆی نەبێت و ڕەخنەی لێ نەگرین.

وتاری 2 بە ناونیشانی: کورتە ڕاڤەکارییەک سەبارەت بە نوسین

ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم وتارە زۆر پەیوەندی بە هەردوو بنچینەی (ئەندێشە و هەواڵی ڕوداوەکانی مێژووەوە هەیە) کە من لە بەشی دووەمی کتێبەکەم باسمکردووە.
تەنها کورتە نوسینێک گومانێکی لا دروست کردم کە ڕەنگە ئەمە وتار نەبوبێت بەڵکو گفتوگۆیەک بوبێت! یان لەوانەیە هەڵەیەکی چاپ بوبێت؟! کە ئەویش ئەمە بوو: “…لێرەوە ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان…” ل ۲۸٤.

وتاری 3 بە ناونیشانی: لەپەراوێزی هێنانەگۆی زمانێکی لاڵ

هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکردووە، لە بەشی دووی کتێبەکەم باسی ئەندێشەی وەبیرهێنانەوەم کردووە لەگەڵ چۆنێتی هەواڵ گواستنەوەی ڕوداوەکان و هەر لەوێش باسی ئەو کێشانەم کردووە کە لەیادگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بیرکەوتنەوەی ڕوداوەکان، زنجیرەی ڕوداوەکان پڕئەکاتەوە یان تەنانەت بۆ شێواندنی ڕوداوەکە لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاستی ڕوداوەکە ئەشێوێنن…
نوسەر لە لاپەڕە ۲۹۲ باسێکی هندییەکانی کردووە لەسەردەمی گۆپتادا کە گەشتوون بەوەی کە گەردوون بێکۆتایە! ڕاستی هەر لە بەشی دووەم و لە باسی “ژیری” باسی ئەمەم کردووە کە چۆن ئەتوانین بڕیاری سنورداری و بێسنوری شتەکان بیەین؟! وە ئەم دێڕەش: “حەقیقەت وەک چەمکێک یەکێکە لە چەمکە هەردەم ناجێگیر و شلۆقەکان.” ئەوەی بیرخستمەوە کە لە تەواوی کتێبەکەم و بەتایبەتیش لە بەشی سێیەم باسی (ڕاسییەکان “حقیقة” و وادانراوەکان “اعتباریات”)م کردووە بە جیاوازییەکانیشیانەوە.
لە درێژەی وتارەکەدا باسی دیموکراسی و کێشەکانی کراوە… ڕاستی دیموکراسی ئاسایی جێگەی کاپیتاڵیزم و ئیمپریاڵیزمی زۆر باش تێدائەبێتەوە و بەناوی دیموکراسیشەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل ئەکرێت بۆیە من لە بەشی چوارەم وەک پێشنیاری دووەم، پێشنیاری کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراسیم کردووە کە بەبۆچونی من ئازادییەکی فراوانتر بۆ تاکەکان فەراهەم ئەکات و جوانتر مافەکانی مرۆڤی (کە ئەمیش پێشنیاری یەکەممە لە بەشی چوارەمی کتێبەکەم) تێدا ئەپارێزرێت…

وتاری 4 بەناونیشانی: پرسی گەنجان لە ئاست دنیایەکی نابەرابەردا

زۆر هاوڕای نوسەرم… هەر تەمەنە و هەر نەوەیەک پێویستی تایبەتییان هەیە بەگوێرەی ئەو سەردەمەی کە تێیدا ئەژین بۆیە ئەبێ خۆیان لەپێناو خۆیان هەوڵ بدەن، بۆیە هۆشیاریی گەنج یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی گەنج…
قێزەونترین وتەیەکیش کە تا ئێستا بیستبێتم ئەو وتەیەی ئیسماعیل بێشکچی یە، ئەم وتەیە تەنها دوو کەسی حیزبی دوو جاریتر پێیان وتووم!! ئەمانە فیکری نەتەوەپەرستی زاڵئەکەن بەسەر ئازادی و مرۆڤبوونی تاکی کورد لەپێناو ئەوەی کە خۆیان هەرچی سەروەتی کوردستان هەیە بۆخۆیان و بنەماڵەکەیانی ببەن…

وتاری 5 بەناونیشانی: تارماییەکانی خۆکوشتن

ئەم وتەیە زۆر پرسیارمان لا دروست ئەکات: “ئەوەندەی حەزمان بەدرێژبونەوەی تەمەنمانە و هیوای پێ دەخوازین، ئەوەندەش مەرگمان لا یەقینە و دەرفەتی گومانمان نییە لێی.” بە چی جۆرە تەمەنێک حەزمان بە درێژبونێتی؟! وە تا چەند درێژبێت؟! ئایا ژیانی هەمیشەییە؟! گەر وایە بە چ جۆرە تەمەنێکی جەستەیی و تەندروستییەکەوە حەزمان لێیەتی؟! گەر مەرگمان لا یەقینە؟! مەرگ بۆخۆی چییە؟! دوای مەرگ چییە؟! گەر سەرەنجامێک بێت بۆ نەزانراوێکی ئێستامان، سزا و پاداشتی بێکۆتایی چ مانایەکی ئەبێت؟! و … گەر مردنێک ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی جۆرە نەخۆشی و ئازارێکی هەمیشەیی، بۆ خۆکوشتن یان یارمەتیدانی مردنی هەڵەبێت؟! هەڵەبوون و خراپبوون چییە؟! … وەهەروەها.
یەک شتیش لەسەر نەخۆشییە دەرونییەکان و خۆکوشتن؛ ئەوەندەی من بزانم، تەنها ئەو جۆرە نەخۆشە دەرونییانەی کە هەڵچوون و توڕەبوون (Aggression) یەکێکە لە نیشانەکانی، ڕەنگە زیان بە خەڵکی تر بگەیەنن وەک سایکۆپاس (Psychopath) کە ئەمانیش ڕێژەیەکی کەمن ئەگین زۆربەیان ڕێژەی خۆکوشتنیان زیاتر تێدا بڵاوە و هەندێ جۆریان ئەگاتە ۲٠ـ۲٥٪ وەک شیزۆفرێنیا (Schizophrenia)، واتە مەرج نییە خۆکوشتن تێیاندا کەمتر بێت و شاڵاو بۆ کەسانی تر ببەن…

وتاری 6 بەناونیشانی: سیناریۆی مێژوو لەنێوان حەقیقەت و واقیعدا

لە کتێبەکەم باسی ئەندێشەم کردووە کە داهێنان لە بیردۆزەکاندا ئەکات بۆ لێکدانەوەی ئەو شتانەی (گەر هەبن!) کە نەزانراون و دینەکانیش ئەو جۆرە بیردۆزانەن… وە هەروەها لە باسی “هەواڵ و گێڕانەوەی ڕوداوەکان”یشدا باسی ئەوەم کردووە کە زۆربوونی ژمارەی گێڕەرەوەی هەواڵەکان، ڕاستی ڕوداوەکە ناسەلمێنن و ئەو شتانەی تریش کە پەیوەستن بە هەواڵەوە…

وتاری 7 بەناونیشانی: یادەوەرییە تاڵەکانی ڕۆژگارێکی خوێناوی

ئەزموونێکی زۆر تاڵ بووە… بەداخم کە کۆمەڵێک کەسی هاوشێوەی نوسەر لە ڕابردوو بەدڵسۆزی و لێبوردەیی خەباتیان کردووە کەچی ئێستا زۆرێک لە جاشەکانی ئەوکات، سەروەت و دەسەڵاتی باشوریان داگیر کردووە…

وتاری 8 بەناونیشانی: نامە یان نیمچە نامەیەک بۆ……؟

ژیان زۆر بێمانەیە و مردنیش لەو بێماناتر.

وتاری 9 بەناونیشانی: کورتە بەراییەکی ئاراوتەیی

ئەمەوێ ئاماژە بە دوو شت بکەم: یەکەم: ئێمە بەردەوام داهێنان لەو شتانەدا ئەکەین کە بە هەستەوەرەکانمان هەستیان پێ ئەکەین و لە “یادگە”ماندا خەزن ئەبێت (باسی یادگەم لە بەشی دووەمی کتێبەکەم کردووە…) و بە ژیریشمان بیریان لێ ئەکەینەوە و بڕواشمان بۆ دروست ئەکات…
دووەم: ژیری چییە؟! لە بەشی یەکەم باسی هەردوو یاسای ژیری(۱ـ هۆکار و ئەنجام. ۲ـ بەراوردکای) م کردووە کە ژیری بەکاری ئەهێنێت، ئەمەش ئەو شتە بنچینەیی و پێکهاتە سادانەیە کە پێی ئەوترێت “ژیری ـ عقل” و لە هەموو کەسێکدا هەن و بەکاریان ئەهێنن بەڵام ڕێژەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەرهەستەکانەوە بەهەستەوەرەکانمان دەست ژیری ئەکەوێت، ڕێژەی ڕۆشنبیری و زانایی زیاتر یان کەمتر ئەکەن… وە لە بەشی دووەمیش باسی سنوری کارکردنی ژیریم کردووە لەگەڵ جیاوازی ئەمیش لەگەڵ ئەندێشە…

وتاری 10 بەناونیشانی: پاساژێک بۆ تێڕامان

وەهم یان خورافە و بیردۆزی زانستیم لە بەشی دووەمی کتێبەکەم باسکردووە و پێکهاتەی ئەمان بە ئەگەرەکان و یاساکانی ژیری(کە لەبەشی یەکەم باسمکردوون)یشم باسکردووە…

لەکۆتاییدا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە کتێبی “وەهم و شوناس” زۆر بابەتی ورد و قوڵی لەخۆگرتووە و لەهەمانکاتیش ئەتوانین بە کتێبی “بوون و زانین” بڵێین “کتێبی بنچینەکان” چونکە ئەو بنچینە زانستییانە باسئەکات کە پێیان لە شتەکانی بوون و چۆنێتی ماناپێبەخشینیان تێئەگەین… کتێبی “بوون و زانین” یارمەتیدەرئەبێت بۆ تێگەشتن لەو بابەتە هزری و مەعریفییانەی کە کتێبی “وەهم و شوناس” وروژاندوونی…

سەرچاوە:
وەهم و شوناس” گفتوگۆ و وتار”- یوسف عزەدین- چاپخانەى یاد/2012
بوون و زانین- سیروان عوسمان حەسەن- لەبڵاوکراوەکانى غەزەلنووس/2015