ئاکۆ برایم: گەر ئازادى ببارێت پیربال چەتر هەڵدەدات.

فەرهاد پیر باڵ بۆتە فوتبۆڵى تۆپ تۆپێن، هەرچى راست دەبێتەوە یەکێکى تێ دەسرەوێنێ. دواین جاریش کە زۆر بە رقەوە پەلاماریان دا، وتم: تەواو ئیدى پیرباڵ وەک خۆشى لەگرتە ڤیدیۆکەیدا باسیکردوە کە حاشا لەمرۆڤ و لەکورد و حیزب و دەسەڵات و هەمو شتێک دەکات و سەرى خۆى هەڵدەگرێت. دەچێت بۆشوێنێک کەناوى کورد و پارتى بۆ دەرمانیش تیانەبێت.

کەچى مخابن زۆر روو قایمانە وەک نەباى دیبێ نەباران، پاش چەند سەعاتێک لەو سوکایەتیە، بەسەرو پۆتەلاکى خۆێناوییەوە خۆى دەرخستەوە، لەپاڵ ئەوانەى کە هاوارى بۆیان دەکرد…دن، و چى و چى، وێنەى گرتەوە.
ئەمجارە لەجاران زیاتر و باشتر خۆى خزاندبووە ئامێزى ئەوانەى لاى پیرباڵ …ن. قیروسیا لەوەش، هەموو چین و توێژەکان بەو تێهەڵدان سوکایەتییە ناڕەحەت و بێزار بوون، چەندین هەڵوێٍستى جۆراوجۆر و کەمپین و نارەزایى و ئیدانەو رەخنەى ئەو تاوانە کرا. خەریک بوو ئەو پرسە گەورە بکرێ، بەڵام بەداخەو پیرباڵ وەک کەسایەتى و رێزى خۆى ئەو هەوڵەى بچووک و کەم و بێ بایەخ کردەو شەکرى شکاند وتى: پێویستم بەوە نى یە خەڵک پشتیوانم بێت. بەیاننامەى بابى گەورە بارزانیم بەسە.
من وەک خۆم کە بەو کارە نیگەران و نارەحەت بووم، لەبەر خاترى پیرباڵ نەبوو، لەبەر ئەوەى کە لەبەرامبەرى کرا یەکەم کار نابێت و دوا پەلاماریش نى یە. ئێمەش کە بەو کارە نیگەرانین، نە لەبەر خاترى چاوى کاڵى پیرباڵە، چونکە ئەو بۆخۆى سادیزمى هەیە. تا تێهەڵدان نەخوات و سەرپۆتەڵاکى بەخۆین نەیەت، رۆح و دڵى سوکنایى نایەت.
با پیرباڵی فەیلەسوف بزانێت، کە نیگەرانى و دەنگ بەرزکردنەوەى ئێمە بۆ ئەوە بو، کە لەم وڵاتەى جاڕى دیموکراسى و سەربەخۆى و ئازادى ئەدرێت، لەنێو جەرگەى شار و لەنزیک دامەزراوە هەستیار و بەناوبانگەکانى پایتەختدا، لەبەرچاوى خەڵکەوە بێ حورمەتى بەمرۆڤەکان دەکرێت. نیگەرانى ئێمە بۆ ئەوە بوو کە کەسێکى رۆشنبیر دەرێتە بەر قۆناغە تفەنگ لەم وڵاتە تا ئیستاش چەک بەدەست و هەرزە و نەفام و نەخوێنەوارەکان، رێز و قیمەت و پلەو دەسەڵاتیان دە هێندەى خامە بەدەستەکانە.
نیگەرانى ئێمە بۆ ئەوە بو کە جەنابت دکتۆرات هەیە لەفەلسەفە و، مامۆستاى زانکۆیت. ئەوەى بە تۆ کرا بێ حورمەتى و سوکایەتى بو بە زانکۆ و زانست و مەعریفەى هەرێم و پایتەختەکەت. ئێمە دەمانویست کە فەزڵى زانست و فەلسەفە و خوێنەوارى بدەین بە سەرچەک و میلیشیادا.
ئێمە کەنیگەران بووین شینى ئەوەمان دەکرد، کە ئازادى و بیرورا دەربڕین، نەکەوێتە بن پێى میلیشیاکانى حزبەوە.
ئێمە کە دەنگ و هاوارمان بەرزکردەوە بۆتۆ نەبوو، لەبەر ئەوەى ئەزانین چ ماڵ و مەعدەنێکیت. پەرۆشیمان بۆ بەناو ئەزمونەکەمان بوو،کە ئێستا بابى عالیەکەتە بەیت و بالۆرەى بۆلێدەدا کە بەنیازە بەو رێز و شکۆیەى لەمرۆڤ و رۆشنبیرەکانى دەگرێت سەربەخۆمان بکات.
ئێمە کە ئەوتاوانەمان ئیدانە کرد، نە لەبەر خاترى تۆ بوو، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە ئەو تاوانە هەروا بەسانایى تێنەپەڕێت و، دەسەڵاتدارانى هەولێر لەبەرامبەر بێدەنگى و بێهەڵوێستى هاو قەلەمەکانتدا، ئەو شەق وەشاندنە نەیکاتە نەریت و کارى رۆژانە بۆ خۆت و هاوەڵەکانت و، هەرکات کەیفى لێ بوو، یان نووسین و رەخنەو لێدوانى رۆشنبیرێکى بەدڵ نەبوو وەک جەنابت حەسیر مەیانى بکات.
ئێمە کە توڕەو قەڵس بووین، نەک لەبەر تۆ بوو، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە لەم وڵاتەیا فەلسەفە و شیعر و چیرۆک و رۆشنبیرى، خەریکە لەلایەن دەسەڵاتى خێلەکییەوە بن پێ دەخرێت.
ئێمە لەسەر ئەوتاوانە، دونیامان لێ هێنایە زمان، بۆخاترى چاوى کاڵى تۆ نەبوو، بەڵکوبۆ ئەوە بوو کە لەم وڵاتە تا نها هێزى چەکدار و خێڵ و بنەماڵە حوکم دەکەن، لەململانێى نێوان نەزانین و مەعریفەدا جەهل و نەفامى سەرنەکەوێت.
ئێمە کەپشتیوانمان دەکردیت، ئەمانویست ئازادى و هەق و ماف چۆک بە دیکتاتۆریەت و پاوانخوازى دابدات. بەڵام چیبڵێن کە خۆت بەو تێهەلدانە قایل بیت،؟!
ئێمە چ بەرچەکردارێکمان هەبێت کە بۆخۆت لەزەت و چێژ و خۆشى لە شەقى پۆلیس و کلکە دەمانچەى ئاسایش وەربگریت؟.
دکتۆر پیرباڵ بۆخۆت مامۆستاى فەلسەفەیت، زۆر باش لەوتەى جوان و پەند و حیکەمەتى پڕمانا تێدەگەیت و حاڵى دەبیت، بۆیە منیش بۆ ئەو تاوانەو بۆ ئەو بێ هەڵوێستى و بۆ دوو روویەى تۆ، ئەم پەندە کوردیەت بۆدەکەمە دیارى کە پڕ بەپێستى خۆتە (…. لەقەسابخانە نەمرێت عومرى بەزیایە چووە)