کامیار سابیر: حەماقەتی ریفڕاندۆم و فاشیزمی دەوڵەتداریی.

لە ناو ئەو هەموو بێدادییە کۆمەڵایەتییەدا، لە ناو ئەو هەموو دزیی و چەتەگەرییە گەورانەی لە ئابووریی نیشتمانیی، لە چارەنووسی نەوەکانی ئێستا و ئاییندە دەکرێ، لەناو ئەو هەموو غەباوەت و ناعەقڵانییەتە سیاسیی و ئیدارییەدا، لەناو ئەو هەموو دابڕان و پارچەپارچەبوونەدا، لە ناو ئەو هەموو خۆگەوزاندنەی بارگیرەکانی کوردایەتییدا و سەرەنجامیش لەناو ئەو سەرگەردانییە سیاسیی، دیپلۆماتیی، ئابووریی و پێوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، هێشتا کەرەکەری ریفراندۆم لە پاڵ وەهمی سەربەخۆییدا، درێژە بە فاشیزمێک دەدات کە فاشیزمی دەوڵەتداریی طەریقەتی نەقشبەندیی کوردایەتییە!
موسۆلینیی، لە سەناکردنی فاشیزمدا، پێیوایە بۆ ئەوەی فاشیزم بە ناوێکی دروست و رەوانەوە، بناسێنیت، دەبێ بە کۆپرەتیزم، باسی بکەیت ( Corporatism= کۆنترۆڵی دەوڵەت یان هەر رێکخراوێکی مەزن لەلایەن ئەو گرووپە زەبەلاحانەی قازانجی ماددیی زۆر دەکەن). بە باوەڕی موسۆلینیی، ئەم ناساندنە لەبەر ئەوەیە، فاشیزم، تێکەڵبوونی عەقڵییەتی دەوڵەت و توانای کۆمپانیا زەبەلاحەکانە. ئێستا کە صەدان گەنجی کوردستان، هەڵدەستن و دادەنیش، بە فاشیزمی کوردایەتیی دەم دەکەنەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵێ مافیای شاخ، کۆمەڵێ سەرکردەی میلیشیای مورتەزیقەی ئیقلیمیی، بە فاکتەری ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بە فاکتەری کارتی نەتەوەییبوون و چەوساوەبوونی کوردەوە، دەستیان بەسەر تەواوی بازاڕ، ئابووریی و ژیانی خەڵکی کوردستاندا گرتووە. ئەگەر بە ستاندەردەکەی موسۆلینییش، رەدەڵ و بەدەڵی پێبکەیت، رێک فاشیزمی دەوڵەتداریی دەردەچێت.
جەختکردنەوەی من لەسەر فاشیزمی کوردایەتیی، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نووسەر و رۆشنبیرەکانی کورد، ناوێرن خۆیانی لێ بدەن، بەشێکی بەهۆی ئەوەوەیە کە عەقڵییەتیان ناسیۆنالیزمی نەژادیی، دەوڵەتی نەتەوەیی( دەوڵەتی کوردیی) و فاشیزمی کوردایەتییان تێنەپەڕاندووە، بەشێکیشی بەهۆی حەماقەتی مەعریفیی و فیکرییەوە لەسەر کۆی پرۆسێسی ریفراندۆم و خودی چەمکی “سەربەخۆیی”، نەک هەر دڕدۆنگییان هەیە، بەڵکو وەهمێکی غەڵیظیان لە عەقڵییەتدایە کە عەقڵیان بەوە ناشکێ، خاڵ لەسەر حەرفەکان، دابنێن.
ئەوهەموو سووکایەتییەی فاشیزمی نەقشبەندیی- کوردایەتیی بە سەربەخۆیی گەلی کوردستانی دەکات، لە مێژووی هەموو بزوتنەوە سیاسییەکانی کوردستاندا، بوونی نەبووە.
گەمەیەکی موخابەراتیی نێوان ( تەشکیلاتی ئیستیخباراتی میللیی- میت Mit ) و پاراستنی پارتیی، بە سپۆنسەری ئەردۆغان و هەندێ هێزی طائیفیی و ناسیۆنالیزمی مردارەوەبووی عوروبە، بەهاوکاری فاشیزمی ئیخوانیی( بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامیی)، ناویان ناوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، دەبێ بەهەموو توانامانەوە، نەک هەر ریسوای بکەین، بەڵکو کەمپەینی تەخوین بەسەر ئەواندا، قڵپ بکەینەوە. پلانی ئەی و پلانی بی و هەموو پلانەکانی ئەم کوردایەتییە مورتەزیقەیە، لکاندنەوەی بەشێک لە کوردستانی عێراقە بە تورکیای نیۆعوثمانیی ئەردۆغانەوە. لە پێش چاڵدێرانەوە تا ئێستا، عەمالەت و نۆکەرایەتیی بەم بێ چاووڕووییە نەبووە و نەبییریشی لێکراوەتەوە.
ئەم هەموو سووکایەتییە بە سەربەخۆیی و بە ئیرادەی سیاسی گەلی کوردستان، لەژێر حەماقەتی ریفراندۆم و نەتەوەییبووندا، پاداشتەکەی بۆ بنەماڵەی بارزانیی ئەوە دەبێت، بۆ صەد تا دوو صەد ساڵی تر، ئابووریی و سامانی نیشتمانیی دەدزن و تاڵانیی دەکەن. بەتایبەت، ئەو بەشەی قەڵەمڕەوییان بەسەریا دەبێت و وەکو والیی تورکیا، ویلایەتێکی رەیعیی دادەنێن و مەئمورییەتی مورتەزیقەییەکەش بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی دوو پارچەی تری کوردستان( تورکیا و سوریا) لە ئەستۆی رائیدەکانی ئەم کوردایەتییە مورتەزیقەیە، دەبێت.
خۆشبەختانە، بەرەی بەڵێ بۆ لکاندنەوەی بەشێک لە کوردستان بە تورکیاوە، بەرەیەکی زۆر هەزیل و موهەڕیجە. لەنێوان حەماقەت و مەصڵەحەتدا، ئاوێزان بوونە. پێکهاتوون لە دزتریین و گەندەڵتریین مافیاکانی کوردایەتیی، لە فاشیلتریین سیاسییەکان، لە ساقیطتریین ئیسلامییەکان( مەدخەلییە سەلەفییەکان، ئیخوانییەکان و ئیسلامییە تێرۆریستەکان)، لە ئەحمەقتریین ( کۆمۆنیستەکان، شیوعییەکان و چەپەکان)، لە هەژارتریین ( هەژاریی فیکریی) ناسیۆنالیستە بێسەوادەکانی کورد، لە گەلحۆتریین نوخبە و ئەکادیمیستەکانی کورد و سەرەنجامیش لە وێرانتریین و موهەڕیجتریین و رانتخۆرتریینی ئەو نووسەر و شاعیر و ئەدییبانەی کە ئامادەن لەپێناوی بڕێک پارەی “رەیع”دا، سەری سەربەخۆیی، بۆ یەک یەک میتی تورکیی و نەجیبزادەکانی عوروبە بگرن و گەورەترین سووکایەتیی بە سەربەخۆیی و بە مافی سیاسیی گەلی کوردستان بکەن. وێڕای ئەوەی بەشێکی بەرچاویشیان لە کۆنە بەعثیی و جاشەکانی سەردەمی صەدام حوسێن، ئەژمارد دەکرێن.
نا بۆ حەماقەتی ریفراندۆم
نا، بۆ فاشیزمی دەوڵەتی نەقشەبەندیی، نا بۆ فاشیزمی کوردایەتیی. نا بۆ ویلایەتی رەیعیی،عەشیرەتیی و بنەماڵەیی