بەهرۆز جەعفەر: ڕیفراندۆم بابەتێکی نیشتیمانییە، بەڵام بە نیشتیمانی نەکراوە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

٭ هیچ مانای تیا نییە، پەرلەمانتارێک (کورد) دەنگی پێدا بێت، لە بەغدا بە زمانی عەرەبی خەریکی عێراقچێتی بێت. هیچ ماقوڵ نییە ڕۆشنبیرێکی کورد لە هۆڵەنداوە بێتەوە بۆ کەلار بە کەسوکاری ئەنفال بێژێ دەنگ مەدەنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان. ماقولی نییە بە ئاشکرا ئێران فشار و داکۆکی لە مانەوەی سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی کورد بکا، بۆ ئەوەی دژی سەربەخۆیی کوردستان بێت!.
٭ بە هەمان شێوە، مەعقول نییە، سەرمایەو موڵکی چەندین مودیر شورطه و بەرپرسی ئاسایی لە کەرکوک و شارەکانی تر، بگاتە نزیکەی (50-100) ملیۆن دۆلار، بێی بە خەڵکی بێ ئاو و بێ کارەباو مووچە بێژی دەنگم پێ بدە بۆ ڕیفراندۆم. سەدان بەرپرسی حکومی و حزبی سەرمایەکەیان لەسەرووی 10 ملیۆن دۆلارەوەیە. ماقولی نییە نوخبەو ڕۆشنبیر تەباشیر هەڵگرن و خەریکی سپی کردنەوەی ڕووی ئەمانەبن.!.
گرفتی ئێمە بونی ئەو ئیرهابە فیکرییە نییە، دوو دڵی نییە لەوەی کوردستان ئەبێتە دەوڵەت یان نا ” ئەمە بەلای دەستەڵاتەوە جێی مەبەستە، بۆ ئێمەومانان چارەسەرەکەی دیارە، بەڵکو خەمەکە ئەوەیە کە ئەتوانین و پێمان ئەکرێ چەند کێشەیەک چارەسەر بکەین و نایکەین. زۆر هەنگاوی زۆر سەرەتایی هەیە ئەتوانین بینەین و کاریگەری گەورەی هەبێ، نایکەین، لە ئاست ئەم شتانەدا، وەک بڵێی بۆ دانیشتوانی هەسارەیەکی تر بدوێن: دیراسەیەکی ئەکەین، حکومەت تواناکانی مەحدودە. بەڵام بێ سنور خروقات و بەهەدەردانی گەورە هەیە بۆ ئەوە مەحدود نییە.
ئێخۆ ئەیانتوانی، دوو کارگەو کۆمپانیای پشکدار بکەنەوە، هەزاران گەنجی بێکار بخەنە گەڕ، ئەی بۆچی سەدان پاڵێوگەی نایاسایی هەیە، ئێخۆ ئەتوانن و ئەتانتوانی چوار تیم بۆ دروستکردنی لۆبی و ڕەهەندی دیبلۆماسیی لەدەرەوە بینا بکەن، ئەی بۆچی ئەزانن زانکۆ و پەیمانگەی ئەهلی بکەنەوە؟. ئەتانتوانی چوار ناوەندی توێژینەوە سەرپێ بخەن سیاسەتی ناوەوەتان بۆ دەرەوە تەرجومە بکات و، هی دەرەوەش بۆ ناوەوە، ئەی بۆچی ئەم هەمو میدیا و میدیاکارە حیزبیە هەیە!.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەلومەرجێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هاتۆتە پێش، شەڕی داعش لە کۆتایی نزیک ئەبێتەوە، هەموو لایەنە عێراقی و دەولیەکان غەنیمەو دەستکەوتیان لەم شەڕە، هەیە، کوردیش پێویستە بەدوای دەستکەوتی گەورەدا بگەڕێ، خۆی کۆبکاتەوە، ئێستا وەک جاران نەماوە ئیعلانی دەوڵەت ئەم و ئەو تووڕە بکا، چونکە لە سەردەمی جیهانگیریدا هەر بۆ خۆی دەوڵەت ڕۆڵ و شوناسە کۆمەڵایەتیەکەی لەدەستداوە، شوناسە ئابورییەکەشی پەرتبوە، بەڵام هەر خۆشەو شتێکە کورد پێی نەگەشتووەو نەیبوەو نەیدیوە، پێویستە هەمان بێت، بۆ ئەوەش ئەبێ ڕیفراندۆم بکرێتە پرسێکی نیشتیمانی بۆ ئامانجێکی نیشتیمانی.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت