محەمەد هەریری: ئێوەش وەستان لە کوشتندا جەنابی ئەردۆگان!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکى ئیسرائیل پیرێز ڕویدا، پێویستى بە هەڵوەستە کردن ‏هەیە. ئەردۆگان وانەیەکى ڕەوشتى بە پیرێزدا گوایە ئەوان خەڵکى بێتاوانى فەلەستینیان ‏کوشتوە، و لە نێو ئەو قسانەى دا کە هات، ئەردۆگان گوتى: سەرۆکى بەڕێز، کە کار دەگاتە سەر ‏کوشتن، ئێوە لە هەموو کەس چاکتری لێدەزانن، دەزانم چۆن دەست دەوەشێنن و منداڵان ‏دەکوژن لەسەر کەنارەکان!. بەبیرت دەهێنمەوە کە تەورات دەڵێت: خەڵک مەکوژن، ‏بەڵام ئێوە دەیانکوژن!!”‏ درۆیە تەوراتیش وا ناڵێ!
ئەگەر سەرۆکى ئیسرائیل پیرێز زیاد لە حەد دیبلوماسی نەبا و کەمێک مرۆڤ دۆست با، ‏و تاوانبار نەبان بە یارمەتى دانى تورکیا لە دژی دۆزى کورد، ئەوە دەیتوانى بەو شێوەیە ‏وەڵامى شانۆکارییەکەى ئەردۆگانى بدابایەوە:‏
‏جەنابی باشبەکانى تورکیا، ئێوە لەسەر سنورێکى دوور لە ئەستەمبۆل و ئەنقەرە کە چەند ‏سەربازێکتان دەکوژرێ، هەڵمەتى سەربازى گەورە دەکەن نەک هەر بۆ خاکى کوردستانى ‏ژێر دەستى تورکیا، بەڵکو بەو بیانوە دەتانەوێ خەونى کوردانى عێراقیش لەبار بەرن، بە ‏بیانوى بەرگرى کردن لە سەروەرى تورکیا، ئێمە رۆکێتەکانى حەماس بە شارەکانمان ‏دەکەوێت ئەوەى ئێوە بە هێزە سەربازییەکانتان دەکەوێت، کەچی هەڵمەت و هەڕەشەکانى ‏ئێوە گەورەتر و سەرەڕۆترن. ئێمە بۆ لێدانى حەماس لە غەزە دەدەین، چونکە حەماس ‏لەوێ خۆیشاردۆتەوە، کەچی ئێوە لە جیاتى (پ. ک. ک) لە خەڵکى گوندنشین و ‏لە مەڕوماڵاتەکانیشیان دەدەن”‏
گەورەم ئێمە لە هیچ شوێنێک زمانى عەرەبیمان لە خەڵکى عەرەب قەدەغە نەکردوە، ‏دەیەها دەزگای میدیای عەرەبی بیستن و دیتن و نوسراو هەیە لە ئیسرائیل، کەچی ئێوە تازە ‏پاش هەشتا ساڵ تەلەفزیۆنێکتان بۆ کوردەکان کردۆتەوە پاش چەندین تۆن لە فشاری ‏سیاسی و تیرۆریستى! ڕاستە تۆ بە من دەڵێت: تەورات دەڵێت: خەڵک مەکوژن، بەڵام ئایە ‏قورئانیش ناڵێت، زمانە جیاکان موعجیزەیەکى خوایە!؟!
هەرگیز بیریشمان لە تەهویدکرنى عەرەب نەکردۆتەوە، کەچی عیسمەت ئینۆنۆ ‏دەستەڕاستى ئەتاتۆرک و یەکێک دامەزرێنەرانى دەوڵەتى تورکیا بەر لە هەشتا ساڵ گوتی: ‏ئەرکى ئێمە بە تورک کردنى هەموو کوردە دەسبەجێ و بەبێ دواخستن” .
ڕاستە دیندارەکانى ‏ئێمە دەڵێین: جوو گەلى هەڵبژێردراوى خوایە” بەڵام باوکى تورکیاى نوێ ئەتاتۆرک کە کەسێکى ‏بێدین بوو تا سەر ئێسقان قسەیەکى لەوەى ئێمە پوچتر دەکات، کە دەڵێت: چەندە بەختیارە ‏ئەوەى دەڵێت من تورکم”!!‏
بەڕێز، کە باسی تەورات دەکەیت، ئەى قورئانیش دان بە هەقیقەتى فرە ڕەگەزى و فرە ‏نەتەوەیی نا نێت (وجعلناکم شعوبا وقبائل لتعارفوا) ئەى بۆچی ئەو هەموو دژایەتییە ‏میللەتێکى وەک کورد دەکەن هەر لەبەر تاوانى کورد بونیان، و دەڵێن نا هێڵین قەواریەکى ‏کوردى لە ئەفریقیاش دابمەزرێت!!”؟!
ئێمە ئەگەر عەرەبیش بچەوسێینەوە، هەر نەبێت لەگەڵ عەرەب جیاین لە دین و لە نەتەوە و لە مێژووی هاوبەشیش، بەڵام ئێوە خۆ هەزار ساڵە هاودین و هاوسێ و هاومێژوون لەگەڵ کوردان، بۆ دەبێت وا سەرکوتیان کەن؟!
ئێمە پەرلەمانتاری عەرەبی وامان هەیە لە کەنیسەت ‏‏(پەرلەمان) بەردەوام هێرش دەکەن سەر ئیسرائیل، کەسیش هیچیان لێناکات! کەچی ئێوە ‏چەندین پەرلەمانتارى کوردتان بۆ چەندین ساڵ زیندانى کرد چونکە سوێندى یاسایییان بە ‏کوردى خوێندەوە! ‏و لە وەش سەیرتر ئێوە لە 1982 سیاسەتمەدارێکتان بەناوى شەڕەفەدین ئێڵچی سزادا بە ‏زیندانى چوار ساڵ و حەوت مانگ، نەک لەبەر ئەوەى وەک پەرلەمانتارە عەرەبەکانى ئێمە ‏هێرشیان کردبوو بۆ سەر تورکیا و ئیهانەى سوپا و نەتەوەی تورکیاى کردبێت، بەڵکو تەنها ‏لەبەر تاقە ڕستەیەک بوو کە گوتبووى: کورد لە تورکیا هەن ومنیش کوردم”!!!‏
جەنابی باشبەکان ئەوە باسی کوشتنت کرد، کە گوایە ئێمە چاکى لێدەزانین، من دەڵێم دەبا ‏ئامارێک بکەین لەوەتى ئیسرائیل و تورکیا دامەزراوە بزانین ئێمە عەرەبمان زیاتر کوشتوە ‏یان ئێوە کوردتان زیاتر کوشتوە! گرفتەکە لە کوشتنەکە نییە، بەڵکو لەو عەقڵیەتەیە کە پێی ‏وایە کوشتنى موسڵمانانى کورد بە دەستى موسڵمانانى تورک و عەرەب و فارس هیچ نیە لە ‏بەراوردا لەگەڵ کوشتنى موسڵمانێک بە دەستى جولەکەیەک یان مەسیحییەک، ئێوەى ‏موسڵمان خەم داتان ناگرێ بۆ کوشتنى موسڵمانان بە دەستى موسڵمانان، بەڵام تەنها ‏کوشتنى دەستى زایۆنیزم و خاچپەرستانتان لێبۆتە کێشە!! بەڕاستى عەقڵیەتێکى نەخۆشە، ‏دەنا دەبوایە ئەو هەرایەەى لەسەر ئێمە کرا، زیاتر لەسەر ئێوە کرابا!!‏
دوا قسەم ڕاستە تۆ دەڵێی تەورات دەڵێت: خەڵک مەکوژن – بێگومان ئەوەش ڕاست نییە، ئەردۆگان نەزانە لەوبارەوە- بەڵام قورئان لەوە زیاتر دەڵێت: کاتێ ‏کوشتنى نەفسێک بە قەڵاچۆکردنى هەموو خەڵک دەشوبهێنێ (من قتل نفسا بغیر نفس او ‏فساد فی الارض فکانما قتل الناس جمیعا ومن احیاها فکانما احیا الناس جمیعا)‏
جەنابی باشبەکان ئەوە هەر ئێمە لە کوشتندا شارەزانین، ئێوەش وەستان لە کوشتندا!!‏

ئەو بابەتە لە 07- 02- 2019 بڵاوبۆتەوە!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت