kunjrini-01

لاوک کونجرینی: کەی دادگایی بەرزانی دەست پێدەکات؟

پێشبینی ڕووداوەکان دەکرێت، دوای کشانەوەی هێزە کوردییەکانی هەرێم لە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەربووەکان، حکومەتی عێراق قۆناخی دووەم دەست پێدەکات، ئەویش بەپێی یاسا و ڕێسا، دادگاییکردنی سەرانی کورد لەسەر دزینی نەوت و دارایی گشتی خەڵکی ڕەش و ڕووتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.

دادگایی کردنی کۆسرەت ڕەسوڵ لەلایەن دادگایەکی بەغدادەوە، هەرچەند دەکڕێت پاڵپشتی ململانییەکانی ناوخۆی یەکێتی لەسەر بێت، سەرەتایە بۆ دادگاییکردنی بەرزانی و نەوەکانی و سەرانی ئەو حیزبەو دواتر سەرانی تری حیزبەکانی تر، چوونکە ڕێکەوتنەکەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە ژێر ڕێنوێنی حکومەتی ئەمریکا بووە لەگەڵ بەغداد. خواستیان یەکلایی کردنەوەی کۆی ململانییەکانی ناوخۆیی حیزبەکەیان و تۆڵەی ئەبەدی ململانییەکانی خۆشیانە لە گەڵ بنەماڵەی بەرزانی. جگە لەوە، لە سیاسەتدا هاوکۆکی هەیە لە ئامانجدا، ئەوەی ئەمریکاو عێراق و ماڵی تاڵەبانی کۆکردەوە، هەڵەی سیاسی بەرزانی و حیزبەکەی بوو.

پێشبینی دەکڕیت، بەغداد قۆناغی تر و سینارۆی تری هەبێت، ئەویش ناوچەی سەوز لە ڕووی دارایی و بوژانەوەی ژێرخان و دابینکردنی مووچەو کۆمەڵێک ڕێوشوێنی سیاسی و ئیداریی و دەسەڵاتی سیادی لەسەر ئاستی عێراقی پێببەخشێت. لەبەرامبەردا ناوچەی زەرد، بەهۆی کۆمەڵێک داخوازیی  دادوەریی و سیاسی و ئیداریی و سەربازیی، پشت گوێ بخرێت، لەوانە کۆی بڕیارە سیاسییەکانی سڕبکرێت و داخوازییە دادوەرییەکانی لەسەر سەرانی بنەماڵەی بەرزانی و دارو دەستەکەی لە تاڵانی نەوت و دزینی گومرکەکانی زیاد بکرێت، کەئەمەش دەبێتە هۆی خۆنەدان بەدەستەوەو دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییەکان و پەرە پێدانی گرژییەکان، لەکاتێکدا لە ئێستادا سەرچاوەی دارایی هەرێم و ناچەی زەرد کەوتۆتە دەست بە غداد. ئەمەش کێشەیەکی زۆریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری  و دادوەریی و کارە دبلۆماسییەکان بۆ ناوچەی زەرد دروست دەکات، ئەوسا ناڕێکی لە دابینی ژیان لە نێوان سەوز و زەرددا دروست دەبێت، پاڵەپەستۆکانی عێراق و ناوچەی سەوز لەسەر زەرد هۆکار دەبن بۆ هەڵجوونی خەڵک و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئوستوورەی بنەماڵەی بەرزانی.