کامیار سابیر: ئەو ساتانەی، رقت لە خۆت و لە “کوردبوون”، دەبێتەوە.
ناوی دەنێی، نیشتمان، هەرێم، وێرانە، گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ئەم مافیاستانەی کوردستان، بۆ صەدان هەزار گەنجی کورد، دۆزەخە و رۆژانە، داخیان دەکات. گەنجێکی قۆزی وەکو صەمەد کە پێشمەرگەی ئەم حیزبە مافیاییانەی کوردستانە، شەڕی داعشی کردووە و بە خوێنی هاوسەنگەرەکانی، کان و بۆرییە نەوتەکانی ئەم چەتەگەرییەیان”سەربەخۆیی ئابووریی” دەپاراست، چەتەگەرییەک کە بنەماڵەی بارزانیی، بنەماڵەی تاڵەبانیی، بنەماڵەی کۆسرەت، پارێزگاری هەڵاتووی کەرکوک، بەرهەم صاڵح، فاضڵ میرانیی، هۆشیار زێباریی و دەیان کوڕ و کوڕەزا و ئامۆزای نزیک خۆیان، دەیان مەسئولی فاشیل و فاسید، زۆریینەیان خاوەنی دەیان میلیارد دۆلارن، لاتتریینیان، خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارن، کەچیی پێشمەرگەیەک، لە هەڕەتی لاوییدا، لە هەژاریی و کەم دەرامەتییدا، لەبەر بێ پارەیی و بێ مووچەیی، خۆی ئینتیحار دەکات.
خۆکوشتنی ئەم پێشمەرگەیە، وا لە مرۆڤ دەکات، بێزی لە کوردبوونیش ببێتەوە. ئاخر کوردبوون لە کوردستانی عێراقدا، چەند ئازاری سیاسیی لە سیاقی گشتییدا هەیە، بەڵام ئازارە ئابووریی و داراییەکانی، ئازاری هەژاریی و بێ ژیانییەکەی لەهەمووی کەمەرشکێنترە. صەمەد، عیزەتی نەفسی لەوە زیاتر رێگەی پێنەدا کە توانای دابینکردنی پارە و ژیانی بۆ منداڵەکانی نەبوو، خۆی خنکاند، بەڵام مورتەزیقەکانی کوردایەتیی، دەیانجاری تریش هەموو کوردستان بدۆڕێنن و هەزار ریفراندۆم لە بن گۆمدا بتەقێنن، سەرمایە دەیان میلیار دۆلارییەکانیان، هەر زیاتر و زیاتر دەبێت و وەلائی مورتەزیقەبوونیشیان، زیاتر دەچێتە سەرەوە.
وێڕای ناسۆریی ئەم خۆکوژییە شەخصییە، جوانتریین و ئازایانەتریین بۆچوون لەسەر خۆکوژیی ئەم پێشمەرگەیە، ئەو بۆچوونەیە کە هەندێ گەنجی کوردستان، دەیڵێنەوە و دەڵێن، خۆتان مەکوژن پێشمەرگەکان، پێشمان کەون و تەخت و تاراجی ئەم دز و مافیایانە، با تێک بدەین. دەڵێن خۆتان بە گولـلەی دەستی خۆتان مەکوژن، با دزەکان گوللەتان پێوە بنێن، بە پەت خۆت مەخنکێنە، با پەت بکەینە ملیان و لە دادگای گەلدا، حەق و حیسابیان لەگەڵدا بکەین.
چۆن فاشیزمی عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی فریای دیکتاتۆرەکانی عەرەب نەکەوت، بە دڵنیاییەوە ئەم فاشیزمی کوردایەتییە و ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییەی کە بڕیارە دەوڵەتێکی رەیعیی، پێ دروست بکەن و دەیان هەزار سیاسیی و نوخبەیش، خۆش خۆش، هێشتا باوەڕیان پێدەکەن، فریای دزە گەورەکانی ئەم کوردایەتییە ناکەوێت. ئەم چەتەگەریی و چەوساندنەوەیە درێژە بکێشێت، ئەم برسییەتیی و هەژارییە ئیدامەی هەبێت، دەبێت عەلی عەبدوڵا صاڵحەکانی کوردستان و قەذافییەکانی کوردستان، زەرگە بە زەرگە و دۆڵ بە دۆڵ راوبنرێن و سەرەنجامیش لە تابووتدا، رابکێشرێن و گەنجانی کوردستان، لەققە لە زگ و لە ورگیان بدەن…
ئەوەی لە هەموو شتێ زیاتر من ئازار دەدات و رقم لەم جۆرە کوردبوونەیە، ئەوەیە کە ئەو مووچەیەی ئەم پێشمەرگەیە و دەیان هەزار پێشمەرگە و مووچەخۆری تری کوردستان کە دەبێت لە کاتێ خۆیدا وەریبگرن، دەدرێت بە موبایەعەچییەکان، بە حیزبە نەتەوەییەکان! بە حیزبە طائیفییەکان، بە نوخبە قەڵەمفرۆش و رۆشنبییرە مۆڕاڵفرۆشەکان، بە دەسگا و مێدیاکانی سەر بەخۆیان و ئەوانەی لە سێبەردا ئیشیان بۆ دەکەن. دەدرێت، بەو کوردانەی ئێران کە رۆڵی مورتەزیقە بۆ ویلایەتی بنەماڵەیی دەبینن، دەدرێت بە دەڵاڵ و لۆبییەکانی هەندەران، بە کوردە نەژادپەرستەکانی تاراوگە کە کەمپەین بۆ دەوڵەتی کوردیی دەکەن، یان لە قومارە گەورەکانی کوڕ و کوڕەزاکانی خۆیاندا، خەرجی دەکەن و دۆڕانە دەیان میلیۆن دۆلارییەکانی یەک شەوی قومارێکیان بە تەلەفۆنێک بۆ قەرەبوو دەکەنەوە. بە کورتییەکەی حەقی ئەم پێشمەرگەیە( کاک صەمەد)، لای هەموو ئەوانەیە کە لەم حکومەتە گەندەڵە و لەم حیزبانەی کوردستان، موستەفید بوونە.
نەفرەت لەو ناسیۆنالیزمە کوردییەی گەلی کوردی بەوشێوەیە برسیی کردووە، نەفرەت لەو دەوڵەتە کوردییە قومارچییەی عیزەت و کەرامەتی مرۆیی تاکی کوردی، بەو رادەیە شکاندووە، نەفرەت لە ریفراندۆمتان و لە حکومەتی تاڵانیی دوو دزی گەورەی کوردستان.