شێرزاد شێخانی: نێچیرڤان بارزانی و ئیرهابی فیكری سلێمانی.
بەر لەهاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی بەماوەیەك ئەنجومەنی مەجلیس قیادەی الحزب القائد لەسلێمانی ئاگانامەیەكی ئاڕاستەی پارتیەكانی سلێمانی و دەورەبەری كردبو كەوا هەمویان رۆژی هەینی لەبەردەم جەنابی ئامادەبن بۆ تەجدیدی مەراسیمی وەلاو تاعەت و چەپڵەلێدان بۆ وتە بەنرخەكانی و، هەر پارتییەك ئەبێ چوار ئەندامی خێزانەكەشی لەگەڵ خۆی بێنێ بۆ ئەوەی قەرەباڵغییەكە باشتر لەسەر كامیرای كەناڵەكانی پارتیدا دەركەوێ ، ئەگەر هەر كەسێكیش موتەخەلیف بێت لەحازر بون، ئەوا معاشە بندیوارییەكەی ئەبڕێت!. هەمان ئیستعرازاتی كۆنی ساڵانی حەفتاكانی بەعس پارتی لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردندا پەیڕەوی ئەكات بەمەبەستی سواڵی هەندێ دەنگ بۆ لیستەكەی.
كاك نێچیر لەوتە حەماسییەكەیدا لەسلێمانی دەستەواژەیەكی كۆنە شیوعیەكانی ناو حیزبەكەی بەكارهێنا كە فەرموبویان لەسلێمانی ” ئیرهابی فیكری ” هەیەو ناهێڵێ پارتی لەوێش ببێت بە حیزبی قائید؟ وای نیشاندا ئەگەر ئەو ئیرهابە فیكرییە نەبێ ، ئەوە خەڵكی دەڤەری سلێمانی بە لێشاو دێنە ناو پارتییەوە، بێخەبەر لەوەی پارتیبون لەدەڤەری سلێمانی ( عەیبە) یە ، نەوەك لەبەر ئیرهابی فیكری.
خەڵكی سلێمانی زۆر لەوە رۆشنبیرترن، بەدوای حزبێكی دواكەوتوی وەكو پارتی بكەون كە كۆمەڵێك نەخوێندەوارو خاوەن شەهادەی تەزویر بەڕێوەی ئەبەن و، سڵ لەهیچ خیانەتێك ناكەنەوە بەدرێژایی تەمەنی حەفتا ساڵەیانەوە . ئاخر هەر مرۆڤ و حزبێك كە تەمەنی ئەگاتە حەفتا ساڵییەوە بە حیكمەتترو عاقڵانەتر بیر ئەكاتەوە ، بەڵام پارتی دوو قەڕنیش تەمەنی بێت هەر بەهەرزەكاری سیاسی ئەمێنێتەوە ، چونكە :
1- ئیرهابی فیكری لەسلێمانی ئەگەر بەقسەی رێزدار بارزانی هەبوایە ، وەكو هەولێر لەخۆپیشاندانەكانی ئەمدواییانەدا بەڵتەچی حزبەكان ئەڕژانە سەر شەقامەكان و مامۆستایانیان بەر شەق ئەداو خەڵكیان خەڵًتانی خوێن ئەكرد وەكو لەدهۆك روویدا. ئەگەر ئیرهابی فیكری لەسلێمانی هەبوایە خۆپیشاندانەكان بەم شێوە ئارامە بەڕێوەنەئەچون، هێزە ئەمنیەكان پارێزگارییان لێنەئەكرد ، بەپێچەوانەی هەولێرەكەی بندەستی پارتی كە تەنانەت لەدوای خۆپیشاندانەكانیش خەڵكیان راپێچی زیندانەكان كرد لەسەر بەشداربونیان لەخۆپیشاندانو ، تەنانەت نانی چەندین كەسیشیان بڕی لەسەر ئەم خۆپیشاندانانە.
2- هەوڵی جیاكردنەوەی سلێمانیش لەلایەن حزبەكانی سلێمانیەوە بەشێك بو لە وتارە مێژووییەكەی جێگری سەرۆكی پارتی ، بێخەبەر لەوەی كەوا حكومەتی عەبادی چەندین ئۆپشنی دایە ئیدارەی سلێمانی بۆ ئەوەی خۆیان جیا بكەنەوە لە حوكمە دیكتاتۆرەكەی هەولێر ، وەك كردنەوەی فرۆكەخانەی سلێمانی و دەروازە سنووریەكانو ناردنی موچەی فەرمانبەرانی دەڤەری سلێمانی، بەڵام دەسەڵاتی سلێمانی بەتاتیبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی ئەمەی قبوڵ نەكرد، بەغدای ملكەچ كرد كە فرۆكەخانەی هەولێریش بكاتەوە.
3- جەنابیان باسی لەو حزبو كەسانە كرد كە سلێمانیان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەكارهێناوە وژیانیان لەخەڵكەكە تاڵكردوە. بێخەبەر لەوەی دەسەڵاتی حزبەكەی ئێستاش رێگە نادات تەنانەت هاوڵاتیەكی شاری هەولێر خانویەكیش بەكرێ بگرێ بەبێ رەزامەندی ئاسایشی پارتی ، تەنانەت ماڵگواستنەوەش پێویستی بە موافەقاتی ئەمنیەوە هەیە .
4- جەنابیان باس لەقوربانیدانی پارتی كرد لەپێناو یەكڕیزیداو دەستبەردار بونی لەپۆستەكان ، بێخەبەر لەوەی كەوا ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر گەلی كورددا هاتوە لەم سێ ساڵەی دواییەدا هەموی زادەی دەستگرتنی پارتی بوە بە پۆستەكەی سەرۆكی هەرێم ، قفڵدانی پەرلەمانو پەكخستنی ئیدارەو پەرتەوازەبونی ریزی حزبەكان هەموی لەنەتیجەی هەڵوێستی پارتی و دەستگرتنی بوە بە پۆستو پلەو پایەكانی هەرێم .
5- جەنابیان باسی لەوەكرد كەوا پارتی هەوڵیداوە پێشكەوتنی زیاتر لە هەولێرو دهۆك بۆ سلێمانی بەدی بهێنێت. بێخەبەر لەوەی وەزارتی سەرچاوەكانی ئاوی بەغدا ئەمە چوار ساڵە 10 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخانی تەرخانكردوە بەڵام حكومەتەكەی بەڕێزیان تا ئەمڕۆش رەزامەندی نەداوە بە حكومەتی ئیتحادی بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكات .
6- جەنابیان باس لەرەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجانی سلێمانی ئەكات و بەئەركی خۆیان ئەزانێ، بێخەبەر لەوەی سەرباری ئەم قەیرانە داراییەو لەم نەبونی هەلی كار بۆ گەنجانو دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكانی سلێمانی ، كەچی لەم رۆژانەدا بەیەك لیست 700 گەنجی بارزانی لە كچو كوڕ بەفەرمانی مەسعود بارزانی لەسەر میلاكی زێرەڤانی دامەزراون بۆ رۆژی تەنگانەی پارتی و سەرانی.
7- جەنابیان باس لەدەستپێشخەری پارتی ئەكات بۆ سلفەی خانوبەرەو هاوسەرگییری، بەڵام پێشمان ناڵێ بۆچی تا كابینەی شەشەمی یەكێتی ئەم سلفانە نەدران .
8- رێزدار نێچیرڤان باس لەخۆراگری و بەرگریكردنی پارتی ئەكات لەخاكی كوردستانو رووبەورووبوونووەی پیلانگێڕە ناوخۆیی و دەرەكیەكان وشكستپێهینانی پیلانەكان. بێخەبەر لەو 22 بنكە سەربازییەی توركیا لەناو خاكی بادینانی هەرێمی كوردستان و هەڵاتنی هێزەكانی حیزبەكەی بەرامبەر داعش لەشەنگال و، قووچاندنی هێزەكانیان لەكەركوك و دەشتی نەینەوا تا سەر سنووری ئیبراهیم خەلیل .
9- بەڕێزیان كاركردن بۆ ئارامی عیراق وناوچەكە بەئەركی پارتی ئەزانێ و باوەڕی وایە كەبەرژوەندی كوردستان لەئاشتیدایە. بێخەبەر لەوەی كەوا مامی بەڕێزیان خاوەن شیعاری ( سنووری خوێن ) بو لەگەڵ بەغدا، وبێخەبەریش لەوەی كە حزبەكەی خاوەن پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان بو ، ریفراندۆمی حزبەكەی جەنابیشیان كوردستانی وێرانكردو میللەتەكەشی سەرگەردان ، بێخەبەرتریش لەوەی كادیرانی حزبەكەی جەنابیان بون پاسپۆرتو شەهادەی جنسیەی عیراقیان دڕاند و ئێستا خاوەن ناسنامەی ( بەدل زایەعن ) !.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts