دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: لیستى بایکۆت براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى 2018 ى” ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق” ـە.

هیچ شتێک لەمڕۆدا لەدیمەنى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق گاڵتەجارترنییە، قەیرانى ئەمڕۆى عێراق و کوردستانى باشوور تەنیا قەیرانى ساختەکارى هەڵبژاردن وبێ متمانەیی نییە، بەڵکو لەحەقیقەتدا قەیرانى “بەهاى مرۆڤایەتى” و ” قەیرانى دیموکراسى” یە.
لەم کات و ڕۆژگارەى ئەمڕۆ کەئێستا تێیدا دەژین، واتا ڕۆژگارى شکستى” ئەخلاق و بێمتمانەیى” لەهەموو کات و ڕۆژگارێک زیاتر ترس لەسەر ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى و پێکەوە ژیانى کۆمەڵانى خەڵک هەیە، چ لەکوردستانى باشور یاخود عێراقى نوێى دواى سەدام حوسین.
ئەوەى بەدیدەکرێت تائێستا هیچ کام لەو سیاسى و حیزبانەى عێراقى دواى سەدام حوسین بەحیزبە کوردیەکانیشەوە سەرکەتوو نەبوون لەپرۆسەى حکومڕانى و یەکخستنى مۆزایکى کۆمەڵانى خەڵکى عێراق و کوردستان لەفۆرمێکى کۆمەلایەتى سیاسى مرۆڤایەتى لەسەر بنەماى هاوڵاتیبوون.
دونیابینى و عەقڵ لەلاى ئەم هێزو سیاسیە قەزمە هەڵتۆقیوانەى ئەودیوو سنور وونە، لەبنەڕەتدا بوونى نییە، دزى و ساختە و سەربڕین و ئەشکەنجەى روحى و جەستەیى کۆمەڵانى خەڵک شوناسى ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە کەشکستى لەگشت کایە سیاسى ـ ئابوورى ـ مەعریفى ـ فەرهەنگى و کۆمەڵایەتى یەکان هێناوە.
بەدەر لەساختەکارى سیستماتیکى پلان بۆ داڕێژراوى زۆبەى حیزب و هاوپەیمانى و لیستە بەشداربووەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق 2018 و دزینى دەنگى هاوڵاتى، ڕێژەى دەنگى هیچ حیزب و هاوپەیمانى و لیستێک نە لەکوردستان نە لەعیراق نە گەیشتۆتە ڕێژەى ئەو هاوڵاتیانەى بایکۆتیان کردووە.
سەرەڕاى ئەو هەموو دزى و ساختەکاریەى حیزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەکۆى پرۆسەى ئیلیکترۆنى هەڵبژاردنەکان ڕێژەى دەنگدەر بەزۆر بەرز کرایەوە بۆ لەسەدا چل و چوار ونیو %44.5، ئەمەش ئەگەر مانایەکى هەبێت، ماناى ئەوەیە لیستى حیزب و هاوپەیمانیە دەرچووەکان چیدى شەرعیەتیان نییە لەحکومڕانى عێراق و کوردستان.
گریمان ئەوانەى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردووە لەلیستک بان بەناوى لیستى بایکۆت وەک هەموو لیستەکانى تر کەبەشدارى هەڵبژاردنیان کردووە، ئەگەر لیستک بان ئێستا لیستى بایکۆت براوەى هەڵبژاردنەکان دەبوو، بەدەر لەدزینى دەنگ و ساختەکارى سیستماتیکی گشت حیزب ولیستە هاوپەیمانى یە دەسەڵاتدارەکان لیستى بایکۆت لەسەدا پەنجاوپێنجى هێناوە %55.5 ، ئەمەش بەسەرکەوتنێکى گەورە بۆ کۆمەڵانى خەڵک دادەنرێت، سەرکەوتن بۆ ئەوانەى متمانەیان بەم سیاسیە هەڵتۆقیوانەى ئەو دیوو سنوورەوە نەماوە.
قەیرانى ئەمرۆى کوردستانى باشور وعێراق قەیرانى”بەهاى مرۆڤایەتی ” و ” قەیرانى دیموکراسى ” یە، ئەوەندەى من ئاگاداربم ئەو لیستانەى دزى و ساختەکاریان کردووە، تەنیا ساختەیان لەڕکابەر و بەرامبەرەکانیان نەکردووە، بەڵکو بەرامبەر بەکاندیدەکانى خودى خۆشیان کردووە، ئەوان هیچ بەهایەکى ئەخلاقى سیاسى و مرۆڤایەتیان نەماوە ئامادەن دزى وساختەو ناپاکى لەکانیدەکانى خۆشیان بکەن بەقازانجى هەندێک ئەندامى کۆیلەى گوێڕایەڵى خزم ونزیکى باڵە دەست ڕۆیشتووەکان.
لێرەدا نامەوى باسى پارتى دیموکراتى کوردستان بکەم چونکە هەموومان دەزانین ئەندازیارى ساختەو دزینى دەنگى کۆمەڵانى خەڵک لەهەڵبژاردن پارتى بووە، بەڵام ئەم جارە حیزبەکەم مام” یەکێتى نیشتمانى کوردستان “ى ڕابردوو توانى گرەو لەمامۆستاکەى بباتەوە کە “پارتى دیموکراتى کوردستان” ـە.
بۆ نموونە ـ حیزبێک لەکوردستان نەتوانێت گۆنگرەى حیزبى خۆى ببەستێت بەهەچ هۆیەکەوە بـێت، حیزبیک هەر ڕۆژەو بەشێکى لێ جیابێتەوە، حیزبێک سەرکردە باڵاکانى شەو ڕۆژ لەمیدیاکانەوە یەکتر سووک و تاوانبار بکەن تا ئاستى تەخوینکردن ـ حیزبێک لەبرى ناوە حیزبیەکەى خۆى ~ خۆى بەحیزبى سەرۆکە کۆچکردوەکەى وێنا بکات، حیزبێک نەک تەنیا دزى و ناپاکى وساختەکارى لەدەنگى خەڵک وحیزبەکانى تر بکات، بەڵکو بەرامبەر بەکاندیدەکانى خۆشى چۆن دەتوانێت لەداهاتوودا سەرکەوتووبێت و بەرگرى لەمیللەتێک بکات.
سەدام حوسین پێش ڕوخاندنى حکومڕنیەکەى لەسەدا نەوەد و نۆ ونیوى دەنگى میللەتى هێنا، هەروەها زۆرێک لەدیکتاتۆرەکانى دونیا، بەڵام نەیانتوانى تاسەر حکومڕانى بکەن، کێشەکە لەوەدا نییە تۆ بەساختە دەنگى زۆر بهێنیت، کێشەکە لەوەدایە ئایا تۆ دەتوانیت بەپاکى وبێگەردى بەفۆرمێکى مرۆڤدۆست کحومڕانى بکەیت.
کێشە حەقیقیەکە لەوەدايە ئەو حیزبەى دزى و ساختەکارى کردووە بەتەنیا خۆى دەزانیت چەند لاى کۆمەڵانى خەڵک قیزەوەنە، هەربۆیە لەبرى خزمەتکردنى خەڵک تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.
هیوادارم یەکێتى نیشتمانى کوردستان ببورن حیزبەکەى مام تۆڵە لەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و شارى سلێمانى نەکاتەوە کەلەحەقیقەتدا دەنگیان پێ نەداوە.
بەهەر حاڵ هەچ حیزب و لایەن و هاوپایەمانییەک بەدەر لەساختەو دزینى دەنگى کۆمەڵانى خەڵک خۆى بەبراوە بزانێت زۆر دوورە لەڕاستیەوە، لیستى بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى نوێنەرانى عیراق 2018 براوەى یەکەم بووە بەتەنیا لەسەدا پەنجاوپێج ونیو %55.5 ى دەنگەکانى هێناوە.