ئامانج کەریم: لەژێر ناویی کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عیراق، دەزگایەک بۆ دزینی دەنگ.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ی پەڕلەمانی عیراقدا کۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراق نموزەجێکی ئێجگار ناشرین و پڕۆسەیەکی پڕ لە ساختەکاری پیشاندا کە لە ناو گەلی عیراقدا بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆتە مایەی نیگەرانی و ڕەنجان لە پڕۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردن.
سندوقی دەنگدان لەبنەڕەتدا دەبێت سەنگی مەحەکی نێوان لایەنە سیاسیەکان بێت و ببێتە بنەمای جیاکەرەوەی زۆرینەو کەمینەی نێو پەڕلەمان، لەم هەڵبژاردنەدا کە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای بایۆمەتری و بۆ ڕێگریکردن لە دەنگی دووبارەو دەنگی کەسانی مردوو بە شێوازی ناساندنەوەی ئەلیکترۆنی و دەنگدان لەسەر کاغەزی لیستی لایەنەکان بۆ ئەوە بوو کە دەنگی دەنگدەر وەک دۆسیە (ملف) یاخود بڵێین وەک بەڵگە لە سندوقەکاندا کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی دروست بونی گومان یاخود پەی بردن بە جۆرێک لەجۆرەکانی ساختەکاریی یاخود گزیکردن ئەم دەنگانە لە سندوقەکاندا دەربهێنرێنەوەو کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەبەرچاوی بریکارەکانی لایەنە سیاسیەکان بە شێوازی دەستی هەژمار بکرێنەوەو هەقیقەتی ڕاستی و ناڕاستی ئامێری هەژماری ئەلکترۆنی بۆ هەمو لایەک ڕوون و بەرچاو بێت، دەنا گەر بۆ ئەم مەبەستە نەبێ چ پێویستی دەکرد دەنگدەر لەسەر کاغەز دەنگ بدات، دەتوانرا چۆن سیستەمی ناساندنەوەی ئەلیکترۆنی بەرجەستە کرا بە هەمان شێوەیش بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەنگدەر بە (کلیک) لە شاشەیەکی ئەلکترۆنی لەمسدا دەنگی خۆی بدایە و لەم حاڵەتەدا هەم تێچوی پڕۆسەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمتری تێ دەچوو هەم کار ئاسانی دەکرد بۆ کارمەندانی کۆمسیۆن و بۆ دەنگ دەرانیش، بەڵام کاتێک ئەمە ناکرێت و دەنگدەر لەسەر کاغەز و بەشێوازی نهێنی دەنگ ئەدات و دەنگەکان لەسندوقی دەنگداندا کۆدەکرێنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی گومانی ساختەکاری و گزیە، لە کاتێکدا چەندین لایەن کە دەکەنە زۆرینەی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کردوە بۆ پەڕلەمانی عیراق لە هەرێمی کوردستان بە شێوازی فەڕمی تانەیان لە پڕۆسەکەداوە و سکاڵایان تۆمار کردوە و لە میدیاکانیانەوە نیگەرانی خۆیان و دەنگدەرانیان دەردەبڕن تا ئەو ئاستەی بێ متمانەییان بە پڕۆسەکە گەشتۆتە ئەو ڕادەیەی پڕۆسەکە هەڵپەسێرن و بەشداری نەکەن لە پەڕلەمانێکدا کە کورسیەکانی لایەنەکانی زۆرینە بە ساختەو گزی دەزانن. لێرەدا ئەوەی دەبێتە جێگای پرسیاری هاوڵاتیانی عیراق بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی ئەوەیە: کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دڵنیایە لەوەی پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی پاک و بێ غەل و غەشە بۆچی و لەبەرچی هۆکارێک ڕێگای نەدا دەنگەکان بەدەستی هەژمار بکرێنەوە و دەرونی هاوڵاتیانی دەنگدەر ئەو هاوڵاتیانەی وا هەست دەکەن دەنگەکانیان دزراوە ئاسودە بکات و دڵنیاییان پێ بدات لە دەنگی حەقیقی و ڕاستەقینەی ئەو لایەنانەی دەنگیان پێداون؟!
لێرەوە بۆ هەمو گەلی عیراق ڕوون و ئاشکرایە کۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق دەزگایەک نیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵکو دەزگایەکە بێ لایەنی خۆی لەدەست داوەو، بەڵکو وەک دەزگا سیخوڕی و هەواڵ گریەکان کار دەکات لەپێناو دزینی دەنگی هاوڵاتیان بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێکی دیاریکراوو.