کامیار سابیر: بۆچی سزای سیاسیی گۆڕانیان دا؟

سمبولی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆسەر بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە تێکست ئەم وتارە لە خوارەوە دەخوێنیتەوە. هەروەها بە لینکیش لە یەکەم کۆمێنتدا دایدەنێم:
ئەم زنجییرە وتارە، لەسەر مەبنای ئەو پەندە کوردییە دەنووسم کە دەڵێ” ئەوەی دەتگرێنێ، دۆستە، نەک ئەوەی بە دەمتەوە پێدەکەنێت”. لەم نووسیینانەدا، رەخنەی رەق و توند لە گۆڕان و قیادەکەی دەگرم، نەک وەکو ئەو هەموو نوخبە عەڕابانەی لەماوەی چەندیین ساڵی رابردوودا، لە پاڵ دڵسۆزیی و غەمخۆرییەوە، جار لە دوای جار، بە زمانی ریتۆریک، موجامەلات و پۆپۆلیزمی رەشۆکیی، گۆڕانیان بە قەڵبە، بە خەرەند و بە کەندەڵانی جیاوازدا، داوە. ئەو نوخبە عەڕابانەی( لە سیاسیی و لە رۆشنبییر، لە ئەکادیمسیت و لە چالاکوان) نە دەتوانن و نە عەقڵی سیاسییشیان بەوە دەشکێ کە تەجاوزی تخوبەکانی فاشیزمی کوردایەتیی بکەن، هەمیشە بەهۆی فاشیزمێکی نەژادیی، قەومیی و طائیفییەوە، وایان کردووە کە گۆڕان، خاوەنی گوتارێکی سیاسیی-فیکریی شەفاف و جەرییئانە نەبێت. لەسەر مەلەفە هەستیارەکانی وەکو سەربەخۆیی ئابووریی، دەوڵەتی کوردیی، ریفراندۆم، مەسەلەی نەتەوەیی( قەومیی) و حەساسییەتە نەژادیی و طائیفییەکان، جگە لە فۆرماڵییبوون، ئەگینا لە ناوەڕۆکدا، هیچ دیسکۆرسێکی سیاسییان لە پارتیی و لە یەکێتیی جیاوازتر نەبووە و نییە.
هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12- 05- 2018 ، گۆڕان و هەندێ هێزی سیاسیی تری تووشی قەیرانێکی سیاسیی و جەماوەریی گەورە کردەوە. گۆڕان و زۆریینەی رەهای لایەنگرانیان، باوەڕیان بەوەیە کە لەم هەڵبژاردنەدا، ساختەکارییەکی گەورە کراوە و حیزبەکەیان بە پلەی یەکەم بە ئامانج گیراوە! تا ئێرە، زۆریینەی ئەوانەی لە دەرەوەی گۆڕانن، تەنانەت نەیارەکانیشیان( پارتیی و یەكێتیی)، دەزانن لەم ساختەکارییەدا، زیاد لە پێویست، رێژەی دەنگەکانی گۆڕان، کەم کراونەتەوە. خۆخواردنەوە بەم تەزویراتەوە، هەزەلییاتی بایکۆتکردنی شاعیرانە، دامە و نۆڕسکێن لەگەڵ چوار لەو شەش حیزبەی کە گوایە بەرەی ناڕازیین، نە بە دەردی گۆڕان دەخوات و نە وەڵامی جەماوەری گۆڕانیش، دەداتەوە . لە ئێستادا، تۆ چییت پێدەکرێ؟ چۆن، ئاو لە ئاشی کوردایەتییەکەی پارتیی دەبڕییت؟ چۆن درێژە بە سیاسەت دەدەیت و بۆچی پێویستە دیسکۆرسی سیاسیی، روئییە و روئیای سیاسیی، میکانیزم و میثۆدی سیاسیی، بییرکردنەوە و کارکردە سیاسییەکانت، نەک هەر بەر ” قەڵەم و موراجەعە” بدەیت، بەڵکو دەبێ بەشێکی زۆری ئەو کاتەگۆرییانە، لە رەگەوە، ئەپدەیت بکرێنەوە و بگۆڕدرێن، بە خودی قیادەی گۆرانیشەوە؟ یەکەمیین قوربانییش ( قوربانیی لە پێناو ئۆرگەنایزکردنەوەی گۆڕان) دەبێ وازهێنانی عومەری سەیید عەلیی و ستافەکەی بێت؟
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بەشێکی زۆری ئەو وتار و لێکدانەوانەم خوێندەوە، یان سەیرم کردن کە بە شێنەیی و بە نەرمیی، رەخنە لە گۆڕان دەگرن، بەڵام زۆر بە کەمیی، بە لای حەقیقەت و واقیعی سیاسیی ئەم سزادانەدا دەچن. من ناوی دەنێم سزادان، چونکە پارتیی و یەكێتیی، باشتر بگوترێ دوو بنەماڵەی سیاسیی میلیاردێر کە مۆنۆپۆلی سیاسەت، بازاڕ و ئابووریی کوردستانیان کردووە، ترافیکی سەوزیان لە چەند هێزێکی ئیقلیمییەوە بۆ هەڵکراوە، بە ئارەزووی خۆیان، ساختەکاریی بکەن و بە پلەی یەکەم، سزای گۆڕان، بدەن. بۆچی گۆڕان دەبێتە میحوەری سەرەکیی ئەم سزادانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، لەوێوە دەبێ بە دوایدا بگەڕێین کە چەند ئەو دوو بنەماڵە گەندەڵەی کوردستان، تاوانبارن، خودی قیادەی گۆڕان، کادیرە باڵاکان و ئەو نوخبە ئەفەندییە ئەکادیمییە قەپۆس قەوییانەی خۆیان بە مونەوەری گۆڕان دەزانن، تاوانبارن؟ واقیعیش ئەوەیە، چەند پارتیی و یەکێتیی، بە تەزویر و ساختەکاریی، سزای گۆڕانیان داوە، ئەوەندەیش قیادەی ئەم حیزبە، بە تایبەتیی ئەوانەی لە یەکێتییەوە هاتوون، تاوانبارن، چونکە نەیانتوانی و نەیانزانی، چۆن لەناوئۆکتەپۆسی پێوەندییە ئیقلیمییەکاندا، دیپلۆماسییەت و عەقڵانییەت بەکاربهێنن و خاوەنی گوتارێکی شەفاف و جەرییئانە بن؟ تەنانەت نەیانتوانی پێش بەو شەپۆلی بایکۆتە جەماوەرییەش بگرن کە زۆریینەی رەهایان، دەنگدەری گۆڕان بوون. هاوکات نەیانتوانی، رۆڵی ئیقلیمیی و هەژموونی بەریینی ئێران، لەبەرچاو بگرن. ئەم غەمساردیی و بێدەرەتانییەی قیادەی گۆڕان، لە بێگوتاریی و بێکردارییدا، وایکرد کە لە لایەن جەماوەرەکەی خۆیەوە، سزا بدرێت و بەشێکی زۆر بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد.
پێش هەموو شتێ، بە دیدە خرۆشۆفییەکە بێت، هەموو سیاسییەکانی دونیا و لەهەموو زەمانێکدا، پەیمانی دروستکردنی پرد بەخەڵک دەدەن، ئەگەر رووباریش بوونی نەبێت. لە بەرامبەردا، سیاسییەکانی کورد، ئەگەر چەمێک بە گەواڵە بارانێک خوڕەی بێت، پەیمانی دروستکردنی پرد، دەدەن. پردەکانی کوردایەتیی( پارتیی و یەکێتیی) بە شەفافیی دیارن کە چۆن لەسەر برسییکردن و هەژارکردن و سووکایەتییکردن بە کەرامەتی خەڵکی کوردستان، بە وەهمی شاعیرانە، بە خورافاتی نەژادیی و بە حیقدی طائیفیی، دروست کراون، بەڵام پردەکانی گۆڕان، جگە لە شیعاری باقوبریق، جگە لە هەندێ دەستەواژەی سیاسیی کە ئەوەندە گوترانەوە دژی گەندەڵیی و دژی ئەم دوو حیزبە، وزەی شەحنبوونەوەیشیان تێدا نەماوە؟ چەند تەزویر و ساختەکاریی، کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەم هەڵبژاردنە، بێ گوتاریی، بێ بەرنامەیی، پۆپۆلیزمی خۆڵەمێشیی، زۆروبۆریی، تەخوینکردنی نەیاران و خۆسەرقاڵکردن بە “نەوەی نوێ”ەوە، دەرەتانی ئەوەی لێ بڕییبوون، بپەرژێنە سەر ئەو هەموو دزیی و تاڵانییە سیستەماتیکەی دوو فاشیلتریین و گەندەڵتریین حیزبی سیاسیی لە دونیای سیاسەت و ئابووریی رەیعییدا، بەرهەمیان هێناوە؟ بێ گوتارییەکەی گۆڕان، ئەوەندە زەق، دیار بوو کە توانای ئەوەی نەبوو بەشێکی زۆر لەو خەڵکەی 4 ساڵ لەمەوبەر دەنگیان پێی دا، بباتەوە سەر صندوقەکانی دەنگدان.
ناکرێ تاوانی ئەم پاشەکشەیەی گۆڕان، تەنیا و تەنیا بە تەزویری ئەم دوو حیزبەوە ببەسترێتەوە. ئێستا پارتیی و ماڵی بارزانیی، زۆر زیرەکانە تەواوی گۆڵمەزی سیاسەتەکانی خۆیان خستووەتە ناو شاری سلێمانییەوە. تەنانەت گۆڕان، وازیان لە کەرکوکیش هێناوە، چونکە بەشێکی زۆر لە کادیرە نەژادیی و طائیفییە موقییتەکانی گۆڕان یان ئەو نوخبەیەی لە گۆڕانەوە نزیکن، بەهۆی دەغدەغەی قەومیی و طائیفییەوە، صەدایان بەرز کردووەتەوە و دەڵێن مەسەلە نییە لە کەرکوک ساختەکاریی گەورە کراوە، گرینگ ئەوەیە کوردە حەیاتە سوننییەکە براوەیە. بە دڵنیاییەوە قیادەی گۆڕان و کادیرەکانی، کەمتریین رەخنەیشیان لەسەر ساختەکارییەکانی هەولێر و دهۆک، بەراورد بە سلێمانیی… هەیە.
پارتیی و ماڵی تاڵەبانیی( بە تایبەتیی قوباد و ئەوانەی لە چەتەگەریی نەوتدا، بەشدارن)، چەندیین حیزبی موخەیەرکراو، موهەڕیج و راسپێردراویان خستووەتەوە ناو ناڕەزایەتییەکانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە، لیستێکی ٦ حیزبییان بۆ گۆڕان دروست کردووە، قەتارە و ئەڵڵاوەیسیی پێکەوە دەڵێنەوە. ئایا بەڕاست، قیادەی گۆڕان، عەقڵی سیاسیی خۆیان دەقەبڵێنن یان لەگەڵ حیزبە رەیعخۆر و پرۆکسییەکانی پارتیی و یەكێتییدا، راوە ژیژک دەکەن؟ ئەم حیزب و سیاسییانەی ئێستا، رەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کەوتوونە، لەو قەومچیی و طائیفییانە بوون کە کەمپەینی پڕ لە حەماقەتی ریفراندۆمیان لێکدا لێکدا دەمەزەرد دەکردەوە، مەلعەب بە مەلعەب لەگەڵ قائیدی کوردایەتییدا دەگەڕان، ئەوەندەیان تەکبیر بۆ ویلایەتە خورافییە رەیعییەکەی بارزانیی ( لە صەنعەتەکانی ئەردۆغان) کردبوو، قوڕگیان نووسابوو. ئێ ( بە قەولی کرمانجییەکان) بەشێکی تریش لەو شەش حیزبە، ناتوانن لەبەرامبەر موغامەراتە نەتەوەیی و طائیفییەکانی بارزانییدا هەر بکۆکن، کەچیی گۆڕان لەگەڵ ئەم ئەفەندییانەدا، دەیەوێ ئاو لە ئاشە سەقەتەکەی کوردایەتیی بکاتەوە.
ئایا قیادەی گۆڕان لە کوێی ئەم هەموو رووداوانەدایە؟ جارێ پێش هەموو شتێ ئەگەر کەمێک مۆدێرنانە لە دونیای سیاسەت وردبیینەوە و باسی قیادە بکەین، پێویستە دەست بخرێتە سەر تەواوی کەموکوڕییە سیاسییەکان. نووسەری ئینگلیز ( Simon Sinek) پێیوایە، کەسی قیادیی ئەوە نییە رەنگڕێژی بەرنامەی هەڵبژاردنی ئاییندە بکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە چارەنووسی نەوەی ئاییندە، رەنگڕێژ دەکات؟ ئایا بەڕاستیی قیادەی ئێستای گۆڕان، لە ئاست ئەو هەموو تەحەدا سیاسییەدان کە کوردستان و ناوچەکە بە گشتیی و شاری سلێمانیی بە تایبەتیی، رووبەڕووی بووەتەوە؟ لە سەروو هەموویشیانەوە تەحەداکردن یان دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەم تەزویرەی زۆرەی لە کوردستان، لە دژی گۆڕان و هەندێ هێزی سیاسیی تر کران؟
ئەمە زنجییرە نووسیینێک دەبێت. هەر جارەی لە ژێر سەردێڕێکدا دەبێت و ئەمەی سەرەوە بەشی یەکەمی بوو.