نەوزادى موهەندیس: هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان لەنێوان کردن و نەکردندا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
سەرەتاى ئەم نوسینەم بە کۆمەڵێک پرسیار دەستپێدەکەم، ئایا دواخستنى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان بۆچى؟ لە پێناو چیدا؟ ئایا بە قازانجى کێ و چ لایەن و حیزبێکە؟ ئایا دواخستنى ئەم هەڵبژاردنە نیەتى ڕاستەقینەى نەتەوەیى و نیشتیمانى لە پشتەوەیە یان قازانج و دەسکەوتى حیزبى تەسک؟ ئایا ئەم هەموو دواخستنى هەڵبژاردنانە پڕۆسەى دیموکراسیەتى حوکمرانى هەرێمەکەمان ناخاتە ژێر گومان و دەیان پرسیارى وەڵامنەدراوەوە؟ ئایا هەموان حیزبایەتى دەکەین یان کوردایەتى؟ و دەیان پرسیارى تریش.
پێش وەڵامدانەوەى یەک بەیەکى ئەو پرسیارانە پێویستە چەند ڕاستیەک وەبیر بهێنینەوە،کە بەداخەوە هەموانیان تاڵن، کەلە 27 ساڵى ڕابووردووى تەمەنى ئەم حوکمڕانیەى کورددا بونەتە دابونەریت و عورفێکى ناشیرین و خەریکە خوى پێوەدەگرین،لە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنەکان لەکات و ساتى خۆیدا، و دواخستنیان بەهۆى نابەجێ کە ناچنە خانەى سوودگەیاندن بە پڕۆسەى دیموکراسى و ئازادى و بە دامودەزگاییکردنى ئۆرگانەکانى ئەم دەسەڵات و حوکمڕانیەوە، بەداخەوە تاکو ئێستاش هێندەى حیزب بڕیار بەدەستە نیوهێندە حکومەت و ئۆرگانەکانى ناچەسپێنرێن و نیەتیش نیە کە بەهێز و پتەو ودامەزراو بکرێن. ململانێ حیزبایەتیە قێزەون و ناڕەواکان ڕێگرن لەبەرەو پێشبردنى ئەزمونى حوکمڕانى کوردیدا، زۆرى ژمارەى حیزب و بەناو سەرکردە بونەتە دیاردەیەکى دوور لە دیموکراسى و هیچ کامیان بۆ خزمەت و گەشەپێدان و پێشخستنى ئەزمونەکە نەهاتونەتە گۆڕێ و زەرورەتى قۆناغەکەش نەیخواستوون. زۆربەیان لەهەڵپەى وەدەستهێنانى دەسکەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتە کەسى و بنەماڵەییەکاندان و نیوهێندە لەخەمى ئایندە و زۆرینەى جەماوەر گەلەکەمان و نیشتیماندا نین.
هەموو ئەم ڕاستیە تاڵانە کاریان کردۆتە سەر تەواوى جومگە و ئۆرگانەکان و تەنانەت خەریکە دەسەڵات و حوکمڕانیەکەى کوردستان توشى ئیفلیجى دەکەن.
هەربۆیە بنەماى دواخستن و بیانو داتاشین بۆ ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان کارێکى دوور لە دیموکراسیەت و پێشێلکردنى مافى تاک و کۆمەڵگایە کە لەماوەى 4 ساڵدا ئەو مافە سەرەتاییە یاسایى و شەرعیەى خۆیى پیادە بکات بەمەبەستى گۆڕانکارى لەدەسەڵات و دەموچاوەکان و هەنگاوێکى زیاتر هەڵبنێت بە ئاڕاستەى زیاتر چەسپاندنى ئەزمونەکە و ڕێگەگرتن لە قۆرخکارى و خۆسەپاندن و پاوانخوازى و ملهوڕى و نادادپەروەرى و دوورکەوتنەوە لە گەندەڵى و ڕەخساندنى هەلى گۆڕانکاریش بۆ سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵگا وەکویەک. بۆیە سازدانى هەموو هەڵبژاردنەکان لەکاتى خۆیدا سیمایەکى جوانتر و گەشتر دەداتە ئەزمونەکەکان و بەپێچەوانەشەوە رەِشتر و تاریک و لێڵى دەکات.
دواخستنى ئەم هەڵبژاردنە بۆچى؟ گەر لەپێناو دەسکەوتى حیزبایەتى تەسکدا بێت و تەنها بیر لە بردنەوە و دۆڕاندنى حیزبى بکرێتەوە ،ئەوە مافى هیچ حیزب و سەرکردەیەک نیە کە ئەو بیانویە بهێنێتەوە، چونکە هیچ هەڵبژاردنێک بەتەنها بۆ بردنەوە و مسۆگەرکردنى مانەوە لەدەسەڵاتدا ناکرێت و نەگونجاوە کە تەنها بەرژەوەندى حیزبى تۆخبکرێتەوە بەسەر بەرژەوەندى ئەزمونى حوکمڕانیەکەدا،بەداخەوە ئەوەى بیانوو دەهێنێتەوە بۆ دواخستنى ئەم هەڵبژاردنە ئەو هێزانەن کە ناوى خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخواز و دیموکراسى و دادپەروەرى، ئەوان بەمەرج لەگەڵ دیموکراسى و هەڵبژاردندان، گەر بە قازانجیان بوو ئامادەن و گەریش پێچەوانە بوەوە بایکۆتى دەکەن و بیانو بۆ دواخستنى دادەتاشن.
ئاشکرایە مەیدانى دیموکراسى زۆر ئازاد و ئاوەڵەیە و هەموان دەتوانن ئەسپى خۆیانى تیادا تاوبدەن بۆیە لە کێبڕکێى دیموکراسیدا تەنها جەماوەر بڕیاردەدات نەک حیزب و سەرکردە،بۆیە هەق وایە بەهیچ شێوەیەک ئەم هەڵبژاردنە دوانەخرێت چونکە ئەزمونى دیموکراسیەتى کوردستان دەبێتە مەهزەلە و وەک بوکەڵەیەکى گەمە پێکراو وایە بەدەستى حیزبەکانەوە و لەبەرژەوەندى تەنها حیزبدا دەبێت نەک جەماوەردا، بۆیە ئەرکى حیزبە گەورە و ڕەسەن و دەسەڵاتدارەکانى کوردستانە بێگوێدانە بەرژەوەندى بچوکى حیزبى بڕیارى یەکلاکەرەوە بدەن لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لەکاتى خۆیدا و لە 30 ئەیلولدا،چونکە دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى کوردستان سەرەڕاى هەبونى مەترسیەکان تاڕادەیەکى باش جێگیر و ئارامە و کەشوهەواکەى لەبارە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لانى کەم بە بەراوورد بە دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى عێراق کە توانرا هەڵبژاردنى پەڕلەمانى تیادا ئەنجام بدرێت،چونکە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت زامنى دۆخێکى لەمە باشتر و گونجاوتر بکات لەئایندەدا تا هەڵبژاردنەکەى تیادا ئەنجام بدرێت.
ڕاستە لەڕووى ناجێگرى دەروونى هاوڵاتیان و توڕەییان لە ئەنجامى هەڵبژاردنى 12/5 ولە ئێستاشدا نەچوونیان بۆ ناونوسین و تۆمارکردنى خۆیان لەبنکەى دەنگدانەکان و تەنانەت متمانەیەکى گەورەشیان بەتەواوى هەڵبژاردنەکان نەماوە و بڕوایان بە گۆڕانکارى گەورەش نیە چونکە زۆربەى حیزبەکانیان تاقیکردۆتەوە و بۆیان ڕوونبۆتەوە کە حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆن و تازە لەدایکبوەکان ناتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێبکەن و گۆڕانکارى گەورە ئەنجام بدەن، بۆیە ئەو حیزبانەش ترسى لە دەستدانى زیاترى جەماوەرکانیان هەیە و دەترسن لە دۆڕاندن و قەتیس و بچوکبنەوەى زیاتر، هەربۆیە گەر بەکەموکورتیش بێت پێویستە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، چونکە ناکرێت و کارێکى ژیرمەندانە نیە کە پاشەکشە لە دروشمى دیموکراسى و ئازادیەکان بکرێت لە کوردستاندا بەهەر بیانویەکەوە بێت و پرسیار و گومانى زیاتریش دروستبکرێت لەسەر نیەت و کار و گوتارى حیزب و سەرکردەو ئەزمونەکەمان، با هەموان بەرژەوەندى حیزبى تەسک تێبپەڕێنن و بەرژەوەندى باڵاى گەل و نیشتیمان باڵاتر و پیرۆزتر بکەن لەبەرژەوەندیەکانى خۆیان.تەنها و تەنها کوردایەتى بکەنە دروزشم و ئامانج نەک حیزبایەتى تەسک و بچوک.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی