بورهان شێخ ڕەئوف: با ترەمپ وەڵامى تانەو تەشەرەکان بداتەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەرچى ئەمە یەکەم جار نیە کورد بەم دەردەى ئێستا ببرێت لە نیوەى ڕێگادا بە تەنیا جێبهێڵرێت و قوربانى و شەڕیى سەخت و گەورەى پێ بکرێت دواتر بکرێتە قۆچى قوربانى حەزو بەرژەوەندى زلهێزە نامەرد و سپڵەکان.
هەرچەندە ئەمریکیەکان لەزارى کیسنجەر، کە وەزیرى دەرەوەو ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى بووە لە حەفتاکانى سەدەى پێشوو وتوویەتى: کە ئێمە دۆست و برادەرى هەمیشەییمان نیە، بەڵکو بەرژەوەندى هەمیشەییمان هەیە. بۆیە ئیتر نابێت هەموو ئۆباڵەکە بخرێتە ملى ئەمریکا، دەبێت بەرامبەرەکانیانیشیان تێ بگەن.
من ناخوازم ئێستا لاپەڕەکانى مێژووى چەند ساڵى ڕابردووى شەڕى تیرۆرو ڕۆڵى هەسەدەو شەڕڤانانى کورد لە باکورو خۆرهەڵاتى سوریا وەبیر ترەمپ و، دواتر هەموو ئەندامانى هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژ بە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بهێنمەوە. چونکە ئەوە دوێنێ بوو لە بیرەوەرى تاک بەتاکى خەڵکى ناوچەکەو هەموو چاودێرانى دۆخەکەو هەموو خاوەن پەیوەندیەکان بەو مەسەلە دا زیندووە هێشتا.
ئەوە ى مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا باسى بکەم، لەم بارودۆخە هەستیارەى، کە ناوچەکەو کورد بەتایبەتى تێیدا تێ پەڕ دەبێت، کە بەبەر چاوى دنیاوە چەقۆ خراوەتە سەرملیان لە باکورى سوریا و هەموو تیرۆریستەکانى سوپاى ئازادى سوریا و هەموو پاشماوەى تاقم و گروپە دڕندەکانى داعش و ئەلقاعیدە بەبەرگێکى نوێ وە ئارایشت کراون و بە هاوکارى تورکیا پەلامارى گرێ سپى و کانى عیساو هەموو گوندو شارۆچکەکانى ترى ڕۆژئاواى کوردستان دەدەن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
تەنیا گوناهى ئەمانە ئەوە بوو کە لە جیاتى مرۆڤایەتى بە گشتى شەڕى تیرۆر و داعشیان کرد ئەم قسەى من نیە ئازیزان، قسەى زۆرێک لە سەرکردە ئەمریکى و ئەوروپیەکانیشە.

با بێینەوە سەر ئەسڵى مەبەستەکەو ناونیشانى وتارەکەشم
حوسنى موبارەکى دکتاتۆرى پێشووى میسر کاتى خۆى و لە کۆتایى دەستەڵاتەکەى لە ساڵى 2011 وتبووى ئەوەى خۆى بە ئەمریکا دابپۆشێت ڕووتە، ئەمە وەسفێکى جوانە بۆ بێ بارى و بێ وەفایی ئەمریکا بەرامبەر بە دۆست و هاوپەیمانەکانیان، هەر بۆیە ئێستا خودى ئەمریکیەکانیش هەستیان بەم هەڵە کردووە و بۆیە لە زۆر ئاستدا هەر لە بەرپرسانى حکومەت و حزبەکان و میدیاکان و کەسایەتیەکان و هونەرمەندەکانیش دژ بەم هەنگاوەى ترەمپ وەستاونەتەوە و ڕەخنەى توندى لێدەگرن و بەگژیا دەچنەوە.
لە دوا لێدوانیدا فەیسەڵ میقدادى جێگرى وەزیرى دەرەوەى سوریا لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەواناندا وتى ئێمە دان و سان لە گەڵ کوردەکاندا ناکەین ئەوان بەکرێ گیراوى ئەمریکان و جودا خوازن و ئەوان پاساویان دا بە تورکیا تاوەکو خاکى سوریا داگیر بکات، با ترەمپ و ئیدارەکەى وەڵامى فەیسەڵ میقداد بدەنەوە.
هەر ئەمڕۆ سەید حەسەن نەسروڵاش سەرۆکى حزبوڵاى لوبنان وتى ئەمریکیەکان جێگەى متمانە نین و لە ناکاودا پشتى کوردەکانى سوریایان بەردا بە جۆرێک لە گاڵتەو لاقرتیەوە.
هەر چەندە پێشتریش لە ساڵى 2018 هەمان هەڵوێست ڕوى دا لە کاتێکدا تورکیا کانتۆنى عەفرینى داگیرکرد بە بیانووى پاراستنى ئاسایشى خۆى، ئەمریکا و ڕوسیا گڵۆپى سەوزیان بۆ داگیرساند، لە ئێستاشدا بۆ جارى دووەم هەمان هەڵوێست ڕویدا و بە تایبەتى لە کۆبوونەوەکەى ڕۆژى 9/10/2019 ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕوونى دەرکەوت کە ئەو دوو هێزە قایل نابن تەنانەت بەیاننامەیەکى سەرەکۆنەکردنیش دژ بە دەوڵەتى تورکیا دەربکرێت لە ئەنجوومەنى ئاسایشەوە.
لە ئاوا بارو دۆخێکدا کە وڵاتە زلهێزەکان بە دواى بەرژەوەندیە تایبەتى یەکانى خۆیانەوە بن ناکرێت و نابێت چاوەڕوانى ئارامى و سەقامگیرى و ئاشتى بین لەم ناوچە گرنگەى جیهاندا، لە هەمان کاتیشدا ئەمە شکستى ستراتیجیەتى ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا هێشتا ڕوون نیە کێ شوێنى دەگرێتەوە.