لوقمان مصطفی: سیستەمی کۆتا پلە دووی ژنان دەسەلمێنێ.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆتا quota بریتییە لە دیاریکردنی رێژەیەک یان دیاریکردنی ژمارەیەک کورسی پەرلەمان بۆ ژنان، ئەمەش بۆ زامنکردنی گەیشتنی ئافرەتە بە شوێنی دروستکردنی بڕیار. کە لە ئێستادا زۆربەی حیزبەکانیش کاری پێدەکەن.
هەڵبەتە له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری وه‌كو عیراق و كوردستان، به‌ناچاری سیسته‌می (كۆتا)ی ڕێژه‌یی په‌سندكراوە. ئه‌گه‌رچی کەسانێکی زۆر دژی ئه‌و سیسته‌مه‌ن، چونكه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ توانا و لێهاتوویی ژنان دەرناخات،جیاوازە لەوەی خۆیان بیانه‌وێت به‌شداری سیاسی و ئیداری حكومه‌ت بكه‌ن و بگه‌نه‌ ئه‌و پۆست و پله‌ و پایانه‌، یان لەبنەمادا بۆ ئه‌وه‌ش نییه‌ دیموكراتیه‌ت بچه‌سپێت، به‌ڵكو ئه‌و یاسایه‌ كه‌ به‌ناچاری له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ په‌سندكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ نەبوونی دیموکراسیدا وادەکەن بەرگێکی خەیاڵی بدوورن بەباڵای دیموکراسیدا و ژننانی پێ بێده‌نگ بكه‌ن، سەیر لەوەدایە خودی ژنیش‌ ئه‌و جۆره‌ بە دیموکراتیەت دەزانێت و بە ئاسانی به ‌سه‌ریدا تێدەپەڕێت.
بەپێی یاساکانی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و لە هەڵبژاردنەکانی حزبەکانی کوردستانیش سیستەمی کۆتا بۆ بەدەستهێنانی پۆستە حزبییەکان و چونییان بۆ ناوەندەکانی بڕیار دان بۆ سەرکەوتنی ژنان دیاری کراوە،لەم بارەیەوە رای جیاواز هەیە لە نێوان دژایەتی و لایەنگریدا دابەشبوون. زۆرینەیان جێبەجێکردنی ئەم سیستمە رەتدەکەنەوەو بە کارێکی راستی نازانن.
-چونکە پێیان وایە تێکدانێکی ئاشکرای پرنسیپی یەکسانییە، ئەم پرنسیپە لە چەندین مادەی دەستوری عێراقیدا جێگیر کراوە. دەستوری عێراقی لە مادەکانی 14 و 16 و 20 جەخت لەسەر پرنسیپی یەکسانی دەکاتەوە. لە مادە 14 هاتووە: (عێراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بێ جیاکاری رەگەز).
-دانانی سیستمی کۆتا بۆژنان، چین و توێژەکانی دیکە هاندەدات بە هەمان شێوە داوای کۆتا بکەن، وەک گەنجان و مامۆستایان و بازرگانان و… هتد.
– هەر خانمێک لە رێگەی سیستمی کۆتاوە بگاتە ئەنجومەنی یاسادانان، وا لێکدەدرێتەوە کە بە هەوڵ و تواناو لێهاتوویی خۆی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵکو ئەوە بەخت یاوەری بووەو لە رێگەی کۆتاوە گەیشتووە. – بەشی زۆری ئەو ئافرەتانەی لە رێگەی کۆتاوە دەگەنە پەرلەمان، شارەزایی و لێهاتویی ئەوەیان نییە بتوانن کاری سیاسی و ئەرکی سەرشانیان بە باشی بەرێوەبەرن.
لە بەرامبەر ئەمەدا، ژمارەیەکی سنوردار هەیە کە ئەم سیستمەی پێباشەو رەتیناکاتەوە، بگرە لە دەستوردا ئاماژەی پێدەدات و بە یاسا دەیسەپێنێت. لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە، پێیانوایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی، لەسەر ئاستی خۆپاڵاوتن و دەنگدان، لە نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ دا هەیە، سیستمی کۆتا بە پێویست دەزانن. وەک دەڵێن: سیستمی کۆتا ئامرازێکە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بۆشاییە گەورەیەی، لەسەر ئاستی جۆری رەگەز، لە دەنگداندا هەیە. واتە کەمکردنەوەی هەژمونی دەنگدەرانی پیاو، لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا.
-سیستمی کۆتا رۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگادا بەشێوەیەکی گشتی و لە ژیانی -سیاسی و پەرلەمانیدا بە شێوەیەکی تایبەت، بە هێزترو چالاکتر دەکات. متمانەی زیاتر بە ئافرەت دەبەخشێت کە دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت.
-سیستمی کۆتا هەنگاوێکە بۆ هەڵگرتنی بەربەستی نێوان ژن و پیاو. رەخساندنی دەرفەتە بۆ کارکردنی ئەم دوو رەگەزە پێکەوە، لە کوێدا؟ لەو دەزگایەدا کە بڕیاری چارەنوسسازی لێدەدرێت. ئەم بەشدارییەی ئافرەت، وا دەکات بڕیارەکان گشتگیرتربن و بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگای تێیدا لەبەرچاو گیرابێت.
-جێبەجێکردنی سیستمی کۆتا، جیاکاری نییە لە نێوان ژن و پیاودا، وەک ئەوەی هەندێک وا تێگەشتوون. بەڵکو پێدانی بەشێکە لە مافەکان بە ئافرەت.
-دەرکردنی یاسا بۆ کۆتاو پەیڕەوکردنی یاساکە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بە یەکێک لە یاسا پێشکەوتووەکان دادەنرێت لە جیهاندا. چونکە یاساکە وا دەکات خانمان بگەنە پەرلەمان و لە 25% کورسیی.
لە نێوان هەردوو بەرە دژ بەیەکەکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ،ڕوانینی پیاوان بۆ بەشداریکرنی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا بەو شێوازانەی کە ئاماژەمان پێکرد واتە (سیستەمی کۆتا)دەچێتە خانەی خێروو سەدەقەوە،بێ هیچ چەندوو چوونێک ژنان بە پلە دوو هەژمار دەکات،بۆیە نابێ و ناکرێت ژنان ئەوە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ بکەن،ئەگەر لە 2% تەنها دووکەسیان بە تواناو لێهاتووی خۆیان دەرچن و بێنە ناوکایە سیاسیەکەوە،زۆر باشترە لەوەی پیاوان بڕیار لە چارەنووسیان بات و بە پلە دوو سەیر بکرێن.!
بۆ ئەم بابەتە بە سوپاسەوە سوودم لە ماڵپەڕی سەکۆ وەر گرتووە