كەمال محەمەد: موبیلیزەكردنی پەرلەمان و كابینەكەی برا گەورەو مامی بچوك.
ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە ساڵێك لە كابینەكەی مەسرور بارزانی وەك سەرۆك و جێگرەكەی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بون، بەڵام بەهۆی موبیلیزەكردنی ئەم دامەزراوەیە كە لە بنەڕەتدا ئەركی دامەزراوەیەكی یاسادانەری نیشتمانی و سازدان كۆبونەوەی سیاسەت و یاساكان و دروستكردنی كارەكتەرێكی بوێرە بۆ لێپرسینەوەی بەرپرسانی حكومی و حكومڕانی بۆ ئەوەی شەرعییەتی خۆی لە دامەزراوەو جێبەجێكردنی حكومڕانیدا ببینێتەوە. بەڵام ئەوەی لە ئەمڕۆكەی پەرلەمان بینرا دەرخەری ئەوەیە كە ئەم پەرلەمانە توانای لێپرسینەوەی ئەم حكومڕانییە سیاسییەی نییە كە لەلایەن سێ نوخبەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەرێوە ئەبرێت و، چیدیكە خەڵكیش بڕوا بەم دەسەڵات و پەرلەمانە ناكات كە بوترێ دۆخی هەنوكەی موچەخۆران و سیستەمی حكومڕانی و چاكسازی ئەكرێ باشتر بكرێت. بەڵكو ئەوەی لێی بینرا سەپاندنی زیاتری هەژمونی حیزبە حكومڕانەكانە. بۆیە كاتێك ئەم دامەزراوەیە كە ناوی پەرلەمانە و گرنگترین پێگەی لێپرسینەوەی دەسەڵاتە توشی لاوازكردن و بێ ئومێدی ئەبێتەوەو زیاتریش دەسەڵات لەڕێگای بڕیار و پرۆژە یاسا تۆتالیتارەكانییەوە هەوڵی مۆنۆپۆل كردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی و تەنانەت هێزە نەیارەكانی ئیحتیواركردنیان ئەدات، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بینرا درێژەدان بو بەدەستەمۆكردنی زیاتری كاری پەرلەمان و رازیكردنی پەرلەمانتار بە كەمترین داواكاری و پرسیار لێیان ئەوەی ئەمڕۆ لێی بینرا ئەو بارە سایكۆلۆژییەیە كە چیدیكە هاوڵاتیان و دەنگدەران بڕوایان بە پەرلەمان و ئەو هێزانەش نەبێت كە ئومێدی یۆتۆپیاكانیان لەنێو ئەم دامەزراوەیە بهێننە دی. ئەم پەرلەمانەی ئێستا زیاتر لە دامەزراوەیەك ئەچێت كە ئەركی بەیاسایی كردنی ئەو پرۆژەو سیاسەتانەیە كە پاوانخوازی دەسەڵاتەكەی سێ نوخبەكە ئەیانەوێت. بۆیە ئەوەی لەم دانیشتنەدا بینرا زیاتر لە سەپاندنی باڵادەستی برا گەورەو مامی بچوك بوو نەوەك مەبەست و ئامانجێك كە دانانی سیستەمێكی چاودێری بێت بەسەر بەرپرسانی حكومی و حكومڕانیدا بۆئەوەی زەوت كردنی حەقیقەت و گەیاندنی راستی تەنها لای دەسەڵات نەبێتە دیاردە، چونكە ئەگەر توانای داگیركردنی دامەزراوەی پەرلەمانیان هەبێت ئەوا توانای داگیركردنی هوشیاری خەڵكیان نییە لەم سەردەمەی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیاو سۆشیال میدیادا!
دوای زیاتر لە ساڵێك لە حكومڕانی سێ نوخبەكەی بەشداربو لەدەسەڵات بێ فەرهەنگن و نەیانتوانیوە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیایەكی سیاسی و حكومرانیەوە دەری ئەوە بخەنە ڕوو كە ئەوە ئەوان نین كە وایان كردوە كە پەرلەمان وكاری پەرلەمانتاری لە ڕێگەی موبیلیزەكردنەوە لە هەمو سیماو ناوەڕۆكێكی خۆی دابڕێنراوە، ئێستای پەرلەمان و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەجۆرێك بێ نرخ كراون كە موزایەدە كردن لەنێو هۆڵی پەرلەمان گرنگتر بێت لە خودی چاكسازی و پرسەگرنگەكانی تایبەت بە هاوڵاتیان. پرسی نەوت و داهاتەكان بون بە پرسە شاراوەكانی ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بەپێی قسەكانی سەرۆكی حكومەت و ستافەكەی بێت كە ئاماژە بە قەرزاربونی هەرێم ئەكەن بە بڕی نزیكەی 29 ملیار دۆلار، چونكە ئەوەی گرنگە و هەموان بۆپرسیار لایان ئەوەیە كە ئایا لەم تاڵانفرۆشییەی سەربەخۆیی ئابورییە هەرێم نەوتی فرۆشتوە یان كڕیویەتی!؟ بۆیە ئەوەی پێویستە وگرنگە ئەبوایە پرسیار لە خودی سەرۆك و جێگرەكەی كرابایە كە بۆچی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆیی بوە بە نەفرەت بۆ هاوڵاتیان و هەمو كایە ئابورییەكانی دیكەی لەناو بردوە و نەتوانراوە بكرێتە ئەو سامانە سروشتییە گرنگەی كە هەموان لە سایەیدا وەك دراوێكی مۆڵكراوی بەهێز لێی سودمەند ببن. بۆیە ئەتوانم بڵێم ئەوەی لەم دانیشتنەدا زیاتر كاركردن بو لەسەر كپكردنەوەی نەیارەكانیان لەڕێگەی دامەزراوەیەكی یاسایی و یاسادانەرەوە كە ناوی پەرلەمانە كە ئێستا دامەزراوەیەكە زیاتر لە تێپەڕاندنی ئەجێنداكانی حیزب ئەچێت كە دەركردنی یاساكانیش تیایدا بۆتە كەرەستەیەكی گرنگ بۆ دەركردنی یاساكان و مۆبیلیزەكردنی زیاتری ئۆپۆزسیۆن و بیرو دەربڕینە جیاوازەكان.
- بابەتەکانی تری کەمال محەمەد
-
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
- -
كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
- -
كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts