هەواڵی کتێبێکی نوێ، کتێبی “نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا ” چاپ و بڵاوکرایەوە.

” نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” کتێبێکی 520 لاپەڕەیی ڕۆماننووس و نووسەر یوسف عزەدین- ەو بەتیراژی 700 دانە لەلایەن چاپخانەی کارۆ-وە چاپکراوەو ئەم کتێبە بریتییە لەکۆبەرجەستەکردنێکی ئەزموونی گێڕانەوەکانی نووسەر و لەڕێی چوار ڕۆمان و شانزە تێکستەگێڕانەوەی ناو ئەم کتێبەوە تاڕادەیەکی زۆر دەتوانین لەمێژووی گێڕانەوەی کوردی پاش نەوەدەکان تێبگەین؛ ئەم جۆرە گێڕانەوەیە لەڕووی مێژووییەوەو بەشێوە تەکنیکییەکەی لەجەمیل سائیب- وە دەست پێدەکات و تا ئەم ساتەوەختەش لەهەڵکشان و داکشانێکی کریتیک و گرنگیدایە. وەک لەهەردوو کتێبی “وەهم و شوناس” و “هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی” نووسەردا دەردەکەوێت و لەڕێی شێوازی دیالۆگ و وتار نووسینەوە، کۆمەڵێک لەکێشە فیکری و فەلسەفی و مێژوویی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە!
نووسەری ناسراوی ئێرانی “عەلی ئەشرەف دەروێشیان” یەکێک لەدەقەکانی کردۆتە فارسی و هاوکات نووسەرو وەرگێڕ “موکەڕەم تاڵەبانی”یش هەمان تێکستی کردۆتە عەرەبی و لەسەروو هەمووشیانەوە وەرگێڕانی کتێبییەکیەتی بۆ زمانی ئەمازیغی بەناوی “ئەنفارار” لەلایەن لێکۆڵەر و وەرگێڕی مەغریبی “سەعید بلغربی” و لەساڵی 2015 دا لەمەغریب دەزگای بڵاوکردنەوەی ” دارئەلکەبەدانی” چاپیکردووە؛ لەنێوەندی خوێنەری مەغریبیدا ناسێنراوەو بۆتە یەکەمین کتێبی وەرگێڕدراوی کوردی بۆ زمانی ئەمازیغی و ئەمەش وا دەکات جگە لەماهییەتی دەقەکان و گرنگییان لەڕووی ئەدەبییەوە، لەڕووی مێژوویی و فەرهەنگیشەوە گرنگی خۆیان هەبێت… نووسەری ” نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” شارەزایی لەزمانی تورکی و عەرەبیدا هەیەو کۆمەڵێک بابەتیشی لەو دوو زمانەوە کردۆتە کوردی و یەکێکیش بووە لەو نووسەرانەی لەسایتی دروب-ی مەغریبیدا بابەتی ئەدەبی و وتاری بەزمانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە. هەروەها یەکێک بووە لەو زیندانە سیاسییانەی کەلەڕاپەڕینی 1991 دا لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە لەئەمنەسوورەکە ئازادکراوەو هەر پاش ئەوەش شیعرێکی تایبەتی بەموعاناتی زیندان نووسیوەو لە1992 دا لە”ڕۆژنامەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد” لەلەندەن بڵاوبۆتەوەو وەک زووربەی ئەدیبانی کوردیش سەرەتا بەشیعر دەستی پێکردووەو لەوێشەوە هاتۆتە نێو دنیای ڕۆماننووسین و گێڕانەوەو خاوەن کۆمەڵێک چامەی شیعری بڵاونەکراوەشە، لەگەڵ ڕۆمان و کتێبێکی لێکۆڵینەوەی فیکری کەتائێستا بڵاونەکراونەتەوەو وەک لەلێدوانەکانیشیدا هەردەم دوپاتی کردۆتەوە؛ زیاتر حەزی لەخوێندنەوەی تێکستە ناوازەو کتێبە دەگمەنەکانە لەوەی کەمومارەسەی کردەی نووسین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خاوەنی نۆ کتێبی بڵاوکراوەیەوەو ئەمەی خوارەوەش پەرەگرافێکی ناو کتێبی”نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا”یە:
{ لەگەڵ سەرجەم ئەو شێت و نیمچە شێت و دەبەنگ و کەسەخراپ و دزو جەردەو گەوادو سۆزانی و یاخی و خەڵکە بێکارانەی، میر لەمەملەکەتەکەی خۆی وەدەرینان، من تەنها مێژوونووسێک بووم، لەنێو سەرجەم مێژوونووسەکانی مەملەکەت؛ لەگەڵ ئەو حەشامەتە بەڕێبکرێم و بێجگە لەمن بەلای هیچ مێژوونووسێکی تردا نەچوون! ئەو بڕیارەی لەپڕی میر شازادی حەوتەمی سولالەی میرانییەکان، بڕیاڕێک نەبوو هەڵقووڵاوی بیرو تێفکرینی خودی ئەو بێت، یان ئەستەمە بڵێین هیچ بڕیارێکی دیکەی ئەو سەردەمەش پێوەندی بەوەوە هەبووبێت، نەک هەر لەبەر ئەوەی میر زۆر بەئەستەم دەیتوانی، وشەکان لەزاری بێنێتەدەرو بیانڵێت، بەڵکو لەبەرئەوەی میر تەنها دەبەنگێک یان تاڕادەیەک نیمچە شێت و بگرە شێتێکی حەقیقی ئەو سولالەیەی میرانییەکان بوو؛ نەک هەر مێژوویەکی دوورودرێژیان لەکوشت و کوشتاردا هەبوو، بەڵکو مێژوویەکی تایبەتیشیان لەعیلمی کەلام و وتارخوێندنەوەو شتنەوەی دەماغ و بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی خەڵک و خڕکردنەوەیان بۆ هەر جەنگێک کەمەبەستیان بووایە، بۆی بچن، هەبوو!}