عه‌دنان كۆچه‌ر: بۆ سوارچاك‌ و سه‌نگینێك.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

روخسارێكى تریش له‌ رواڵه‌ته‌كانى جوامێریی‌و مێرخاسی جێیهێشتین، سوارچاكێكى دیكه‌ش به‌و هه‌موو ماندوبوون‌و شه‌كه‌تیه‌وه‌، مه‌شخه‌ڵى ئۆپۆڵۆمپیادى كوردایه‌تى راده‌ستى نه‌وه‌یه‌كى تر كرد، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ نه‌فره‌تیه‌ى به‌ڵاى كۆرۆنا سه‌رگه‌رمى به‌شینه‌وه‌ى سوپاى كۆڤیده‌، هه‌ر به‌وه‌نده‌ ناوه‌ستێت هاوڕێ‌و دۆستانمان له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌یه‌كى ساردوسڕ به‌دیار ئازاره‌وه‌ بتلێنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ست ده‌نێته‌ گه‌روویان‌و هه‌واشیان لێ زه‌وتده‌كات‌و رۆحیان لێده‌سه‌نێته‌وه‌، دوا قوربانى ئه‌مڕۆش (قادری حاجی عه‌لی)یه‌، ئه‌و پیاوه‌ی له‌مێژووى تێكۆشانى خۆی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یاندا به‌ یه‌ك ئاراسته‌ى بیریی‌و سیاسیی له‌ پێناو كوردایه‌تى‌و نیشتمانپه‌روه‌ریی تێكۆشا.
ژیان‌و مه‌رگى كه‌سایه‌تى‌و كاره‌كته‌ری نێو پرۆسه‌ى سیاسیی چه‌ند ده‌یه‌ى رابردوو (قادری حاجی عه‌لی)، له‌و جۆره‌یه‌ كه‌ هه‌موومان به‌ ستایشه‌وه‌ له‌شێوه‌كانى ژیانكردنى سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تى رامایین‌و به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ش به‌ سه‌رسامیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر مه‌رگ‌و كۆچه‌ ئه‌به‌دیه‌كه‌ی وه‌ستاین، ئه‌و هاوتاكردنه‌وه‌ى شكۆیه‌ى كه‌ قادرى حاجى عه‌لی له‌ ژیان‌و مردندا به‌ یه‌ك شێوه‌و فۆڕم به‌رجه‌سته‌ى كرد، نیشانیدا، كه‌ مرۆڤی بۆ كورد‌و كوردایه‌تى سوڵحاو هه‌ر ده‌بێت به‌و جۆره‌ بێت، به‌و چه‌شنه‌ى كه‌ سیاسه‌ت‌و خه‌بات‌و تێكۆشان، ئه‌گه‌ر له‌ ئامانجى باڵاو چاكه‌ى گشتى خاڵی ببێته‌وه‌، هیچی تری تێدا نامێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و ئه‌زموون‌و وانه‌یه‌ بوو، كه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ى ناو بزووتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى دواجار له‌خۆیدا په‌یڕه‌ویكرد‌و وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كى سه‌ربه‌خۆ ماڵئاوایی له‌ ژیان‌و مانه‌وه‌ كرد.
سه‌نگ‌و سه‌نگینى بۆ كاره‌كته‌ری سیاسی، فۆڕمى بیركردنه‌وه‌ى به‌جێ‌و دووربینى بۆ پارێزگاریكردن له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان خه‌سڵه‌تگه‌لێكن بۆ هه‌موو هه‌ڵسوڕاوێكى كایه‌ى سیاسی پێویستن، ئه‌وه‌ش پێدراوێكه‌ كه‌ قادری حاجى عه‌لی وه‌ك به‌شێك له‌ كه‌لتووری خێزانیی‌و پاشانیش وه‌ك نه‌ریتێكى سیاسیی له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشی نوێوه‌ له‌ خۆیدا ده‌سته‌به‌ری كردوه‌و بۆی ماوه‌ته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو تا دوا چركه‌كانی ژیانیشی پێوه‌ى پابه‌ندبوو، بۆ كۆچی ئه‌و، هه‌م وه‌ك تێكۆشه‌رێكى گه‌وره‌، هه‌میش وه‌ك پایه‌كى گرنگى مێژووى یه‌كێتى‌و دواجاریش وه‌ك هاوه‌ڵ نیگه‌ران‌و دڵته‌نگم، ئه‌وه‌ كۆستێكه‌ نه‌ له‌بیر ده‌كرێ‌و نه‌ له‌بیریش ده‌چێته‌وه‌، رۆحت شاد‌و هه‌میشه‌ ئارام بیت.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس