ھوشیار ئەحمەدی: چەوسانەوەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانا سیستماتیکە.

دەسەڵاتەکانی ئێران بێ جیاوازی، ھەمیشە ھەوڵیان داگە دەستی کارو لەشی بار و وزە و ھێز و توانای نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانا بۆ خزمەت و گیان و رۆحی نەتەوەکانی دیکەیان بۆ گیانفیدایی و پاراستنی نەتەوەی باڵادەست بەکار ھێناوە و بەکاردێنن.
بۆ ئەم مەبەستەش ھەوڵیان داگە و ھەوڵ ئەدەن ناوچەی نیشتەجێ بوونی نەتەوەکانی دیکە بەردەوام بێ بەش لە دەرفەتی کار و ئیمکاناتی ژیان و سەرئەنجام دواکەوتوو و بەشمەینەت بمێنێتەوە.
ئەگەر سەرنجێکی سادەش بدەیتە موزائیکی ئێران، بەروونی ئەبینی ئەو ناوچەگەلەی کورد، لۆڕ، بەلوچ، تورکمەن، عەرەب و تارادەیەک تورکی ئازەری لێیە شایەتی ئەو ئیدیعایەن.
کارخانە و شێرکەتەکانی تاران، ئیسفەھان، سمنان، کرمان ، تەورێز و… بە ریزبەند خاوەن، مودیر و کادرەکانی ھەڵسووڕێنەریان یان تارانین یان فارس. بەشەکانی دیکە وەک کرێکاری خزمەتگوزار و دەستی کاری ھەڵسوڕێنەری چەرخەی بەرھەمھێنانیان سەرجەم خەڵکی ناوچە بەشخوراو و بێبەشەکانی دیکەن کە نەتەوەکانی دیکەی لێ ئەژین.
ئەگەر سەرنجی پادگان و سەربازخانەکانی ئێرانیش بدەی، تێئەگەی کە زوربەی ھەر زۆری سەربازەکان لە نەتەوەکانی دیکەن، ئەوانەی بێبەش لە ئیمکاناتی ئابووری و پەروەردەیین.
بە کورتییەکەی دەسەڵاتەکانی ئێران بەردەوام ھەوڵی ئەوەیان داوە و ئەدەن کە ناوچەکانی کوردستان، لوڕستان، بەلوچستان، عەرەبستان، تورکمانستان و بەشێک لە ئازەریستان لە ئیمکانات و گەشەی ئابووری و پەروەردەیی بێبەش بمێننەوە تاکوو ئاسانتر بکرێ بۆ خزمەتی تاران، شیراز، ئیسفەھان، کرمان، سمنان ، ھەمەدان، تەورێز، خۆراسان و…. بەکاریان بھێنن و لە کاتی پێویستیشا بیانکەنە قۆچی قوربانیی شەڕگەکان بۆ پاراستنی نەتەوەی زاڵ کە فارسە.
ھەتا روخانی رێژیمی پاشایەتی، ئاواییەکان و تەنانەت ھەندێ لە شارۆچکەکان جادەیان نەبوو و ئەوەش ھەبوو زیاتر وەک جادەیەکی نیزامی بۆ کۆنترۆڵ بوو. کە رێژیمی ئیسلامیش ھاتەسەرکار لە ھەندێ شوێن، رێگاو جادە و پردی دروستکردن، بەڵام نەک بۆ خزمەتگوزاری، بەڵکوو بۆ گەیاندنی یارمەتیی نیزامی بە بنکە نیزامییەکانی و بۆ میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان.
بەم بیانوگەلیشەوە موڵەتی سەرمایەگوزاری و کارخانە بۆ سەرمایەگوزارە کورد و نەکوردەکان دەرنەئەچوێنرا. بەم جۆرەش وزە و توانایی کورد شۆڕ ئەکرایەوە بۆ ناوچە بەناو ئەمنە بەختەوەرنشینەکان! و کورەکان وەک خزمەتکاری ئەوان و کارخانە و شێرکەت و شارو خەڵکەکەی ئەوان بەکار ئەھات.
بۆ نمونە ھەتا کۆتاییەکانی دەھەی نەوەد، سەرمایەدارە کورد و نەکوردەکان مافی سەرمایەگوزارییان لە کوردستان نەبوو، بۆچە؟ چونکی بە ناوچەی نائەمن و شەڕلێدراو ناسرابوون. دەوڵەت ئیمکاناتی گاز و خزمەتگوزاریی پێویستی دابین نەئەکرد، ئەیانوت چونکی ئەمنیەت و ئاسایش نیە.
بێجگە لەمانەش، سیاسەت مەدار و سیاسەتگوزارەکانی نەتەوەی باڵادەست وایان لە خەڵکی ناوچە بەختەوەرەکانی(فارس نشین و ئەعیان نشین)ی ئێران گەیاندوە کە کوردەکان دژی ھەموو شتێکن. ئەوانن رێگا نادەن جادە بکێشین، شێرکەت دانێین، مەدرەسە و دانشگا بکەینەوە، ئیمکاناتی خزمەتگوزاری و گەشتیاری ببەینە ناوچەکانیان، لە ناوچەکانیان سەرمایەگوزاری بکەین. بۆیە بەشێک لەوان تا ئێستاش دێنە شارەکانی ئێمە بۆ شەقام خاوێن کردنەوە و کرێکاری و خزمەتگوزاری. بۆیە ئێستاکانەش ئەڕۆن لە سەر سنوورەکان کۆڵبەری ئەکەن و لەو رێگایەشەوە مەشروب و چەک و تەقەمەنی و شتی قەدەغە و قاچاخ دێننە ناو وڵات!
بە کورتییەکەی کورد و لوڕ و بەلوچ و تورکمەن و عەرەب لە ژیان بێبەش کراون تاکوو فارس و بەشێ لە تورکی ئازەری بەختەوەر بژێ. ناوچەکانی دیکەی ئێران لە خزمەتگوزاری بێبەشن، لە سەرمایەو شێرکەت و کارخانە بێبەشن تاکوو شارو ژینگە و شێرکەت و کارخانە و بازاڕەکانی نەتەوە و توێژی دەسەڵاتداری ئێران زیندوو و ئاوەدان بن.
ئەو دۆخە کاتێ ئەگۆڕێ کە ھەر کامە لەو نەتەوانە خۆیان ئازادانە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خۆیان ھەڵبژێرن و بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ژیان و ژینگە و ناوچەی خۆیان بدەن. جا ئەم خۆبەڕێوەبەرییە چ لە چوارچێوەی فیدراڵیزم دابێ، چ لە چوارچێوەی سەربەخۆیی دا ھەر باشە.
وێنە: دوکتۆر “عەبدوڵا ئەمینی” دەرچووی فەلسفەی غەربی زانکۆی تەورێز و خەڵکی ئاوایی ئاڵمانەی شاری مەریوان کە پاش وەرگرتنی دوکتۆراکەی وەک ھەزاران جەوانی دیکەی وەک خۆی بێکارە و بۆ بەڕێوەبردنی ژیان، خەریکی شاگردی گەچکارییە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies