دلێر محەمەد نوری: بانگەواز بۆ کارکردن نەک داوای لێبوردنی گشتی.
شیروان شیروانی و هاوڕێکانی شەش ساڵ بە بێ تاوان زیندانی بکرێن چاکترە لەوەی وەکو تاوانبار بە لێبوردنی گشتی ئازاد بکرێن!!
ئەزانم ئەم وتەیەی من بە وتن ئاسانە و بۆ منیش نیە لە جێی ئەوان لە جێگەی گەرم و نەرمەوە بڕیاری وەها بدەم!! تا ئێستا هیچ کەسیش بە ڕوونی ئاگای لە باری دەروونی ئەو زیندانیانە نیە!! ئاخۆ چ جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونیان چەشتووە و ناشزانین ئاخۆ ورەیان لە چ ئاستێکدایە و چەندیش بیری خێزان و ماڵ و منداڵی خۆیان ئەکەن؟ ئاخۆ خێزان و مناڵی ئەوان بە حەسرەتەوە لە چاوەڕوانی وەها دەستپێشخەرییەک نین؟
بەدەر لەمانەش ئەو دێڕەی سەرەوە ڕاستییەکی تاڵی تێدایە کە بڕیاری مانەوە لە زیندان بۆ شەش ساڵ وەک هەڵدانی شوشە ژەهرەکەی ئەرستۆ وایە نەک داننان بە شتێک دژ بە حەقیقەتێکە کە ئەوان بێتاوانن!!
ئەو گرێیەی ئاسایشی پارتی و دادگای هەولێر لە بە ناهەق دادگایی کردنی زیندانیانی بادینان، بە ئاڵۆزی خستوویانەتە بەردەمی دادگای تەمیز. دادگای تەمیز لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن بیکەنەوە، دواجار گرێیان لە دەستەوە خستە ددان.
ئێستا کەیسی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی کە تەنها بە بڕیاری سیاسی و دادگای ناعادیل و لە بەر ئەو قسە پێشوەختەی ئەوێ ڕۆژێ سەرۆکی حکومەتەکەیان ڕۆی کرد و لە غرورا بۆی هەڵناگیرێتەوە. کاتێ وتی کە ئەمانە تیرۆریستن نەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان. هەر بۆیە ئەم کەیسە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی بڕیاری سیاسی و غروری دەسەڵاتخوازی و دەرخستنی قودرەتمەندی، بووە بەو دارەی وەک پێشتریش وتمان کە لە هیچ سەرێکەوە بە کەڵکی هەڵگرتن نەیەت.
بە پەسەند کردنی دادگاییەکەش، لە لایەن دادگای تەمیزەوە، جگە لە ناهەقییەکی ڕوون و ئاشکرا دەرهەق بەو مرۆڤە پاک و جوامێرانە، ئاماژەی بەستنی قوفڵێکی پۆڵایینی گەورەی دیکەشە لە دەرگای زیندانی ئازادییەکان. بۆیە هیچ ڕەوا نیە شەقام پشتیان تێ بکات و بۆ بڕیاری نامرۆڤانەی دادگای تەمیز جێیان بهێڵێت. دواجار ئەمەش هەر تیرۆرە و لە فۆرمێکی دیکەدا خۆی تازەکردۆتەوە. ئەمڕۆ ئەوان سبەی یەخەی هەر هەموومان ئەگرێتەوە.
چی بکرێت باشە؟
1- فشاری کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانی ئەو بوارە لە ناوەوە دەرەوەی وڵات، لە ڕێگەی هەموو کەناڵەکانەوە، هەر لە ئێستاوە وەگەڕبخرێت بۆ سەر حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکەکەی کە تەرەفدارە لەم کەیسەدا.
2- فشار بخرێتە سەر یەکێتی و گۆڕان وەکو شەریک لەم حکومەتە ستەمکارە تا هەڵوێستی کت و پڕ وجدییان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە بخرێنە هەمان چوارچێوەی تاوانبارکردن لەم کەیسەدا.
3- کۆمەڵ و یەکگرتوو وەکو دوو هێزی کاریگەری خاوەن سەدان کەناڵ وپەیج و بانگخواز و سەددان هەزار ئەندام و لایەنگر، تا دژ بەم ناهەقییە بوەستنەوە. ئەکرێت ئەم دوو هێزە بخرێنە بەردەم بەرپرسییارێتییەک کە نیو هێندەی سەماکەی سەهۆڵەکە مەلا و بانگخوازەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەم کەیسە و بیرییان بخەنەوە لە دەرەجەی عالی ( قول کلمة حق امام سلطان جائر) چەندە!؟ (واذا حکمتم بین الناس ان تحکم بالعدل).
4- پەرلەمانتارانی ناڕازی بەغدا کە دەستڕۆشتوون و لە هەر کەس زیاتر دەنگیان ئەگاتە ناوەندە عێراقی و جیهانییە بڕیار بە دەستەکان بۆ فشار دروست کردن لە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم. ئیتر ئەوەی شتێکی لە دەست بێت باشترە بیکات و سنوری قسەی بریقەداری ناو سۆشیال میدیا تێپەڕێنن.
5- هەوڵ بدرێت بۆ پڕکردنی خەڵک و ئامادەکردنیان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری دژ بەو بڕیارە.
زۆر کار و چالاکی هەن کە دەکرێت هەنگاوی بۆ بنرێت لەم پێناوەدا. هەر چۆن تورکیا باجی گەورەی دا لە دادگایی کردنی قەشەی ئەمریکی ئەندرۆ برۆنسن، ئاوهاش هەق نیە پارتی و دادگا قەرەقوشی و گاڵتەجاڕییەکانی هەولێر بە بێ باج لەم مەسەلەیە دەربچن.