ھوشیار ئەحمەدی: مێعراجی عەشق، بە تاڵێ زوڵفی یارەکەی سەیدیی ھەورامیا.

ئەو ئیمانی بە ئەوینی یارەکەی ھێناوە، ئەوینێکی زەوینی، ئەوینێ لە ڕەگەزی ماچ، چاو، زۆڵف، مەمک، نیگا، خەندە و وەک پێشتریش باسم کردووە، باکی لە ھیچ نەبووە. باک لە عەشق لە سەردەمێکا کە عەشق بڤە بووە، عەشق لە کۆمەڵگادا یەکسان بووە بە مەجنونی، بە ڕسوایی، بە تەریک کەوتنەوە ھەتا مردن. لە سەردەمێکا کە عەشق تەنیا و تەنیا کورت کراوەتەوە لە خۆشەویستی مورید و مورشدا، خۆشەویستییەکی درۆیین و بەرژەوەندیخوازانە، بەرژەوەندی پارێزانە و ترسەنۆکانەدا. عەشق بە قەولی مەداحانی بەزم، بە “حەزرەتی پەروانە”! حەزرەتی پەروانەیەک لە ڕاستیدا لە چەشنی دێو و درەنجی تاریکستانی نەزانی کۆمەڵگا خورافە لێدراوەکان بوو.
سەیدی ئازایانە و کەم وێنە، وەک ماسییەکی دەگمەن، پێچەوانەی ڕەوتی ڕووباری سیروان و تاڤگەی کانی بڵ و قەڵبەزەکانی ھەورامان مەلە ئەکات. ئەو ڕوو لە قیبلەی شاعێرانی دیوانی حەزرەتی پەروانە وەرئەگێڕێ و کڕنۆشی عاشقانە بۆ قیبلەی عەشقی ڕاستینی خۆی (یارەکەی)ئەبا. عاشقانی حەزرەتی پەروانە ئەمەیان بە کوفر زانیوە. ئای کە چە کوفرێکی جوانی خوڵقاندووە عەشقەکەی سەیدیی ھەورامی.
سەیدی بە جێگای ئەوەی عاشقی تاڵی ڕیشی شێخ ببێ، ئەکەوێتە داوی تاڵی زوڵفی یارەکەی و بە جێگای ئەوەی لە داوی ڕیشی پانی شێخا گرفتار بێ، بە تاڵی زوڵفی یارەکەیا ھەڵئەکشێ بەرەو لوتکەی جوانی و ئەگاتە مێعراجی عەشقی زەوینی.
با بە جێگای شرۆڤەی زیاتر، ڕاست بڕۆینە ناو تێگەییشتن لە چەند دێڕی موناجاتی عاشقانەی سەیدیی ھەورامی لە بارەگای عەشقەکەیا، دڵبەرەکەیا.
ئەو لە شێعرێکیا بە ناوی “بادی عەترئامێز” واتە “نەسیمی عەتراوی”ا وەسفی زوڵفی یارە نازارەکەی ئەکات و ئێژێ:

ساکە بۆی عەترت بە گوڵان یاوا
گوڵان خێزییان پەی عەزمێ داوا
بۆنی زوڵفی تۆ بێ وێنەیە، گوڵان حەدیان نەبێ خۆیان لە تەک تاڵی زوڵفی تۆدا ھەڵسەنگێنن. زۆر بە ئێرادەوە جەخت لە یارەکەی ئەکاتەوە و ئێژێ ھەر کە بۆی عەتری زوڵفی تۆ گەییە لای گوڵەکانی ھەورامان، (ھەورامان بە گوڵی بۆنخۆش و جوان و فرەچەشن بەناوبانگە. بەھاری ھەورامان بە خەیمەی گوڵاڵان، فەرشی گوڵاڵان، خەرمانی گوڵاڵان بە ناوبانگە.) گوڵەکان ئاڵۆزان و سەریان لێشێوا و پەشۆکان و ھەستان بۆ مشتومڕ و شەڕ و چنگەپڕچێ. ئاخر ئەوان لە ناکاو بۆنێکی زۆر خۆش، زۆر جیاواز و سەێریان ھەست پێکردبوو، بۆنێ دەگمەن، بێ وێنە، بۆیە مایەی حەسودییان جۆشابوو و خورۆشابوون دژ بەو بۆنە خۆشە سەرمەست کەرە.

قیبلەم تا سەحەر، گفتوگۆشان بێ
داوای ھامشانی، زوڵفو تۆشان بێ
لەم دوو دێڕەی سەرەوەشا ئێژێ، قیبلەم، یارەکەم، ئازیزەکەم، گوڵاڵان شەو ھەتا سپیدەی بەیان شەڕو کێشە و مشتومڕ و گفتوگۆیان بوو، ھەرکامەیان لای خۆیەوە ئەیوت بۆنی من بەو بۆنە ئەچێ، بۆنەکە لە بۆنی منەوە نزیکە و گەرەکیان بوو ھیچ نەبێ بگەنە ھاوشانی بۆنی عەنبەرینی زوڵفی تۆ.

ئاخر داواشان، تانوپۆش نەبێ
ھیچکام بۆی عەتری زوڵفی تۆش نەبێ
بەڵام بە باوڕی سەیدی، داواکەیان تانوپۆی نەبوو، بێ ئەساس و بنەما بوو، چونکی ھەڵسەنگاندنەکە دوور لە ڕاستی بوو، بۆنی ئەوان لە کوێ و بۆنی زوڵفی یارەکەی سەیدی لە کوێ؟! ھیچکام حەدیان نەبوو بگەنەوە بە بۆنی زوڵفی دڵبەرە نازدارەکەی سەیدی.

فیدای زوڵفت بام، ڕەندی جەمین لاڵ
زوڵفی تۆ بازاڕ، گوڵان کەرد بەتاڵ
لە دوو دێڕی سەرەوا ئێژێ بە قوربانی زوڵفت بم جوان و نازدارە ڕوخسارە بێ ھاوتاو یاقوتییەکەم، ئاخرەکەی زۆڵفی تۆ بازاڕی سەرجەم گوڵ و گوڵزارانی شکاند و نرخی ھەموویانی بەتاڵ کردەوە و مایەپووچی کردن.

ئانە کام دڵەن، وێش بە دڵ زانۆ
جە سەودای زوڵفت پەشێو مەمانۆ؟!
لەم دوو دێڕەی سەرەوەدا وەک کوردانی باشوور ئێژن، سەیدی تەحەددای سێحر و ئێعجازی زوڵفی یارەکەی ئەکات و ئێژێ ئەوە کام دڵە خۆی بە دڵ ئەزانێ، خۆی بە ئازاو بەھێز و خۆڕاگر ئەزانێ، با بفەرموێ خۆی لە مەیدانی شەڕی عەشقی زوڵفی تۆدا تاقی بکاتەوە، بزانین شەیدا و پەشێو و سەرگەردان لە داوی تاڵی زوڵفت دا گرفتار نابێ!
و لە دوو دێڕی دیکە دا تیری خۆی ئەخاتە کەوانی مەبەست و زەی زوڵفی یارەکەی ئەکێشێ و ئامانجی سەرەکیی ئەگرێتە نیشانە و ئێژێ:

ئەر “شێخ”، ئەر “مەلا”، ئەگەر “دەروێش”ەن
سەودای زوڵفی تۆ، گرد عالەم پیشەن
ئێژێ درۆ ئەکەن شێخ و مەلا و دەروێش، ڕیاکارن، ناڕاستگۆن، دەغەڵبازن ، لە نیھانییدا گشتیان خەستە و گرفتاری داوی زوڵفی تۆن، گشتیان کەفتەیی داوی زوڵفی تۆ بە گیان سەودا ئەکەن و ئەسێنن. لەمەش زیاتر ئەڕوات و ئێژێ ئەم واقێعییەتی عەشقە پیشەی تەواوی عاڵەمە، جیھانە، مرۆڤەکانە، بەڵام لە باوڕی سەیدی دا ھەندێکیان ڕاستگۆن و عەشق ئەبێتە ھۆی ڕاستگۆییان لەگەڵ خۆیان و مەعشوقەکەیان و دونیادا، ھەندێکیشیان لە ژێر عەبا و جوببە و ڕیش و پرچی ڕیادا ڕاستی ئەشارنەوە.

سەیدی چوون جە داخ تای زوڵفت وێڵەن
سادار و سەرسام، بیابان گێڵەن
لەم دوو دێڕەی سەرەوەدا ئێژێ، من کە وێڵ و سەرگەردانی تاڵێ زوڵفی تۆم، لە تاوا وەک مەجنون و دێوانە سەری خۆم ھەڵگرتووە و ڕووم کردووەتە بیابان.

ساکە دێوانەن ئیدەن تەگبیرش
تای زوڵفی سیات، بۆ بە زەنجیرش
لە دوو دێڕی کۆتاییش دا ئێژێ، دێوانەییش چارەی نیە، تەنیا ڕێگا بەستنەوە و زەنجیر کردنیەتی، دەی من ئامادەم تاڵێ زوڵفی تۆ بکەن بە زەنجیرم و بمبەستنەوە بۆ ئەوەی پابەندی عەشقت بم و وێڵ و سەرگەردانتر نەبم.
ئەمەش شێعرێکی ناسکی شاعێری ناسک خەیاڵ، مامۆستا ھێمنی ھێنایەوە یادم کە ئێژێ:

ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم
کەچی ئێستا لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم

سڵاو لە گیانی شاعێرانی ناسک خەیاڵمان کە شاکاری جوانیی شێعر و ھەڵبەست و زمان و ئەدەبیاتیان بۆ خوڵقاندووین. شاکارێ کە کۆگایەکی دەوڵەمەنە بۆ پاشخانی زمانەکەمان.
ئەمەش دەقی تەواوی شێعرەکە:

بادی عەترئامێز
بادی عەترامێز، بادی عەترامێز
بادی گوڵشەن گەرد، بادی عەترامێز
پەیک بەری عاشق، نیمە شەوان خێز
بۆی نافەی تەتار، نە ڕوی سارا ڕێز
چوون عەتار بە چین زوڵفی یارەوە
ئاما بە بۆی عەتر عەنبەر بارەوە
پەرسام ئەی عەتار، یە چێش بارتەن؟!
وات: «بۆی عەتری زوڵف گێسووی یارتەن»!
بە تەعجیل ویەرد نەکەرد مودارا
شی نە ڕووی دەشت و کەش و کۆو سارا
ساکە بۆی عەترت بە گوڵان یاوان
گوڵان خێزیان پەی عەزمی داوا
«سونبوڵ» چەنی تیپ «وەنەوشە»ی باخان
«چنوور» نەپای هەرد «شەوبۆ»ی سەرشاخان
قیبلەم تاسەحەر گوفتوگۆشان بێ
داوای هامشانی زوڵفی تۆشان بێ
ئاخر داواشان «تان و پۆش» نەبێ
هیچکام بۆی عەتری زوڵفی تۆش نەبێ
«سونبوڵ» ماتەم بی بەزاری و خەمناک
«وەنەوشە» جە شەرم، سوجدەش بەردەن خاک
«چنوور» پەشێو بی، دڵ بە دەردەوە
«شەوبۆ» شەیدا بی، شەو وە هەردەوە
فیدای زوڵفت بام ڕەندی جەمین لاڵ
زوڵفی تۆ بازاڕ گوڵان کەرد بەتاڵ
نەک سەودای زوڵفت خاسەی گوڵانەن
سەرمایەی داوای دەردی دڵانەن
ئانە کام دڵەن وێش بە دڵ زانۆ
جە سەودای زوڵفت پەشێو مەمانۆ؟
ئەر شێخ، ئەر مەڵڵا، ئەگەر دەروێشەن
سەودای زوڵفی تۆ، گرد عالەم پێشەن
سەیدی چوون جە داخ تای زوڵفت وێڵەن
سادارو سەرسام بیابان گێڵەن
ساکە دێوانەن ئێدەن تەگبیرش
تای زوڵفی سیات بۆ بە زەنجیرش

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies