عیماد عه‌لی: بۆچی حزبێكی كوردی نادۆزیته‌وه‌ ته‌كه‌تولبازی تێدا نه‌بێت ؟!

سیاسه‌ت و حزبایه‌تی ته‌ندروست له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما وه‌ستاوه‌ و حزبی راسته‌قینه‌ به‌ڕاسته‌رێیه‌كدا دهڕروات كه‌ به‌ پێی به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و و دروشمی تایبه‌ت بێت و ئه‌نه‌دام و كادران له‌ ڕێگه‌ی كێبركێی نێوخۆیی و حزبیش به‌ ململانێی ده‌ره‌كیدا هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌سه‌رئه‌نجامدا ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌یان به‌دیده‌هێنن و پێشبركێی گه‌لانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ پێشكه‌وتندا.
هه‌روه‌كو سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌، له‌كوردستان سیاسه‌ت وحزبایه‌تیی سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ گه‌وره‌و بوكیانه‌وه‌ ڕیچكه‌یه‌كی ناته‌ندروستی وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ و بنه‌ما و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بێت له‌ نێو ئه‌م حزبانه‌دا باوی نه‌ماوه‌ و ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك و بیركردنه‌وه‌ و كارو كرده‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ حزبیه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ده‌ستبه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سه‌كه‌كانیانه‌، به‌ڵام بۆ چه‌واشه‌كاری ئیدعای دروشمی قه‌به‌ قه‌به‌ ده‌كه‌ن . تاقه‌ ڕیگه‌یه‌ك له‌به‌رده م ئه‌و كه‌سانه‌ بمێنێته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌دوور له‌ كێبركێی ته‌ندروست و زانستیانه‌؛ ته‌كه‌تولبازیه‌، بۆچی؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ش ده‌كرێت له‌ دوو لاوه‌ باس بكرێت ، بارودۆخه‌ بابه‌تی و تایبه‌تیه‌كه‌یه‌‌، چی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزب و رێكخراوه‌كان یان له‌ ناوه‌وه‌یاندا بێت.

A- بارودۆخی بابه‌تی گشتی
1- وه‌زعی ئابووری ناله‌بار و به‌كارهێنانی حزب وه‌كو كه‌له‌به‌رێك بۆدابینكردنی پێداویستی خه‌ڵك و، سیاسه‌ت و حزبایه‌تی كردن وه‌كو پیشه‌ و دوور له‌ هه‌ر بنه‌ما وفیكر و قوربانیدانێك.
2- گه‌نده‌ڵیه‌كی فراون و زاڵ به‌سه‌ر سه‌ركرده‌ و كادرانی حزب و نه‌بونی هه‌لی خۆژیاندن و به‌كارهێنانی حزب بۆبه‌دێهێنانی مه‌به‌ستی تایبه‌تی و ته‌نها هه‌لێك بۆ دابینكردنی ئاینده‌ی خه‌ڵك چونه‌ ژووره‌وه‌یه‌ له‌ ده‌رگای حزبه‌كان یان وابه‌ستبون به‌ سه‌ركرده‌كان و بازرگانی كردن له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ و هاوبه‌شیكردنیان.
3- به‌ده‌ستهاتنی پۆست و پاره‌ و ئیمتیازه‌كان له‌ڕێگه‌ی حزب و له‌وێشدا له‌ ڕیگه‌ی ته‌كه‌تولێكی نێو حزبه‌كه‌وه‌.
4- زاڵبونی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تی كه‌سی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ته‌سكه‌كان، ته‌كه‌تول بنیاتده‌نێت ڕیگه‌ی راسته‌قینه‌ی حزبایه‌تی ونده‌كات.
5- پشتبه‌ستنی حزبه‌كان به‌ هۆز و عه‌شیره‌ت و تیره‌ و گرنگیدان به‌ چه‌ندایه‌تی نه‌ك چۆنایه‌تی.
6- دوركه‌وتنه‌وه‌ی رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ و خه‌ڵكی به‌توانا و شایسته‌ له‌ حزبه‌كان و فه‌راهه‌مبونی مه‌یدانه‌ حزبیه‌كان بۆ زاڵبونی خه‌ڵكی بوده‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵ و نه‌زان.
7- نه‌بونی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌تی جیاوازی حزبه‌كان و نزیكبونه‌وه‌ی حزبه‌كان له‌ چۆنێتی سیاسه‌ت كردن و نه‌مانی جیاوازیه‌كان.

B- بارودۆخی خۆیی و تایبه‌تی
1- نه‌بوونی بریاردانی كۆكه‌سی سه‌ركردایه‌تی و زاڵبونی تاكڕه‌وی و كاری میزاجی و فه‌رزكردنی توانای عه‌سكه‌ری له‌ كاری حزبیدا.
2- خۆفه‌رزكردنی خه‌ڵكی بێ توانا و په‌یوه‌ست به‌ ته‌كه‌تول به‌ دوور له‌ هه‌ر سیفه‌تێكی پێویست بۆ كاری سیاسی له‌ نێو حزبه‌كاندا.
3- پشتنه‌به‌ستنی حزبه‌كان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌ خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ند و پسپۆری كاره‌كه‌ و به‌كارهێنانی راوبۆچونی كه‌سی و به‌تایبه‌تی كه‌سه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی كادرانی په‌یوست به‌ خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و راییكردنی كاره‌ حزبی وحكومیه‌كانیش له‌ سه‌رجه‌م كایه‌ حزبی و حكومیه‌كان.
4- نه‌بونی كێبڕكێی ته‌ندروست و پشتبه‌ستوو به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی حزبه‌كان له‌ نێوخۆی حزیه‌كاندا.
5- كزبونی بیروباوه‌ر و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی خه‌لك و ته‌نانه‌ت حزبه‌كانیشیان لای كادرانی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ خۆبردنه‌ پێش بۆ كه‌سه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان و به‌كارهێنانی ته‌كه‌تولبازی له‌ بری ململانێی ناته‌ندروستدا.
6- نه‌بونی پاداشت و سزا و پشتبه‌ستن به‌ كه‌سی ده‌ستڕۆیشتوو و ته‌كته‌ول له‌ ده‌ربازبون له‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی حزبدا.
7- خۆفه‌رزكردنی بنه‌ماڵه‌یی، بچوك بێت یان گه‌وره‌ له‌ راییكردنی كاری حزبی و جێله‌قكردنی كۆكاری له‌ نێو كادراندا.
8- ئاڵۆزبونی په‌یوه‌ندیه‌ نێوخۆییه‌كانی نێوان كادرانی حزب و سستبونی روحی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌ی پشتبه‌ستو به‌ بنه‌ما فكری و فه‌لسه‌فیه‌كان.
بۆیه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌ك نزیكبونه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانیت جیاوازی له‌ نێوانیاندا بكه‌یت و یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانیان ته‌كه‌تولبازیه‌وه‌ و به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies