بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردنى عێراق لەنێوان ئتنیک یان دەوڵەتى هاوڵاتیدا.

عێراقى نوێ یان عێراقى دواى ساڵى 2003، ئەگەر بە چەند قۆناغێکى خێرا، گۆڕانکارى بەرچاوى بەسەردا هاتبێت، هەر لە نووسینى دەستوورو چوار خوول هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەوا نەیتوانى ڕۆشنبیرى تۆلارەنس و پێکەوەژیان و دەوڵەتى هاوڵاتى و یاسا و یەکسانى بۆ هەموو پێکهاتەکانى عێراق دابین بکات.
یەکێک لە ڕەخنەو کەمایەسیەکانى جدییەکانى ئەم پرۆسە سیاسیەى عێراق ئەوەیە کە ململانێى تائیفى و ئتنیکى پەرەى سەند و توندوتیژى و بەریەککەوتنى زۆرى لێکەوتەوە، بەڵام خۆپیشاندانەکانى تشرینى ساڵى (2019) ەو دواتر وەکو لاپەڕەیەکى پرشنگدار بەگژ ئەو دیاردە قێزەوەنەدا چوونەوەو خوازیارى دەوڵەتى دامەزراوەى هاوڵاتیان بوون و هەموو ڕەوتە تائیفى و ئتنیکیەکانیان سەرکۆنە دەکرد، چونکە تائیفیەت هێزو تواناکانى گەلان و وڵاتان لاواز و پەرتەوازە دەکات و بەر بە ڕەوتى پێشکەوتن دەگرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەو گەلانەى ئەو دەردە سامناکەیان تێپەڕاندووە ئێستا لە قۆناغێکى باڵاى پێشکەوتن و ئارامى و سەقامگیرى سیاسى و ئیدارى و دراییدان کە لە خوارەوە چەند نموونەیەک دەخەمە ڕوو:
1. بەریتانیا لە تازەترین هەواڵدا وەزێرێکى بە ڕەچەڵەک کوردى عێراقى ( نەدیم زەهاوى ) بۆ وەزارەتى پەروەردە دیاریکرد.
2. نەمسا ئوردنیەکى بەناوى ( عومەر حەجاوى) بە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نەمسا دانا ،کە هەستیارترین دەزگاى وڵاتەکەیانە، بەبێ ترس و دوودڵى و دڵەڕاوکێ ئەم پیاوە سەربە چ نەتەوە یان ئایین و ئاینزایەکە.
3. کەنەدا ساڵانێکە هندیەک وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتەیە بەجل و بەرگە هندۆسیەکى خۆیەوە، بێ ئەوە هیچ کێشەو هەستیارییەکى لاى کەس دروست کردبێت.
4. باسى ئەندامى پەرلەمان ناکەم لە وڵاتانى ئەوروپا کە دەیان و سەدان کەس لە ڕەچەڵەکى جیاوازى میللەت و نەتەوەکانى تر ئەندامى پەرلەمانەکان و شارەوانیەکان ولە زۆرلە دامودەزگاى دەوڵەتى دا کار دەکەن، بە بێ کێشە، بە پێچەوانەى ئەو جۆراوجۆرییە بووەتە سەرچاوەى هێز و توانا بۆ ئەو دامودەزگانە.
لە عێراق و کوردستانیشدا کە ئێستا هەڵمەتەکانى بانگەشە گەرمەو وتارو پەیامى جیاواز دەبیسین و دەبینین بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران لە 10/10/2021، گرنگە هاوڵاتیان هۆشیار بن ئەو هێز و کەسایەتیانە هەڵبژێرن کە خاوەنى باگراوندى نیشتمانى و مرۆیین و دوورن لە بیرکردنەوەى خێڵەکى و ناوچەگەرى و ئتنیکى، بۆ ئەوەى پابەند بن بە جێبەجێکردنى دەستوور ى عێراق و بنیاتنانى دەوڵەتى دامەزراوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە پێشووەختە داخوازى خۆپیشاندەرانى تشرین بوو، هەر ئەم هەنگاوەش خەڵکى لە شەقامەکانەوە بردەوە ماڵەوە، بۆ ئەوەى کابینەکەى کازمى ئامادەکارى بکات بۆ هەڵبژاردن، هەرواش بوو کازمى پابەندى بەڵێنەکەى بوو سەرەڕاى هەموو ئالەنگارییەکان و بەربەستەکان کە بۆى خولقێنرا، دواجار وا هەڵبژاردن لە کاتى دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەم هەڵبژاردنە بە شێوازێکى پاک و بێگەرد و دوور لە چاو سوورکردنەوەى تاقم و گروپە میلیشاوییەکان ئەنجام بدرێت و هێزو لایەنى نیشتمانى نوێ بێنە پێشەوە بۆ ئەوەى کۆتایى بە گەندەڵى و بە فیڕۆدانى سامان و ماڵى گشتى بهێنن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى وەکو ئاو کارەبا و دەرمان و ئاسایش و خوێندن بۆ گەلى عێراق مسۆگەر بکەن، بە پێچەوانەى ئەمەوە ،عێراق بەهیچ شێوەیەک ئارامى و سەقامگیرى بە خۆیەوە نابینێت و جارێکى تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى جەماوەرى فراوانى لێدەکەوێتەوە، چونکە ڕەوتێکى جەماوەرى هۆشیارو بە ئاگا ئێستا لە شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق سەرى هەڵداوە کە ئتنیک ومەزهەبیان تەجاوز کردووەو خوازیارى ئازادى و نان و دەوڵەتى دامەزراوەو سەروەربوونى یاسان. بۆ هەرێمى کوردستانیش گرنگە هێزو لایەنى پێشکەوتنخوازو سیکویلار بێنە پێشەوەو هاوپەیمانى کوردستانیش هەماهەنگیان لە گەڵدا بکات.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies