بورهان شێخ رەئوف: سوریا و وڵاتانى عەرەبى بەرەو ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکانیان.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دواى دەساڵ لە دابڕان و دڕدونگى وا وڵاتانى عەرەبى بەرەو ئەوە دەڕِۆن پەیوەندییەکالنیان لە گەڵ حکومەتى سوریا ئاسایى بکەنەوە، هەرچەندە ئەمریکاو هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانى هێشتا خۆیان دوورەپەرێز دەگرن لە هەلسوکەوت لە گەڵ حکومەتى سوریا بەهۆى شەڕو ڕووداوە خوێناوییەکانى ئەو وڵاتەوە کە حکومەتى شام بە هۆکارى دەزانن.
ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست گۆڕانکارى خێراى بە خۆیەوە دى ،کاتێک هاوپەیمانە عەرەبیەکانى واشنتۆن لەناوچەکە سەرقاڵى ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییە دیبلۆماسى و ئابوورى و بازرگانیەکانیانن لەگەڵ دیمەشق، بەتایبەتى ئەو پەیوەندییە تەلیفۆنیەى کە لە نێوان شازادەى جێنیشینى ئەبو زەبى (موحومەد بن زاید ) لە گەڵ بەشار ئەسەدى سەرۆک کۆمارى عەرەبى سوریا ئەنجامیدا، ئەو تەریک کردنەى سەرۆکى سوریا کۆتایى پێهێنا کە ساڵانێک درێژەى کێشا.
بەتایبەتى دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئەوئاژاوەو بێ سەروبەرییەى هاتە کایەوە و، سەرقاڵى ئەمریکا بە ململانێکانى خۆى لەگەڵ چین، پێدەچێت ئەمریکا بێلایەنى هەڵبژێرێت لەزۆرێک لە کێشەو قەیرانەکاندا ،بۆیە سەرکردە عەرەبەکان لە ئێستا دا کارى لە پێشینەیان ریفۆرمى ئابوورییە کەساڵانیکە بە هۆى ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان و کۆرۆناوە چەقى بەستووەو کۆت و پەندى گەورەى بۆ دروست بووە.
لەلایەکى تریشەوە لە ئاسۆەوە ئاماژەگەلێک دەرکەوتوون هۆکارن بۆ ئەوەى قاهیرەو عەمان و ئەبوزەبى بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریادا بچنەوەو ئاسایى بکەنەوە، بە هۆى پەیوەندییەکانیان لە گەڵ مۆسکۆ کە بەهێزترین پاڵپشت وهاوپەیمانى بەشار ئەسەد بوون لە قەیرانى ناوخۆیى وڵاتەکەیدا، ڕوسیا هەوڵدەدا جارێکى تر سوریا ببەستێنەوەو بە دراسێ عەرەبیەکانیەوە، زیاتر بۆ بەرگرتن بە هەژموونى زۆرى ئێران و تورکیا لە سوریا.

ئەمریکاو حکومەتى سوریا
تا ئێستاش ئەمریکا بایکۆتى حکومەتى شام دەکات و هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتیدا بەروە شام نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو خوازیارى گۆڕانکارین لە سیستمى سیاسى سوریا بە گوێرەى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشى تایبەت بەسوریا، سزاکانى ئەمریکا لە سەر سوریا تا ئێستا ماوە کە لە سەردەمى ترەمپدا دەرکراون.
لەهەمانکاتدا پێناچێت ئێستا بارو دۆخى سوریا لەکارە پێشینیەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکاو ئیدارەى بایدن بێت، بەتایبەتى یاساى قەیسەر کە سزاگەلێکى توند لە خۆ دەگرێت دژ بە سوریا تا ئێستا نەخراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەفشارى زیاتر دەخاتە سەر حکومەتى دیمەشق.
ناوەندە هەواڵیەکانى ئەمریکاو خۆرئاوا باس لەوە دەکەن کە هاوپەیمانە عەرەبەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە هانى ئەمریکا دەدەن کە سزاکانى سەر سوریا لاببات و زەمینەسازى بکات بۆ گەڕانەوەى بۆریزى وڵاتانى عەربى ،وادیارە ئیدارەى بایدن گوێ دەگرێت بۆئاوا خواستێک تاڕادەیەک.
ئەمەش گۆڕانکارى و وەرچەرخانێکى گرنگە دواى ساڵانێکى زۆرى دابڕانى نێوان وڵاتانى عەرەبى و سوریا، کە ئەندامێتى سوریا لە کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى هەڵپەسارد، هەندێک لە وڵاتانى عەرەبى وەکو ئیمارات و عەرەبستانى سعودیەو ئوردن یارمەتى تاقمە چەکدارەبەناو ئۆپۆزەسیۆنەکانى سوریایان دەدا.
هەموو ئەو ڕوداوانە ئاکامى شۆرش و بەرخۆدانى خەڵکى سوریا بوو بۆ وڵاتێکى باشتر و ئازادلەسەروەختى بەهارى عەرەبى، بەڵام تاقم و گروپە تیرۆریستیەکان سوارى شەپۆلەکانى شۆرش بوون و لە ڕێڕەوى ڕاستەقینەى خۆی لایانداو، نیوەى خەڵکى ئەو وڵاتە ئاوارەو دەربەدەر بوون هەزارانیان لێ کوژرا و بریندار بوون، ملیۆنەهاشیان ئاوارەى وڵاتانى ئەوروپاو دراوسێکان بوون.
لە کۆتاییدا تا ئێستاش ڕوداوەکانى سوریا یەکلایى نەبووەتەوە هەرچەندە حکومەتى سوریا بەشى زۆرى خاکى سوریاى لە تاقم و گروپە چەکدارەکان پاک کردۆتەوە، خۆرئاواى کوردستان واتە ناوچەکانى باکورو خۆرهەڵاتى سوریا ئیدارەى خۆسەرى هەیە لە لایەن هەسەدەوە بە هاوکارى ئەمریکا هاوپەیمانەکانى دەپارێزرێت و هێزە توندڕەوەکانیش جێ پێیەکیان لە ناوچەى ئەدلیب هەیە لە باکورى سوریا کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت