ژیلوان بەکر: چریكه‌ی به‌یانی حه‌وشی گه‌وره‌.

ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێك بێت له‌ دێوانه‌یی، كه‌سانێكیش هه‌یه‌ ناوی ده‌نێن شێتی. به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان نیه‌و ڕاستی ڕه‌هایه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ینووسم ده‌قاوده‌ق ڕووداوه‌كه‌یه‌…
له‌ باپیرمه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ سه‌ره‌تای گرتبوو، ڕه‌نگ هه‌یه‌ به‌رله‌ویش هه‌روابووبێت، به‌ڵام من هیچم له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌ده‌زانی، چونكه‌ نه‌ ئه‌و كاتانه‌ لێره‌بووم و نه‌كه‌سیش بۆی گێڕاومه‌ته‌وه‌.
له‌وه‌ زیاتر له‌دڵه‌ ڕاوكێدا ناتانهێڵمه‌وه‌ و پرسیارگه‌لێكی زیاتریشتان لا درووست ناكه‌م.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تای باسه‌كه‌می پێده‌ست پێبكه‌م، كیژۆڵه‌یه‌كی وردیله‌بوو كه‌ ناوی ڕه‌وشت بوو.
ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی منی تیادا له‌دایك بووبووم، به‌ر له‌منیش باوكم به‌ هه‌مان شێوه‌ و باپیره‌شم هه‌ر له‌وێدا ژیابوو، كۆمه‌ڵه‌ ماڵێكی سه‌ر به‌یه‌كتربوون. هه‌ڵكه‌وته‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ زۆر سه‌یر و له‌به‌ردڵان بوو، خانه‌واده‌یه‌كی كریستیانی تیابوو، سڵێوه‌ و دایه‌ مه‌لیحه‌ دایك و باوكه‌كه‌ بوون، كه‌سانێكی زۆر شیرین بوون، ماڵباتێكی له‌وانیش پێشتر هه‌رله‌هه‌مان گه‌ڕه‌كدا ده‌ژیان، باوه‌ سالار و باجی ڕێزوار. باوه‌ سالار كاكه‌یی بوو، وه‌هاش ده‌یانگێڕایه‌وه‌ كه‌ دایه‌ ڕێزوار ئه‌هلی حه‌قه‌ بووه‌ و له‌گه‌ڵ باوه‌ سالار دڵ و دڵخوازی یه‌كبوون.
له‌سه‌ری ده‌روازه‌ی ئه‌وسه‌ری گه‌ڕه‌كه‌وه‌، ماڵباته‌كه‌ی مالوم`1` یاعقوب بوو، مالوم بنه‌جویه‌كی ده‌ست و دڵ گه‌لێك ڕه‌وانبوو، ئه‌هلی گه‌ڕه‌ك متمانه‌ی سه‌روسامانیان پێده‌كرد.
باپیره‌م چه‌ندین جار باسی ئه‌و كچۆڵه‌یه‌ی بۆ گێڕابوومه‌وه‌ كه‌ناوی ڕه‌وشت بوو، زۆر پرسیاری باوانی ڕه‌وشتم له‌ باپیره‌م پرسیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی له‌لام ڕۆشن بووبوه‌وه‌، كه‌ ڕه‌وشت به‌رله‌هاتنی باپیره‌م بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌و حه‌وشی گه‌وره‌یه‌دا `2` ژیابوو.
ئه‌و ده‌یوت كاتێك هاتۆته‌ ناو گه‌ڕه‌ك و سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیری بووه‌، ڕه‌وشت نزیكه‌ی حه‌وت هه‌شت ساڵانێك ته‌مه‌نی بووه‌، ده‌شیوت ڕه‌وشت سه‌ر به‌ هیچ له‌ ماڵباته‌كانی ئه‌و حه‌وشی گه‌وره‌یه‌ نه‌بووه‌، هه‌ر شه‌وه‌ی له‌ ماڵی یه‌ك له‌ خانه‌واده‌كانی گه‌ڕه‌كدا ماوه‌ته‌وه‌ و بۆ سبه‌ی چۆته‌ ئامێزی خێزانێكی تری گه‌ڕه‌ك. به‌ڵام گشت خانه‌واده‌كان ڕه‌وشتیان به‌ ئه‌ندامێكی سه‌ره‌كی خێزانی خۆیان زانیوه‌.
ئه‌و به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشتانه‌ی منداڵیم هه‌ر لامابۆوه‌، چه‌ندین ساڵ دوای ئه‌وه‌ش كه‌ باپیره‌م باروبارگه‌ی پێچایه‌وه‌ بۆلای په‌روه‌ردگاری، من هه‌ر له‌سه‌ودای ئه‌وه‌دابووم بۆچی ڕه‌وشت هه‌ر كیژۆڵه‌یه‌ و نه‌شونمای ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ره‌خۆیه‌؟ كاتی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارێتی و سه‌ره‌تای لاوێتیم بوو، پرسیارگه‌له‌كه‌م گواسته‌وه‌ لای دایكم و باوكم. چه‌نده‌م له‌ باپیره‌م بیستبوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شم له‌ وه‌ڵامه‌كانی دایك و باوكم هه‌ڵده‌كڕان.
باوكم تۆزێك جیاواز له‌ باپیره‌م كه‌م چیكڵانه‌تر بوو، زۆر به‌ باسه‌كاندا ڕۆنه‌ده‌چوو، كه‌ باسی ڕه‌وشتی بۆ ده‌كردم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌له‌سه‌رده‌می لاوێتی ئه‌ودا، ته‌مه‌نی ده‌ساڵان بووه‌، هه‌رهه‌مان ڕوخساری فریشته‌یی سه‌رده‌مانی باپیره‌شمی هه‌بووه‌.
دایكیشم له‌باسی ئه‌ودا به‌ شێوازێك ده‌هاته‌ دوو، كه‌سه‌رتاپا ژیانی به‌ خۆشی و خه‌نده‌ی ئه‌وه‌وه‌ گرێدراوبووه‌. ده‌یوت ( گه‌ر ڕه‌وشت نه‌بوایه‌، نه‌ده‌بوومه‌ خاوه‌نی تۆ و نه‌ براكانت، نه‌ خاوه‌نی خوشكیش ده‌بوویت. نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ش له‌ گه‌ڕه‌كدا، به‌ڵكه‌ هه‌موو، گه‌ر خه‌نده‌ و هاتوچۆی په‌ری ئاسای ڕه‌وشت نه‌بوایه‌، كه‌سێك نه‌بوو له‌م حه‌وشی گه‌وره‌یه‌دا ڕۆژێك به‌ ئاسووده‌یی بكاته‌وه‌ ).
ڕۆژان هات و ڕۆژان ڕۆی، منیش ته‌مه‌نم به‌ره‌وسه‌ر هه‌ڵده‌كشا، جار ناجاره‌ش، بۆ خوێندن یان بۆ سه‌ربازی له‌ گه‌ڕه‌ك دوور ده‌كه‌وتمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م كاتی سه‌ردانه‌وه‌م ده‌مبینی، ڕه‌وشت هه‌ر كیژۆڵه‌ نازداره‌كه‌ی جاران بوو، له‌ ناو خێزانه‌كاندا ده‌هات و ده‌چوو، هه‌ر شه‌وانێك له‌لای خێزانێك و بۆ شه‌وی داهاتووش لای خانه‌واده‌یه‌كی دی میوان و فێنكی دڵان بوو. سه‌رباری كاری سه‌ختی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك، كه‌سێك نه‌بوو له‌ ناو حه‌وشی گه‌وره‌دا ئێواران كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ، ڕه‌وشت له‌ ئامێز نه‌گرێ و هیلاكی و شه‌كه‌تی گیانی، به‌ ئامێزكردنی ئه‌و له‌جه‌سته‌ ده‌رنه‌كات. هه‌ر ئه‌ویش بوو، گڕوتینی ده‌دایه‌ ژیان و به‌رده‌وامی بۆ ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی سبه‌ینان.
بارودۆخێك هاته‌ پێش سه‌رتاپا دانیشتوانی گه‌ڕه‌ك، كه‌وتبوونه‌ ناڵه‌ و ناڕه‌زایی له‌ده‌ست موختاری بێ ئه‌رزش و به‌زه‌یی، موختار به‌زمێكی نابووه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كدا، كه‌س دڵنیای ژیانی خۆی نه‌بوو بۆ ڕۆژی داهاتوو، مه‌ردوومێكی گه‌لێك زۆردار و چاوچنۆك بوو، ته‌نها مه‌به‌ست هه‌ر خۆی بوو، كاتێكیش ده‌هاته‌ سه‌ر باسوخواس، وای پیشانده‌دا، گه‌ر ئه‌و نه‌بێت گه‌ڕه‌ك سه‌رتاپا به‌سه‌ر یه‌كدا داده‌ڕمێت و كه‌سیش ناتوانێت به‌ هه‌نده‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌ك و دانیشتوانی بپارێزێت له‌ ده‌ست ئه‌و ده‌سته‌ و دایره‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ناكه‌س به‌چه‌و سه‌رسه‌ری گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ر بوون.
كاروكاردانه‌وه‌ی موختار له‌ گه‌ڕه‌كدا، بووه‌ هۆی ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌ك له‌ناو خێزانه‌كاندا، كه‌س نه‌بوو شه‌وێك ئاسووده‌ سه‌ری بخاته‌ سه‌ر سه‌رینی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌وشت هێشتاكه‌ ئاوده‌نگی و ئاواتی گشت بوو هه‌رده‌م، موختاری دڵ پڕ له‌قین، سات له‌دوای سات، له‌هه‌ل ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وشت به‌ شێوازێك به‌ لاڕێدا به‌رێت و له‌ حه‌وشی گه‌وره‌ ته‌ره‌ی كات و دووری بخاته‌وه‌.
به‌ڵام دانیشتوانی ئه‌و حه‌وشی گه‌وره‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌یان ڕه‌وشت لامه‌به‌ست بوو، موختار به‌وهه‌موو ده‌سته‌ڵات و جه‌به‌رووته‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌یده‌توانی بگاته‌ تاڵێك له‌ كه‌زییه‌كانی ڕه‌وشت، نه‌ك ته‌ره‌ كردن و دووره‌ خستنه‌وه‌ی له‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك.
هه‌روه‌ك جاران به‌یانیان زوو، ڕه‌وشت خولیای یاری و وازی خۆی بوو له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشی گه‌وره‌دا، گۆرانی و به‌سته‌ی خۆی ده‌چڕی و باكی به‌ هه‌ژمونی موختار نه‌بوو.
موختاریش كاتی ڕۆژ و له‌ ڕووناكیدا، هه‌رچه‌نده‌ی ئه‌كرد و ئه‌كۆشا، ئازایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بوو لێی نزیك بێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رده‌م له‌بۆسه‌دابوو شه‌وانه‌ زه‌فه‌ری پێبه‌رێت، به‌ڵام خه‌ڵكانی حه‌وشی گه‌وره‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ تارمایی داده‌هات و به‌رله‌وه‌ی خۆر له‌كه‌لان بارگه‌ی خۆی تێنێ، هه‌رزوو به‌ گشتی له‌ده‌وری ڕه‌وشت له‌ ناوه‌ڕاستی گه‌ڕه‌كدا كۆده‌بوونه‌وه‌، ئه‌وسا یه‌كێك باوه‌شی ده‌كرد به‌ ڕه‌وشتدا و ئه‌و شه‌وه‌ خێزانه‌كه‌یان ده‌بووه‌ ئه‌و خۆشبه‌خته‌ی كه‌ ڕه‌وشت بۆ سبه‌ی له‌گه‌ڵ گزنگی به‌یانی چاوی هه‌ڵده‌هێنێ له‌ ناو ماڵیدا.
دیسان ڕۆژگار چه‌رخی گۆڕا، یه‌زدان ده‌روی میهره‌بانی كرده‌وه‌ به‌ڕووی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كدا، له‌دوای چه‌ندین ساڵ له‌ تاوان و كاری ناڕه‌وای موختار له‌ ناو حه‌وشی گه‌وره‌دا، به‌یانییه‌ك له‌ ناو جێگه‌ی خه‌ویدا ڕاست نه‌بۆوه‌ و گۆڕ گرتیه‌ خۆی.
بۆ ڕۆژانی داهاتوو شای و سه‌فا كه‌وته‌ گه‌ڕ له‌ ناو گه‌ڕه‌كدا، كۆمه‌ڵانێكیش له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ر، بوونه‌ هاوبه‌شی زه‌ماوه‌ند و گۆڤه‌نده‌كان. ڕه‌وشت ئه‌وكات ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ چوارده‌ ساڵان، به‌ڵام له‌و ڕۆژگارانه‌دا كه‌مێك له‌ جاران كزتر ده‌هاته‌ به‌رچاوان، كه‌سیش له‌ هۆكاره‌كه‌ ئاگادار نه‌بوو.
هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ به‌ چاوێكی پڕ گومانه‌وه‌ ده‌یڕوانیه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی هاتبوونه‌ نێو زه‌ماوه‌ندی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك.
هه‌رواش كه‌وته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ موختاری گۆڕبه‌گۆڕ، به‌ ناكه‌س به‌چه‌ و سه‌رسه‌ری ناوی ده‌بردن، هه‌ر ئه‌وان بوون، كۆمه‌ڵێكی چه‌قۆ وه‌شێن و هه‌تا سه‌ر ئێسكان داوێن پیس و نمه‌ك به‌ حه‌رام، بێمروه‌ت و هیچ له‌بارا نه‌بوو، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ خۆیان له‌ ناوه‌ندی حه‌وشی گه‌وره‌ گیر ده‌كرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر موڵك و ماڵی دانیشتووی گه‌ڕه‌كدا ده‌گرت به‌ زمانی لوس و درۆ هه‌ڵبه‌ستن.
ورده‌ ورده‌ دانیشتوانی حه‌وشی گه‌وره‌ خۆی له‌كه‌می ده‌دا و له‌جیاتی ئه‌وان، كه‌سانێكی هیچوپوچ جێگه‌یانی ده‌گرته‌وه‌. ئه‌و ده‌ورو زه‌مانه‌ سه‌رده‌مانێكی خایاند، ڕه‌وشت ئه‌و كاتانه‌ زۆر به‌كه‌می له‌ناو حه‌وشی گه‌وره‌ به‌ده‌رده‌كه‌وت، له‌ سه‌ره‌تادا جار هه‌بوو به‌ هه‌فته‌ نه‌ده‌بینرا و كه‌س گوێبیستی به‌سته‌ی نه‌ده‌بوو، تا وایلێهات هه‌فته‌كان بوونه‌ مانگ و مانگه‌كانیش بوونه‌ ساڵان.
دواجار ڕه‌وشت بۆ یه‌كجاری له‌ حه‌وشی گه‌وره‌دا دیار نه‌ما، هه‌ر هه‌مان بنه‌چه‌ پوته‌كان، پڕوپاگه‌نده‌ و ناو زڕاندنی ڕه‌وشتیان ده‌كرد. هه‌یان بوو لافی ئه‌وه‌ی لێده‌دا كه‌ ڕه‌وشت دوێنێ شه‌وێ تابه‌یان به‌ ژێر كراسێكه‌وه‌ له‌ ژێر لێفه‌ی دابووه‌ و له‌ باخه‌ڵیدا ڕۆژی كردۆته‌وه‌.
له‌ویش خوێڕی تریان هه‌بوو، درۆی هه‌ڵده‌به‌ست بۆی و ده‌یوت ( پارچه‌ جلی ژێره‌وه‌ی لای خۆی هێشتۆته‌وه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ی كاری ئابڕووبه‌رانه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام داوه‌).
ئه‌مێستاكه‌ش ده‌ساڵان زیاتره‌ به‌هیچ كلۆجێك، ڕه‌وشت له‌ هیچ سوچ و جێگه‌یه‌كی ناو حه‌وشی گه‌وره‌ و نزیك به‌وێشدا نه‌بینراوه‌، كه‌سیش نییه‌ هه‌واڵێكی درووستی لابێت، ته‌نانه‌ت نه‌وه‌یه‌ك درووست بووه‌ سه‌رگوزشته‌ی ڕه‌وشتیشی به‌هیچ جۆرێك نه‌بیستووه‌.
ئه‌وه‌ش كه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌ خه‌ڵكانی بنه‌ڕه‌تی حه‌وشی گه‌وره‌، هه‌ر یه‌كه‌یان یادگارییه‌كی بچكۆله‌ی ئه‌وی له‌لای خۆی حه‌شارداوه‌، یه‌كێك قردێله‌كه‌ی سه‌ری و ئه‌وی تریان خڕخاڵه‌ مورووه‌كه‌ی پای و هه‌ندێكیشیان ملیوانه‌كه‌ی ملیان ڕه‌واندبوه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان یه‌ك له‌ ده‌نكی شیلانه‌كانیان له‌لای خۆیان گلدابۆوه‌.
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك به‌ ئومێد بوون ،ئه‌مجاره‌شیان چه‌رخی چه‌پگه‌رد بسوڕێت و جارێكی دیش له‌ سپێده‌ی به‌یانێكدا، له‌ چریكه‌ی ده‌نگی ڕه‌وشتی ژیكه‌ڵه‌ له‌ نێوه‌ندی حه‌وشی گه‌وره‌ له‌ مۆته‌كه‌ی خه‌وی ڕه‌شیان به‌ئاگابێن.
`1` مالوم: به‌ شاره‌زای په‌یڕه‌وه‌كانی دیانه‌تی جوو ده‌وترێت مالوم.
`2`حه‌وشی گه‌وره‌: كۆمه‌ڵه‌ ماڵێك كه‌ گۆڕه‌پانێكی ناوه‌ڕاست كۆیان ده‌كاته‌وه‌.