عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: جه‌سته‌یه‌کی هه‌پروون.
شه‌وی 2- 3 – 9 – 1986 پێشمه‌رگه‌کانی تیپی 47 پیره‌مه‌گرون و چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کی مه‌ڵبه‌ندی 2، له‌سه‌عاتی سفردا ته‌واوی دام و ده‌زگاکانی ئۆردوگای ( کارێزه ) *یان گرت، به چه‌ند ده‌سکه‌وتێک گه ڕانه‌وه بۆ گاپیڵۆن.
دوای چه‌ند رۆژێك، تۆپخانه‌کانی سه‌ربازگه‌ی سوسێ و سارداو و قه‌ڵاچۆڵان و سوره‌قه‌ڵات و ماوه‌ت، تۆپ بارانی گونده‌کانی سه‌فره‌و زه‌رون و دۆڵی جافایه‌تیان کرد، فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی عێراق به بۆمبی هێشووی بۆردومانی گوندی (یاخسه‌مه‌ر) یان کرد.
ماڵی( مام هێرش ) جێگری سه‌رتیپی تیپی مه‌ڵبه‌ندی دوو، له نزیک مزگه‌وته‌که‌ی گوندی سه‌رگه‌ڵو بوو، دوای نیوه‌ڕۆکه‌ی تۆپ بارانی گوندی سه‌رگه‌ڵوکرا، یه‌که‌م تۆپ له پشتی ماڵی مام هێرش دا، رازاوخانی هاوسه‌ری مام هێرش و هێژاو هێڤا خۆیان گه‌یانده ژێرخانه‌که، بیستون ی برای مام هێرش له به‌رده‌م ژووره بچوکه‌که‌ی خۆی دا وه‌ستا بوو، مام هێڕش به خێرایی خۆی گه‌یانده حه‌وشه‌که، له‌و ساته‌دا کۆپته‌رێکی له قوڵایی ئاسمان له ئاستی سه‌رگه‌ڵو بینی، ره‌سه‌د بوو، به بیستونی وت: بچۆ ژووره‌وه، ئاراسته‌ی تۆپه‌کان رووه و ماڵی ئێمه‌یه.
هێشتا قسه‌که‌ی ته‌وا و نه‌کردبوو، دووه‌م توپ دای له بیستون، هه‌ردووکیان له ناو دوکه‌ڵ و ته‌پو تۆزه‌که‌دا ون بوون، دوو پارچه‌ی تۆپه‌که به‌ر رانی مام هێرش که‌وتبوو، فواره‌ی خوێنی نه‌ده‌وه‌ستا، ورده ورده دوکه‌ڵ و ته‌پ وتۆزه‌که ره‌وایه‌وه، مام هێرش به ده‌م ئازارێکی توندەوه، چاوی گێڕا بیستونی برای دیار نه‌مابوو، پڕ به گه‌رووی هاواری کرد: بیستون گیان له کوێی، فریام که‌وه؟
له ناکاو دیمه‌نی هه‌پرون هه‌پرونی جه‌سته‌ی بیستونی برای و پارچه‌ی گوله تۆپه‌که‌و جۆگه‌له‌ی خوینه‌که‌ی به جۆرێک ناخ و رۆحیان بریندار کرد، ئازاری برینه‌که‌ی خۆی له بیرنه‌ما، یاسین ی برای له لای مزگه‌وته‌که‌وه به‌راکردن گه‌یشته لایان له گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک مام هێرشیان گه‌یانده ماڵی حه‌مه جه‌زا له قزله‌ر، له‌وێ هه‌واڵیان بۆ باوکی نارد: مام هێرش برینداره، چاوه‌ڕووانتانه، سه‌ردانی بکه‌ن.
بۆ رۆژی دواتر باوک و براکه‌ی گه‌یشتنه قزله‌ر، باوکی مام هێرشی بینی، ناوچه‌وانی ماچ کرد.
-کوڕم که هه‌واڵه‌که‌تم بیست، به ته‌مات نه‌بووم، قه‌د بڕوام نه‌ده‌کرد، جارێکی تربت بینمه‌وه، وام ده‌زانی شه‌هید کراویت.
دوای تاوێ، وتی: هێڕش گیان، ئه‌وه بیستون ی برات بۆ دیار نیه، له کوێ یه؟
مام هێرش زمانی به جۆرێک به‌سترابوو، یه‌ک وشه‌ی بۆ نه‌وترا، دوو دڵۆپ فرمێسک به چاوه‌کانی دا هه‌ته خواره‌وه.
باوکی و براکه‌ی به قوڵپی گریان و هاواره‌وه، باوه‌شیان به مام هێرش دا کرد، پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌ستی گرتن، دووری خستنه‌وه.
ئاگاتان له برینه‌که‌ی مام هێرش بێت، زۆر قوڵه، با ئازاری پێ نه‌گات.
مام هێرش پێشمه‌رگه‌یه‌کی له‌قزله‌ره‌وه نارد بۆ ماڵی خۆیان له سه‌رگه‌ڵۆ بۆ ئه‌وه‌ی جله‌کانی بۆ بێنێ، ژنێکی دراوسێیان که پێشمه‌رگه‌که‌ی له به‌ر ده‌رگاکه بینی پێی وت:
کوڕم پێشمه‌رگه‌کان هه‌موو پارچه‌کانی جه‌سته ی بیستون یان کۆ کردوه‌ته‌وه، ته‌نیا چه‌ند پارچه‌یه‌ک به‌و دره‌خته‌وه ماوه، که‌س ده‌ستی پێ ناگات، پشیله هه‌راسانی کردوین.
سه‌رچاوه و په‌راوێز :
ئه‌م زانیاریه‌م له پێشمه‌رگه‌یه‌کی گوم ناوه‌وه پێ گه‌یشتووه.
*گرتنی داموده‌زگاکانی ئۆردوگای کارێزه به سه‌رپرشتی قادری حاجی عه‌لی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2 بوو، یه‌که‌م RbG شۆڕش ئیسماعیل ی سه‌رتیپی 47 پیره‌مه‌گرون نای به مه‌رکه‌زی پۆلیسه‌که‌وه، سالار دره‌یی قفڵی ژووری زیندانه‌که‌ی شکاند، محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌لی بێژوێ یان له زیندان ئازاد کرد، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا، محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌لی به پارچه‌ی هاوه‌نێک شه‌هید کرا./ سه‌رکه‌وت ی جیهاز.
* محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مه‌حمود، ناسراو به (مام هێرش )، له 1954 له گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قام له سلێمانی له‌دایک بووه، له 10 / 10 / 1976 رووی کردوه‌ته شاخ و بووه به پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌کان، له 1978 له تراژیدیای کاره‌ساتی هه‌کاری دا بووه، له 1979 فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی نه‌به‌ردییه‌کانی ناوشار بووه و چه‌ند جاسوس و خائینی به سزای گه‌ل گه‌یاندووه، وێنه‌ی مام هێرش له‌لای ئه‌منی سلێمانی بوو بۆ ده‌سگیر کردنی، ئه‌منی سلێمانی به هاوکاری جاسوسێک ده‌سگیری ده‌که‌ن، ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌ده‌ن، هیچ نهێنیه‌ک نادرکێنێ، دوای چه‌ند مانگێک، شه‌وێک له زیندانی حامیه‌ی سلێمانی به هاوکاری یاسین مام بایز و 4 زیندانی تر ده‌رباز ده‌بن، روو ده‌که‌نه شاخ، له 1981 کراوه به فه‌رمانده‌ی که‌رت له مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ری، دواتر گوێزرایه‌وه بۆ شارباژێر. له 1986 کرابه جێگری تیپی مه‌ڵبه‌ندی دوو له سه‌رگه‌ڵو، له 1987 کرا به جێگری فه‌رمانده‌ی تیپی 17 ی زمناکۆ له مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک، به‌شداری شه‌ڕه‌کانی سنوری سه‌رکردایه‌تی و کاره‌ساتی هه‌کاری و شه‌ڕی قه‌یوان – ماوه‌ت، شه‌ڕی سه‌رجاده‌ی سلێمانی و گرتنی قه‌ره‌داخ ی کردوه، له شه‌وی 9/10- 11- 1987 له شه‌ڕێک دا له گوندی چه‌رمه‌گا شه‌هید کرا / یاسین ی برای شه هید مام هێرش.
* بێستون ئه‌حمه‌د مه‌حمود، ناسراو به (مام شۆڕش )، له ساڵی 1958 له گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قام له سلێمانی له‌دایک بووه، له ساڵی 1977 رووی کردوه‌ته‌شاخ و بووه‌به پێشمه‌رگه. فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه بوو له گه‌ڵ مام هێرش ی برای. له 10- 4- 1986 له تۆ پبارانی سه‌رگه‌ڵو شه‌هید کرا/ یاسین ی برای شه‌هید مام هێرش.
وێنه‌که: شه‌هید بیستون و شه‌هید مام هێرش
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه هروئەنفال، سێیه‌مین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئەنفال، سێ یه‌مین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ڕەشهبای ژه‌هر ئەنفال، سێیه‌مین تاوانی جینۆسایده له جیهان / بەشی دووەم.
- All Posts