هوشیار ئەحمەدی: هیچ نەتەوەیەک وەک کورد دەستخەڕۆی حیزبایەتی نیە!

بڕوام وایە، هیچ نەتەوەیەک بە قەد کورد، بە دەست حیزب و سیاسییەکانیەوە گیری نەخواردووە و زەرەرمەند نەبووە.
حیزب ساز ساز دەبێ، خەڵک لە دەور ئامانجی باڵا کۆبکاتەوە. ناو کوردا عەشیرە و ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و تەکیە و خانەقا، گەورەترین ئافەتی یەکڕیزیی کورد، بۆ ڕزگار بوونی و بۆ ساز کردنی دەوڵەت وەک ئامانجی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بوون.
حیزب وەک قەوارەی مۆدێڕنی ڕێکخستن هاتە ناو کوردیش. هیوایەکی نوێی بە بەر خەباتکاران و ڕزگاریخوازانا کردەوە. هەموو ئەوانەی شارەزاییان لە ئەزمونی حیزب لە ئۆروپا هەبوو، پێیانوابوو ئەو قەوارە مۆدێڕنە ئەتوانێ کوردیش بە دوور لە دابەشکاری و دابەشکراویی خێڵ، عەشیرە، تایفە، دین، مەزهەب، تەرێقەت ، ناوچە، شار و… لە دەوری ئامانجێکی مەزن و باڵای نەتەوەیی، نیشتمانی کۆبکاتەوە، کەچی زۆر بەداخەوە حیزبیش خۆی بووە بەڵا و ئافەتێ بۆ نایەکگرتوویی، نایەکڕیزی و لە ئەنجاما پەرشوبڵاویی ڕیزی خەباتکاران و ڕزگاریخوازانی کورد.
ئێستا هەرچی سەێری ئەزمونی حیزبایەتی و دەسەڵاتداریی کورد لە باشووری کوردستان و حیزبایەتی لە ڕۆژئاوا، باکوور و بە تایبەتتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەکەم، ناگەشبینتر ئەبەم بە داهاتووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەم.
گەرچی بڕوام وایە ڕۆژێ ئێمەش تێدەگەین و لەم قۆناغەش تێدەپەڕین، بەس دڵنیاشم ڕێگایەکی دوورمان لە پێشە. بە لێکتێگەییشتن، لێبوردەیی، مێشک فراوانی زیاتر، ئەمانتوانی ئەرکی سەرشانی نەوەکانی داهاتوومان سووکتر بکەین، بەڵام بە کەللەڕەقی، ناتێگەییشتوویی، لێنەبوردەیی، خۆپەرستی، بەرچاوتەنگی بەناو ڕێبەران، سیاسییەکان و بەرۆکدارانی حیزبەکانمان، قوڕی نەسڵەکانی داهاتوومان خەستتر لە ڕابوردوو کردووەتەوە.
مێژوومان بەڵگە ئەبێ، بۆ شەرمەزاریمان لە ئاست داهاتووەکانمان.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies