هیوا ناسیح: ڕۆژنامه‌نوس یان قه‌ڵه‌مپۆلیس؟
ئه‌وه‌ی هه‌ندێک ته‌مه‌نی هه‌بێ و بیری مابێت، سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عس، کاتێک سه‌دامی تاکڕه‌و و دیکتاتۆر وتارێکی بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی حزبی، حکومی یان جه‌ماوه‌ری ده‌دا، وه یان سه‌ردانێکی بۆ شوێنێک ده‌کرد، ئیتر بۆ رۆژی داهاتوو لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌تای رۆژنامه و گۆڤاره‌کان پڕ ده‌بوون له جۆره‌ها وتاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی رۆژنامه‌نوسه ده‌رباره حزبییه‌کان، بۆنمونه سه‌روتاره‌کانیان ئاوا بوون: سه‌رۆک چ چی گوت؟، سه‌رۆک مه‌به‌ستی چی بوو؟ حیکمه‌تی وته‌کانی سه‌رۆک، سه‌رۆک و ئه‌زمونێکی نوێ، سه‌رۆکێکی نمونه‌یی، گرنگی سه‌ردانی سه‌رۆک بۆ و… هتد، ئیتر له‌م جۆره، ناوه‌ڕۆکی وتاره‌کانیش هه‌ر پیاهه‌ڵدان و ستایش بوو بۆ (سه‌رۆک)! ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ش دیار بوون، هه‌مان ئه‌وانه بوون، که شه‌وان وه‌ک چاودێری سیاسی و توێژه و شاره‌زای بواری چی و چی ده‌خرانه سه‌ر شاشه و باسیان له گه‌وره‌یی و حیکمه‌تی سه‌رۆکی و حزبی قائید ده‌کرد.
ئه‌م وتارانه له‌لایه‌ن ئه‌و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره دهربارانهوه ده‌نوسرا، که سه‌ر به‌حزبی به‌عس بوون و له داموده‌زگا میدیاییه‌کانی حزب و حکومه‌تدا کاریان ده‌کرد. خۆیان مووچه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام بۆ هه‌ر وتارێکیش، که به پێوانه‌ی ده‌ستوپێوه‌ندی سه‌رۆک به‌هێز بووایه و چاک هه‌ڵیدایه به‌باڵای سه‌رۆکدا، به‌خشیش – مه‌کره‌مه یان ڕاستتر شاباش ده‌دایێ. دیاره مێژوو سه‌لماندویه‌تی، له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنکاتێکدا سه‌رۆک حزب و حکومه‌ت، که خۆسه‌پێن و نادیموکراتی و نادادپه‌روه‌رن پێویستییه‌کی زۆریان به‌م تایپه له رۆژنامه‌نوسی ویژدانفرۆش و قهڵهمههڕاجکهر هه‌یه، تا ڕووی دزێوی خۆیانی پێ ئارایشت بکه‌ن و ڕه‌ش و سپی له خه‌ڵک بگۆڕن. تاوه‌کو به گه‌له‌که‌یان بڵێن: ئه‌ها نوسه‌ران چۆن پیاماندا هه‌ڵده‌ده‌ن، ببینن ئێمه چه‌ند خزمه‌تگوزار و میهره‌بان و دڵناسک و دادپه‌روه‌رین!
به‌ڵگه‌نه‌ویسته نوسین په‌یامێکی مه‌عریفییه، ده‌بێت بیگه‌یه‌نێت، واته له نوسیندا په‌یامێک هه‌بێت، که خزمه‌ت به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بکات، دیدو تێڕوانینی عەقڵانی پێشکەش بە کۆمەڵگاکەی بکات، جا له هه‌ر بوارێک‌دا بێت، زانستی بێت، هه‌ڵوێستێکی مرۆڤ و ژینگه‌دۆستانه بێت، ده‌کرێت ئه‌مه هه‌ڵوێستی سیاسی بێت، وه‌ک دژ به چه‌وساندنه‌وه و تیرۆر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، یان ره‌خنه بێت له کاربه‌ده‌ست، ده‌زگا یان حکومه‌تێک.
دیاره ده‌سته‌ڵات له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا چۆن پێویستی به له‌شکری سوپا و پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری هه‌یه، ئاوهاش پێویستی به سوپایه‌کی قه‌ڵه‌موه‌شێن و میدیایی و راگه‌یه‌ندکار هه‌یه. تا له ڕووی راگه‌یاندنه‌وه به‌رگری له‌خۆی بکات و رووبه‌ڕووی ئه‌و رۆشه‌نبیر و رۆژنامه‌نوسانه ببێته‌وه که به قازانجی به‌ره‌ی گه‌ل له دژی ده‌نوسن، یان ره‌خنه‌ی رادیکالانه‌ی لێ ده‌گرن. قه‌ڵه‌مپۆلیس نانیان که‌وتۆته ڕۆنه‌وه و ئیمتیازاتی زۆریان بۆ هه‌ڵده‌ڕێژرێت. هه‌ندێک له‌وان له پێشدا له‌به‌ره‌ی گه‌لدا بوون، ژیانی ئاسایی و هه‌ژارانه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده قه‌ڵه‌م و ویژدانیان فرۆشت و سه‌نگه‌ریان برده لای ده‌سته‌ڵات، ژیان و گوزه‌رانییان له‌گه‌ڵ پێش خۆفرۆشتنهکهیاندا به‌راورد ناکرێت!
ئه‌م سوپایه‌ی باسمان کرد، فێرده‌کرێن، وه‌ک شاگردانی ڕێبازه‌که‌ی گۆبلز، له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه هه‌موو پشتگیرییه‌ک ده‌کرێن، جاروبار زانیاریی و داتا و ئاماری وایان ده‌خرێته به‌رده‌ست، که هه‌رگیز ناگاته ده‌ستی رۆژنامه‌نوسانی جددی و که‌سانی بێلایه‌ن و ره‌خنه‌گر. پێدانی ئه‌م زانیارییانه تا ڕاده‌ی نهێنی و هه‌واڵگرییش ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕسازی (مارکێتینگ) بۆ نوسینه‌کانیان بکات و خوێنه‌ریان زۆر بێت.
شه‌وانه‌ش زۆربه‌ی ئه‌مانه له رێگه‌ی که‌ناڵه ئاسمانییه زۆروبۆره زه‌رده‌کانی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌هێنرێنه سه‌ر شاشه و وه‌ک رۆژنامه‌نوس، لێکۆڵه‌ر، سیاسی، مامۆستای زانکۆ و چی و چی ده‌ناسێنرێن، ئیتر ده‌ست ده‌که‌ن به بهناپاککردن (ته‌خوین)ی رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رانی به‌ره‌ی گه‌ل و به‌ڕاست و چه‌پدا تۆمه‌تیان بۆ ده‌به‌خشنه‌وه، که‌سه‌ر به‌ملا و به‌و لان و هانده‌درێن و خوێندنه‌وه‌ی واقعیان نییه بۆ ره‌وشی کوردستان و دژی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یانن و… هتد.
له باشوری کوردستانیشدا ده‌بینین ئه‌م دیارده‌یه له په‌ره‌سه‌ندندایه، سه‌یر ئه‌وه‌یه، تا ده‌سته‌ڵات خۆسه‌پێنتر و پۆلیسیتر بێت، ئه‌وه‌نده زیاتر پێویستیان به‌م جۆره زڕهنوسهرانه ده‌بێت. ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات هه‌موو شتێکیان بۆ فه‌راهه‌مده‌کات و هه‌میشه دیار (بارز)یان ده‌کات و تیشکۆ (فۆکه‌س)ی راگه‌یاندنیشیان ده‌خاته سه‌ر، تا زیاتر بناسرێن و وه‌ک که‌سایه‌تی ئیعتیباریان بۆ دروست ببێت. ئه‌مانه که‌وتونه‌ته نوسینی بهندهوتار (مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه: وه‌ک به‌ندی پیاهه‌ڵدانی شایه‌ر و گۆرانی فۆلکلۆره) بۆ دوو عانه سڵ له هیچ ناراستگۆریی و نابابهتییبونێک ناکه‌نه‌وه. بۆ نمونه دێن سه‌ردانی مه‌یدانی سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ گه‌ڕه‌که لافاوبردوو و زیانلێکه‌وتووه‌کانی هه‌ولێر وه‌ک ئه‌زمونێکی زۆر بێوێنه و کاری ئه‌فسانه‌یی باس ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی تۆزێک به‌ویژدان و بابه‌تییانه لێیبڕوانێت، که ئه‌مه ئه‌رکێکی زۆر ئاسایی و نۆرماڵه، گه‌ر نه‌یکات که‌مته‌رخه‌مه، پاشان هه‌ر سه‌ردان به‌س نییه، گه‌ر دوای سه‌ردانه‌که به‌دواداچوون بۆ روودانی لافاوه‌که نه‌کات، وه‌ک هۆکاری نه‌بوونی زێراب و که‌ناڵی ئاو له‌و گه‌ڕه‌کانه، که له لایه‌ن کۆمپانیا حزبی و حکومییه‌کانه‌وه دروستکراون، که‌مته‌رخه‌مییه‌کی گه‌وره‌یه.
خۆش ئه‌وه‌یه هێشتا ئه‌مان دێن ره‌خنه له چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسانی به‌ره‌ی گه‌ل ده‌گرن، که گوایا کینه و گرێیان به‌رامبه‌ر حزبه‌که و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه، بۆیه هه‌میشه ره‌خنه ده‌گرن، به‌ڵام ناپرسن هۆکاری ره‌خنه‌گرتنی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌نوسان چییه، گه‌ر هه‌بێت (گرێ) بۆ هه‌یه، ئایا له‌به‌ر هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌هامه‌تی و بێدادی و بێمافی گه‌له‌که‌مان نییه؟ یان کێشه‌ی که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییان له‌گه‌ڵ حزب و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه؟
کێشه له‌وه‌یه ئێستا وتاره‌کانی ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ده‌یان که‌ناڵی حکومی و سێبه‌ر، له سایت و رۆژنامه بێلایه‌ن و ئه‌هلییه‌کانیشدا بڵاوده‌کرێنه‌وه به‌ناوی لیبراڵیبوون و ئازادی، به‌م شێوازه به‌رێوبه‌رانی ئه‌و سایتانه پێبزانن یان نا، راسته‌وخۆ سود به به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌گه‌یه‌نن. ئاخر زۆر ده‌مێکه ئه‌م تایبه له رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر له رۆژئاوا و وڵاتانی پێشکه‌وتوو باوی نه‌ماوه، چونکه که‌س شتیان بۆ بڵاوناکاته‌وه. بگره که‌ناڵێک گه‌ر ته‌رویج بۆ فاشییه‌ت و دیکتاتۆرییه‌ت بکات به پێی یاسا داده‌خرێت.
هه‌رگیز نابینی ئه‌مانه ره‌خنه‌یه‌کی جددی له ده‌سته‌ڵات و حزبه‌که‌یان بگرن، به‌ڵکو هه‌ر خه‌ریکی ئارایشتی سه‌رانی ده‌سته‌ڵات و پینه‌وپه‌ڕۆی که‌موکوڕی و نارێکییه‌کانی حزب و حکومه‌تن. نابینی قسه‌ی جددی له‌سه‌ر دۆسییه هه‌ستیار و گه‌رمه‌کان بکه‌ن، وه‌ک زیندانییانی سیاسی بادینان، نه‌بوون یان دره‌نگکه‌وتنی مووچه، هێرش و داگیرکاری تورکیا و هاوکارییکردنییان، کۆچی به‌لێشاوی گه‌نجان و خێزانه‌کان به‌ره‌و ئه‌وروپا، نادادپه‌روه‌ری و لایه‌نگیری دادوه‌رو دادگاکان بۆ حکومه‌ت و حزب و… هتد. خۆ مه‌گه‌ر بۆ کاری هه‌واڵگری و ڕاپۆرتنوسین بنێردرێن، ئه‌گینا هه‌رگیز نایه‌ن به‌شداری خۆپیشاندان دژ به نه‌دانی مووچه و که‌می خزمه‌تگوزاری، یان یاده‌وه‌ریی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م یان هه‌ر شتێکی تر که ڕووی له حزبه‌که‌یان و حکومه‌ت بێت، بکه‌ن.
کاتێک مرۆڤ ئه‌وه‌نده خۆی بچوک بکاته‌وه، ویژدانی هه‌ڕاج بکات و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بۆ داکۆکی له ده‌سته‌ڵاتی نانیشتمانی و نادادپه‌روه‌ر و سه‌رۆکی حکومه‌تی پۆلیسی و سه‌رۆکی حزبیی مافییایی بخاته‌کار، ئیتر ده‌بێت چ سایت و ده‌زگا راگه‌یاندنه ناحزبیی و ئه‌هیلییه‌کان و چ خوێنه‌ریش بایکۆتی ئه‌م پۆلیس – نوسه‌رانه بکات. ئاخر خۆ ده‌کرێت مرۆڤ ئینتمایه‌کی سیاسی یان حزبیشی هه‌بێت، سه‌ر به حزبێکی ده‌سته‌ڵاتیش بێت، به‌ڵام جۆرێک له هاوسه‌نگی و عه‌قڵانییه‌ت و بابه‌تیبوون به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و نوسینیدا زاڵ بێت. له ئه‌وروپا ئه‌ندام و کادرانی حزب هه‌ن که هه‌ندێکجار 180 پله به پێچه‌وانه‌ی ستراتیج و به‌رنامه‌ی حزبه‌که‌یانه‌وه ده‌نوسن و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن. به‌مه‌ش جوانتر و ڕێزلێگیراوتر ده‌بن لای خوێنه‌ر و کۆمه‌ڵگاکه‌یان، ئاخر ئه‌وان ویژدان و پره‌نسیپ و بیروهه‌ستی زیندویان ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن نه‌ک گیرفانیان.
هه‌ڵبه‌ت دواجار هه‌ر که‌س به‌ده‌ست خۆیه‌تی، که قه‌ڵه‌مه‌که‌ی هه‌رزانفرۆش بکات خه‌ڵک بێز له نوسین و هه‌ڵوێسته‌کانی بکه‌نه‌وه، یان بیخاته خزمه‌ت گه‌ل و خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت و به‌شمه‌ینه‌ت ومافخوراو و به تامه‌زرۆییه‌وه بیخوێنێته‌وه. دڵنیاشم رۆژێک دادێت، وه‌ک چۆن ئێستا قهڵهمپۆلیسهکانی کاتی رژێمی به‌عس ڕوویان نایه‌ت باسی رابردوویان بکه‌ن، ئه‌مانیش ئاوا شه‌رم له رابردووی بیر و قه‌ڵه‌مه‌که‌یان بکه‌نه‌وه.