عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: عه‌لی مه‌ردان و یاده‌وه‌رییه‌کانی.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ده‌مێک بوو خولیام بوو دیدارێک له‌ گه‌ڵ مامۆستای هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان، پێشه‌نگی مه‌قام و گۆرانی کوردی ساز بکه‌م، ئه‌و کاته‌ قوتابی بووم، خه‌ون و هه‌وڵه‌کانم، له‌ توانای دیاری کراوی من گه‌وره‌تربوون، مامێکی دایکم ماڵیان له‌ گوندی( دێ کۆن )ی خورماڵ بوو، هات بۆ ماڵمان له‌ گه‌ڕه‌کی به‌رانان، شه‌وه‌که‌ی رووی کرده‌ باوکم و وتی: وه‌ک جوتیارێک مه‌کینه‌ی عه‌نته‌رم بۆ ده‌رچووه‌، نوسراویان بۆ کردوم، به‌ڵام من هیچ شاره‌زای به‌غداد و کۆمپانیای مه‌کینه‌ی عه‌نته‌ر ‌ نیم، به‌ڵکو عه‌بدوڵا له‌ گه‌ڵمدا بێت، کاره‌کانم بۆ هه‌ڵسوڕێنت و مه‌کینه‌ی عه‌نته‌ره‌که‌م بۆ وه‌ربگرێ.
منیش وتم: ئاماده‌م، به‌ مه‌رجێ، دوای ئه‌وه‌ی کاره‌کانم هه‌مووی بۆ ته‌واو کرد و مه‌کینه‌که‌م بۆ وه‌رگرت، بواری من بدات سه‌ردانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بکه‌م، دیداری له‌ گه‌ڵ ساز بکه‌م، مام داواکه‌ی په‌سه‌ند کردم.
ده‌مه‌و به‌یان، پێش زه‌رده روومان کرده‌ گه‌راج و سواری پاسی به‌غداد بووین، له‌ به‌غداد هه‌موو کاره‌کانم به‌ چه‌ند رۆژێک بۆ ته‌واوکرد، مه‌کینه‌ی عه‌نته‌ره‌که‌ی بۆ ده‌رچوو، له‌ شه‌قامی سه‌عدون، به‌ مامم وت: با پێکه‌وه‌ بچین سه‌ردانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بکه‌ین
وتی: من ماندووم ناتوانم بێم.
وتم: باشه‌ مامه‌ گیان، تۆ له‌و چایخانه‌یه‌ دانیشه پشوو بده‌، خۆم ده‌چم، دوایی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ خزمه‌تت.
وتی: بڕۆ به‌ڵام زۆرت پێ نه‌جێت.
له‌ دڵی خۆم دا وتم، ماڵی ئه‌و له‌په‌ڕی به‌غدایه‌، چۆن وا به‌ زوویی ئه‌م دیداره‌، ته‌واو ده‌بێت
به‌خێرایی له‌ ساحه‌ی ته‌حریر، ده‌فته‌رێک و قه‌ڵه‌م جافێکم کڕی، سواری پاسی به‌غداد جدیده‌ بووم، له‌ رێگا پرسیاره‌کانم له‌ ده‌فته‌ره‌که‌دا تۆمار کرد، له‌ به‌غداد جدیده له‌ نزیک سینه‌مایه‌ک دابه‌زیم، له‌وێووه‌ رووم کرده‌ گه‌ڕه‌کی ته‌ل محه‌مه‌د، به‌ هه‌واڵ پرسین به‌ چه‌ند کۆڵانێکدا تێپه‌ڕم، له‌ دوا ماڵ دا، به‌رامبه‌ر به‌ شوێنه‌وارێکی دێرین، رووبه‌رووی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بومه‌وه‌، له‌ سه‌ر کورسییه‌ک له‌ به‌ر ده‌رگاکه‌ دانیشت بوو، خه‌می زه‌مانه‌ و بێ نازی مه‌قام و به‌سته‌ی کوردی به‌ روخسارییه‌وه‌ دیار بوو.
دوای ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی کتێبه‌که‌م بۆ باس کرد، له‌ سه‌ر ویستگه‌ جیاجیاکانی ژیانی له‌ دنیای قورئان خوێندن و مزگه‌وت و ته‌کیه‌وه‌ بۆ دنیای هونه‌رو گۆرانی و مه‌قام و به‌سته‌ و هۆڵه‌کانی هونه‌رو ئیستگه‌ی کوردی به‌غداد، هه‌موو پرسیاره‌کانی نیو ده‌فته‌ره‌که‌م بۆ خوێندوه‌، پرسیاره‌کانی به‌ دڵ بوو، یاده‌وه‌رییه‌کانی ناخ و رۆحی هه‌ژاندو وتی: ئیستا ته‌ندروستیم باش نییه‌، نه‌خۆشم، ئه‌م پرسیارانه‌ی تۆش پێویستی به‌ کات و بیرکردنه‌وه‌یه‌، نابێ په‌له‌م لێ بکه‌یت، نزیکه‌ی دوو سه‌عات زیاتر به‌ یه‌که‌وه‌ گفتو گۆمان کرد.
دوای چه‌ند مانگێک له‌ هاوینی 1978 جارێکی تر سه‌ردانی ماڵی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم کردەوه‌، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی له‌ شریتێکدا بۆی تۆمار کردبووم، نیوه‌ڕۆ بوو زۆر خوڵکی کردم پێکه‌وه‌ نان بخۆین، به‌ڵام من له‌ خۆشی وه‌ڵامی پرسیاره‌کان، نانم بۆ نه‌ده‌خورا، ماڵئاوایم لێکرد.
له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ ناوپاسه‌که‌دا باڵی خه‌یاڵ گه‌ڕاندمییه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده.
عه‌لی مه‌ردان له‌ ناو مزگه‌وت و ته‌کیه‌کانه‌وه‌، فێری قورئان خوێندن و هه‌موو مه‌قامه‌کان بوو، هونه‌ری مه‌قامی کوردی به‌ جۆرێک هه‌ست و نه‌ست و ناخ و رۆحی داگیرکرد، بوو به‌ رێره‌وی سه‌ره‌کی هه‌موو به‌رنامه‌ی ژیانی، کوردو هونه‌ری کوردی، قه‌رزاری ئه‌و سامانه‌ گه‌وره‌و له‌ بن نه‌هاتوه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌.

*ئه‌و شریته‌ ، چه‌ند ساڵێکه‌ لای هاوڕێ ئازیزم کاک محه‌مه‌دی مه‌ردان –ه‌ ، له‌ کۆمه‌ڵه‌ی که‌له‌پووری کورد له‌ سلێمانی ..

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت