پەیماننامەی ڕێکخراوی باکووری ئەتڵەسی (NATO ناتۆ).

تایبەت بە وتاری کورد/ حەسەن ڕازانی بە کوردی کردووە.
تێبینی: ئەم پەیماننامەیە لە 4ی نیسانی 1949 لە واشنتۆن واژۆی لەسەر کرا و لە لایەن ئەنجومەنی پیرانیشەوە لە 21ی تەمووزی 1949 پەسند کرا. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە 25ی تەمووزی 1949 ڕەزامەندی لەسەر دەربڕی ولە 25ی تەمووزی 1949 یش ئەسپاردەی واشنتۆن کرا. هەروەها لە 24ی ئابی 1949 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. وە لە 24ی ئابی 1949 لە لایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ڕاگەیندراو هەندێک زیادەی پێوە نرا بۆ ئەوەی یۆنان و تورکیاش لەخۆبگرێت. هەروەها بەندی 6ی لێ دەستکاری کرا بە پێی پرۆتۆکۆڵی 17ی ئۆکتۆبەری 1951 بۆ ئەوەی ئەڵمانیای یەکگرتوو لە خۆبگرێت.
لایەنەکانی ئەو پەیماننامەیە، باوەڕیان بە ئامانج و پڕنسیبەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئارەزووی ژیان بە ئاشتی لە گەڵ هەموو گەلان و حکومەتەکان سەر لەنوێ دووپات دەکەنەوە. لایەنەکان سوورن لە پاراستنی، کەلەپووری هاوبەش و شارستانییەتی گەلەکانیان کە لەسەر پڕنسیپەکانی دیموکڕاسی و ئازادی تاک و سەروەری یاسا دامەزراوون. ئەوان هەوڵی بەهێزکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەی باکووری ئەتڵەسی دەدەن. ئەوان سوورن لەسەر یەکخستنی تێکۆشانیان لە پێناوی بەیەکەوە بەرەنگاری هەروەها بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش. هەرلەو پێناوەشدا ئەوان لەسەر ئەو پەیماننامەیەی باکووری ئەتڵەسی ڕێککەوتوون.

بەندی 1
لایەنەکان پابەند دەبن، هەر وەک لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێگیرکراوە، هەموو کێشەیەکی نێودەوڵەتی کە دەگونجێت خۆیان تێیدا تێوەگلابن بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە چارەسەربکەن کە ئاشتی و ئاساییش و دادپەروەریی لە جیهاندا نەخاتە مەترسییەوە، هەروەها بەکارنەهێنانی هەڕەشەو هێز بە هیچ شێوەیەک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا کە نەگونجێت لە گەڵ جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

بەندی 2
لایەنەکان بەشداردەبن لە گەشەپێدانی زیاتری ئاشتیانەو دۆستانەی پەیوەندییە نێودەودەوڵەتییەکان لەڕێگەی بەهێزکردنی دەزگا ئازادەکانیان، لەڕێگەی بەدەستهێنانی تێگەییشتنێکی باشتر لەو پڕنسیپانەی کە ئەو دەزگایانەیان لەسەر بنیات دەنرێن، هەروەها لەڕێگەی فەراهەمکردنی بارودۆخی سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی. ئەو لایانانە تێدەکۆشن بۆ کۆتاییهێنانی کێشە لە سیاسەتی ئابووری نێودەوڵەتییاندا و هاندانی هاوکاری ئابووریانە لە نێوانی هەر یەکێکیان یان هەموویاندا.

بەنی 3
لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی ئەو پەیماننامەیە، بە شێوەیەکی باشتر، لایەنەکان بە تاک وبە یەکەوەش، لە ڕێگای ئامڕازەکانی پشتبەخۆبەستنی بەردەوام و چالاکانە وهاوکاری یەکتری، توانای فەردی و بە کۆمەڵیان بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆ بگرن لە بەرامبەر هێرشی چەکداریدا.
بەندی 4
لایەنەکان بە یەکەوە ڕاوێژ دەکەن هەرکاتێک، کە بە ڕای یەکێکیان، ئاشتی ناوچەکە، سەربەخۆیی سیاسی ، یان ئاساییشی یەکێک لە لایەنەکان بکەوێتە بەر هەڕەشە.

بەندی 5
لایەنەکان کۆکن کە هەر هێرشێکی چەکداری لە ئەوروپا یان باکووری ئەمریکا لە دژی یەکێکێکان یان زیاتر دەبێ وا دابنرێ کە لە دژی هەموویانە و هەر بۆیەش هەموویان کۆکن، ئەگەر هێرشێکی چەکداری لەو شێوەیە ڕووبدات، ئەوا هەر یەکێک لەو لایەنانە، لە چوارچێوەی مافی بەرەنگاری لەخۆکردن بە تاک و بە کۆمەڵ، کە لە بەندی 51ی بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەەکاندا دانی پێدانراوە، هاوکاری ئەو لایەنە یا لایەنانەی کە هێرشەکەیان کراوەتە سەر دەکەن، دەبێ دەستبەجێ بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر ڕێکاری خۆیی پێویست بگیرێتەبەر، جا لە نێو ئەو ڕێکارانەدا بەکارهێنانی هێزی چاکداریش لەخۆدەگرێت، ئەوەش بۆ گێڕانەوەو پاراستنی ئاساییشی ناوچەی باکووری ئەتڵەسی دەبێ. هەروەها هەر هێرشێکی چەکداری لەوشێوەیە و هەر ڕێکارێک کە بەهۆیەوە گیراوەتەبەر دەبێ دەستبەجێ ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لێ ئاگاداربکرێت. دەبێ ئەو ڕێکارانەش دەستبەجێ بوەستێنرێن هەرکە ئەنجومەنی یاساییشی نێودەوڵەتی هەستا بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی.

بەندی 6(1)
بە پێی بەندی 5، هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەرلایەنێک یان زیاتر، ئەم هێرش و دوژمنکارایانە لەخۆدەگرێت:
A- هەموو هێرشێکی چەکداری و دوژمنکاری لەسەر خاکی هەر یەکێک لەو لایەنانە لە ئەوروپا یان باکوووری ئەمریکا، لەسەربەشە جەزائیریەکەی فەرەنسا، لە سەر خاکی تورکیا یان لەسەر ئەو دورگانەی کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی یەکێک لەو لایەنانە لە ناوچەی باکووری ئەتلەسی و لە باکووری هێڵی قرژاڵ.
B- لەسەر هێزەکان، لەسەر کەشتییەکان، یان لەسەر فڕۆکەکانیی یەکێک لە لایەنەکان، لە کاتێکدا کە لە ناو یان بەسەر ئاسمانی یەکێک لەو ناوچانەوەنەوە بن یان لە هەر ناوچەیەکی تر لە ئەوروپا یان لە دەریای سپی ناوەڕاست کە هێزەکانی داگیرکاری هەر کامێک لەو لایەنانەیان تێدا جیگیرکرابن یان ناوچەی باکووری ئەتڵەسی لە مەدارو هێڵی قرژاڵ، لەو ڕۆژەوە کە ئەو پەیماننامەیە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەندی 7
ئەوهاوپەیمانیەتیە کارناکاتە سەرماف و ئەرکەکان کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، وە بەهیچ شێوەیەکیش نابێ وا لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە کاردەکاتە سەر ئەرک و فەرمانی ئەو لایەنانەی کە ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. هەروەها بە هەمان شێوەش کارناکاتە سەر پەرپرسیارییەتی یەکەمی ئەنجوومەنی ئاساییش لە پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی.

بەندی 8
هەر لایەک ڕایدەگەێنێت کە لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان خۆی و لایەنەکانی تردا یان لە نێوان خۆی و دەوڵەتێکی تردا نییە کە ناکۆک بێت لەگەڵ بەندەکانی ئەو پەیماننامەیە. هەروەها بەڵێن دەدا کە نەچێتە ناو هیچ پەیمان و تێوەگلانێکی نێودەوڵەتییەوە کە ناتەبا بێت لەگەڵ ئەو پەیماننامەیە.

بەندی 9
بەو پێیە لایەنەکان ئەنجومەنێک دادەمەزرێنن، کە هەر یەکێک لەوان نوێنەری دەبێ تێیدا، بۆ لێکۆڵینەو تێفکرین لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە جیبەجیکردنی ئەوپەیماننامەیە. ئەو ئەنجومەنە دەبێ بە شێوەیەک دابمەزرێ و ڕێکخراو بێت کە بتوانێت لە هەر کاتێکدا کە بیەوێت کتوپڕکۆببێتەوە. ئەنجومەنەکە هەڵدەستێ بە دامەزراندنی لیژنە و دامەزراوەی فەڕعی کە لەوانەیە پێویست بێت، بە تایبەتی دەبێ دەستبەجێ کۆمیتەی بەرەنگاری دابمەزرێنێت کە دەبێ کاری ڕاوێژکاری بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی 3، 5 بگرێتە ئەستۆ.

بەندی 10
لایەنەکان دەتوانن بە بە بڕیاری بەکۆمەڵ کە داوا لە هەردەوڵەتێکی ئەوروپی بکەن بێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە کە ئەو دەوڵەتە لە جێگاوڕێگایەکدا بێ کە بتوانێت پشتگیری لە پڕنسیپەکانی ناتۆ بکات و بەشداری بکات لە بەدیهێنانی ئاساییشی ناوچەی باکووری ئەتڵەسی. وە هەر دەوڵەتێک کە داوای هاتنە ناو ناتۆی لێ دەکرێت دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆلە ڕێگەی سپاردنی سەنەدو بەڵگەی بەدەستهێنانی ئەندامەتی لە ناتۆ بە حکومەتی ئەمریکا. وە حکومەتی ئەمریکاش هەڵدەستێ بە ئاگادارکردنەوەی هەرلایەنێک لە لایەنەکان لە سپاردنی سەنەدو بەڵگەکان.

بەندی 11
دەبێ ئەو پەیماننامەیە پەسند بکرێ و بەندەکانیشی جیبەجێ بکرێن بە پێی بەرنامەو دەستووری لایەنەکان. دەبێ سەنەدو بەڵگە واژۆ لەسەرکراوەکان بسپێرێن بە حکومەتی ویلایتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەویش لە سپاردنی سەنەدو بەڵگەکان پێی ئاگاداری هەموو لایەنەکانی تر دەکاتەوە کە واژۆیان کردووە. دەبێ پەیماننامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە نێوانی ئەو دەوڵەتانەی کە پەسندیان کردووە هەرکە سەنەدو بەڵگەکانی زۆرایەتی ئەو دەوڵەتانەی کە پەیمانانمەکەیان پەسندکردووە سەنەدو بەڵگەکانیان بە ئەمریکا سپێرا کە: بەلجیکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، لۆکسەمبۆرگ ، هۆڵەندا و ئەمریکا لە خۆدەگرێت. هەروەها دەربارەی دەوڵەتەکانی تریش کاریگەریی ئەو پەیماننامەیە لە ڕۆژی سپاردنی سەنەدوبەلگە پەسندکراوەکانیان بە ئەمریکا دەست پێدەکات.

بەندی 12
لە دوای ئەوەی کە پەیماننامەکە بۆ ماوەی دە ساڵ لە بواری جێبەجێکردن دابوو، یان لە دوای ئەوە لە هەرکاتێکدا، دەبێ لایەنەکان، جا لە سەر داوای هەر کامێکیان بێت، ڕاوێژ لە گەڵ یەکتر بکەن بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پەیماننامەکەدا، بە ڕەچاوکردنی ئەو هۆیانەی کە لەمەودوا کاردەکەنە سەر ئاشتی و ئاساییش لە ناوچەی باکووری ئەتڵەسی و لە نێویشیدا گەشەپێدانی ڕێککەوتنە گەردوونی و هەرێمیەکان لەچوارچێوەی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی جیهانی.

بەندی 13
لە دوای ئەوەی کە پەیماننامەکە لە بواری جێبەجێکردندا بوو بۆ ماوەی بیست ساڵ، هەر لایەنێک دەتوانێت لەو پەیماننامەیە بێتەدەر دوای ساڵێک لە پێدانی داواکاری هاتنەدەر لە پەیماننامەکە بە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەویش لە سپاردنی هەرداواکارییەک بە ئەمریکا بۆ چوونە دەرەوە لە پەیماننامەکە حکومەتەکانی تری لایەنەکانی ترئاگاداردەکاتەوە.

بەندی 14
ئەو پەیماننامەیە، کە هەردووک دەقە ئنگلیزی و فەرەنسییەکەی وەک یەک ڕاستن، دەبێ بسپێرێت بە ئەڕشیڤی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کۆپی ڕاست و پەسندکراو لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە دەنێڕرێت بۆ حکومەتەکانی تری لایەنەکان.
تێبینی یەکەم: چەند ڕوونکردنەوەیەک:
A- مەبەست لە تێریتۆری(هەرێم) کە بەندی 5ی دەربارەیە و بە بەندی 2ی پڕۆتۆکۆلی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی هەموارکرایەوە لە کاتی هاتنی تورکیاو یۆنان بۆ ناو هاوپەیمانیەکە لە ئۆکتۆبەری 1951.
B- ئەنجومەنی باکووری ئەتڵەسی لە 16ی جەنیوەری 1963 تێبینی کرد کە تاکو ئێستا ئەوەندەی کە خەمی لقەکانی پێشووی جەزائیری سەربە فەرەنسا بێت، بەندەکانی پەیوەست بەو پەیماننانمەیە وایان لێهات کە لە بەرواری 3ی تەمووزی 1962 وە نەتوانرێت جێبەجێ بکرێن .
C- پەیماننامەکە دوای ئەوەی کە هەموو سەنەدو بەڵگەنامە پەسنکراوەکانی هەموو لایەنەکان ئەسپاردەی ئەمریکا کران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە لە 24ی ئابی 1949، لە دوای ئەوەی کە سەنەدو بەڵگەنامە پەسندکراوەکانی هەموو لایەنەکان بە ئەمریکا سپێران.
D- ئەو پەیماننامەیە لە واشنتۆن دەرکرا لە 4ی نیسانی 1949.

تێبینی دووەم: ئەو لایەنانەی کە ئەوکات ئەندامی هاوپەیمانیەتیەکە بوون و واژۆیان لەسەر پەیماننامەکە کرد ئەمانەی لای خوارەوەبوون لە جیاتی وەڵاتەکانیان:
1- لە جیاتی شانشینی بەلجیکا: P.H. SPAAK – SILVERCRUYS
2- لە جیاتی کەنەدا: LESTER B. PEARSON – H .H . WRONG
3- لە جیاتی شانشینی دانیمارک: GUSTAV RASMUSSEN – HENRIK KAUFFMANN
4- لە جیاتی فەرەنسا: SCHUMAN – H.BoNNET
5- لە جیاتی ئایسلاند: BJORNI BENEDIKTSSON – THOR THORS
SFORZA – ALBERTO TARCHIANI 6- لە جیاتی ئیتالیا:
7- لە جیاتی دۆقی گەورەی لۆکسمبۆرگ: Jos. BECH – HUGUES LE GALLAIS
8- لە جیاتی شانشینی هۆڵەندا: STIKKER – E. N. VAN KLEFFENS
9- لە جیاتی شانشینی نەڕویج: HALVARD M. LANGE – WILHELM MUNTHE
MORGENSTIERNE
10- لە جیاتی پورتوگال: JosE CAEIRO DA MATTA – PEDRO THEOTONIO PEREIRA
11- لە جیاتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاو ئێرلەندای باکوور: ERNEST BEVIN – OLIVER FRANKS
12- لە جیاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: DEAN ACHESON
https://www.nato.int/cps/en/natolive/official_texts_17120.htm