عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: بێ ده‌نگی رۆشنبیریان هه‌ژاند.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

نیوه‌ڕۆی تشرینی دووه‌می 1985 بوو، ( نه‌وزاد سه‌رگه‌ڵوی و کاروان ره‌وف)، پێش ئه‌وه‌ی رووبکه‌نه‌ ئاماده‌یی پیشه‌سازی سلێمانی، له‌ خوار ئاماده‌یی رۆشنبیری، له‌ به‌رده‌م ماڵی خا ڵی دا بوو، له‌ ته‌نیشت داخلی خانه‌ی مامۆستایانی کوڕان، لای عه‌بدوڵڵا سه‌نگاوی نۆکاویان ده‌خوارد. لەو کاته‌دا مامۆستایه‌کیان بینی جانتایه‌کی دبلۆماسی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو له‌ ئاماده‌یی رۆشنبیره‌وه به‌ره‌و لای ئه‌وان هه‌نگاوی ده‌نا، له‌ ناکاو( دوو کوڕی گه‌نج ) له‌و ئاسته‌دا ده‌رکه‌وتن، یه‌کێکیان باڵا به‌رز بوو، قه‌مسه‌ڵه‌یه‌کی ره‌شی له‌ به‌ردابوو، ئه‌وی تریان منداڵ کار بوو، باڵا به‌رزه‌که‌یان، ده‌مانچه‌که‌ی ده‌ستی ئاڕاسته‌ی مامۆستاکه‌ کرد و چه‌ند گوله‌یه‌کی پێوه‌ناو بروسکه ئاسا، له‌ کۆڵانێکا رووه‌و گردی رعایه‌ له‌ چاو ون بوون.
نه‌وزاد و کاروان یه‌کسه‌ر به‌ خێرایی، روویانکرده‌ شه‌قامه‌که‌ی خواره‌وه‌، گه‌یشتنه‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی حاجی حه‌سه‌نی لۆکه‌، له‌ ناکاو به‌کری فاته‌یان به‌ ڤالڤۆیه‌کی مارۆنی( 760 ) بینی، به‌ خێرایی به‌ره‌ولای ئاماده‌یی رۆشنبیر ده‌چوو، نه‌وزادو کاروان له‌لای مزگه‌وته‌که‌وه‌ له‌ شه‌قامی سالم په‌ڕینه‌وه‌ بۆئه‌و به‌ری شه‌قامه‌که‌، له‌وێ وه‌ستان چاوه‌ڕوانی پاسیان ده‌کرد، چه‌ند ئۆتۆمۆبیلێکی ئه‌من و قوات خاسه‌یان بینی به‌ تیژیی به‌ره‌و شوێنی روداوه‌که ده‌چوون.
بۆ رۆژی دوایی لافیته‌یه‌کی ره‌ش، به‌ دیواری ئاماده‌یی رۆشنبیردا هه‌ڵواسرابوو: مامۆستایان و قوتابیانی ئاماده‌یی رۆشنبیر، دڵته‌نگ و ماته‌مینن به‌هۆی شه‌هیدکردنی مامۆستا ( عه‌باس ناجی عه‌بد ) لێپرسراوی حیزبی به‌عس ی ئاماده‌یی رۆشنبیر.
ئێواره‌ی 17 ی کانوونی 1985 بوو، نه‌وزاد له‌ ئاماده‌یی پێشه‌سازی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، خاڵی به‌رگی سه‌ربازی له‌ به‌ردا بوو، ئه‌و ئێواره‌یه به‌ مۆڵه‌ت گه‌ڕا بوه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، نه‌وزاد سه‌ری سوڕما وتی: خاڵه‌گیان بۆ تا ئێستا خۆت نه‌گۆڕییه‌وه‌؟
وتی: پێش ئه‌وه‌ی تۆ له‌ قوتابخانه بگه‌ڕێیته‌وه‌، ئه‌منی سلێمانی و قوات خاسه‌ و شیخ جه‌عفه‌ر ی پارێزگای سلێمانی و به‌رێوه‌به‌ری ئه‌منی سلێمانی و ئه‌مین سری حیزبی به‌عس، چه‌ند لێپرسراوێکی حیزبی به‌عس، له‌ بن ئه‌و دیواره‌، سێ قوتابی یان، له‌ بری کوشتنی مامۆستا عه‌باس، گوله‌ باران کرد، هه‌ر هه‌موویان له‌ کاتی گوله‌ بارانه‌که‌دا چه‌پڵه‌یان لێ ده‌دا، منیش له‌ به‌رئه‌و بارودۆخه نائاساییه‌ی گه‌ڕه‌ک، به‌رگه‌ سه‌ربازییه‌که‌م له‌ به‌رکرد.
له‌و کاته‌دا نه‌وزاد دیمه‌نی ئه‌و سێ جۆگه‌له‌ی خوێنه تێکه‌ڵه‌ی تاوێک له‌وبه‌ری هاته‌وه‌ یاد، به‌ شه‌قامه‌که‌وه‌ وشک نه‌بووبونه‌وه‌، ئه‌و تراژیدیایه تێکه‌ڵ به دیمه‌نی ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ بوو، (هیواو سه‌ردار) له‌ چرکه‌یه‌ک دا به‌ چه‌ند فیشه‌کێک، بێ ده‌نگی رۆشنبیری یان هه‌ژاندو بروسکه‌ ئاسا له‌ کۆڵانێکادا له‌ چاو ون بوون!

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز
ئه‌م زانیاریانه‌م له‌ هاوڕێ ی ئازیز، کاک نه‌وزاد سه‌رگه‌ڵویی له‌ ئه‌ڵمانیاوه پێ گه‌یشتووه‌.
*ئه‌و دووکوڕه‌ گه‌نجه‌ (سه‌ردارعوسمان و هیوا فه‌یه‌ق )بوون، به‌سه‌رپه‌رشتی( ئارام محه‌مه‌د که‌ریم )، له‌ 16/ 11/ 1985 عه‌باس ی ئه‌من یان به‌سزا گه‌یاند، دواتر هه‌رسێکیان ده‌سگیر کران، هیچ نهاێنییه‌کیان نه‌درکاند، له‌ 17 /12/ 1985 له‌به‌رده‌م ئاماده‌یی رۆشنبیردا گوله‌ باران کران.
* ئه‌و ڤاڵڤۆ مارۆنییه‌ی 760هی زیندانییه‌کی سیاسیی بوو، به‌کری فاته‌ به‌ گرتی دابوو، داگیری کردبوو.
* نه‌واد سه‌رگه‌ڵوی ماڵیان له‌ سه‌رگه‌ڵو بوو، قوتابی بوو، بۆ خوێندن له‌ ماڵی خاڵی بوو له‌ گه‌ڕه‌کی به‌رانان، له‌ نزیک ئاماده‌یی رۆشنبیر.
وێنه‌کان شه‌هیدان (ئارام محه‌مه‌د که‌ریم، هیوا فایه‌ق، سه‌ردار عوسمان ).

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت