سەردەشت محەمەد: دوای پێکهێنانی ئەم کابینە نوێیە، لەعێراقدا چی دەگۆڕێت؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

پاش تێپەڕبونی دوو مانگ و بیست ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی عێراقدا کە لە 10- 10- 2021 ئەنجامدرا ئەمڕۆ دکتۆر “بەرهەم ئەحمەدساڵەح” سەرۆک کۆماری عێراق
بانگهێشتی سەرجەم کاندیدە دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد بۆ یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی کەبڕیارە لە بەرواری 9 ی کانوونی دووەمی 2022 ئامادە بن. ئەوەش بە پێی مادەی 54 و 73 ی دەستوور و کە پاش پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە. بانگهێشتی کاندیدە دەرچووەکانی پەرلەمان دەکرێت بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەم.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دەست بەکاربونی کاندیدەکان لەعێراقدا ڕووداوێکی دڵخۆشکەر و شۆکهێنەر نابێت بەلای شەقامی عێراقییەوە، چونکە بەپێی ئەو ئەزمونەی کە تاکی عێراقی لەگەڵ کابینە یەک لەدوای یەکانی ڕابردوودا هەیانە ناهاوسەنگیەکی گەورە لەنێوان خەونی میللەت و واقیعی کاری حکومەتدا بونی هەیە و هیچکات ئەم دوو ڕاستەهێڵە هاوتەریب نەبوون لەگەڵ یەکدیدا هەربۆیە تائێستا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لەعێراقدا بەردەوامییان هەیەو ڕووینەداوە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ توانیبێتی نوێگەری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدائە نجام بدات و ببێتە حکومەتێکی کاریگەر کە بتوانێت هەنگاوەکانی بەئاراستەی خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکانی خەڵکی عێراق هەڵبێنێت. ئەوەی وایکردووە کابینەکانی ڕابردوو و ئەم کابینە نوێیەش نەبنە مایەی خۆشحاڵی بەلای هاوڵاتیانی عێراقەوە ئەوەیە لەبنەڕتدا شتێک نییە بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە دەوڵەتێک بەومانایەی کە خۆی بڕیاردەری سەرەتاو کۆتایی ڕوداوەکانی حکومڕانی بێت، بەڵکو هەمیشە عێراق وەک گۆڕەپانێک دێتە بەرچاو و سیاسیەکانیشی وەک ئەو یاریچییە یەدەگانەی کەلەسەر هێڵن و لەچاوەڕوانی ڕاهێنەرێکدان بۆ ئەوەی بەشدارییان لەیاریەکەدا پێبکرێت. ئەوەی ڕاهێنەر و بڕیار بەدەستە خودی کارەکتەرەسیاسیەکانی عێراق نین، بەڵکو وڵاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانن ئەو ڕۆڵە دەگێڕن و هەریەکەشیان بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لەعێراقدا دەرفەتی یاریکردن دەڕەخسێنن بۆ یاریچییەکی نوێ کە بێتە نێو ئەم گەمە سیاسییەوە کەئێمە پێی دەڵێین حکومەتی نوێ. هەربۆیە پێکهێنانی ئەم کابینەنوێیەش هیچ لەدۆخ و گوزەرانی خەڵکی عێراق ناگۆڕێت، بەڵکو ئەوەی دەگۆڕێت تەنها ئەو یاریزانانەن کە تائەم چرکەساتە لەنێو گۆڕەپانی عێراقدا سەرقاڵی یاریکردن بە کۆمەڵک یاریچی نوێ کە لەسەر هێڵن و شەنس یاوەریان دەبێت و دەست دەکەن بە گەمەی سیاسی نوێ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت