عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مه‌سیحی یه‌کانی سلێمانی/ بەشی سێیەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ ساڵی 1820 مه‌سیحییه‌کان که‌نیسه‌یه‌کی بچوکیان له‌ سلێمانی دروست کرد.
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مه‌سیحی یه‌کانی سلێمانی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1855به‌دواوه‌، مه‌سیحییه‌کان له‌ [سنه‌، ئه‌رمنستان، که‌رکوک، موسڵ، دیانا، شه‌قڵاوه‌، عینکاوه‌، هێران، نازه‌نین. هه‌رموته‌،کۆیه‌ ] ه‌وه‌ روویان کردوه‌ته‌ سلێمانی له‌ گه‌ڕه‌کی مه‌سیحییه‌کانی نزیک قه‌زازه‌کان جێگیر بوون.
میسته‌ر هات وتویه‌تی: [له‌ ساڵی 1820دا که‌نیسه‌یه‌کی بچوک، 5 کاروان سه‌را، 5 مزگه‌وت، 5 حه‌مام له‌ سلێمانی هه‌بووه‌، ئیبراهیم پاشای بابان له‌ ساڵی1784شاری سلێمانی ته‌واو کرد، ئه‌و کاتانه‌ سلێمانی 200ماڵ بوو، 30ماڵی جوله‌که‌و 8ماڵی مه‌سیحی بوو. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو که‌ مه‌سیحییه‌کان دوای دروستکردنی شاری سلێمانی به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م روویان کردوه‌ته‌ سلێمانی و له‌وێ ژیاون، دواتر په‌ره‌یان سه‌ندوه‌وبوون به‌ 125 ماڵ زیاتر، ژماره‌یان له‌[1050- 1100]که‌س بووه‌، به‌ڵام به‌ هۆی هه‌لومه‌رجی نائاسایی یه‌وه‌ به‌سێ قۆناغی جیاواز روویان کردوه‌ته‌ هه‌نده‌ران.
له‌ سه‌ره‌تایی شه‌سته‌کانه‌وه‌ به‌ هۆی هه‌ل و مه‌رچی نائارامی کوردستان، له‌ هه‌شتاکانیش به‌ هۆی جه‌نگی عێراق – ئێران ـه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانیشه‌وه‌ به‌هۆی جه‌نگی که‌نداو و ئابڵۆقه‌ی ئابورییه‌وه‌، زۆر له‌ مه‌سیحییه‌کانی سلێمانی و کوردستان به‌ره‌و هه‌نده‌ران سه‌ریان هه‌ڵگرتووه‌.
ئێستا نزیکه‌ی 70 خانه‌واده‌ی مه‌سیحی له‌سلێمانی ماوه‌. ژماره‌یان له‌ [450- 470 ]که‌س ده‌بێ، باری بژێوی ژیانیان زۆر باشه‌، سه‌رقاڵی بازرگانی و مه‌ی فرۆشتنن، هه‌ندێکیشیان فه‌رمانبه‌رن، خه‌ڵکی سلێمانی رێزێکی تایبه‌تی له‌ مه‌سیحییه‌کان ده‌گرن، هاتووچۆی یه‌کتری ده‌که‌ن، له‌نێوان هه‌ندێکیشیان دا په‌یوه‌ندی هاورێیه‌تی به‌هێزو پته‌و هه‌یه‌، له‌ جه‌ژن و بۆنه‌ ئاینییه‌کانا یه‌کتری به‌سه‌رده‌که‌نه‌وه‌، هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌سیحییه‌کان و که‌سایه‌تیان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌. له‌ کاتی کێشه‌دا هه‌موویان یه‌کده‌گرن و پشتگیری و هاوکاری یه‌کتری ده‌که‌ن.

قه‌شه‌ په‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی سلێمانی بوو
له‌ سه‌ره‌تادا مه‌سیحییه‌کانی سلێمانی که‌نیسه‌یان نه‌بوو، رۆژانی یه‌ک شه‌ممه‌، مه‌سیحییه‌کان کۆده‌بونه‌وه‌و نوێژو خواپه‌رستیان ده‌کرد، له‌ساڵی 1862 بۆ یه‌که‌مجار دوو ژووری گڵیان له‌خشتی قوڕ دروست کردو سه‌ره‌که‌یان به‌ داری داره‌ڕا گرتوه‌ و کردویانه‌ به‌ [که‌نیسه‌ ی کلدان]، ئیلیای بازرگان به‌ برێک پاره‌ هاوکاری دروست کردنی ئه‌م که‌نیسه‌یه‌ی کردوه‌.
که‌نیسه‌ی کلدانی سلێمانی له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی [پاپا پێوسی دووه‌م] به‌ فه‌رمانی [مه‌تران مار شه‌معون ]ی سنه‌ دروستکراوه‌ و هاوکات بووه‌ له‌ گه‌ڵ نوسینه‌که‌ی [مه‌وله‌وی ]، [الطریقه‌ المرضیه‌] که‌ به‌ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی نوسراوه‌.
+ قه‌شه په‌تروس پاپیری که‌ریمی عه‌له‌که‌ بوو، به‌ره‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی هه‌رموته‌یه‌، ماوه‌یه‌کی زۆر خزمه‌تی که‌نیسه‌ی سلێمانی کردووه‌و له‌ 1898 تا 8 / 5 / 1902 ناوی له‌ تۆماری عه‌مادا هه‌یه‌.
+ قه‌شه‌ په‌ترۆس سبلی له‌ [1951-1954]سه‌قفی که‌نیسه‌ی دروست کردوه‌ به‌ جه‌مالۆن و به‌دنگه‌ قایمی کردووه‌.
+ قه‌شه‌ جبرائیل ماری ژووری[زنگ لێدان] ی بۆ بانگهێشت کردنی مه‌سیحی یه‌کان بۆنوێژ کردن دروست کردووه‌.
+ قه‌شه‌ یوسف په‌ری خه‌ڵکی کۆیه‌ بوو له‌ [1962-1973]خزمه‌تی که‌نیسه‌ی سلێمانی کردوه‌، سێ خانوی بۆ مه‌سیحی یه‌کان به‌رامبه‌ر که‌نیسه‌و دیوه‌خان و باخچه‌ی بۆ که‌نیسه‌ دروست کردووه‌. جگه‌ له‌ دروستکردنی گۆرستانێک له‌ سه‌ر شێوه‌ی ئه‌وروپا له‌ ناو که‌نیسه‌دا، ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی سلێمانی بووه‌، ئه‌ندامی لقی 4ی پارتی بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلول، بروانامه‌ی دکتۆرای هه‌یه‌ له‌ به‌شی نه‌خشه‌کێشانی شاره‌کان، مامۆستا بوو له‌ زانکۆی پاریس، له‌1995ه‌وه‌ کراوه‌ به‌ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ ڤاتیکان له‌ ئیتالیا له‌ سلێمانی به‌ [ئه‌بونا] ناسرابوو. که‌سایه‌تییه‌کی لێهاتوو بوو، رۆڵی دیاری هه‌بووه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی توندو تۆڵی نێوان مه‌سیحییه‌کان و موسڵمانه‌کان دا له‌ خۆشی و ناخۆشی دا. بواری نه‌داوه‌ ناخۆشی بکه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌، گه‌ر هه‌ر کێشه‌یه‌ک رووی دابێت خێرا چاره‌سه‌ری کردووه‌، رۆڵی دیاری هه‌بووه‌ له‌دروست کردنی کورسی که‌نیسه‌، توانیویه‌تی گه‌نجه‌ مه‌سیحی یه‌کان له‌ ده‌وری که‌نیسه‌دا کۆبکاته‌وه‌، له‌ بۆنه‌ ئاینیه‌کان دا ئاهه‌نگی تایبه‌تی ده‌گێرا ،
به‌تایبه‌تی له‌ یادی جه‌ژنی له‌ دایک بوونی مه‌سیح و سه‌ری ساڵی نوێ دا، ماوه‌یه‌ک رژێم ئه‌و ئازادییه‌ی پێشێل کرد. جه‌ژنه‌کان به‌بێ ئاهه‌نگ ده‌مانه‌وه‌، له‌ دوای راپه‌رین ـه‌وه‌ مه‌سیحی یه‌کانی سلێمانی ئاهه‌نگی جه‌ژنه‌کانیان ده‌گێڕن.
+ قه‌شه‌ عه‌ما نۆئێل17 ساڵ زیاتر خزمه‌تی که‌نیسه‌ی کردوه‌و خانویه‌کی بۆ که‌نیسه‌ دروست کردوه‌.
+ له‌ساڵی1974 کچه‌کانی خانه‌واده‌ی [فتوحی عه‌بدول ئه‌حمه‌د ]نخی پاره‌ی ئه‌و زه‌نگه‌یان دا به‌ قه‌شه‌ عه‌ما نۆئێل که‌ له‌رۆما کڕیبوی، زه‌نگه‌که‌ له‌ مس دروست کراوه‌، تا ئێستاش هه‌ر ماوه‌ له‌که‌نیسه‌ی کلدانی سلێمانی دایه‌.
+ مه‌تران عه‌بدول ئه‌حمه‌د ره‌بان خه‌ڵکی شه‌قڵاوه‌ بوو، 18 سال خزمه‌تی که‌نیسه‌ی کردوه‌، 3 جار که‌نیسه‌ی چاک کردوه‌ته‌وه‌، هۆڵی ئاهه‌نگ گێران و هۆڵی پرسه‌ی دروست کردوه‌.
له‌1992 دا چه‌ند ئاسورییه‌ک کاریان کرده‌سه‌ر مه‌تران ناوی [که‌نیسه‌ی کلدانی مه‌سیحی سلێمانی گۆڕی به‌ که‌نیسه‌ی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌می پاکیزه‌. زۆربه‌ی مه‌سیحییه‌کانی سلێمانی ناوی [که‌نیسه‌ی کلدان]یان پێ شیاوتر بوو، چونکه‌ مێژووی تۆمارکردنی هه‌ر به‌ ناوی کلدانه‌وه‌یه‌.
+ مه‌سیحی یه‌کان له‌ هه‌ر کوێ بژین، لێپرسراوێکی ئاینیان هه‌یه، پێی ده‌ڵێن قه‌شه‌، ئه‌م ناوانه‌ چه‌ند ساڵێک خزمه‌تی که‌نیسه‌یان کردوه‌:
راهیب قریاتۆس ]، [شه‌ماس سه‌رکیس ره‌زوقی ]، [شه‌ماس مه‌چید قدوری ]، [شه‌ماس نوری ]، [شه‌ماس جبرائیل ]. [مام سلێمان ]، [شه‌هید شه‌وکه‌ت عه‌زیز ]، [قه‌شه‌ قریاتۆس ]، [میخائیل ]. [قه‌شه‌ یوسف په‌ری ]، [مه‌تران عه‌بدول ئه‌حه‌د ره‌بان]، [قه‌شه‌ صلێوه‌ هما ].

سه‌رچاوه: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، یه‌که‌م که‌نیسه‌ی مه‌سیحییه‌کانی سلێمانی له‌ ساڵی 1862 دروست کراوه‌، تایم ژماره‌ 9، نیسانی 1999، ل 20-ل 24.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت