محه‌مه‌د عه‌لی وه‌لی: په‌رله‌مانی شوێنی چییه‌؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌می 2022 ه‌وه‌، زۆرینه‌ی كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی ئه‌م خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عێراقه‌، ده‌ستیان به‌ كۆمه‌ڵێك نمایشی جۆراوجۆر كرد، یه‌كێك به‌ جل . دشداشه‌ی دڕاوه‌وه‌ ده‌چێته‌ هۆڵی په‌له‌مان و ژماره‌ك به‌ كفنی سپی و كۆمه‌ڵێكی تر به‌ توكتوك ده‌چنه‌ ناو ناوچه‌ی سه‌وز و به‌رده‌می په‌رله‌مان، بڕێكی له‌ كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌ كورده‌كانیش به‌ جلی كوردییه‌وه‌..
راسته‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی “محمد الزيادي” نوێنه‌ری پارێزگای موسه‌ننا، به‌ جلی دڕاوه‌وه‌ چووته‌ په‌رله‌مان بۆ گوزارشت له‌ ئاستی هه‌ژاری ده‌نگده‌رانی به‌گشتی و پارێزگاكه‌ی به‌تایبه‌تی ئه‌و جله‌ی له‌به‌ری كردووه‌، ئه‌وانه‌ی به‌ توكتوكه‌ چوونه‌ ناوچه‌ی سه‌وز و به‌رده‌م په‌رله‌مان، « پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و ئیمتیداد » كه‌ هه‌ندێكیان به‌ ئۆتۆمبیلی تاهۆ و لیكسزه‌وه‌ رۆشتونه‌ته‌ به‌غدا و گۆڕه‌پانی ته‌حریر، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ نوێنه‌رایه‌تی كردنی شۆڕشگێڕانی تشرین ئه‌و نمایشه‌یان كرد، ئه‌وانه‌ی به‌ كفنی سپی و دروشمی مه‌زهه‌بی و ره‌وته‌كه‌یانه‌وه‌ به‌شداری یه‌كه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مانیان كرد، وه‌ك نوێكردنه‌وه‌ی عه‌هد و په‌یمانێك به‌رێبازی شه‌هید محه‌مه‌د سه‌در و نیشاندانی گیان له‌سه‌ر ده‌ستی خۆیان بۆ رێبازه‌كه‌یان و ئاماژه‌یه‌ك كه‌ په‌رله‌مان و سه‌نگه‌ری سه‌ربازی یه‌ك شته‌ بۆیان، كورده‌كانیش وه‌ك جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی كوردبوون به‌جلی كوردییه‌وه‌ چوونه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام هۆڵی په‌رله‌مان و كاری په‌رله‌مانی پێویستی به هه‌ڵوێستی جدی و خه‌می گه‌وره‌ و خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و لێبڕان و خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ نمایشی كه‌لوپه‌ل و پاسكیل و توكتوك نییه‌.
كاكه‌, داده‌, تۆ‌ جلوبه‌رگی گرانبه‌ها بۆ په‌رله‌مان له‌به‌ركه‌، وه‌ك چۆن له‌ بۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆتانا گرانترین له‌به‌ر ئه‌كه‌ن، به‌سواری گرانترین سه‌یاره‌ بڕۆنه‌ په‌رله‌مان وه‌ك چۆن به‌و سه‌یارانه‌ له‌سه‌ر جاده‌كان تۆزمان به‌سه‌را ئه‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ خه‌می به‌رژه‌وه‌ندی ده‌نگده‌ر و پارێزگا و پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كانتاندا بن.
بۆ من ئاساییه‌ په‌رله‌مانتاری كورد به‌ چاكه‌ت و پانتۆڵه‌‌وه‌، یان هه‌ر جلێك خۆی پێیخۆشه‌ بڕواته‌ به‌غا و په‌رله‌مان، به‌ڵام یه‌كڕیزی ماڵی كورد و سومعه‌تی بپارێزێ، ساڵانه‌ له‌ پرسی بودجه‌ و ئه‌و یاسانه‌ی په‌یوه‌ندی به كورده‌وه‌ هه‌یه‌، به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كورد له‌به‌رچاو بگرێ، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی و رێككه‌وتنی حزبی و خاترانه‌ی ئه‌ملاوئه‌ولا.
بۆیە په‌رله‌مان شوێنی هه‌ڵوێسته‌، نه‌ك نمایشی جلوبه‌رگ و سواربوونی پاسكیل و توكتوك، زۆریش ناخایه‌نێ حەقیقەتی ئەم جۆرە ھەڵوێستە رووكەشانە دەردەكەوێت، وەك پێشتر بینیمان.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت