عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له‌ 11-ی ئازاری 1970 ـه‌وه‌ بۆ زنجیره‌ سیناریۆ و هه‌ره‌س.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ دوای 3 مانگ گفتوگۆی نێوان حکومه‌تی عێڕاق و مه‌لا مسته‌فا سه‌رکرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، له 3- 10- 1970 رێکه‌تنامه‌یه‌ک له‌لایه‌ن بارزانی و سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌قوتابخانه‌یه‌کی بچوکی ناوپردان ئیمزا کرا، له‌ 11 ئازار ی 1970دا رێکه‌وتننامه‌که‌ بڵاوکرایه‌وه‌ به‌ ناوی رێکه‌وین نامه‌ی 11 ی ئازار . دوای ئه‌و رێکه‌ویننامه‌یه‌ په‌یامنێری (لۆمۆندی )-ی فه‌ره‌نسی پرسیارێکی رووبه‌رووی سه‌دام کرده‌وه‌: ئایا ئێوه‌ گه‌لی کورد به‌ به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب داده‌نێن.
سه‌دام ده‌ڵێ: عێراق له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌، ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ نین که‌ که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بژین، به‌ڵام ئەگه‌ر ئێمه‌ خاکیان بۆ دابین بکه‌ین، ئه‌وا ئه‌وان جیاده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌و رێگه‌ ناده‌ین، حکومه‌تی عێراق و حیزبی به‌عس ئۆتۆنۆمیان به‌ خه‌ڵک داوه‌ نه‌ک خاک.
له 7- 7- 1970 رژێمی عێراق له‌ ده‌ستوری کاتی عێراق له‌ به‌ندی حه‌وته‌م –ی رێکه‌وتن نامه‌ی 11-ی ئازاری 1970دا ده‌ڵێت: عێراق له‌ دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی کوردو عه‌ره‌ب پێک هاتووه. له‌و ده‌ستوره‌ کاتییه‌کەدا ده‌یان پلان و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی سیناریۆی داڕێژراو جێ به‌جێ کرا:
1- له‌ 17- 12- 1970 ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌وڵی تیرۆر کردنی ئیدریس بارزانی له‌ به‌غداد دا.
2- له29- 9- 1971 ‌وه‌فدێک له‌ زانایانی ئاینی به‌ دوو ئۆتۆمۆبیل له‌ به‌غداده‌وه‌ گه‌یشتنه‌ لای مه‌لا مسه‌فا بۆ گفتوگۆ، نازم گزار به‌رێوه‌به‌ری ئه‌منی عامه‌ له‌ سینارێویه‌کدا میکرۆفۆنێکی دانابوو بۆ مه‌لایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی مه‌لا مسته‌فا تۆمار بکات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌لایه‌و وه‌فده‌که‌ بزانن بۆمبی چێنراوی پێوه‌لکێنراوه‌. مه‌لا مسته‌فا پێشوازی له‌وه‌فده‌که‌ کرد، دوای چه‌ند خوله‌کێک مه‌لاکه‌ ویستبووی به‌ ریکۆرده‌که‌ ده‌نگی مه‌لا مسته‌فا تۆمارکات، ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ناوپردانی هه‌ژاند، لەو‌کاته‌دا چایچی یه‌که‌ چای ده‌هێنا بۆ میوانه‌کان که‌وتبوه‌ نێوان مه‌لا مسته‌فاو مه‌لا که‌ی سه‌ر رژێم،چایچی یه‌که‌ کوژرا، مه‌لا مسته‌فا به‌رنه‌که‌وت.
3- له‌ مانگی 12- 1971 ده‌وڵه‌تی عێراق چوارسه‌د هه‌زار کوردی فه‌یلی له‌ سنووری عێراقه‌وه‌ ئاودیوی ئێران کرد و ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵک و سه‌روه‌ت و سامانیانیاندا گرت و تاڵانی کرد.
4- عێراق کۆمپانیای نه‌وتی خۆماڵی کرد، ژێرخانی ئابوری عێراقی بوژانده‌‌وه‌.
5- سه‌دام له‌ سیناریوی جیاجیادا زۆربه‌ی کادێره‌ پێشکه‌وتوه‌کانی حیزبی به‌عسی له‌ناو برد.
6- له 17- 07- 1973 حیزبی به‌عس و حیزبی شیوعی عێراق به‌ره‌ی نیشتمانیان دامه‌زراند، پارتی دیوکراتی کوردستان نه‌چووه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکی نوێ بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ساردی و تێکچونی په‌یوه‌ندی مه‌لا مسته‌فاو به‌غداد.
7- سه‌دام هه‌موو دام و ده‌زگای ئه‌من و ئیستیخبارات و موخابه‌راتی له‌ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا به‌هێزکرد، گرنگی به‌سوپاداو فراوانتری کرد و چه‌کی نوێی ده‌کڕی.
نه‌خشه‌ی رێکه‌وتن نامه‌ی 11- ی ئازار ی 1970له‌ لایه‌ن سه‌دام وحیزبی به‌عسه‌وه‌ ناوه‌ڕۆکێکی پڕ له‌ نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی پلان بۆ داڕێژراو بوو، له‌ ده‌یان سیناریۆی جیاجیای ره‌گه‌ز په‌رستانه‌ی چه‌ق به‌ستوو له‌گه‌ڵ داوا کارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی گه‌لی کوردا یه‌کیان نه‌ده‌گرته‌وه‌.
سه‌دام ده‌ستی به‌سه‌ر حیزبی به‌عسیدا گرت، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حمه‌د حسه‌ن به‌کری لاواز کرد، سوپایه‌کی پڕچه‌کی مۆدرێنی بۆ زنجیره‌ جینۆسایدکردنی کورد پێک هێنا.
دوای 4 ساڵه‌که‌، سه‌دام له‌ سیناریۆیه‌کی تردا له ‌6ی ئازاری 1975 رێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری له‌ نێوان سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق و محه‌مه‌د ره‌زاشا شای ئێران و هه‌واری بۆمیدین سه‌رۆکی کۆماری جه‌زائیر له‌ جه‌زائیر جێ به‌جێ کرد، رێکه‌وتننامه‌ی به‌یانی 11ی ئازاری 1970 یان، به‌تاڵ کرده‌وه‌و هه‌ڵیان وه‌شانده‌وه‌. ئه‌نجامه‌که‌ی به‌ هه‌ره‌س و ئاش به‌تاڵ کۆتایی هات.
هه‌ره‌س بومه‌له‌رزه‌یه‌ک بوو، هه‌موو کوردستانی باشووری هه‌ژاند و خاپوور کرد، ژیانی هاوڵاتیانی کوردی ‌ بێ هیواکرد ، ترس و گومانی چاند، به‌ره‌و چاره‌نووسێکی ون.
سوپای عێراق و ئه‌من و ئیستخبارات و موخابه‌رات، گه‌یشتنه‌ هه‌موو بستێکی نیشتمان و گوندو شوێنه‌ ستراتیژییه‌کانی سه‌رسنووره‌کان، هه‌ر هه‌موویان خاپورکرد، خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ ئۆردوگاکان دا ده‌ست به‌سه‌رو زیندان کران. سه‌دام له‌ دوای تێك شکانی شۆڕشی ئه‌یلوول و هه‌ره‌س، به‌ وردی به‌ چه‌ند قۆناغێک به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی جینۆسایدی کوردی داڕێژا، دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ به‌رنامه‌ و ستراتیژه‌کانی له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان دیاری کرد، جارێکی تر شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه‌.
له‌ 1976 تا 1988جارێکی تر هاوڵاتی کورد له‌ زیندانه‌کان توندکران و له‌ سێداره‌ دران، له‌سه‌ر شه‌قامی شاره‌کان گوله‌ باران ده‌کران، کورد کۆمه‌ڵ کوژ و ئه‌نفال و جینۆساید کرا.
تا ئێستا ئیسک و پروسکی ده‌یان گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی ئه‌نفاله‌کان له‌ بیابانه‌کانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق شوین بزر کراون.
له‌ ڕاپه‌رینی ئازاری 1991جارێکی تر تاکی کورد له‌سایه‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم و حکومه‌تی کورد هیوایان به‌ ژیانێکی نوێ بوو، مافی هاوڵاتی بوونیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه‌ بۆ دابین بکرێت.
ئه‌وه‌ 31 ساڵه‌ هاوڵاتیانی کورد، رووبه‌رووی نه‌هامه‌تییه‌کانی مه‌رگه‌ساتی سه‌رانی کورد بوونه‌وه‌، تا ئێستا مافی هاوڵاتی بوونیان نییه وه‌ک کویله‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌ گه‌ڵ ده‌کرێ. ده‌سه‌ڵاتی کورد به‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گشتی، دوور له‌ خواست و ئیراده‌ی هاوڵاتیان، هه‌موو بڕیاره‌ مه‌زاجیه‌کانیان دوور له‌ ده‌ستوورو یاساو رێسا به‌سه‌ر هاوڵاتیان دا ده‌چه‌سپێنن.
هاوڵاتیانی کورد گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، له‌ 1920که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق دروست کراوه‌، به‌ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و کۆماری و به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکرده‌کانی کورد. له‌ دوای راپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حکومه‌تی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم تا ئێستا 11- 3- 2022 له‌و 102ساڵه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێکی سونی و شیعه‌ له‌ عێراق و سه‌رکرده‌کانی کورد و له‌ حیزب و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌ری مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هاوڵاتیان نین.

سه‌رچاوه‌: عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفاڵ، به‌رگی دووه‌م .ل 16.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت