عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا هه‌ناسه‌ی حه‌مه‌ره‌ش.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ 10- 03- 1991 مه‌فره‌زه‌که‌ی (حه‌مه‌ره‌ش ) و عوسمانی حاجی مه‌حمود له‌شاری کفری یه‌وه‌ بۆ ئازادکردنی دوزخورماتوو به‌رێکه‌وتن پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بگه‌ن، مه‌فره‌زه‌یه‌کی ره‌تڵێ پارتیزانه‌کانی گه‌رمیان به‌سه‌رپه‌رشتی حه‌مه‌ ئاخه‌ومه‌جید دووزی له‌ ناوشاری دوزخورماتوو بوون، به‌هاوکاری جه‌ماوەر‌ی خاوه‌ن هه‌ڵوێست ئه‌و شاره‌ یان ئازاد کردبوو.
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ سوپای عێراق و مجاهیدین چه‌ند هێڕشێکیان کرده‌ سه‌ر ئه‌و شاره‌ و وشکێنران. بۆ رۆژی دووه‌م سوپای عێراق و مجاهیدین له‌ چه‌ند قۆڵێکه‌وه‌، په‌لاماری شاری دووزیان دا، له‌وکاته‌دا حه‌مه‌ره‌ش و مه‌فره‌زه‌که‌ی له‌ سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌کی که‌رکوک – به‌غداد بوون، شه‌قامێکی تری لێ ده‌بێته‌وه‌ بۆ تکریت، له‌وێدا رووبه‌رووی ده‌یان هێڕشی سوپای عێراق و موجاهیدە‌کان بوونه‌وه‌ و تێکیان شکاندن. داتر ناقیله‌یه‌ک به‌ره‌و روویان هات، تێکیان شکاند، له‌وکاته‌دا که‌تیبه‌ی تۆپخانه‌ی عێراق ئه‌و شه‌قامه‌ی به‌ره‌تڵی تۆپ بێژا ، تۆپێک له‌ نزیک حه‌مه‌ره‌ش ته‌قییه‌وه‌، پارچه‌کانی سه‌ری و سنگی و سه‌راپا جه‌سته‌ی پێکا، تۆپ بارانه‌که‌ به‌رده‌وام بوو. عوسمانی حاجی مه‌حمود، به‌خێرایی نه‌وشیروان حاجی ئه‌حمه‌د و شه‌هید سوڵتان و چه‌ند پارتیزانێکی ده‌ست نیشان کرد بۆ گواستنه‌وه‌ی حه‌مه‌ره‌ش بۆ شاری کفری بۆ چاره‌سه‌ر، نه‌یانزانی هێزێکی بێ شوماری سوپای عێراق به‌پاڵپشتی مجاهیدین له‌ سێ رێیانی سلێمانی و به‌غداد و کفری ) بۆ سه‌یان داناوه‌، که‌ لێیان نزیک بوونه‌وه‌ ئه‌مجا زانیان رێگایان لیێ گیراوه‌. بۆ ده‌ربازبوون له‌و بۆسه‌ گه‌وره‌یه‌، نه‌وشیروانی حاجی ئه‌حمه‌د و هاوڕێ پارتیزانه‌کانی به‌ لانگرۆزه‌که‌یانه‌وه‌ لایاندایه‌ سه‌ر رێگایه‌کی خۆڵ له‌ بناری زنجیره‌ شاخی (غه‌ره‌وه‌ ).
باڵی تاریکای به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا کێشا، بۆ ئه‌وه‌ له‌ویوه‌ بگه‌نه‌ کفری، لە نیوه‌ی رێگا له‌ به‌رامبه‌ر سێ رێیانی سلێمان به‌گ، له‌ ده‌شتاییه‌که‌دا که‌وتنه‌ ناو که‌مینی دوژمنه‌وه‌ لانگرۆزه‌که‌یان به‌جێهێڵا.
حه‌مه‌ره‌ش –یان به‌شان ده‌رکرد، له‌ هێزه‌که‌ی دوژمن دووریان خسته‌وه‌، سەعات 10.30ی شه‌و سوڵتان و پارتیزانێکی تر به‌پێ رۆێشتن بۆ کفری، بۆئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێک بهێنن، حه‌مه‌ره‌ش ی پێ بگوێزنه‌وه‌ بۆ کفری.
نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن و دووپارتیزانی تر به‌ دیار حه‌مه‌ره‌ش ـه‌وه‌ مانه‌وه‌. له‌سه‌عات 1-ی شه‌و حه‌مه‌ره‌ش دوا هه‌ناسه‌ت سپارد، سوڵتان هه‌ر به‌ رێگاوه‌ بوو ئه‌و شه‌وه‌ نه‌یتوانی بگاته‌ کفری، ئوتۆمبیلێک به‌ فریای حه‌مه‌ره‌ش بگه‌یه‌نێت، به‌یانییه‌که‌ی نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن و هاوڕێکانی، ته‌رمی شه‌هید حه‌مه‌ره‌ش یان نزیک به‌ شاخی (غه‌ره‌) کرده‌وه‌، تەرمه‌که‌یان له‌وێدا شارده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست هێزه‌کانی دوژمن نه‌که‌وێت، تا دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌ش له‌ نزیک ته‌رمه‌که‌ مانه‌وه‌، هیچ که‌س به‌هانایانه‌وه‌ نه‌هات.
نه‌وشیروان و دووپارتیزانه‌که‌ی تر، به‌پێ به‌ره‌و شاری کفری به‌رێکه‌وتن، له‌ نێوان ده‌ربه‌ندی تاوڵه‌و قۆری چای، دوو ئۆتۆمبیلیان به‌دی کرد،که‌ لێیان نزیک بوونه‌وه‌ بینیان پارتیزانه‌کانه‌، سوڵتان و نازمی وه‌ستا شه‌ریف و چه‌ند پارتیزانێکی تر بوون، به‌ خێرایی پرسیاری باری ته‌ندروستی حه‌مه‌ره‌ش یان کرد:
نه‌وشیروان به‌ خه‌مێکی قوڵه‌وه‌ وتی: حه‌مه‌ره‌ش شه‌هید بووه‌، ته‌رمه‌که‌یمان له‌ جێگایه‌کدا شاردوه‌ته‌وه‌.
هه‌موویان روویان کرده‌ ئه‌وشوێنه‌ی ته‌رمه‌که‌ی لێ بوو، سه‌عات 9شه‌و ته‌رمی حه‌مه‌ره‌ش یان گواسته‌وه‌ بۆشاری کفری، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن و سوڵتان روویان کرده‌وه‌ شاری دووز بۆ لای عوسمانی حاجی مه‌حمود و پارتیزانه‌کان، سه‌عات 12 نیوه‌ڕۆ گه‌یشتنه‌ ناوشاری دووز.
پارتیزانه‌کان له‌ شه‌ڕێکی سه‌خت دابوون له‌ گه‌ڵ سوپای عێراق و مجاهیدین، له‌ رێگه‌ی دووزخورماتوو – که‌رکوک رێکه‌وتی عوسمانی حاجی مه‌حمود یان کرد، یه‌کسه‌ر پرسیاری باری ته‌ندروستی حه‌مه‌ره‌شی کرد: نه‌وشیروان چیرۆکی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ تاڵه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌، زۆری پێ ناخۆش بوو، ئێواره‌که‌ی سوپای عێراق و مجاهیدین تێك شکان، پارتیزانه‌کان هه‌ر له‌ناو شاری دوزمانه‌وه‌ به‌رگریان ده‌کرد، دوای چه‌ند رۆژێک له‌شه‌ڕی به‌رده‌وام و به‌رگری له‌وشاره‌، له‌ دوایه‌مین رۆژی كشانه‌وه‌ی پارتیزانه‌کان، سوڵتانی پارتیزان پێکراو دواهه‌ناسه‌ی سپارد.

سه‌رچاوه‌: ره‌شه‌ بای ژه‌هرو ئه‌نفاڵ، به‌رگی دووه‌م، ل 418.
*شێخ محه‌مه‌د شیخ که‌ریم عیسا که‌سنه‌زانی، له‌ 1957 له‌ گوندی هۆمه‌رامان ی قه‌ره‌داخ له‌دایک بووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ ناحیه‌ی سه‌نگاو بووه‌، له‌ 1974 رووی کردووه‌ته ‌شاخ و بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، دوای هه‌ره‌س بووه‌ به‌ پۆلیس ، له‌ 1977بووه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ ، له‌ 1978رووی کردوته‌ سنووری هه‌رێمی یه‌ک بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ، پێشمه‌رگه‌ یه‌کی هێمن و زیره‌ک به‌ جه‌ربه‌زه‌و لێهاتوو بووه‌ ، له‌ به‌رتوانا ی له‌ بن نه‌هاتووی ، له‌ 1980چه‌ندان پله‌ی فه‌رمانده‌یی له‌ فه‌رمانده‌ی مه‌فرزه‌وه‌ بڕیووه‌ تا له‌ 1987 بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی تیپی 53 ی شێروانه‌ ، به‌شداری ده‌یان چالاکی و داستانی کردوه‌و رۆڵی دیاری بینیووه‌ ، چه‌ند جارێک بریندارکراوه‌ ، به‌شداری شه‌ڕی به‌رگری ئه‌نفالی یه‌ک و سێ ی کردوه‌ ، له‌ ئه‌نفالی سێ ی گه‌رمیان کاروانێکی گه‌وره‌ی ژن و پیاو منداڵ و پێشمه‌رگه‌ی له‌ تۆڕی ئه‌نفال ده‌رباز کردووه‌.
دوای ئه‌نفال له‌ گه‌ڵ هاوڕێ پارتیزانه‌کانی گه‌رمیان له‌ گه‌رمیان ماوه‌ته‌وه‌ ، سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ پارتیزانه‌کانی گه‌رمیانی کردووه‌، جیهازێکی له‌ چیای ئاشداخ لابوو ، په‌یوه‌ندی به‌ رێکخراوی شاره‌کان ونه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ هه‌بوو ، رۆڵی حه‌مه‌ ره‌ش و هاوڕێ پارتیزانه‌کانی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی و پارتیزانی دا داستانێکی سه‌ره‌و ه‌ری و ئه‌فسانه‌یه‌کی شکۆی مه‌زنه‌ له‌ مێژووی جه‌نگی پارتیزانی کوردستان و دنیادا. عه‌بدوڵڵا که‌ریم،گۆڤاری سه‌نگاو.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت