عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سه‌رکرده‌ بته‌کان.! ‌

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

زۆر له‌ مرۆڤی ئه‌م نیشتمانه تایبه‌تمه‌دیی و خۆپه‌رستی و نه‌رجسیه‌تیان به‌ جۆرێکه‌ له‌ مرۆڤێکی خاکی و ئاسایی نه‌ته‌وه‌کانی تر ناچن، ئه‌م مرۆڤانه‌ به‌پێی زه‌مه‌ن و هه‌ل و مه‌رجه‌کانی کاییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێن، گۆڕانی ئه‌م مرۆڤانه‌ بروسکه‌ ئاسا به‌ جۆرێکه‌ وه‌ک هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه‌ نه‌بێت له‌ سه‌ر زه‌مینێکی تره‌وه‌ هاتبێ ئاوان.
ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ له‌ چرکه‌یه‌کدا، هه‌موو وێستگه‌ جیاجیاکانی ژیانی رابردووی خۆیان له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌، ئه‌م گرێی تایبه‌تمه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌، له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به‌ جۆرێکی وا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌یان پرسیاری بێ وه‌ڵام.
ده‌بێت سیحری ئه‌م ته‌مه‌نه‌ کورته‌ی مرۆڤی کورد چی بێت، دوو مرۆڤ و دووهاوڕێ، هه‌مووساته‌کانی ته‌مه‌نیان پڕه‌ له‌ یاده‌وه‌ری رۆژمێری ته‌مه‌نی ژیان، له‌ قۆناغێکی دیاری کراودا یه‌کێکیان پله‌یه‌کی حیزبی یا حکومی له‌ دام و ده‌زگاکان وه‌رده‌گرێ.
ئیتر له‌و چرکه‌یه‌وه‌، ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ به‌ جۆرێکی وا له‌ خۆی ورابردوی خاکیانه‌ی و یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆی و هاوڕێکانی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌گۆڕێت،که‌س ناناسێت.
وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه‌ هاتبێته ئه‌م زه‌مینه‌، له‌ سه‌رووی هه‌وره‌کانه‌وه به‌ دوور بین بڕوانێته‌ ده‌وروبه‌ره‌که‌ی، هه‌موو رابردووی خۆی و هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌کانی و هاورێکانی و به‌کاڵی و به‌ بچوکی ده‌بینێت.
* یه‌کێک له‌و مرۆڤه‌ ئینتیهازیانه‌ بژێوی ژیانێکی دیاری کراوی هه‌بوو، هه‌ر که‌ کرا به‌وه‌زیرو له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی دانیشت، موبایله‌که‌ی داخست، دوای ماوه‌یه‌ک ژماره‌که‌ی گۆڕی، ئه‌م مرۆڤه‌ ماستاوچی و مه‌قاشه‌ ئه‌له‌کترۆنی یه‌، بێ هه‌ست و نه‌ستانه‌، له‌ سه‌رئه‌و کورسی یه‌ بووه‌ به‌ که‌سێکی تر، بووه‌ به‌ سه‌رکرده‌ی میلله‌ت و که‌س ناناسێ، خاوه‌نی سه‌ره‌وه‌ت و سامانێکی خه‌یاڵییه.
ئه‌مانه‌ یه‌ک و دوان و سیان نین، ژماره‌یه‌کی زۆرن، ژیانی ئاسایی خۆیان و رابردووی خۆیان له‌بیر چوەته‌وه‌، به‌ جۆرێک نه‌تەوەو نیشتمانه‌که‌ی له‌ یادچووه‌، رێزو به‌های هاوڵاتیانی نیشتمانه‌که‌یان له‌ یاد کردووه‌، هه‌موو به‌هایه‌کی دنیا لای ئه‌و بوو به‌ نه‌رجسیه‌تی خۆپه‌رستی و بتی ئه‌وکه‌سه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ دایناوه‌. ‌
* یه‌کێکی تر له‌و مه‌سئوله‌ په‌ڕپوتانه‌، گه‌ر له‌سه‌رووی خۆیه‌وه‌ تیلی بۆ بکه‌ن، ده‌بێت به‌ په‌شمه‌ک و به‌جۆرێک ده‌توێته‌وه‌، ده‌بێت به‌ ژماره‌ی سفری دوای فاریزه‌، به‌ڵام گه‌ر هاوڵاتیه‌کی ئاسایی، یا هاوڕێیه‌کی تیلی بۆ بکات یا سه‌ردانی بکه‌ن، پاسه‌وان و سکرتێره‌که‌ی فێر کردووه‌، بڵێ له‌وێ نییه، کۆبونه‌وه‌ی هه‌یه‌.
* یه‌کێکی تر له‌م لێپرسراوه بتانه‌ رۆژی ده‌یان درۆو فێڵ و سیناریۆ دروست ده‌کات، ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ ده‌بوایه‌ ده‌ڵاڵی مه‌زاتخانه‌ بوایه‌، نه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان، نه‌ک وه‌زیر،ئه‌م سه‌رکردانه‌ قوتابیه‌کی به‌وه‌فای مۆسۆلۆنین، رێبازه‌که‌یان به‌ جۆرێک گرتووه‌، دوای مرنیش بەری ناده‌ن.
ئه‌وه‌نده‌ به‌وه‌فان، تاپۆی کورسی وده‌سه‌ڵاتیان بۆ نه‌وه‌ به‌نه‌وه‌و خانه‌واده‌ به‌ خانه‌واده‌و حیزب به‌ حیزب، پۆست به‌دوای پۆست، ده‌ستاو ده‌ست پێ ده‌که‌ن.
* یه‌کێک له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌، 8ساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بوو، له‌هه‌موو کۆبونه‌وه‌کان به‌قات و بۆینباخه‌وه‌، وه‌ک بت له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا دیار بوو، یه‌ک وشه‌ی پێ نه‌بوو، سه‌ره‌ واوێک نازانێ، به‌ڵام سه‌یری ده‌نگ و ره‌نگی حیزبی قائید ده‌کات، ئه‌مانه‌ پسپۆری تایبه‌تی ده‌ست به‌رزنه‌کردنه‌وه‌ و ده‌ست نزم کردنه‌وه‌ن، توتی حیزبن، دوای هه‌شت ساڵه‌که‌ کرا به‌وه‌زیر، ئه‌م وه‌زیره‌ ئه‌وه‌نده‌ زانایه‌ خۆی فه‌رهه‌نگه‌، بڕوای به‌ کتێب نییه‌.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت