بورهان شێخ ڕەئوف: توركیا و سعودیە پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دواجار رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لە 28- 04- 2022 بە سەردانێكی دوو رۆژە گەیشتە سعودیە، دوای هەوڵێكی زۆری چەند مانگی بۆ ئاساییكردنەوە، بە هۆی تیرۆركردنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس لە ناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئستانبوڵ لە ساڵی 2018 دا.
ئەوەی رێی خۆشكرد بۆ ئەم سەردانەی ئەردۆغان، ئەوەبوو دادگای توركیا دادگاییكردنی تۆمەتبارەكانی ئەو دۆسێیەی راگرت و دۆسێكەی حەواڵەی خودی سعودیە كردەوە.
ئەم هەنگاوەی توركیا گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، كە لە ساڵی 2020ەوە تا ئێستا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە وەكو میسر و ئیسرائیل و ئیمارات و سعودیە گرتوێتیەبەر.
پەیوەندییەكانی سعودیە و توركیا لە كاتی كوژرانی خاشقچییەوە ئاڵۆزییەكی میدیایی توندی لێكەوتۆتەوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی سعودیە بە شێوەیەكی ناڕەسمی بایكۆتی كاڵاو شتومەكی توركی بكات، ئەمەش كاریگەریی گەورەی بۆ سەر ئابووری توركیا دروستكردووە، بە جۆرێك لیرەی توركی زۆری بەهاكەی لە دەستداوە و هەڵاوسانیش گەیشتۆتە 60 %.
بۆیە ئێستا ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە گوشارە ئابووییەكانی سەر وڵاتەكەی كەم بكاتەوە لە رێگەی چاككردن و پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتییەكانی، بە تایبەتی بۆ هەمووان ئاشكرایە كە ئاكەپە و ئەردۆغان لە ساڵی 2002 ە كە دەسەڵاتیان گرتەدەست لە توركیا بە دروشمی سفركردنەوەی كێشەكان دەستەكەوتی گەورەیان بە دەستهێنا، بەڵام دوای 2011 و بەهاری عەرەبی و دەستوەردانەكانیان لە وڵاتانی ناوچەكە لە باكووری ئەفریقاوە بۆ سوریا بوونە بەشێك لە كێشە و ململانێكانی ناوچەكە و باڵانسی جەماوەریشیان زۆر هاتە خوارەوە بەتایبەتی دوای كۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد، لە كاتێكدا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو 2023 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەدەچێت، ئەردۆغانیش ئاڵنگاری گەورەی لە بەردەمدایە و زۆر پێویستی بە باشكردنی دۆخی ئابووریی توركیایە .
ئەنقەرە بەنیازە لەڕێگەی ئەم رێكەوتنەیەوە لەگەڵ ریاز، هاوشێوەی رێكەوتنامەكانی تری ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ چین و قەتەر و كوریای باشوور و ئیمارات بە بەهای نزیكەی 28 ملیار دۆلاربوو پەرە پێ بدات، هەروەها دەخوازێت گرێبەستی وەبەرهێنانی تریش بكات وەكو ئەوەی لەگەڵ ئەبوزەبی كردوێتی.
لەلایەكی ترەوە پێناچێت ئیتر توركیا وەكو سەردەمەكانی سەرەتای بەهاری عەرەبی بتوانێت ئەجێندا و سیاسەتەكانی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەكەدا بسەپێنێت، هەرچەندە بنكە و پێگەی سەربازیی لە وڵاتانی قەتەر و سۆمال بنیات ناوە، چونكە بێزاریی و نیگەرانی لەلای وڵاتانی ئیقلیمی دروستكردووە، لەبەر هەڵوێست و دەستوەردانەكانی لە لیبیا و سوریا و عیراق و ناگۆرنی كاراباغ، هەروەها كڕینی سیستمی بەرگریی S400 ی روسی سەرەرای ناڕەزایی هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ، ئەمانە هەموو كێشەی گەورەن بۆ توركیا، بۆیە ئێستا ئەردۆغان لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی و نزیكبوونەوەیە لە سعودیە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت