عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مه‌دالیای که‌ته‌ر.

سه‌ره‌تای شه‌سته‌کان ماڵمان له‌ گه‌ڕه‌کی به‌را نان بوو، نزیک مه‌زاری شێخ مسته‌فا. به‌هۆی ئه‌و شه‌خسه‌وه‌ ئه‌وسا به‌و گه‌ره‌که‌یان ئه‌وت ( گه‌ڕه‌کی شه‌خسه‌که‌ی ئابڵاخ )، ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ له‌ دامێنی خوارووی گردی ره‌عایه‌و سه‌رووی گردی ئه‌ندازیارانه‌وه‌ بوو.
ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ پێک هاتبوو له‌ چه‌ند ریزێک خانووی قوڕو چه‌ند ماڵێکی قه‌راغ شار، ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌ک چۆڵه‌وانی و ده‌غلودان بوو، ژنانی گه‌ڕه‌ک له‌ کانیه‌که‌ی سه‌ره‌وه به‌شان ئاویان بۆ ماڵه‌کانیان ده‌هێنا. ئه‌و کانیه‌ سه‌رچاوه‌ی دوو چه‌م بوو، به‌ خوار شه‌خسه‌که‌دا تێ ده‌په‌ڕی.
هه‌مووچوارشه‌مەو هه‌ینییه‌کی به‌هاران، ‌زۆر له‌ خانه‌واده‌کانی به‌ (ئامانه‌ )، له‌شاره‌وه‌ بۆ زیاره‌ت و نیازحاسڵ بوونیان، روویان ده‌کرده‌ ئه‌وشه‌خسه. له‌ به‌یانییەوه‌ تا ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ له‌سه‌ر سه‌وزایی هه‌ردوو چه‌مه‌که‌و شه‌خسه‌که‌ ده‌مانه‌وه‌و سه‌یرانیان ده‌کرد.
ئێمه‌ی منداڵانی گه‌ڕه‌ک (تۆفیقی مام هیدایه‌ت، نوری عه‌لی عاره‌بانچی، حسین محه‌مه‌د، فاروق حسین، شه‌هید کامیل ئیبراهیم، خالید ئه‌حمه‌د گرێده‌ )، به‌ تۆپێکی سێ په‌نجایی لاسیک له‌ نزیک ماڵی حه‌مه‌ی( هەمین) دوو گۆڵیمان ده‌کرد. حه‌مه‌ی هه‌مین، چه‌ند ساڵێک له‌ ئێمه‌ بچوکتر بوو، گه‌ر هه‌رکەسێک گۆڵی بکردایه‌، له‌ خۆشیا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌داو پیرۆزبایی لێ ده‌کرد.
مام قادری باوکی حه‌مه‌ کرێکارێکاری ده‌کرد، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ هۆی هه‌لومه‌رجی نائاساییه‌وه‌، کرێکاری که‌م بوو، بێ ئیشی و بێ کاری هه‌موو کایه‌کانی ژیانی داگیر کردبوو، ماڵی حه‌مه‌ی هه‌مین و زۆربه‌ی خانه‌واده‌کان به‌ نه‌داری و هه‌ژاری رۆژ و مانگ و ساڵه‌کانیان به‌ژیانێکی مه‌مره‌و مه‌ژی به‌ عیزه‌تی نه‌فسه‌وه‌ به‌رێ ده‌کرد، به‌ ئیراده‌ی خاکیانه‌یانه‌وه‌ رووبه‌رووی هه‌موو دژاوه‌رییه‌کانی ژیان ده‌بوونه‌وه‌.
حه‌‌مه‌ی هه‌مین له‌ منداڵییه‌وه‌ خاوه‌ن هه‌ستێکی زۆرناسک و جوان و پاک بوو، هه‌موو ته‌مه‌نی به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌کانی جیاوازیی چینایه‌تیدا ده‌گه‌ڕا.
ده‌یزانی زۆر له‌ مرۆڤه‌کان ته‌نیا به‌روخسار له‌ مرۆڤ ده‌چن، کارو کرده‌وه‌و هه‌لسوکه‌وته‌کانیان هه‌ر هه‌مووی توندوتیژیی و رق و کینه‌و تۆڵه‌و پاشقول گرتن و سیناریۆی چاڵ هه‌ڵکه‌ندنه بۆ یه‌کتریی.
کاریگه‌ری سته‌می سه‌دام و به‌عس، به‌ جۆرێک له‌ ناخی حه‌مه‌ی مانگردا ره‌نگی دابوه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تادا دڵی به‌م دامه‌زراوه‌ کورده‌وارییه‌ خۆش بوو، دوای راپه‌ڕین و مانگرتن و ناعه‌داله‌تی کورده‌واریانه‌، جارێکی تر تارمایی سته‌م، ده‌روونی حه‌مه‌ی هه‌مینی داگرت و کردی به‌ حه‌مه‌ی مانگر، نه‌ک جارێک و ده‌یان جار و سه‌دانجار و هه‌زاران جار، هه‌ستی پاک و جوان و ناسکی په‌پوله‌ ئاساو رۆحی ماندووی ئه‌ویان بریندار کرده‌وه‌.
حه‌مه‌ی مانگر هه‌ر وه‌ک مام قادری باوکی له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا به‌دوای کارێکدا ده‌گه‌ڕا بژێوی ژیانی هاوسه‌رو 5جگه‌رگۆشه‌که‌ی دابین بکات، به‌ڵام کێ له‌ ناخی پاکو موعاناتی ئازاره‌ جوان و به‌ها باڵاکانی ئه‌و ده‌گات؟
مانگری بێ کاروکاسپی، گیرفان خاڵی، کرێچی و خاوه‌ن کۆشێ منداڵ، گه‌ر به‌ رسته‌یەک ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بگرێ، نه‌ حیزب و نه‌حکومه‌ت ناڕوخێ!
ئێواره‌ی 26 ی حوزه‌یرانی 2022، حه‌مه‌ی مانگر دوای کاری تاقه‌ت پروکێن و ماندووبوون، دوای ته‌واوبوونی کاره‌کانی به‌جلی کارێکاری به‌پێ له‌ گه‌ڕه‌کی تاڤگه‌ی سه‌رچناروه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، چه‌ند که‌سێکی ده‌مامکدار به‌ ئۆتۆمۆبیلێکی ره‌شه‌وه‌، رێی لێ ده‌گرن،‌ به‌ که‌ته‌ر جه‌سته‌ی دا ده‌پاچن و خه‌ڵتانی خوێنی ده‌که‌ن.
شه‌ماڵێ به‌هجه‌ت کابان به‌ خێرایی ‌فریای ده‌که‌وێت و ده‌ یگه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار، که‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ گیرفانی کراسه‌ خوێناویه‌که‌یدا، ته‌نیا 3 هه‌زار دیناری تیا بوو!

* له‌منداڵی له‌ گه‌ره‌کی شه‌خسه‌که‌ی ئابڵاخ، ناوی حه‌مه‌ی هه‌مین بوو، به‌ ناوی پوره‌ هه‌مینی دایکییه‌وه‌ بانگیان دەکرد، دوای راپه‌ڕین و رۆڵی حه‌مه‌ له‌مانگرتن،ناوه‌که‌ی گۆڕا به‌ حه‌مه‌ی مانگر.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies