عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: لوتکه‌یه‌ک له‌ شکۆ، بۆ یادی شه‌هید وه‌ستا ئه‌نوه‌ر.

ئه‌نوه‌ر عه‌بدولره‌حمان عه‌بدولقادر ناسراو به‌ وه‌ستا ئه‌نوه‌ر، له‌ ساڵی 1946 له‌ خانه‌واده‌یه‌کی ره‌نجده‌ر له‌ گه‌ڕه‌کی پاشا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دایک بووه. هه‌موو وێستگه‌کانی ژیانی به‌ ره‌نج و ماندووبوون و ‌کاری زه‌حمه‌تی تاقه‌ت پڕوکێ به‌رێ کردووه. رۆژانه‌ له‌ گه‌ڵ وه‌ستاو و به‌ناو کرێکاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ کرێکاری کردووه‌و دوای ته‌وابوونی کاره‌‌که‌ی له‌ قوتابخانه‌ی شه‌و خوێندویه‌تی.
هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌دوای پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌کانی جیاوازی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی دا عه‌وداڵ بووه‌، له‌دوای کۆده‌تای 14 گه‌لاوێژی 1958 وه‌ک کرێکارو وه‌ستایه‌کی هوشیار په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌کانی حیزبی شیوعی یه‌وه‌ کردووه‌، رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ نه‌قابه‌ی کرێکاران.
له‌ کۆتایی شه‌سته‌کاندا بوو به‌ وه‌ستاو به‌نایه‌کی لێهاتوو، به‌ سه‌لیقه‌و تواناو ئه‌زمونی خۆی رۆڵی دیاری هه‌بووه‌ له‌ دروستکردنی چه‌ندان خانوو و بیناو دامه‌زراوی خزمه‌ت گوزاریی هه‌ڵه‌بجه‌.
له‌ 1970 دا ده‌رکی به‌وه‌کرد، حیزبی شیوعی بووه‌ به‌ هاوپه‌یمانی حکومه‌تی عێراق، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول سێبه‌ری وڵاتێکی داگیرکه‌ربوو، ئه‌و هاوکێشه‌ سیاسی یه‌ ئاڵۆزه‌ بوو به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان پرسیاری بێ وه‌ڵامی تر، وه‌ک چه‌پێکی هوشیار په‌یوه‌ندی کردووه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لینینی کوردستانه‌وه‌.
دوای هه‌ره‌س وه‌ستا ئه‌نوه‌ر رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ هه‌ڵه‌جه‌و شاره‌زوور هه‌بووه‌ و چه‌ک و ئامێری تایپی له‌ سه‌یدسادقه‌وه‌ له‌ ژێر دارو ته‌خته‌دا حه‌شارداوه‌و گه‌یاندویه‌تی به‌ یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌ی سه‌ره‌تایی.
له‌ ساڵی 1977 ، (ب .ح ) ی ره‌نجده‌ران، به‌هۆی جاسوسێکه‌وه له‌ خاڵێکی پشکنینی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌سگیرده‌کرێت، (ب.ح) له‌ کاتی لێکۆڵینه‌وه‌و ئه‌شکه‌نجەی جه‌سته‌یی و ده‌روونی دا، وره‌ی ده‌روخێ و ناوی وه‌ستا ئه‌نوه‌ری لێپرسراوی رێکخستنه‌ نهێنیه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوورو که‌مال ی شیخ محه‌مه‌د و عه‌بدوڵڵا و ده‌یان کادرێکی کۆمه‌ڵه‌ ده‌درکێنێ و به‌گرتیان ده‌دات.
له‌ 5- 5- 1977 هێزێکی سه‌ر به‌ ئیستیخباراتی عه‌سکه‌ری عێراق به‌ ده‌بابه‌و مده‌ره‌عه‌و چه‌ند جێبێکی سه‌ربازی، په‌لاماری ماڵی وه‌ستا ئه‌نوه‌ریان له‌ گه‌ره‌کی پیر محه‌مه‌د داو ده‌سگیریان کرد، له‌ زیندانی ئیستخباراتی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ گواستیانه‌وه‌ بۆ ئیستخباراتی سلێمانی له‌ناو فرقه‌ی سلێمانی.
پشکۆ ئه‌مین یه‌کێک له‌ زیندانیه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردوه‌: ئێمه‌ چه‌ند زیندانیه‌ک بووین له‌ ئیستخباراتی سلێمانی، بریتی بووین له‌ وه‌ستا ئه‌نوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ – کۆمه‌ڵه‌، تۆفیقی حاجی چایچی – هه‌ڵه‌بجه‌ کۆمۆنیست، خالید دلێری شاعیر برای شه‌هید مامۆستا جه‌عفه‌ر – کۆمه‌ڵه‌، عومه‌ر خانه‌قینی له‌ زانکۆی سلێمانی، ئه‌شره‌ف شه‌ره‌ف کۆیی، ئازاد ره‌زا قوتابی به‌شی ئابوری زانکۆی سلێمانی، پشکۆ ئه‌مین کاژیک.
جه‌للاده‌کانی ئیستخباراتی سلێمانی، هه‌موو جۆره‌ ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی یان له‌سه‌ر هه‌موو زیندانییه‌کان تاقی کردووه‌، لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ی قورس و هه‌ڵواسین و ته‌وژمی ته‌زووی توندی کاره‌با، ‌ زیندانییه‌کان هیچ نهێنیه‌کیان نه‌درکاند.
به‌یانیان به‌ خێرایی قفلی ده‌رگای ژووره‌که‌یان ده‌کرده‌وه‌و زیندانییه‌کانیان ده‌برد بۆسه‌ر ئاو و ده‌بوایه‌ ئه‌و سه‌تڵه‌ی دانرابوو بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ پڕیان بکردایه‌ له‌ ئاوو بیانگه‌یاندایا ژووره‌که‌یان، ده‌بوایه‌ به‌ خێرایی ئه‌و سه‌تڵه‌ی بۆ میزو پیسایی له‌ ژووره‌که‌دا دانرابوو له‌ گه‌ڵ خۆیان دا بیانبردایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌ڵیان بڕشتایه، سه‌تڵه‌که‌یان ببردایه‌ته‌وه‌ ژووره‌که‌.
رۆژانه‌ ناوی زیندانه‌کان ده‌خوێنرایه‌وه‌و ده‌بران بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و ئه‌شکەنجه‌، هه‌ڵواسین به‌ قولاپ، به‌چه‌ند جۆرێک بوو، هه‌ڵواسین به‌ قاچ سەرو‌وخوار، هه‌ڵواسین به‌ ده‌ستومه‌چه‌ک، هه‌ڵواسین له‌ پشته‌وه‌ به‌ قۆڵ، زۆرجار جه‌لاده‌کان به‌شان زیندانییه‌که‌یان به‌رز ده‌کرده‌وه‌، هه‌موو قورسایی جه‌سته‌ی دەخسته‌ سه‌رشان و قۆڵی، چه‌ند جه‌للادێک له‌کاتی ئه‌م هه‌ڵواسینه‌دا، به‌ کێبڵ هه‌موو جه‌سته‌ی زیندانه‌که‌یان داده‌گرته‌‌وه‌، جه‌سته‌ی زیندانه‌که‌ وه‌ک جۆلانیه به‌ هه‌ڵواسراوی به‌م لاو ئه‌ولادا ده‌خولاندووه‌، زۆر له‌زیندانیه‌کان به‌رگه‌ی ئه‌م جۆره‌ ئه‌شکه‌نجانه‌یان نه‌ده‌گرت، ده‌بوورانه‌وه و نیوه‌ مردوو ده‌بوون.
دواتر زیندانییه‌که‌یان فڕێ ده‌دایه‌ رێره‌وه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیندانییه‌کانی تر بیبینن و له‌ رووی جه‌سته‌یی و ده‌رونییه‌وه‌ تێک بشکێن، دوای ماوه‌یه‌ک جه‌للاده‌کان ئاویان به‌سه‌ر زیندانیه‌که‌دا ده‌کردو جارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌کانیان له‌گه‌ڵ ده‌کرده‌وه‌.
ئێواره‌یه‌کیان پشکۆ له‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌که‌ وه‌ستابوو، سه‌یری یاریگاکه‌ی ئه‌و به‌ری ده‌کرد،،وه‌ستا ئه‌نوه‌ر چووه‌ نزیکی و به‌ روویه‌کی خۆشه‌وه‌ سه‌یری پشکۆی ‌کرد، پشکۆ وتی : کاک ئه‌نوه‌ر دەمناسیت
وتی : نه‌ء
پشکۆ وتی : من تۆ ده‌ناسم، به‌ منداڵی ته‌مه‌نم 9ساڵ بوو تۆم دیوه‌، شێوه‌ی ئه‌وسای تۆم له‌ یاده‌، ماڵتان له‌ خوار کاره‌باکه‌ وه‌ بوو، به‌رامبه‌ر به‌باخی گشتی، ماڵی حاجی ناجی و کاک مه‌حمودی کاره‌با له‌ولاتانه‌وه‌ بوو، ماڵی سیروان جاف و کیسرا جاف له‌ سوچی ئه‌وسه‌ری ماڵه‌که‌تانه‌وه‌ بوو.
وه‌ستا ئه‌نوروتی: تۆ کوڕی کێیت؟
-کوڕی فڵان که‌سم، ماڵمان لای مزگه‌وته‌که‌ی ته‌کیه‌وه‌ بوو.
وه‌ستا ئه‌نوه‌ر ده‌ستی خسته‌ سه‌رشانم و وتی: ئێمه‌ له‌ نه‌نکته‌وه‌ که‌سوکاری یه‌کترین.
له‌وکاته‌دا وه‌ستا ئه‌نوه‌ر، بانگی تۆفیقی حاجی چایچی کرد، وتی: تۆفیق پشکۆ کوڕی مامه‌ شێخه‌، ئامۆزای له‌تیف ی هاوڕێته‌
جه‌لاده‌کان هه‌موو جۆره‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌یان له‌سه‌ر وه‌ستا ئه‌نوه‌ر تاقی کردوه‌، هیچ نهێنیه‌کی نه‌درکاندبوو، رۆژێکی تر، وه‌ستا ئه‌نوه‌ریان بردو نه‌یان هێنایه‌وه‌.
ده‌مه‌و ئێواره‌که‌ی ده‌رگای ژووره‌که‌یان کرده‌وه‌و زیندانییه‌کانیان برد بۆسه‌ر ئاو، زیندانییه‌کان جه‌سته‌ی نیوه‌ مردووی وه‌ستا ئه‌نوه‌ریان بینی له‌ به‌ر خۆره‌تاوه‌که‌ ‌ فڕێ درابوو، ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌شکه‌نجەیان‌ دابوو له‌ هۆش خۆی چووبوو، سه‌ریان تاشی بوو به‌ گویزان، پێستی سه‌ریان قاش قاش کرد بوو، شه‌کریان به‌سه‌ردا کردبوو، مێرووله‌یان خسته‌ بووه‌ سه‌ر برینه‌کانی و به‌ نایلۆن سه‌ریان به‌ستن بوو، بێ خواردن و بێ ئاو.
ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ وه‌ستا ئه‌نوه‌ریان هێنایه‌وه‌، ئازاری به‌ سوێی برینه‌کانی سه‌ری و گازی مێروووله‌کان وتینی گه‌رمای خۆره‌تاوی حوزه‌یران‌، جه‌سته‌ی بێ هیزو هه‌ناسه‌ی ته‌نگ و سست کردبوو، ره‌نگ به‌ روویه‌وه‌ نه‌مابوو، به‌ڵام وه‌ک جاران به‌ وه‌ره‌و ئیراده‌ی به‌هێزه‌وه‌ هه‌ڵوێستی به‌رگریه‌کی وای نواندبوو، هه‌موو ئیعترافه‌کانی (ب.ح ) به‌تاڵ کردبوه‌وه‌، جه‌للاده‌کانی ئیستخبارات له‌ به‌رده‌م وره‌و ئیراده‌ی وه‌ستا ئه‌نوه‌ردا هه‌ستیان به‌ که‌می و‌ شه‌رمه‌زاری کرد بوو، پێیان وتبوو: به‌ زیندووی له‌ ده‌ستمان ده‌رناچیت.
دوای ماوه‌یه‌ک (ئه‌شره‌ف و ئازاد ره‌زاو خالید دلێرو پشکۆئه‌مین) ئازادکران، پشکۆ له‌سه‌ر داوای وه‌ستا ئه‌نوه‌ر سه‌ردانی ماڵی داده‌ حه‌پسه‌ی خوشکی کرد له‌ گه‌ره‌کی کارێزه‌ وشک و راسپارده‌که‌ی وه‌ستا ئه‌نوه‌ری پێ گه‌یاند.
دوایی وه‌ستا ئه‌نوه‌ریان گواسته‌وه‌ بۆ هه‌یئه‌ی خاسه‌ی که‌رکوک، جه‌للاده‌کان له‌وێ هه‌موو جۆره‌ ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کیاندا، به‌ ئاسن ئێسکی هه‌ردوو ده‌ستی و قاچه‌کانیان شکاند، هیچ سه‌ره‌داوو وشه‌یه‌کیان چنگ ناکه‌وت، به‌ده‌م ئازرێکی به‌سوێوه‌ له‌ 30- 6- 1977 رۆحی سپارد .

سه‌رچاوه:
1- عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود: دیدارێک له‌ گه‌ڵ شیخ عه‌لی برای شه‌هید وه‌ستا ئه‌نوه‌ر.
2- پشکۆ ئه‌مین: تاڵێک له‌ بیره‌وه‌ری زیندان و یادکردنه‌وه‌ی قاره‌مانێکی کورد له‌ساڵی 1977 له‌ ئیستخباراتی فرقه‌ی سلێمانی، فه‌یس بووک.
3- چه‌ند زانیاریه‌کی عه‌زیزره‌شید عه‌زیز
4- چه‌ند زانیارییه‌کی شه‌ریف که‌شکۆڵ برازای شه‌ هید وه‌ستا ئه‌نوه‌ر .

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies