شێرزاد شێخانی: تەعریبکردنی هەولێر..!

لەسەردەمی خۆی لەوپەڕی مەغروری وخۆبەزلزانینەوە صەدام حوسێن وتبووی” هەر کەسێک بیەوێ دوای ئێمە حوکمی عیراق بکات، دەبێ وڵاتێکی بێ میللەت وەربگرێتەوە”. بەڵام شوکر پێڕا نەگەیشت وڵاتەکەی بە تەواوی خاپوور بکات، چونکی سەرباری ئەو هەموو شانوشەوکەتو زلهێزی و غرورەی تەنها بە یەک دەسڕێژی گولەی سەربازێکی عیراقی لەسەر وێنەیەکی دیواربەندی لەبەسڕەدا راپەڕینی سەرتاسەری هەموو عیراقی گرتەوە. بەمەش صەدام بەرە بەرە لەکونە مشکەکەی گوندی ( دۆڕ ) نزیک دەبووەوە تاکو دواتر لەسێدارە درا.
ئەم وێرانەیەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەموومان دەیبینین، هەمان لۆژیکی ئەو جۆرە عەقلییەتەیە کە پشت بە وەهم و هێزی فشۆڵەوە ئەبەستێ ومیللەتەکەی خۆی ئەچەوسێنێتەوە. وێرانکاری کوردستان تەنها لایەنێکی ژیانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەموو سێکتەرەکانی داماڵیوە. دەسەڵاتێک نە لە سیستەمی پەروەردەی سویدی وئەمریکی تێئەگات، نە لەسیستەمی تەندروستی وبیمەی کۆمەڵایەتی، نە لەپلانی ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئابووری و، نە لەبنیاتنانی ژێرخانی وڵاتیش. راستوچەپ کەوتۆتە گیانی سێکتەرە حکومیەکان و هەمووی لەڕەگەوە هەڵکێشاوە کە تا دوو سەد ساڵیتریش هەڵناسێتەوە.
تاکی کورد، بە تایبەتیش خەڵکە بە ئەزموون و دونیادیدەکان هەمیشە لەوەسفی ئەم دەسەڵاتەدا ئەڵێن” ئەم دەسەڵاتدارانە بەتەما نین لەکوردستان بمێننەوە، هەموویان خاوەن رەگەزنامەی دووەمن، کۆشک و تەلارو حیسابی زەبەلاحی بانکیشیان لەئەوروپا و تورکیادا هەیە، هەر کاتێک لێیان بقەومێ ڕائەکەن و میللەت تەسلیمی دەستی قەدەر ئەکەن”.
ئەمەیان بەچاوخشاندنەوە بە مێژووی نزیکی خۆمان تا حەددێک راستی تیایە، هەر بۆیەش دەسەڵات لەخەمی دوارۆژی میللەتەکەیدا نیە.
یەکێک لەگەورەترین مەترسییەکانی ئاییندەی کوردستان ئەو تەعریبە لەسەرخۆیەی ئێستای شارەکانی هەرێمە بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت.
بەپێێ ئامارەکانی حکومەت خۆی، ئەڵێن، زیاتر لە 700 هەزار عەرەب لەم شارەدا دەژین. نازانم ژمارەیان لەسلێمانیش چەندە، بەڵام هەرچەنێک بن ژمارەکان مەترسیدارن.
پێش هەموو شتێک ئەم عەرەبانە کە دێنە کوردستان، هەڵبەت ناچن لەگوندو قەزاو ناحیەکاندا نیشتەجێ بن، بەشی هەرە زۆریان لەناو سەنتەری هەولێرن. دواتریش کە نیشتەجێ ئەبن موڵکی کوردەکان ئەکڕن ( خانوو و دوکان وئەرزە ) بەمەش تاپۆی موڵکەکان بەناویانەوە ئەکرێ و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نابێ لێیان بسەنێتەوە. هەر کەسێکیشیان کە دێنە شار مەتعەمێک یان مەعمەلێک یان دوکانێک ئەکەنەوە، پانزە بیست کەس لەخزمەکانیشیان لەگەڵ خۆیان ئەهێنن بۆ ئەوەی بیانکەنە شاگردی خۆیان . بەمەش پاش بیست سی ساڵێک ئەو 700 هەزارە ئەبنە ملیۆنیک و دوو ملیۆن. ئینجا هیچ بەدووری نازانم ئەوکات بەخۆیان کەون وحزب ولیستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دامەزرێنن و بچنە ناو پەرلەمان و حکومەتیشەوەوحوکمی ئێمە بکەن ! ئەوسا ئەبێ خەبات بکەین بۆ ئەوەی دەستووری عیراق هەموار بکەینەوەو مادەیەکی بۆ زیاد بکەین ئەویش بۆ ئاساییکردنەوەی ( وەزعی جێناکۆکی هەولێر )!.
حکومەتەکەی ئێمە وەکو موهاتەرات وموزایەدە بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەمیشە باسی ئەوە ئەکات گوایە کوردستان بەهەشتێکی ئارامە بۆ ئاوارەکانی عیراق و باوەشی بۆ هەمووان کردۆتەوە ، هەندێجاریش ئیدیعای ئەوە ئەکات گوایە ساڵانە ملیارونیوێک دۆلاریان لێ سەرف ئەکات.
جارێ نازانم ئەم ملیارونیوە بۆچی سەرفی ئەکات، ئایا ئازووقەیان پێئەدات، یان پارەی موەلیدەکانیان؟ یان تۆ بڵێی بیمەی تەندروستیان بۆ دابینبکات؟!. دوای ئەوەش پێم سەیرە ئەم هەموو ئاوارە عەرەبە لەبەر چی لەرومادی و فەلوجەو بەغدا وعەمارە وناسریەوە دێنە هەولێر و هەموو فرسەتێکی هەلیکار لە گەنجەکانمان ئەسەنن؟. بۆچی لەشارەکانی خۆیاندا نامێننەوە؟. خۆ بە هەموو پێوەرێک ئێستا ئەو شارانە زۆر ئارامترن لەهەولێر کە رۆژانە موشەکباران و کاتیۆشاباران ئەکرێ!.
هیچ هۆکارێکی ئینسانیش نیە وا بکات حکومەتی هەرێم رێگا بدات بەم هەزاران هەزار کەسە بێن قووتی منداڵانی ئێمە ببەن و گەنجەکانمان بێکار بکەن وخاکی بابوباپیرانیشمان داگییر بکەن. سەرباری هەموو ئەمانەش دیموگرافی شارەکەشمان بگۆڕن!..
ئەم دیاردەیە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بەسەر ئێستاو دووارۆژی میللەتەکەمانەوە.
سەرباری ئەم هەموو قەیرانە قووڵانەی دەسەڵات بۆ میللەتەکەی ناوەتەوە، گەنجی هەرێم نەک تەنها هەلیکاری بەدەستەوە نەماوە، تەنانەت ئێستا خانوویەکی کرێشی دەستناکەوێ خێزان پێکبهێنێ لەبەر شاڵاوی بەردەوامی هاتنی عەرەبەکان.
تۆ بڵێی کەی ئەم دەسەڵاتەی ئێمە خەبەری ئەبێتەوەو هەست بەم مەترسییە ئەکات؟.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies