شەماڵ بارەوانی: سوبحان اللە بۆنی بەهەشتێ هات.!

مناڵ بووم و بیرمە، لە دێیەکەمان(دێی بارەوان) لە بەردەڕەش، گۆڕستانێکی لێبوو، لە خوار دێ و دەکەوتە نێوان هەردووك: بارەوانی گەورەو گچکە. جا خەڵکی دێ، ئەفسانە و چیرۆکی سەیر سەیریان سەبارەت بە گۆڕستانەکە دەگێڕایەوە، یەکێک لەو چیرۆکانە ئەوەبوو: کە جارێک مردووێکی ناو گۆڕستان شەو دەبێت، بە فانۆسێک دەکەوێتە دوو پیاوێکی دێی بارەوانەکەی تر.
تازە ڕۆیشتبوومە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و ببووم بە فەقێ، ڤیدۆیەکم کردبوو ناو موبایلەکەم، کوڕێک بوو، نیوەی کرابوو بە بەراز و نیوەکەیتریشی مرۆڤ. زۆر جوان و هونەرمەندانە کاری مۆنتاژیان بۆ کردبوو، دەتگووت فیلمی هاریپۆتەر و بەرهەمی سینەمایی هۆڵیودە. گوایە ئەو کوڕە تاریکولسەڵات بووە و نوێژی نەکردینە و خوداوەند لە تۆڵەی ئەمە، کردوویەتی بە پەند!
جا ڕۆژێکیان کۆمەڵەك میوانمان هەبوون، منیش هەم فەقێ و هەم ئیسلامی و یەکگرتوو بووم و زۆر باوەڕم بە ئەفسانە و ئەو جۆرە خوڕافیاتانە هەبوو، منیش هینامەدەر و پیشانی هەموانمدا، عەیب نەبیت، ڤیدۆکە دەلێم، تا لە خوداوەند بترسن و نوێژەکانیان بە ڕێک و پێکی ئەنجام دەن، خزمێکان، کاکە(س)پێشووتر کەسێکی ڕادیکاڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، دواتر لێیان هەڵگەڕابوویەوە، ناوی کوڕەکەشی نابوو: زەردەشت، وەک هێمایەک بۆ زەردەشت، کە پێغەمبەری کوردانە. جا کە ڤیدۆکەی بینی، گووتی: وڵاهی درۆی ئیسلامیەکانە.
بێگومان ئەقڵی خوڕافی، ئەقڵێکی شێواو جێگای بەزەیی و زۆر خۆشباوەڕ و نالۆجیکی و نازانستی و نابیرکەرەوە و داماوە. فەزای کۆمەڵی کوردیش ئێستا بە حکومی ئەوەی لە سۆشیال میدیا، ئیسلامێکان چاڵاکان و سەتان گرووپ و پەیج و چی و چیان داناوە و لێشاوێک وتار و وەعزی خوڕافی و نائەقڵانی و دژە زانست و لۆژیکی پیاوانی ئایینی و بانگخوازانی سەر بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان بڵاو دەکەنەوە و کاریگەری لە سەر هزری هەرزەکاری بێ ئەزموون و سادەلەوح و بێ پاگراوەند و نا ڕۆشنبیر دروست دەکەن و خەڵکێکی لەو چەشنە لە ژێرکاریگەری گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرێتیدایه، ئەو ئەقڵیەتە ئەفسانەچی و خوڕافیچیەی بەسەردا زاڵە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم هەژموونیان بەسەر مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی بەعزێکی زۆر لە تاکی کوردیەوە هەیه و خوڕافەو درۆی وایان بە ناوی ئایین و پەڕچو و موعجیزەوە دەرخوارد دەدەن و مێشک و ئەقڵ و بیر و هۆشیان بەو جۆرە خوڕافیات و درۆیانە هاکدەکەن و تێک و پێک دەدەن. کارەسات ئەوەیه: خەڵکێک زانکۆ و شتی تەواو کردبێت و عەوامانە بیربکاتەوە و باوەڕ بەو جۆرە خوڕافیاتە بکات.
مامۆستایەکی برادەرم فیزیای تەواو کردووە و لەقوتابخانە زانست دەڵێتەوە و لێرەڕا دەڕواتە نەجەف و کەربەلا، بۆشین و ڕۆ ڕۆ و لەخۆدان و قوڕ پێوان. برادەڕێکیترم قانون و شتی تەواو کردووە و حاکمە لە دادگاو لە یادی عاشورادا، لە حوسێنیه جەستەی خۆی خەڵتانی قامچی و شەڵاڵی خوێن دەکات! کەسێکیتر دەناسم، پزیشکی گشتی تەواو کردووەو دەروێشی تەریقەتی عەبدولقادری گەیلانیە و بڕوای وایە: شێخ داویەتی لەشەقەی باڵ و فڕیوە! لەحوجرەیەک دەمامەوە کاتی فەقێیاتیم، ماڵە شێخێک سەرپەرشتیان دەکرد، ڕۆژانە دەیان کچە خوێندەکاری زانکۆ و پەیمانگاو ژنە مامۆستا، دەهاتنەلای شێخ ژنێکی نەخوێنەوار، بۆ نوشتەو مراز حاسڵ بوون و گرێی بەخت کرانەوەو شت!
کەسێکیتر دەناسم واعیزێکی تەمام عەیارە، وەلێ لە بەرگی دەروونناسیدا. کابرا مامۆستای زانکۆ و سایکۆلۆژیست و پڕۆفیسۆرە و دابەزیوەتە ئاستی نەخوێندەوارترین مەلا و، ڕۆڵی خوڕافەگێڕێک دەگێڕێت و فرۆید و دەروونناسی تێکەڵ بە گوتارێکی ئایینی لێواو لێو لە عاتیفە و خوڕافه دەکات و لە شێوەی واعیزێکی سەر بە ئیسلامی سیاسی و پیاوێکی ئایینی قسە دەکات و بازاڕ بۆخۆی گەرم دەکات و مێگەڵ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
کابرایەکیتر دەناسم، لە فەڕەنسا و سۆربۆن و دکتۆرای خوێندووە و خۆی پێ سارتەر و کامۆ و ئەندرێ بریتۆن و، فەیلەسوفی کوردە و لە تەسەروفات و هەڵسوکەوت و قسەکردن، دادەبەزێتە ئاستی کەسێکی شێت و فەریکە فەقێیەکی نەخوێنەوار و دەستی مەلا عەلی کەڵەک ماچ دەکات و بازاڕی فاڵ و فێڵ و نوشتە دەبووژێنێتەوە.
ئیتر ئاوایە ئازیزەکەم، لە کۆمەڵی ئەقڵ خوڕافیدا، هەزارجار بڵێیت خەڵکێک ڕۆیشتە سەرمانگ و ناسا ئاوی لەسەر مەریخ دۆزیەوە و ستیڤن هۆکینگ باسی مەترسی بونەوەری ئاسمانی کردووە لەسەر ئاییندەی مرۆڤ، زانست و ئەو قسانە قۆڕانە فلسێکی سوتاو ناهێنێت و هەزار و یەک جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بۆیەت، مادام جندۆکەی مەزهەب و دووپشکی زل زلی سزای ناوگۆڕ و موعجیزەی پەیامبە(د.خ) نەبێت، کە گوایه وەکو بەلوعە ئاو لە پەنجەکانی دەڕۆیشت.

لە کۆمەڵی خوڕافە تۆ بڵێ:
لەسەر شاخی پیرەمەگرون نووسراوە: لا ئیلاهە ئیلا اللە و لەسەر هێڵکەی مریشكێك و زگی مانگایەک و پشتی بزنێك نووسراوە(اللە)، هەزاران وەی سوبحان اللە و ماشااللەت لە کۆمێنت بۆ دێت! وەکو چون بینیمان لەو یەك دوو ڕۆژی بەرێ گەنجێک مرد، گوایە ئەو گەنجەی کە سەر بەئیسلامی سیاسی بوو و گرنگی بە ڕیوایەت و دین و شت داوە، بۆنی میسك و شت لە لەشی هاتووە و ئەم پەیجی ئیسلامی سیاسی داماو، بۆ ئەویتری بەستەزمان، ئەو هەواڵە خوڕافی و تڕوهاتەیان حەواڵە دەکرد و لە لایان لەشکری خورافه و کۆمەڵی مێگەڵ و مرۆڤی نابیرکەرەوە و ئەفسانە پەروەر، هەزاران کۆمێنتی ماشااللە و سوبحان اللە و شتی بۆهات!
هەڵبەت پەیام و ئیدەلۆجیا و گوتاری ئیسلامگەرا و سەلەفیگەراکان خاڵییە لە ئەقڵانیەت و لۆژیك. ئیسلامگەراکان و سەلەفیگەراکان دوژمن و نەیارێکی سەرسەختی ئەقڵ و ئەقڵانیەت و بیرکردنەوەی ئەقڵانین.
ئەوان هەڵگری گوتارێکی بارگاوی بە عاتیفە و لێوان لێو لە خوڕافەن و بە حوکمی لاوازییان لە لۆژیک و ئەقڵانیەتدا هەرگیز، ناتوانن دیالۆک و موخاتەبەی ئەقڵ بکەن و بکەونە گفتوگۆ و دیبات لەگەڵ ئەقڵ.
بۆیە ئەقڵ و ئەقڵانیەت لە کوێ بوو ئەوان دژایەتی ئەو شوێنەدەکەن و لە ترسی ئەو شوێنە ڕادەکەن و ئەقڵ و لۆژیك و فەلسەفە وەکو دەعباو دڕندەیەک و دوژمنی خواداوەند پێناسەکەن. ئاخر کەسابەت و بازاڕی ئەوان لەسەر خوڕافە و بیری ئەفسانەگەرێتی و لەناو مێگەڵدایە، نەک لە لای مرۆڤی هۆشیار و کێڵگەی زانست و هەرێمی ئەقڵانیەت.
ئەوان هەڵگری بیرکردنەوەیەکی مێژووی و کلاسیکی و ئیدەلۆژی و دۆگمایی و فیقهی سادە و زۆر سەرەتایی و تاخواحەزبکات خوڕافین. چیرۆکەکان سەبارەت بەو جۆرە خوڕافە و ئەفسانە پڕۆ پوچانە هێندە زۆرن، پێنج کتێبیان لەسەر بنووسرێت تەواو نابێت.
ئەوە بیرمە ماڵمان لە دێی بارەوان بوو و مناڵ بووم، کچێک لە دێیەکی نزیک دێیەکەمان، دێی(ت…) گوایە ڕۆشتووە بۆ بەهەشت و گەشتی دۆڵەکانی دۆزەخی کردووە و زڕدایکەکەی لە دۆزەخ و دایکی حەقیقی خۆیشی لە بەهەشت بینیوە و، بووە بە فریشتەی ئاسمان و خوداوەند هەموو شتێکی پێ بەخشیوە و تەنانەت مەلەوانی لەناو حەوزی کەوسەرێ کردووە.
خزمێکمان هەبوو زۆر کۆمێدی بوو، دەیگووت: وڵاهێ درۆی دەکات، شەو لەبەر خەوێ میزی بەخۆی داکردووە و دەڵێت لە حەوزی کەوسەرێ مەلەوانیم کردووە.
جا خەڵک لەسەرتاسەری کوردستان و تەنانەت لە دەوڵاتانی تری وەکو تورکیا و سوریا و ئێرانیش پۆل پۆل دەهاتن بۆلای، بە مەبەستی مراز حاسڵ بوون و مناڵ بوون و چاکبوونە و چوونە بەهەشت و شتی لەوجۆرە.
بیرمە شەوێک کۆمەڵێک پیاوی دێیەکەمان، کە مەڵای دێیەکەشمانی لەگەڵدابوو، هەموو ڕۆیشتن بۆلای ئەو کچە، لەوێ کوڕی پلکم، کە پێشووتر شەلەل لە دەم و لێو و شتی دابوو، گووتی بە کچە بڵێن با بێت، کچە هات و تا هێزی تیابوو دوو شاپی لە قڕ و قەپۆزی دا، تا بگەڕێتەوە سەر شێوەی سروشتی و ئاسایی جارانی خۆی.
لە ڕێگا، کە دەگەڕاینەوە بۆ دێی بارەوان، شەو بوو و هەموان لەناو پاشی پیکابێکی مۆدیل هەشتاو دووبوو، سێ بوو باشم بیرنەماوە، دابووین، مەڵای دێیشمان لەگەڵدابوو، وەکو ئاماژەم پێکرد، ئەوە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەڵێم.
هەڵەنەبم تەنها من و منداڵێکی تر لەنێویاندابووین، جا لە ڕێگا هەرهێندەمان زانی مەڵا: گووتی سوبحان اللە سوبحان اللە، هەموان وتیان چیبوو، چیبوو؟!
مەڵا گوتی:نەتان بینی؟ نورێک لە سەر ئەو دێیه و ڕێک لە ڕاست ماڵی کچە بەرزبووەوە بۆ ئاسمان، هەموان پێکەوە دامانە سەڵاوەت لێدان و ئەستەغفیر و الڵە و اللە و ئەکبەر و، اللە و مەسەڵی عەلا سەیدینا موحەمەدمان یەک بەدەنگ پێکەوە دەگووتەوە و دەنگمان دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمانێ.
جا ئەو مەڵایە لە دێیەکەمان، هەموو وتارێکی ڕۆژی جومعان دەیگووت: دەجال لە ئێرانێ بە زنجیر بەستراوەتەوە و ئاخیری زەمانە و هەبزانە زنجیرەکان بپسێنێت و بێت. زەندەقم لە دەجال چووبوو شەو بە ترسی دەجالەوە دەخەوتم و چەندینجار لە ترسی دەجال شەو میزم دەکرد بەخۆم داو دەمگووت: کێ ناڵێت کاتێک خەڵکی دێ هەموان لە پڕمەی خەوداین و دەجاڵ نایەت و بدات بەسەرماندا و جینۆسایدمان بکات و سەرمان ببڕێت؟
زۆرجار بەهۆی فۆبیای هاتنی دەجالەوە دەڕۆیشتمە سەر بانێ و سەیرم دەکرد بزان دەجال نەهات هاهاها.
جا سەبارەت بەو نورەی مەڵا، ڕۆژی دواتر، بێ ئەوەی خۆم نوور و شتم بینی بێت، بە ماڵەوە و دایکم و ئەوانم گووت: بەو خوایەی شەو، بەهەردووک چاوەکانی خۆم بینیم نوور لە ئاسمانی دێی ماڵی کچەکە بەرز بووەوە، ئەوانیش هەموان دایانە سەڵاوەتدان و وەی ماشاالڵە و شت هاهاها
جا پلکە (خا..) هەبوو، خزم و جیرانمانبوو بە قەد دایکمم خۆشدەویست، ڕۆحی شادبێ لەگەڵ ڕۆحی دایکم. ڕۆژێک لەماڵی ئێمە لەگەڵ هەموو ماڵەوە پێکەوە دانیشتبوون و وەک چۆن لە هەموو دەر و دەڤەر دێ، باس باسی ئەو کچە و موعجزەکانی بوو، لە ماڵی ئێمەش ئەو باسه بوو.
من و کاکە شەعبانی هاوڕێی سەردەمی مناڵیم، ڕۆیشتینە دەرەوە و لەبەر پەنجەرەی ژوورەوە، ئەوکات (ساڵی 1999)، بۆنێکی فەڕەنسی هەبوو، بۆنی زۆر تیژ بوو، باو باویی ئەو بۆنە بوو، جا من و شەعبان بۆنێکی فەڕەنسیمان لابوو لەبەر پەنجەرەکە تۆزێکمان ڕژاندو بۆنی خێرا بەو ناوەدا پەرش و بڵاو بووەوەو گەیشتە ژوورەوە، دایکم و پلکە( خ) گوتیان سوبحان اللە سوبحان اللە، ئەوانەی لە ژوورەوە بوون گوتیان: چیبوو، چیبوو؟! ئێمەش لەبەر پەنجەرەکە گوێمان بۆ شڵکردبوون بزان چی دەڵێن، دایکم و پلکە (خا…)گوتیان: سوبحان اللە لە گەورەییت خودایه، چۆن باسی ئەو کچەمان کرد و یەکسەر بۆنی بەهەشتێ هات!
من و شەعبانی هاوڕێم بە پێکەنینەوە چوینە ژوورو حەقیقەتی چیرۆکی بابەتی بۆنەکەمان بۆ باسکردن، هەموان دایانە قاقا و دایکم و پلکە(خ)یش تێر قسەیان پێگووتین.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies