نەوزادى موهەندیس: لێپرسراوان لە تەرازوى هەڵسەنگاندندا.!

شارڵ لوى دى سیکۆندا ناسراو بە (مۆنتسیکۆ) 18- 01- 1689 تا 2- 1689 ز،کە دادوەر و پیاوى ئەدەب و فەیلەسوف و سیاسى فەڕەنسى بوو.کە خاوەنى تێورى ( جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکانە ) کە لەئێستادا زۆرێک لەدەستورەکانى جیهان پشتى پێدەبەستن دەڵێت: ئەگەر ویستت ڕەوشتى کەسێک بزانیت، ئەوا دەسەڵاتى بدەرێ و دواتر سەیریبکە چۆن هەڵسوکەوت دەکات.
ئاشکرایە ئیدارە و بەڕێوەبردنى هەر یەکەیەکى ئیدارى بچوک بێت یان گەورە بەنمونەى فەرمانگەیەکى بچووک تا لوتکەى دەسەڵاتى وڵات یان حیزب و ڕێکخراوى سیاسى یان مەدەنى و پیشەیى و… هتد. بۆخۆى هەم هونەرە هەم زانستە هەم لێپرسراوێتى و هەم ڕەوشتە. بۆیە لێپرسراوێتى ئیداریى یان حیزبى ئەرک و فەرمانە و خزمەتکردنە پێش ئەوەى ئیمتیازات و کەشخەیى و خۆدەوڵەمەندکردن بێت. بەهەمان شێوە لێپرسراوێتى دەبێت وەک وەزیفەیەکى خزمەتگوزارى لێیبڕوانرێت بۆ ماوەیەکى کاتى دیاریکراو نەک وەک میراتیەکى بەجێماوى باو و باپیران کە ئازادانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت و بەویست و خواستى خۆت هەڵیبسوڕێنێت و تەخشان و پەخشانى بکەیت. بەشێوەیەکى گشتى کەسى لێپرسراوى سەرکەوتوو دەبێت خاوەن دیدوتێڕوانین بێت بۆ ئایندە لەمیانەى دیاریکردنى ئامانجە گشتیە دیاکریکراوەکان و میکانیزمە گونجاوەکان بۆ جێبەجێکردنیان و دانانى پلانى زانستى و واقعى و دواتر چاودێریکردن و بەدواچوونیان.

جا بەشێوەیەکى گشتى کەسى لێپرسراو گەرەکە کە هەندێک سیفاتى تیادا بێت بۆ ئەوەى ببێتە لێپرسراوێکى سەرکەوتوو لەوانە:
1. کەسى لێپرسراو پێویستە، وشیارتر و تێگەیشتووتر و کامڵتر بێت لە وتە و کردار و مامەڵەکردنیدا لەگەڵ پۆست و ئیدارە و دەوروبەریدا. چونکە ئیدارە و لێپرسراوێتى بریتیە لە سەرکردایەتى و ڕابەرایەتیکردنى کۆمەڵێک کەس جا گەورەبن یان بچووک لەڕووى ژمارە و فراوانى جوگرافیاى دەسەڵاتەکانەوە، بۆیە هەر هەڵە و کەموکوڕى و کەمتەرخەمى و گەندەڵیەکى کەسى لێپرسراو بەسەر هەمواندا بەخراپى دەشکێتەوە و لانى کەم دەبێتە هۆکارى ناوزڕاندن و ناشیرینکردنى هەموان، هەروەها کەسى لێپرسراو لانى کەم دەبێت لەزۆربەى بەردەستەکانى. بۆیە کەسى بێتوانا و ئاست نزمى هوشیارى و زانستى و ئیدارى هەرگیز کەسێکى سەرکەوتووى لێدەرناچێت.
2. کەسى لێپرسراو دەبێت هەمیشە خاوەنى دەستپێشخەرى بێت. بەمەبەستى گۆڕانکارى و بەرەوپێچشچوون و گەشە و پێشکەوتنى ئەو دامودەزگا و یەکە ئیدارى و حیزبیەى کە لەبەردەستیدایە. نەک پاشکەوتەى بیر و فەرمانى سەروو خۆى بێت و دەستەوستان دابنیشێت و پاڵى لێبداتەوە و هیچ زیادە و داهێنانێکى خۆیى نەبێت.
3. کەسى لێپرسراوى سەرکەوتوو دەبێت عەقڵکراوە و خاکى و سادە و بەڕەوشت و نەرمونیان بێت لەگەڵ هەموان و دەوروبەردا. چونکە ئیدارە و زانستى ئیدارەى نوێ کارى پێکەوەیى و هەمئاهەنگى و بنەماى بەتیم کارکردنى بە سەرکەوتووترین شێواز داناوە لەبەرامبەر ئیدارەیەکى کلاسیکى توند و توڕە و تاکڕەو و خۆسەپێندا.
4. کەسى لێپرسراوى سەرکەوتوو دەبێت دەرگاى ئاواڵا بێت بۆ هەموان و هەمیشەش ئامادەبێت بۆ بینین و گوێگرتن لەهەموان لەکێشە و گرفت و داواکارى و پێشنیاز و زۆرجارانیش بۆخۆى داوایان بکات بۆ ڕاوێژپێکردنیان. نەک وەک زۆربەى ئێستاى لێپرسراوە حکومى و حیزبیەکان کاتێک دەگەنە پلەیەکى تایبەتى لە بەڕێوەبەرى گشتى و سەرووتر یان لە حیزبدا دەبنە سەرکردایەتى و مەکتەب سیاسى و… هتد. ئیتر نەخۆیان دەناسنەوە نە کەسان و هاوڕێ و هاوکارەکانى ڕابووردوشیان دەناسنەوە و بەهەزار تەلەفۆن و واسیتە و داواکارى ئینجا نابینرێن،سەرەڕاى بونى ژمارەیەکى زۆرى نوسینگە و سکرتاریەت کە هەموانیان حەرجیەکى زۆریان هەیە.هەرئەمەشە بەداخەوە کەلەم هەرێمەدا بە حکومەت و حیزبە سیاسیەکانیشەوە ڕۆژ بەڕۆژ لە پاشەکشە و دوورکەوتنەوەدان لە جەماوەر وشەقام و تەنانەت لەکادر و لایەنگران و دڵسۆزانى حیزبەکانى خۆشیان. جاهەر کات لێپرسراوێک ڕۆژانە لەکاتى ڕەسمیدا دەوامى نەکرد و دەرگاى واڵا نەبوو بۆ هەموان و گوێشى لێنەگرتن،ئەوا بەلاى بەندەوە چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەو خۆدزینەوەیە، وەک ئەوەى کە ئەو لێپرسراوە یەکەم جار کەسێکى ترسنۆکە و بوێرى بینین و ڕووبەڕووبونەوەى نیە لەگەڵ کەسانى تردا گەر لەخوار خۆشیەوە بن، بەهەمان شێوە کەسێکى ئاست نزمى ئیدارى و هوشیارى سیاسى و نەخوێندەوار و خاڵى خاڵى لەتوانا و لێهاتوویى و لێوەشاوەییە. هەروەها کەسێکە هەست بە نەخۆشى و ئاست نزمى و کەموکوڕى دەکات و بوێرى ڕووبەڕووبونەوەى نیە.
5. کەسى لێپرسراو گەرەکە چواردەورەکەى و بەتایبەت سکرتێر و بەڕێوەبەرى نوسینگەکەى کەسانێکى پێگەیشتووى خاوەن عەقڵ و کردار و خاوەن ئەتەکێتى ڕێز و ناسینى کەس و کەسایەتیەکان بن و خاوەن مامەڵەى باش و ڕووخۆش بن. کەسانێک بن کە بتوانن ڕووى لێپرسراوەکانیان جواتر بکەن نەک ناشیرین و قێزەونتر لەوەى کە هەیانە. چونکە ئەو کەسانە ڕووى یەکەم و سەنگەرى یەکەمى بینینى لێپرسراوەکانیانن گەر ئەوان ناشیرین ڕەفتار و گوتار و مامەڵە بکەن ئەوا ڕاستەوخۆ ڕەنگدەداتەوە بە خراپى بۆسەر لێپرسراوەکانیان.
6. کەسى لێپرسراوى سەرکەوتوو گەرەکە بۆخۆشى ڕووخۆش و بە ڕێز و کەس ناس بێت، نەک ڕووگرژ و مۆن و توڕە و تڕن بێت. هەمیشە بترسێت لەوەى کە خەڵکى داواى پارە و یارمەتى و پڕۆژە و پۆست و پلەى لێدەکەن، ڕەنگە زۆر کەس تەنها بەمامەڵەیەکى جوان و بە وتە و کردارێکى بەڕێزانە داواکاریەکەشى بۆ جێبەجێنەکرێت ڕازى دەبێت. بەداخەوە لێپرسراوانى ئێستاى حکومى و حیزبى لەم هەرێمەدا وادەبینن چەندە توڕە و گرژ و مۆنبن و کەمترین کەسان ببینن ئەوا لێپرسراوى سەرکەوتوون نازانن کە ئەوان بەدبەخترین لێپرسراون و ناشیرین و قێزەونترینیشیانن.
بۆیە گەر بمانەوێت ئاڕاستەى ئیدارە و بەڕێوەبردن لە حیزب و حکومەت و هەموو ئۆرگانەکانى ژیان لەم هەرێمەدا ڕاستبکەینەوە و لانى کەم چاوێک بە وڵاتانى دەوروبەر و ڕۆژئاواییەکاندا بخشێنین گەرەکە بەسەر هەموو کار و کردار و گوتار و سلوکى ئیداریماندا بچینەوە و موڕاجەعەیەکى جدى خۆمان بکەینەوە و بەڕوویەکى گەش و کراوەوە ڕووبەڕووى هاوڵاتیان و شەقام و لایەنگرانى خۆشمان ببینەوە و ئاشتیان بکەینەوە تەنها بەبزەیەکى ڕاستگۆیانە نەک بە بەخشینەوەى پارە و ماڵى دزراوى بێئارەقى حەرامى گەل و میلەت.
بەپێچەوانەشەوە گەر ئەو لێپرسراوە حکومى و حیزبیانە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕەفتارو مامەڵە نامرۆڤانە و ناشایستانەى کە هەیانە ئەوا بەدڵنیایى لاى جەماوەر و لایەنگر و هاوڵاتیان ناشیرینتر و بێزراوتر دەبن و ئایندەى دەسەڵاتەکانیشیان پوکانەوە و بچووکبونەوە و تەریکبوونى زیاتر دەبێت.
ئاشکراشە لە ئێستادا گۆڕانکاریەکانیش لەهەرێم و عێراق و ناوچەکەش بەڕێوەیە. جا وەک دەڵێن: تا کەوڵیان نەکردوون فریا ڕزگارکردنى ئەوەى دەتوانرێت ڕزگاربکرێت بیکەن. ئەگینا چارەنوس و قەدەرتان لە لێپرسراو و دەسەڵاتە بێزراو و ڕووخێنراو وناشیرینەکانى ناوچەکە باشتر نابێت. ئەو ڕاستیەش لەبیر نەکەن کە ئەو ڕێزە درۆینەى لێتان دەگیرێت لەکۆڕ و کۆبونەوەکاندا و دەچنە ڕیزى پێشەوەى کورسیەکان، تەنها لەبەر پۆستەکەتانە نەک کەسایەتى خۆتان، چونکە زۆربەتان نە لە خانەوادەیەکى خانەدان و نە پاشخانێکى دیار و بەناوبانگى سیاسى و ئابورى و زەنگین و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیریەوە نەهاتوون، بەڵکو لەگەڵ ڕێزدا زۆربەتان تەنانەت لەناو خێزان و خزم و ناوچە و عەشرەتەکانى خۆشتاندا ئەگەر هەتان بێت ناسراو نین و ڕێزلێگیراو نین، و تەنانەت ئەو پۆست و پلانەشتان کە پێیانداون بەتوانا و لێوەشاوەیى خۆتان وەدەستان نەهێناوە، بەڵکو بە دیاردە قێزەونەکانى گوێلەمشتى و ئەشەدوبیلاى ناهەق و تەکەتول و خزمخزمێنە و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و عەشرەت و ناوچەگەرێتى پێیانداون.
هەربۆیەش نەدەتوانن دەستپێشخەربن نەدەشتوانن داهێنەر و بەبەخشیش بن، بەڵکو تەنها وەکو بتێکى بێگیان و بێ زمان (کەڕ و کوێر و لاڵ) سەرى مانگانە چاوەڕوانى مووچە و نەسریە و بەنزینى ئۆتۆمبێلەکانتان دەکەن.کەواتە لێپرسراوە ناشیرین و ترسنۆکەکان (ئەوانە نا کە دوورن لەهەموو ئەو ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونانەوە کە خۆشبەختانە ژمارەیەکى کەم نین)) لەپاڵ کورسى و پشتى پۆستەکانیانەوە سێبەرەکانى خۆیان لێ گەورە بوە. باش بزانن کە نەپۆست و نەدەسەڵات تاسەر بۆ هیچ کەس نامێنێت، بەڵکو ئەوە تەنها ناو و ناوبانگى باشە کە دەمێنێتەوە، و ئەوە جەماوەرە لەبەرامبەرتاندا شاخ و کێوە سەرکەش و لەبن نەهاتوەکانى کوردستانن و ئەوان سەرچاوەن و بۆ هەتاهەتایە دەمێننەوە و لەناوناچن. سەد ڕەحمەت لە گەورە شاعیرى کورد حاجى قادرى کۆیى بێت کە لە دوو جێگەدا وەک ئەوەى بۆ ئەم سەردەمەى وتبێت دەفەرموێت:
ژیان و مەرگ میسلى سێبەر و تاوە
ئەوەى باقى دەمێنێت هەر ناوە
بەهەمان شێوە دەربارەى خەڵکى ناکەس بەچە و نەناسراو و خاوەن بڕوانامە و عیلم و زانستیش دەفەرموێت:
ڕۆژێ دادێ شەهادە و تەحسیلى عیلمى نەفعێکى نامێنێ
مەکتەب و دانشگا چۆڵدەبن پەپو لەناویا دەخوێنێ
ماڵ وێران دەبن عالەم بەدەست جاهیلى بێ سەواد
نەزان دەبێتە کاربەدەست زاناش دەدرێتە بەر باد