شەماڵ بارەوانی: تۆ ناگەیت بەو جوتە نەعلانەی کە دکتۆر عەبدولواحید پێی دەڕواتە( WC) سەرئاو.!

هاونیشتمانی ئازیز و هاوڵاتی بەڕیز، هاوفەیسبووکی خۆشەویست و قەدرگران، ئاگاداربە داعش لەبەردەم ماڵەکەتە.
ڕەنگ بێت یەکێک لە هەرە جیاوازیە زەقەکانی نێوان داعش گروپە تیرۆرستەکانی تر، بە تایبەتی قاعیدەی تیرۆرست ئەوەبێت، قاعیدە و ئەوانیتر سیما و شێوەیان یەک تۆپەلە ڕیش و شت بوو، وەلێ داعش ڕیشی دەتاشێت و خەنافس بەردەدات و مۆدێلش بەکاردێنێت و سیما گرنگ نییە زۆر لای ئەو گرووپە ڕادیکاڵ و تیرۆرستە لە شوێنێک کە دەسەڵات و هێزی نەبێت، گرنگ هزرە تۆندڕیەکە و بیرە داعشیەکەیه.

لە وتاریتریش گووتومەو لێرەش دەیڵێمەوە:
داعش هەموو ئەوانەن دڵ و دەروونیان پڕە لە ڕقی ئایدۆلۆژی و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری ئایینی و هێڵنجی مەزهەبی و لەسەر جیاوازیەکان ڕقیان لە مرۆڤ دەبێتەوە. داعش ئەوانەن ئەویتر قبوڵ ناکەن، نەخۆشی ڕاسیزم بوون کوێری کردوون و رێز لە مرۆڤ بوونی مرۆڤ ناگرن و لە پێش ئایین و ئایدۆلۆجیاكەی، لە پێش نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی مرۆڤ بوونی بەرامبەر نابینن، داعشەکان ئەمانەن بەشداری تاڵی و سوێری، خۆشی و ناخۆشی مرۆڤەكان ناکەن و تراژیدیاو ئازارەكانی ئەوانیتر نایانگریێنێت. داعشەکان باوەڕیان بە فرەیی و پێکەوەژیان و جیاوازی و یەکترقبوڵکردن و زمانی دیالۆگ و ڕەخنە نییە.
داعشەکان ئەوانەن پیرۆزبایی كردنی جەژنی ئایینەکانی تر بە کفرو تابوو دادەنێن و بەبینینی شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر دەماری ڕەگەزپەرستیان دەگيرێت و گیڤ و قەڵسدەبن. داعش ئەوانەن لەبەر جیاوازی ئایینی، خواردن و خواردنەوەی ئەوانیتر ناخۆن و پسووڵەی نەفرەتی خوداوەندو چونە دۆزەخیان بۆ دەبڕنەوە. داعش ئەوانەن تەنها خۆیان بەڕاست و پاک و فریشتە دەزانن و هەموو حەقیقەتەکان مۆنۆپۆڵ و تاپۆی خۆیان دەکەن و هەموو دیدەنیگاو ئاڕاستەو خەڵکی جیهان بەگشتی و لەنێو حەفتاو سێ گروپی خۆشیاندا بە تایبەتی هەموان بە دۆزەخی دەژمێرێن، تەنها گروپەکەی خۆیان نەبێت. داعشەکان ئەوانەن کە دەڵێن کچ و کوڕ لەناوەندەکانی خوێندن لێکتری جیابکەنەوە، داعشەکان ئەوانەن ژەنین و گوێگرتنی مۆسیقا حەرام و خوێن ڕشتنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن. داعشەکان ئەوانەن بێ ڕێزی بە سروودی ئەی ڕەقیب و جەژنی نەتەوەی و نەوزۆرمان دەکەن.
داعشەکان جۆریان زۆرە، مەرج نییە بابای داعش، داعشێکی تەمام عەیاربێت و جڵێکی رەشی پۆشیبێت و پەنجەی هەڕەشەو شمشێری سەربڕین بەرزبکاتەوەو فیزیکییەن سەری خەڵک ببڕێت. داعش فیکرە، بەرلەوەی مومارەسەبێت، داعش قسەیە. داعشبوون دیدەنیگاو تێڕوانینە. داعشبوون کومێنتی نزم و جنێو و سوکایەتیە. داعشبوون دڵ ڕەقی و دڕندەیی و بێ ویژدانیە. ڕەنگە من و تۆو ئەوەیتریش بەشێک لە داعشبوونمان تێدا بێت و هەستی پێنەکەین!
قسەیەک لەناو کورد هەیە دەڵێت: حەفتاو سێ جۆر شێت هەیە. هەڵبەت دەتوانین بڵێین هەفتاوسێ جۆر داعشیش هەن! بۆیە ئەزیزم، ڕەنگ بێت داعشی نووستوو لە ماڵەکەت بێت و پێت نەزانی بێت. ڕەنگ بێت ئێستا داعش مامۆستا، یان قوتابیت بێت. یان لەگەڵت یاری فتبۆڵێن بکات و نوکتەت بۆ بڵێت و پێبکەنێت، یان لە کافتریا لەگەڵت دانیشتبێت و خەریکی نێرگەلە کێشان بێت، یان قات و ڕیباتی لەبەربێت و لە ڕوو ئەفەندیانە و مۆدێرنانە دەربکەوێت، وەلێ بە مێشک و لەناخەوە داعشبیر و توندۆڕ.
ئینجا بابێینەوە سەر ئامانجی نووسینەکەم، بێگوومان بەهۆی ڕەخنەکانم و دژە باویم و بەوەی من بۆ عەقڵ و میزاجی حەشامات نانووسم، بڕواناکەم کەس هێندەی من لە سۆشیال میدیا جوێنی بۆ هاتبێت و سوکایەتی و بێ ڕێزی پێکرابێت لە لایان دەمشڕەکانی سۆشیال میدیاوە، هەڵبەت من نە بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەکانیان قەڵس دەبم و نەیش گوێی پێ دەدەم. بەڵکو مەبەستی من لێره مەترسی ئەو ئەقڵیەتەی پشت جوێنەکەیه.

ئەو کۆمێنتەی لەو نووسینە دەبینن، لە لایان هاوشاریەکی خۆمەوە لە دژم کراوە، دەمتوانی لە ڕێگای دادگا و یاساوە ئەو جوێن و سوکایەتیەی لەگەڵ یەکڵایی بکەمەوە، وەلێ گووتم:نا، با بیدەمە دەست ویژانی خۆی و لاپەڕەی ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکان و با هەموان بیبینن. ئینجا بۆ لە نێو ئەو هەزاران جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی تا ئێستا بەهۆی وتار ونووسینەکانمەوە پێم کراوە، بۆچی هاتووم و تەنها کۆمێنتی ئەو مامۆستا بەڕێزەم سکرین کردووەو لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان وتارم لە دژ نووسیوە؟!
وڵامەکەی ئاسانە، هەڵبەت بۆیە، چونکوو ئەو یەکەم: بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی دیاری ناو شارۆچکەی بەردەڕەش (ئامادەیی بەردەڕەشی کچان)ـە، کە تازە کردوویانە بە بەڕێوەبەر لەو قوتابخانە.
دوو/ ئەو لەگەڵ من لە کۆمەڵەی خوێنەرانی کتێب ئەندام بوو.
ئینجا کارەسات ئەوەیه، بەڕێوەبەربیت و خوێنەربیت و بێیت و بەرگری لە داعشبیرێک بکەیت و لەسەر جیاوازی بۆچوون و ڕەخنەگرتن و بەرگری کردن لە کوردستان و مرۆڤ بوون و ویژان و ئازادی، جوێن بە نووسەرێک بدەیت و بێ ڕێزی پێ و سوکایەتی بکەیت و پێی بڵێیت: ناگەیت بە نەعلەکانی عەبدولواحید، ئەو نەعالەی کە پێی دەڕواتە سەرئاو(WC).
ئەرێ ئەوە کەسێکی وا بەتەمەن و مامۆستا و بەڕێوەبەرەی قوتابخانەیەکی مەزن و لەناو سەنتەری شار و قەزایەکی گەورە هێندە جوێندەربێت و بە ڕەخنە قەڵس بێت و هەڵبچێت و جوێن بدات، ئەی دەبێت حاڵی گەنجێگی هەرزەکار و بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و نەخوێنەوار چۆن بێت؟!
یان دەبێت چی جۆرە قوتابیەک لەژێر دەستی ئەو جۆرە مامۆستایه پەروەردەبێت و ئەو مامۆستایە چۆن لە ڕووی دێت لەناو قوتابیەکانی و لە پۆل باسی زمان پاکی و پەروەردەو ئەخلاق و هێمنی بکات؟!
ئەرێ کاتێک قوتابیەکانی ئەو جوێنەی مامۆستا و بەڕێوەرەکەیان ببینن لە پەیجەکان و لە سۆشیاڵ میدیا، دەبێت ئەوان چی بکەن و چاوەڕێی زۆر خراپتر و کارەساتتر و چیتریان لێبکرێت؟!
ئەمڕۆ مامۆستا و بەڕێوەرێک لەبەرامبەر نووسەرێک و ڕخنەگرێک کە ڕەنگبێت تەنها تاوانی ئەوە بێت، ڕەخنەی لە ئیسلامی سیاسی و داعشبیرێک گرتبێت و بەرگری لە خاک و نەتەوە و وڵاتەکەی خۆی کردبێت، هێندە هەڵبچێت و بەو شێوەیە سوکایەتی بکات و جوێن بدات. بۆ ئاسایی نەبێت و نابێت، بەیانی قوتابیەکانی لە ژێر کاریگەری کۆمێنتەکەی ئەو، بێن و سەری هەمان نووسەر ببڕن؟!
ماوەتە بڵێم: هیوادارم ئیتر فلتەرێک و سنوورێک بۆ جوێندەرەکانی سۆشیال میدیا دابندرێت. هەرچەندە دەڵێن(پڕۆژە یاسایەك لە لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانە، بۆ ڕێكخستنی بواری سۆسیال میدیا). تۆش هاووڵاتی ئازیز، هەرکەسێک جوێنی پێدایت و بێ ڕێزی و سوکایەتی پێکردیت، گەر کەسەکە لە دەڤەر شار و شوێنەکەی خۆت بوو، دەتوانی بێ بڕینی ڕێگایەکی زۆر و ماندووبوون بگەیت بەدادگا، ئەوە یەکسەر ڕێگای یاسایی لە دژ بگره بەر و لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار بکە و داوای مافی خۆتی لێ بکە، بۆ ئەوەی چیتر کەس نەتوانێت وا بە ئاسانی بێ ڕێزی و سوکایەتی بەبەرامبەر بکات و ببێت بە پەندیش بۆ هەموان. دەی با لێرەوە دەست پێ بکەین.