نەوزادى موهەندیس: عێراق لە مسز بێڵەوە بۆ مسز بلاسخارت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئەم عێراقەى ئێستا کاتێک لەساڵى 1921وە دامەزرا لەلایەن دەوڵەتى ئینگلیزى داگیرکەرى ئەوکاتە و دەستڕۆیشتوى ئێستاشەوە وەک بڵێیت بەهەڵە دەستیپێکرد و هەر ئەم هەڵەیەشە کە تاکو ئێستا بەردەوامە و ئەم وڵاتەى کەناوی لێنرا عێراق لە دەوامە و بازنەیەکى بۆشى مێژوویدا دەسوڕێتەوە و ناتوانێت هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت، بەهۆى لەلایەک دەستتێوەردانى دەرەکى ناوچەیى و دونیایى و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى ململانێ نەبڕاوە و ناڕەوا ناوخۆییەکانى نێوان نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکانیەوە بەدرێژایى ئەم 100ساڵەى ڕابووردوو. بۆیە تائێستاش هیچ دەیە ساڵێک نەبوە کە جەنگێکى خوێناوى ماڵوێرانیکەر یان کودەتاى سەربازى بەناوى شۆڕشەوە یەخەى گەلانى عێراق نەگرێت و بە خوێناویترین شێوازیش حومکڕانى نەکەن.
ئەوەتا عێراق سەرەڕاى دەوڵەمەندى لە سەروەت و سامانە سروشتى و مرۆییەکانى کەچى هێشتا لەڕیزى وڵاتانى هەژار و تازەگەشەکردوودایە کە لانى کەم دەبوایە ئێستا یەکێک بوایە لەوڵاتانى پیشەسازى ناوچەیى و جیهانى وەکو تورکیا و ئێران، بەهۆى زەنگینى لەنەوت و غازى سروشتى وەکو دوو سەرچاوەى گرنگى وزە و خاک و ئاوى بەپیتیەوە. بەڵام بەهۆى سیاسەت و سەرکردە سیاسیەکانیەوە و جۆرى حومکڕانیە تاکڕەو و خۆسەپێنە ئاینى و مەزهەبیەکانەوە بۆتە یەکێک لە هەژارترین و بێکارترین و گەندەڵترین وڵاتى ئەم سەردەمە.
لەماوەى ئەم 100 ساڵەى ڕابووردوودا و هەر لەسەرەتاوە عێراق بەو هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازانەوە نەیانتوانیوە کە حوکمڕانى خۆیان بکەن، ئەوەتا نە پادشاکانى خەڵکى ئەم وڵاتە بوون و نە کاربەدەستە دەستڕۆیشتوەکانیشى خەڵکى عێراق بوون، بەڵکو هەموانیان لەدەرەوەى سنورەکانى عێراقەوە هاتوون و هەژموون و دەسەڵاتى خۆیان بەکارهێناوە بەباش و خراپ حوکمڕانى ئەم گەل و وڵاتەیان کردوە. ئەوەتا هەر لەسەرەتاوە عێراق لەلایەن خاتونێکەوە براوە بەڕێوە یان نەخشەدانەر و هەڵسوڕێنەرى کاروبارەکانى بوە و ڕۆڵى گەورەى هەبوە لەدامەزراندنى ئەم دەوڵەتە و دواتریش دروستکردنى دامودەزگاى دەستورى و یاسایى و حوکڕانیەکانى دروستکردوون کە تائێستاش باسو خواسى زۆرى دەربارەى دەکرێت و مشتومڕى گەرمى لەسەرە.ئەویش خاتوو ((گێر ترود بێڵ))ى بەریتانیە 1868-1926 وەک لێکۆڵەر و گەڕیدە و زاناى شوێنەوارناسى و شاخەوان هاتۆتە عێراق لەساڵى 1914وە لەگەڵ دەستپێکى جەنگى جیهانى یەکەمەوە و دواتر وەک ڕاوێژکارى مەندوبى سامى بەریتانى سێر بێرسى کوکس کارى کردوە لەساڵانى بیستەکانى سەدەى بیستدا و ڕۆڵى بەرچاوى هەبوە لەدواى جەنگەکەوە لە عێراقدا و بەڕادەیەک لاى عێراقیەکان بە ((خاتوون)) ناوى براوە و زۆرێکیش وەک جاسوسێکى بەریتانى لێیان ڕوانیوە.ئەو خاتوونە ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەى هەبوە لەسەر سیاسەت و پلان و بڕیارەکانى بەریتانیاى عوزماى ئەوکاتە و لەسەر داڕشتنى سیاسەت بۆ ئایندەى عێراق لەناوچەکەدا.ئەم خاتونە پێشنیازى دامەزراندنى مەجلیسى تەئسیسى دەوڵەتى عێراقى کردوە((پەڕلەمان)) بۆئەوەى شا فەیسەڵ بێنن و بیکەنە مەلیکى عێراق.بۆخۆشى وەک زانایەکى شوێنەوار ناس ڕۆڵى گەورەى هەبوە لە دامەزراندنى ((مۆزەخانەى عێراقى)) کەتاکو ئێستاش هەرماوە.ئەم خاتونە هەرچەندە ڕۆڵى نێگەتیفى هەبوە بەرامبەر کورد و دەسەڵات و حوکمڕانى مەلیک مەحمود و ڕێگریش بوە لە دامەزراندنى حوکمڕانیەکى کوردى لەم هەرێمى کوردستانەدا و گەلێک کێشەى بۆ دەسەڵات و حوکمڕانیەکەى مەلیک مەحمود دروستکردوە.بەڵام لە مێژووى عێراقدا ناو و ناونیشانێکى گەورە و دیارە و کەس ناتوانێت پشتگوێى بخات.ئەم خاتونە هەر لەعێراقدا کۆچى دوایى کردوە و لە گۆڕستانى باب المعڤم لەناوەڕاستى شارى بەغداد نێژراوە و ڕێوڕسمى بەخاکسپاردن و ناشتن و پرسەکەى زۆر شکۆمەندانە بوە و تەنانەت مەلیک فەیسەڵ بۆخۆى بەشدارى تیادا کردوە.
وەک بڵێى مێژوو خۆى دووپات دەکاتەوە،ئەوەتا دواى 100ساڵى ڕێک خاتونێکى بیانى تر هاتۆتە عێراق و بەچالاکى و کار و کردەوەکانى و جموجۆڵ و چالاکیەکانى سەرنجى هەموانى بۆلاى خۆى ڕاکێشاوە و وەک مسز بێڵ بۆتە ناوێک و کارەکتەرێکى سەرەکى لەسەر گۆڕەپانى سیاسى عێراقدا و هەموان بەسەرکردە سیاسى و حوکمڕانیەکانەوە لە بەغداد و هەرێمى کوردستانیش گوێى بۆدەگرن و ئامادەى کۆبونەوەکانى دەبن و پرس و ڕاوێژیشى پێدەکەن.ئەو خاتونەش مسز((جەنین هێنیس بلاسخارت))ى تەمەن 49 ساڵى هۆڵەندەیە کە لەدایکبووى 7/4/1973 و خێزاندارە لەساڵى 2003وە و لەژیانى سیاسى خۆیدا گەلێک پلە و پۆستى باڵاى وەرگرتوە لەهۆڵەندا وەک ئەندامى پەڕلەمانى هۆڵەندا لە ساڵانى 2010-2012 و2017-2018 و وەزیرى بەرگریش بوە لە 2012-2017 کەسەر بەحیزبى گەل لەپێناو ئازادى و دیموکراسیدایە و پێشتریش بۆتە ئەندامى پەڕلەمانى ئەوروپا لەساڵانى 2004-2009 و 2009-2010 و لەساڵى 2018شەوە لەلایەن ئەمیندارى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ئەنتۆنیۆ گوانتێرێسەوە دیاریکراوە بەنوێنەرى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.
لە ئێستادا ئەم خاتونە ڕۆڵى گەورەو بەرچاو دەگێڕێت لەپێناو چارەسەرکردن و کەمکردنەوەى کێشە و گرفتە سیاسیەکان و ململانێ ناوخۆییەکانى عێراق و ڕۆژ نیە سەردانى سەرکردە و لایەنێک نەکات و وەک دەڵێن قاچێکى لەهەرێمى کوردستانە و قاچەکەى ترى لە بەغدادە و لەنێوان هەردوولادا هاتوچۆى گەرموگوڕ دەکات بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەى ناکۆکى و گرفت و کێشە قورسەکانى نێوانیان و تاڕادەکیەکی باشیش سەرکەوتوو بوە.
لەناو عێراق خۆشیدا هاتوچۆى مەکوکى دەکات لە نێوان هەموواندا هەر لە مەرجەعە باڵاکانى شیعەوە لەنەجەف و سەرکردە سیاسەیەکان لە حەنانە و بەغداد و وەک دەڵێن بۆتە داشە هارەى یارى و گەمە سیاسیە نەبڕاوەکانى عێراق.
لەنێوان عێراق و وڵاتانى ناوچەکەشدا کە کاریگەرى و دەستێوەردانیان هەیە لە عێراقدا لە ئێران و تورکیا و کەنداویەکاندا بەبەردەەوام سەردانى مەکوکى دەکات بۆ کەمکردنەوەى هەژموون و کاریگەریان لەسەر عێراق و عێراقیەکان.
ئاشکرایە ئەوەى لەسەر کارى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتوەکان یان تەواوى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان زانراوە کە هیچ کێشە و گرفتێکى دونیایى چارەسەرنەکردوە و هەمیشە لەپێناو پاراستن و چەسپاندنى ئاشتیدا کاتى زۆرى خایاندوە و لەبەرئەوەى بڕیارەکانیشى مولزەم نین زۆرجاران بەگوێشیان نەکردوە.بەڵام بەهەق ئەم خاتونە هۆڵەندیە لەماوەى 2018وە تاکو ئێستا بە کار و چالاکیە بەردەوام و بەرچاوەکانى، خۆى کردۆتە کاراکتەرێکى دیارى سەر شانۆى سیاسى عێراق و لەکاتى تەنگژە و گرفتەکاندا سەردانى هەموان دەکات و دۆخەکان هێوردەکاتەوە و پێشنیاز و ڕاى گونجاویش پێشکەش دەکات و بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و بوێرانەش هەموان بەزمانى دایک ((کوردى و عەرەبى)) ئاگاداردەکاتەوە لەمەترسیەکان و ئاڵنگاریەکانى ئێستا و ئایندە بۆسەر عێراق و هەرێمى کوردستان لەسایەى گۆڕانکارى و ململانێ سیاسیەکانى ناوچەکە و دونیاشەوە.
بەم شێوەیە عێراق بە کوردستانیشەوە،لەئێستادا و دواى 100ساڵ خاتونێکى بیانى هاوشێوەى مسز بێڵى بەریتانى کاروبارەکانى بەڕێوەدەبرێت و ڕۆڵى گەورە دەگێڕێت. خۆشبەختانەش ئەم خاتونە بەپێچەوانەى مسز بێڵەوە نێوان و پەیوەندى و دۆستایەتى لەگەڵ کورد زۆر باشە و حەزدەکات ئەم ئەزمون و حوکمڕانیە درێژە و بەردەوامى هەبێت بەوەى کە حوکمڕانیەکى ساغڵەم و تەندروستى دیموکراسى و پڕاوپڕ لە ئازادیەکان و دادپەروەرى بێت دوور لەگەندەڵى و ململانێى ناڕەوا و هەمیشە ئامۆژگارى هەموان دەکات بۆکەمکردنەوەى کێشەکان و چارەسەرکردنیان لەنێوخۆیاندا و پاراستنى هەموو ئەو دەسکەوتانە وەدەستهاتوون و دووربکەونەوە لەمملانێ ناوخۆییەکان .
بۆیە بەهەق ئەم خاتونە بۆتە کاراکتەرێکى دیارى ئەم قۆناغە هەرچەندە وەک مسز بێڵ نمایندەى گەورەترین وڵاتى سەردەمیش ناکات و پاڵپشت و پشتیوانى بەهێزیشى نیە وەکو ئەو.بەڵام بەکاروکردەوەکانى خۆى کردۆتە خاتونێکى دیار و گەشاوەى عێراق.بەهیواى ئەوەى دواى 100ساڵ لەسەر دەستى ئەم خاتونەدا عێراقێکى نوێ و کۆمارێکى نوێى ئازادى و دیموکراتى و هاوڵاتیبوون بچەسپێنرێت و عێراق بەهەرێمى کوردستانیشەوە گەشە و ئاوەدانى بەخۆوە ببینێت و چیتر ڕووبارى خوێن و فرمێسکى 100ساڵەى ڕابووردوو بەردەوام نەبێت.و هەموان لەو گێژاوە نەبڕاوەیە و لەو هەڵە سیاسیەى سەرەتا ڕزگاریان ببێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی